لەوەتی کۆماری ئیسلامی هاتوەتە سەر نەخشەی سیاسی، هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ناوچە و بگرە قەیرانە جیهانیەکانیش دەگەرێتەوە بۆ شێوەی بەرێوەبردنی سیاسەت و ستراتێژیەکانی ئەم رێژیمە و تێروانینیان بۆبەرەو پێش بردنی ئەم سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن. کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم سیاسەتەش دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی و نانەوەی بشێوی و ڕێکخستن و ساز کردنی لق و پۆی سەربازی و میلیشیای و هێزی پرۆکسی (نیابەتی) بووە بۆ هەناردەکردنی شۆڕش کە بەئاشکراش بانگەشەیان بۆ کردوە. لە پێناو وەدیهێنانی ئەم خەونەشیان لە هیچ شتێک نەپریگاونەتەوە و دەریایەک خوێنی خەڵکیان ڕشتوە و دەستنوێژیان بە خوێنی خەڵکی بێتاوانی خۆیان و خەڵکی ناوچەش شۆردوە.
لەوەتی کۆماری ئیسلامی هاتووەتە سەر کار، دروشمی “نە شرقی، نە غربی” شانازیی هەرە گەورەی ئەم ڕێژیمە بووە، کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتاوە هەتا ئێستا ئامریکا و ئیسرائیلی بە هۆکاری سەرەکیی قەیرانەکان ناو بردوە و هەمیشە ئەگەر بە درووشمیش بێ داوای سڕینەوەیانی کردوون، بەڵام هەڵگرتنی ئەم دروشمانە بۆتە هۆکارێک بۆ توشبوونی ئەم وڵاتە بە کۆمەڵێک قەیران لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتیش.
پابەند بوون بەم سیاسەتە بۆتە هۆکارێکی سەرەکی لە تەریک خستنەوەی ئەم وڵاتە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و ئەم ڕێژیمەی وەها بەدناو کردوە کە لە هەموو قەیران و کارەساتەکاندا شوێنپێی ببیندرێ و ناوی بێت.
بەرێوەبردنی ئەم سیاسەتە هەڵانەی کە کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە پەیڕەوەی لێ دەکەن بۆتە هۆکاری سەرەکی کە ڕۆژانە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە بکرێ و تانەی لێ بدرێ.
لەم پێوەندییەدا کە گوشارەکان بۆ سەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیادی کردوە و گەمارۆ نێو دەوڵەتییەکان ژێرخانی ئابووری ئەم وڵاتەی بەرەو تیکڕمانی زیاتر بردوە، کاربەدەستانی ڕێژیم ناچار بوون پاشەکشە لە دروشمی “نە شرقی، نە غربی”ـی خۆیان بکەن و خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و ڕووسیە و چین بەتایبەتی نیزیک بکەنەوە. بۆ دروست کردن و ڕاگرتنی ئەم پێوەندییانە و دەکار کردنی کارتی ئەم دوو وڵاتە لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکان بە تایبەت شوڕای ئەمنییەتدا، لە سەروەریی نیشتمانی دابەزیون و خاک و وڵاتیشیان پێشکەش کردوون.
ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێگەی هەڵوێستە کردنە، ئەوەیە کە ستراتێژیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وەرچەرخانی بەرەو ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران نەبووە، بەڵکوو نوێنەری خامنەیی بۆ ئەم کارە عەلی ئەکبەری ویلایەتی، ڕاوێژکاری خۆی بووە و تەنانەت نێوەرۆکی پەیامەکەی خامنەی بۆ پووتین و شی جن پینگ هەتا ئێستاش بە نەهێنی ماوەتەوە. لەدوای ئەم چاوپێکەوتنانە ویلایەتی ڕایگەیاند کە بەم ستراتێژییە نوێیە ئێران دەتوانێ سەرەڕای بوونی گەمارۆکانیش هەر وەکوو جاری جاران نەوتی خۆی بفرۆشێت! بەڵام هەلومەرجەکە شپرزەتر لەوەیە.
دابەزینی ڕێژەی سەتا ٨٠ی کرین نەوت لە لایەن چین و ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوت بۆ هیند و بلۆکە کرانی پارەی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە ژاپۆن و کۆرەی باشوور و ڕاگیرانی کرینی نەوت و گازی سرووشتیی ئێران لە لایەن تورکیە و درێژ نەکردنەوەی ڕێکەوتنی ڕێکخراوی سووئاپی رووسی بۆ هەڵهێنجان وکرینی گازی کۆماری ئیسلامی باقی نیشانەکانی ئەم خەون و خەیاڵانەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرنگار بوونەوەی ڕۆژئاوا و ئامریکا دیبووی و بەسەریدا ڕووخا.
شکستە ستراتێژییەکانی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە بواری سیاسەتی ئابووریدا نییە و سیاسەتی دەرەوە و هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ڕێژیم دەگرێتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانەوە بە هۆکاری سەرەکی بشێوی و ئاڵۆزی لە ناوچەدا سەیر دەکرێ و ئەوەندە بە هۆکاری ناسەقامگیری دادەنرێ کە لە پرسی بووژاندنەوەی سووریەدا بڕیار دراوە هەتا ڕێژیم لە خاکی ئەم وڵاتەدا بمێنێ، لەو یارمەتی و قەرزانەی بۆ ئەو مەبەستە لەبەرچاو گیراوە بێبەش دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر سووریە کە بە “قەیسەر” دەناسرێ جگە لە بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی بەرۆکی حیزبوڵای لوبنان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی گرتۆتەوە. لە دوای ڕووداوەکەی بەیرووت خۆپێشاندەرانی لوبنانی داوای چەک کرانی حیزبوڵڵا و کورت کردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامی دەکەن. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی عێراق بە تایبەت لاوانی شیعە بەدژی دەستێوەردانەکانی ئێران بە ڕێژەیەک زیادی کردوە کە زۆربەی هەرە زۆری هێزەکانی نێزیک لە ئێران ناچار بوون دامودەزگاکانی خۆیان لە شارەکانی باشووری ئێراق دابخەن.
بە کورتی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بەرەو هەرەسهێنان دەچێ و کوژرانی گەورە تیرۆریستی ئێرانی قاسم سولیمانی و گەمارۆکانی سەر ئێران بڕستی لە ڕێژیم بڕیوە. لەو بارودۆخەدا ناکرێ ئاسایی کردنەوە و دەست پێکردنی پێوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبیی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئیسرائیل بە کەمبایەخ دابندرێ کە لە ئەساسدا بە مایەپووچ هاتنەوە سیاسەتی دەرەوە و ستراتێژییە درێژخایەنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێ.
گرێدانی پێوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل ئەگەر چەند هۆکارێکی هەبێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوەندی باسەکەدایە. سروشتییە وڵاتانی عەرەبی بیر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی ئامریکا بکەنەوە کە بێتوو ترامپ دەنگ نهێنێتەوە _کە کۆماری ئیسلامی هەموو هیوا و ئومێدەکانی لەسەر ئەمە هەڵچنیوە_ چارەنووسیان بەدەست ئێرانەوە چیی لێدێ. ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەم وڵاتانە چیدی ئیسرائیل بە دوژمنی ژمارە یەکی خۆیان نازانن و سەرەرۆییەکانی کاربەدەستانی ئێران بۆتە هۆکاری سەرەکیی وڵاتانی عەرەبی بۆ نیزیک بوونەوەی ئەم وڵاتانە لە ئیسڕائیل. ئەم پێوەندییە نوێیانەش ترسی لە دڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوە و ناچاری کردون کە یاسا نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە جاران پێشێل بکەن و بە شێوەیەی چاوەڕوانکراو ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان بدەن و بەئاشکرا هەڕەشە و گوڕەشە لە دراوسێیەکانیان و وڵاتانی عەرەبی بکەن. ئەم هەڵوێستەی ئێران جارێکی دیکە سەلماندی کە دەست ڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی پێشکەوتوو چەندە مەترسیدارە و بوونی چەک لە دەستی ئەم دەسەڵاتە سەرەڕۆیەدا نەک هەر هاوسەنگی هێز لە ناچەکە دەگۆڕێ؛ بەڵکوو دەبێتە هوکارێک بۆ پەرەپێدان بە توندوتیژیی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و بووژانەوەی گرووپە تێرۆریستییەکانی نیزیک لە ئێران.
لە ئێستاشدا کە کۆتا ستراتێژیی ئێران شکستی ترامپە لە هەڵبژاردنەکانی ئامریکا، ئەمەش گرێو لەسەر ئەسپی تۆپیوە، چونکی سەرکۆماری داهاتووی ئامریکا هەر کەسێک بێت سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە ئاڵوگۆرێکی ئەوەندە بەرچاوی بەسەردا نایەت کە کاربەدەستانی ئێران بتوانن هەناسەیەکیان بێتەوە بەر. ئەوەی دەبێ ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێت دنیابینیی سیاسیی ڕێژیمی ئێرانە نەک گۆڕینی سەرۆک کۆماریی ئامریکا؛ چونکی ئەوەی سەرچاوەی ئەم دۆخەیە هەمووی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە کە هۆکاری سەرەکیی گشت شەڕ و ناسەقامگیرییەکانی ناوچەیە.