پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و رووسیه مێژوویه‌کی دوورودرێژ و پڕهه‌ورازونشێویان هه‌یه. چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ی رووسیه له‌گه‌ڵ ئێران، چه‌شنێک بێ‌متمانه‌یی له نێو ئێرانی‌یه‌کان‌دا به نیسبه‌ت ئه‌و وڵاته دروست کردوه. رێککه‌وتننامه‌کانی “تورکه‌مه‌نچای” و “گولستان” له سه‌رده‌می قاجاردا و، پابه‌ندنه‌بوون به به‌ڵێنه‌کان و روانینی ئامرازیی رووسیه بۆ ئێران له سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامی‌دا، له‌سه‌ر دروست‌کردنی ئه‌و بێ متمانه‌یی‌یه شوێندانه‌ر بووه.
پچڕانی پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکا له دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هه‌تاوی، ساردبوونه‌وه‌ی پێوندی‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ ئورووپا به تایبه‌ت له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نژاددا و هاوهه‌ڵویست‌بوونی ئورووپا و ئه‌مریکا له دژی ئێران (به تایبه‌ت له سه‌ر پرسی ناو‌کی)، ئێرانی ناچار کرد پێوندیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌ک رووسیه و چین بکاته جێگره‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆرئاوا. لاوازیی پێگه‌ی ئێران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌داو کۆده‌نگیی خۆرئاوا له هه‌مبه‌ر ئێران، پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و رووسیه‌ی به قازانجی رووسیه لاسه‌نگ کرد و زۆر جار رووسیه له ئێران وه‌ک ئامرازی ئیمتیازوه‌رگرتن که‌ڵکی وه‌رگرتوه. رووسیه ته‌واوکردنی پرۆژه‌ی ناوکیی بوشێهری چه‌ند ساڵ دوا خست. جێبه‌جێ‌کردنی رێککه‌وتنی فرۆشتنی موشه‌که ئێس سێ‌سه‌ده‌کانی له ٢٠٠٧ه‌وه دوا خستوه، ئه‌و پرسه‌ی که دژکرده‌وه و هه‌ستی وڵاتانی که‌نداو و ئایپه‌کی به نیسبه‌ت ئێران هه‌ڵ‌خڕاندوه و تا ئێستا هیچ قازانجێکی دیکه‌ی بۆ ئێران نه‌بووه. ئه‌م راستی‌یه مێژوویی‌یانه‌یه که وای کردوه به‌شێک له شرۆڤه‌کاران به چاوی گومانه‌وه بڕواننه گه‌رموگوڕیی ئێستای پێوندیی ئێران و رووسیه.
له‌م دوایی‌یانه‌دا پووتین به مه‌به‌ستی به‌شداری له سێیه‌مین جڤینی وڵاتانی هه‌نارده‌کاری گازدا، سه‌ردانی ئێرانی کرد و له ده‌ستپێکی سه‌فه‌ره‌که‌ی‌دا چاوی به خامنه‌یی که‌وت. ئه‌و سه‌ردانه به سه‌ردانێکی “فراگازی” وه‌سف‌کرا و له لایه‌ن راگه‌یه‌نه‌کانی ئێرانه‌وه گرینگیی زۆری پێ‌درا و ئه‌و باسه‌ی هێنایه ئارا که پێوه‌ندیی ئێران و رووسیه له خانه‌ی ستراتیژیک دا جێ‌ده‌گرێ یان ته‌نیا ره‌هه‌ندێکی تاکتیکیی هه‌یه. ئیلاهه کوولایی کارناسی کاروباری رووسیه ده‌ڵێ: ”هه‌رچه‌ند له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاده‌وه پێوه‌ندییه‌کانی دوو وڵات په‌ره‌یان سه‌ندوه و به سه‌رنجدان به ئاڵوگۆڕه‌کانی ئوکراین و سیاسه‌تی روانین بۆ خۆرهه‌ڵاتی رووسیه، ده‌شێ دیسان په‌ره بگرن، به‌ڵام به سه‌رنجدان به پێویستی‌یه‌کانی رووسیه به خۆرئاوا و راده‌ی پێوه‌ندیی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ خۆرئاوا، پێ‌ناچێ ئیددیعای به‌رزبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندیی ئێران و رووسیه بۆ ئاستی ستراتیژیک له‌گه‌ڵ واقعییه‌ت بێته‌وه. کوولایی پێی وایه که رووسه‌کان هیچ کات روانینێکی ستراتیژیکیان بۆ ئێران نه‌بووه و ئێرانیش هه‌ر به‌وشێوه‌یه وه‌ڵامی زۆر له پێداویستی‌یه‌کانی خۆی له خۆرئاوا ده‌دۆزێته‌وه”.
به کورتی شرۆڤه‌ی زاڵ ئه‌وه‌یه که رووسیه ته‌نیا له‌گه‌ڵ وڵاتانی سۆڤیه‌تی پێشوو پێوه‌ندیی ستراتیژیکی هه‌یه و هه‌رچه‌ند پێوه‌ندییه‌کانی ئێران و رووسیه په‌ره‌یان گرتوه و به سه‌رنجدان به کۆمه‌ڵێک قازانجی هاوبه‌ش بۆنموونه له سووریه و خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌دا ئه‌گه‌ری په‌ره‌گرتنی زیاتریشی هه‌یه به‌ڵام ئێستا پێوه‌ندیی ئه‌و دوو وڵاته له خانه‌ی ستراتیژیک دا جێی نابێته‌وه.
له لایه‌ک رووسیه ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ک زلهێزێکی پله یه‌کی جیهان نیشان بدا و له هه‌مبه‌ر به‌ره‌ی خۆرئاوادا ده‌سه‌ڵات له‌خۆی نیشان بدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستیی به وڵاتێکی وه‌ک ئێران هه‌یه و له لایه‌کی دیکه په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندی‌یه‌کان له‌گه‌ڵ وڵاتانی رووسیه و چین و هیند له ئه‌وله‌وییه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێرانه. بۆیه وێ‌ده‌چێ پێوه‌ندی‌یه‌کانیان په‌ره بستێنن. به‌ڵام به هه‌مووی ئه‌مانه‌شه‌وه فاکته‌ری سێهه‌م واته پێوه‌ندیی رووسیه له‌گه‌ڵ خۆرئاوا، له سه‌ر پێوه‌ندیی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ئێران شوێندانه‌ره. له ساڵی ١٣٩١ه‌وه و به تایبه‌ت دوای رووداوه‌کانی ئوکراین، که پێوه‌ندییه‌کانی رووسیه له‌گه‌ڵ خۆرئاوا ساردیی تێ‌که‌وت، ئه‌و وڵاته زیاتر لای له ئێران کردۆته‌وه. به سه‌رنجدان به‌و راستی‌یه‌یه که ده‌گوترێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ساردی‌یه‌ی ئێستا له ئارادا نه‌مێنێ، رووسیه‌ش گرینگی‌یه‌کی ئه‌وتۆ به ئێران نادا. هه‌روه‌ها رووسیه زۆر سه‌وداگه‌رانه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌دا ده‌جووڵێته‌وه، واته هه‌رکاتێک قازانجه‌کانی بخوازێ، دۆسته‌کانی پشتگوێ ده‌خا.
هه‌رچه‌ند له سه‌ره‌تاوه کۆماری ئیسلامی دروشمی “نه شرقی، نه غربی، جمهوری اسلامی”ی داوه، به‌ڵام به سه‌رنجدان به‌وه که ناو‌کی سه‌ره‌کیی هێز له کۆماری ئیسلامی‌دا ویستوویه‌تی ئێران زیاتر به‌ره‌و وڵاتانی خۆرهه‌ڵات بکشێ و له نزیک‌بوونه‌وه له ئه‌مریکا خۆبپارێزێ، ئه‌م دروشمه لاسه‌نگ بووه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه کۆماری ئیسلامی پشتی له خۆرئاوا و رووی له خۆرهه‌ڵات بووه. به تایبه‌ت له ده‌وڵه‌ته‌کانی ٩ و ١٠دا ئه‌م رێبازه به ته‌واوی خۆی ده‌رخست.
به‌شێک له شرۆڤه‌کاره ئێرانی‌یه‌کان پێیان وایه که هه‌ڵکه‌وته‌ی ژێئۆپۆلیتیکیی ئێران ده‌خوازێ که ئێران له‌گه‌ڵ وڵاتانی زلهێزی خۆرئاوایی پێوه‌ندیی گه‌رموگوڕی هه‌بێ و ئێران نابێ و ناتوانێ خۆی له‌م واقعییه‌ته بدزێته‌وه. به باوه‌ڕی ئه‌و شرۆڤه‌کارانه هه‌ڵوێست‌گرتن له هه‌مبه‌ر خۆرئاوا و مه‌یلی زیاد له حه‌د بۆ پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵات (که رووسیه وڵاتێکی گه‌وره‌ی خۆرهه‌ڵاته) له سه‌ر حیسابی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ خۆرئاوا، له‌راستی‌دا له‌به‌رچاونه‌گرتنی ئه‌و واقعییه‌ته ژێئۆپۆلیتیکی‌یه‌یه و تا ئێستاش زیانی له پێگه‌ی ئێران داوه و ده‌ست‌ئاوه‌ڵایی ئێرانی له‌هه‌مبه‌ر رووسیه که‌م کردۆته‌وه و به‌ستێنی خۆش کردوه که رووسیه له ئێران وه‌ک کارتی ئیمتیازوه‌رگرتنی دوولایه‌نه که‌ڵک وه‌ربگرێ.
لە ژماره ٦٦٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه