بەنداوی داریان بەنداوێکی خاکیە که لە هەمبەر ڕووباری سیروان و لە تەنیشت گوندی داریان سەر بە شاری پاوە و ناوچەی هەورامان بنیاتنراوە. بەرزایی ئەم بەنداوە ١٥٥ میترە و پتر لە ١٣٠٠ میلیارد تمەن، پارەی لە لایەن وزارەتی وزەی ئێران بۆ تەرخان کراوه کە ئەم بڕە پارەیە چەند ئەوەندەی بوودجەی ساڵیانەی پارێزگای سنەیە! میدیا دەوڵەتییەکان لە سەر زاری بەرپرسان ڕایدەگەیەنن مەبەست لە ساز کردنی ئەم بەنداوە دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی خەلک و ئاوی پێویست بۆ ئاودێری کشت و کاڵی ناوچەکەیە. هەروەها ئەم بەنداوە بۆی هەیە ٥٠٠ کیلو وات سەعات کارەبا لە ساڵدا بەرهەم بێنێ. بەنداو سازی لە ئێراندا لە ڕوانگەی زانایان و پسپۆرانی بواری ئاو، نۆستالژییەکی باشی نییه. بۆ نموونە لە بۆشایی نەبوونی سیستمێکی کارناسی، لێکوڵینەوە، هەڵسەنگاندن و چاودێری لە بەنداوی” گەتوەند” شۆرەکاتێک بە هۆی نزیکبوونی “کانگای خوێی سازەند” لە بەنداوەکە پێک هاتوە که خەسارەتێکی زۆر بە سەر ژینگەی ناوچەی بەختیاری و ڕووباری کاروون گەیاندوە. هەر لە سەرەتای دروست کردنی ئەم بەنداوە زۆربەی پسپۆڕانی ئاو و مامۆستایانی زانکۆی ئەهواز خوازیاری وەستانی پرۆژەکە بوون. سەرەتا سەرپەرەشتیاران و بەڕێوبەرانی بەنداوی گەتوەند هەموو ئیدعاکانی بەرهەڵستکارانیان سەبارەت بە قەیرانی ژینگەیی ڕەت دەکردەوە، بەڵام دواتر که هەزاران میلیارد تمەن پارە خەرج کرا، دانیان بەو حەقیقەته نا و دیسانەوە بێ ئاوڕدانەوە و سەرنجدان بە ئامۆژگاری شارەزایان کەوتنە تێکۆشانێکی زۆر بۆ ساز کردنی دیوارێک لە نێوان ڕووبار و کانگای خوێ. بۆ ئەو مەبەستەش پارەیەکی زۆریان خەرج کرد. پاش ١٠ ڕۆژ لە دیدار و سەردانی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران(ئەحمەدی نەژاد) درز و تڵیشێکی زۆر لە دیوارەکە کەوتەوە و خوێ کانگاکه تێکەڵاوی بەنداوەکە بوە و ئێستا مەترسی ئەوە هەیە که ١٧ میلوێن تۆن خوێ لە ڕێگای بەنداوی گەتوەند ئاوێتەی ٤٢٠ هەزار هێکتار زەوی کشت وکاڵی ئەو دەوەرە بێت. ئێستاکه مێژوو دووپات بووەتەوە و چارەنووسی بەنداوی گتوەند و بەنداوەکانی دی بە سەر بەنداوی داریان هاتووە.
ئەو دیوارە سیمانییەی کە 7 میلیارد تمەنیان بۆی سەرف کردووه که بە خەیاڵی خۆیان بەرگری لە تێکەڵاو بوونی ئاوی کانی بڵ و ئاوی بەنداوەکە بکات، شەقی بردووه و بە هۆی تەوژمی ئاو لە دوو هاویری دیوارکە دەرووخێت. چینی مامڵەچی لە بواری ئاو دەیانهەوێ ”کانی بڵ” لە ژێر ١١٠ مێتر ئاو بخنکێنن. ئاوگیری بەنداوی داریان دەبێتە هۆی لە نێوچوون و نۆقم بوونی کانیاوێکی بەناوبانگ و خۆشەویست که لە درێژایی مێژوودا جێژوانی شێعر و ئەوین و شکۆی هەورامان بووه.
” شاهۆ هرسی مەرێژو جە هانه و بڵی
سیروان خەمش مەکێشو جه ناخ و دڵی”.
زۆربەی مێژووناسان دەڵێن بڵ لە زمانی یۆنانییەکان واتای خودای ئاوەکان دەدات. کانی بڵ بە بۆنەی پڕئاوی و تایبەتمەندی “کارێستی” زنجیرە چیای زاگرۆس، کورتترین ڕووباری جیهانه و، ڕەنگە ئەگەر ئەم سەرچاوە پڕبایەخ و خودایییە لە وڵاتێکی پێشکەوتوو بایە ئێستاکه مەڵبەندی سەیران و خۆشگوزەرانی و دابین کردنی کار و پیشە بۆ خەڵکی ناوچەکە بوایە. بڵ ٦٩ هەمین ئەتەری سرۆشتی ئێرانه و یەکێک لە پاراوترین و پاڵاوترین کانیاوەکانی جیهانە که خۆی لە خۆیەوە نەسەلنایە. کانی بڵ بە پێی لێکۆڵینەوەی زانستی توانای دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی 2میلوێن کەسی هەیه که بە بیانووی دابین کردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵک دەخنکێندرێ!.
چالاکانی کەمپینی ڕزگاری کانی بڵ، کە لە کارێکی نیشتمان پەروەرانەدا بۆ پاراستنی کانی بڵ و ڕزگاری لە نۆقم بوونی، لە تێکوشانێکی بێ وچان دان، لە نامەیەکدا که ٣٠٠٠ کەس لە مامۆستایان و لایەنگرانی ژینگە پارێزی واژۆیان کردوە، خوازیاری ڕێگرتن لە ئاوگیری بەنداوی داریان بوون، که ئەم هەوڵە لە مێژووی ژینگەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بێ وێنەیە.
باسی قەیرانی بەڕێوبەری ئاو لە ئێراندا تێر و تەسەلە. “محمد درویش” بەڕێوبەری گشتی نووسینگەی فێرکاری و بەشدارییە مرویییەکان لە ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ئێران لە وەڵامی ئەم پرسیارە که بۆ چی سەرەڕای گرینگایەتی بەر چاوگرتنی پرسە ژینگەیییەکان که وەکوو دەستوور و قانوون لە ئێران دەرچووه، هەڵمەتی بەنداوسازی لە ئێران ڕاناوەستێ دەڵێ: لابی و مافیایێکی زۆر بە هێزی خاوەن دەسەڵات لە کەرتی ئاو هەیە که 10٠ هەزار کەس کارناسی باڵا و دوکتۆرا لە کۆمپانیا جۆرواجۆرەکانی سەر بە وزارەتی وزە، لەوێدا بەشدار و مووچە خۆرن. بەرژەوەندی ئەم چینە لە بەردەوام بوونی گواستنەوەی ئاو و بەنداوسازییه. “درویش” دەڵێ : نە تەنیا بەنداوی داریان که کانی بڵ نۆقم دەکات، بەڵکوو ١٩٦ بەنداوی دیکە بێ هەڵسەنگاندن و چاودێری و ئیجازەی ئیدارەی پاراستنی ژینگه ساز کراون.
لە ژماره ٦٦٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه