پێشینه‌ی خه‌باتكارانه و جێگیربوونی پڕنسیپه‌كانی ئازادیخوازی و مافخوازیی گه‌لی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانه‌وه ئاراسته‌ی سیاسیی كوردستانی له ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران جیا كرده‌وه. كۆمه‌ڵگەی كوردستان هه‌ر زوو بۆی ده‌ركه‌وت كه سیسته‌می تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، وڵامده‌ری ویست و داواكارییه‌كانی خه‌ڵك نییه و ده‌یه‌وێ له ڕێگای ورووژاندنی هه‌ستی مه‌زهه‌بیی خه‌ڵك و په‌ره‌پێدان به سیاسه‌تی فریو و تۆقاندن، بناغه‌كانی ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌واویه‌ت‌خواز و سه‌پێنه‌ر دابڕێژێ.
پێگه‌یشتووییی سیاسیی گه‌لی كورد كه لانیكه‌م له نیوه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه و به‌تایبه‌ت به‌دوای دامه‌زرانی حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان و دواتر كۆماری كوردستانه‌وه، به‌رهه‌می بزووتنه‌وه‌ی ڕیشه‌داری نه‌ته‌وه‌یی و ئاشنایی به خه‌باتی حیزبی و ڕێكخراوه‌یی بوو، سیمای ڕاسته‌قینه‌ی كۆماری ئیسلامیی زۆر زوو بۆ كۆمه‌ڵگەی كوردستان ئاشكرا كرد. خومه‌ینی باش له‌و ڕاستییه گه‌یشتبوو كه ناتوانێ له كوردستان مه‌شڕووعیه‌تی مه‌عنه‌ویی بۆ ڕێژێمه‌كه‌ی له ڕێگای پڕوپاگه‌ندای ئایینی و شۆڕشگێڕانه مسۆگه‌ر بكا، هه‌ر بۆیه ڕێگه‌ی سه‌ركوت و سڕینه‌وه‌ی لە دژی گه‌لی كورد گرته به‌ر، كه به‌دروستی به مه‌ترسیی یه‌كه‌می سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌دیت. بۆ وێنه دوای ئه‌وه‌ی دوكتور قاسملوو له خولی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایاندا (گه‌لاوێژی ٥٨) ده‌نگی یه‌كه‌می له پارێزگای ورمێ به‌ده‌ست هێنا و به ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه هه‌ڵبژێردرا، خومه‌ینی به ئاشكرا ڕایگه‌یاند كه نیازی هه‌بووه كه له سه‌ردانی قاسملوو بۆ تاران به مه‌به‌ستی به‌شداریی له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ندا، ده‌سبه‌سه‌ری بكا و به وته‌ی خۆی لای خۆی بیهێڵێته‌وه! سه‌ره‌نجام فه‌توای جیهادی خومه‌ینی دژی گه‌لی كورد، هه‌موو گومانه‌كانی له نییه‌تی ڕێژیمی نوێ سه‌باره‌ت به گه‌لی كورد ڕه‌وانده‌وه.
خه‌باتی مافخوازانه‌ی گه‌لی كورد كه پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی تورك-فارسی ئێران، به‌ره‌نگاری دیكتاتۆڕیی دینیی حاكم بۆوە و هاوكات سروشتێكی ئاشتیخوازانه، سێكۆلار و نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوو و پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو تواناكانی خۆی بۆ وه‌دیهێنانی مافه‌كانی له ڕێگای وتووێژ خسته‌گه‌ڕ و نه‌ته‌نیا به ئامانج نه‌گه‌یشت به‌ڵكوو به ئاگر و ئاسن وڵامی درایه‌وه، به‌رگریی له نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆی هه‌ڵبژارد و له به‌رامبه‌ر سه‌ركوت و كوشتار و ئێعدام و پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ، ده‌نگی هه‌ڵبڕی و به‌رگرییه‌كی فراوان و ڕه‌وای ده‌ست پێ كرد. شه‌ڕی سه‌پێنراوی ڕێژیمی خومه‌ینی بۆ سه‌ر كوردستان، سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی خوێناوییه له به‌رگریی ڕه‌وای گه‌لی كورد كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه.
جینایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی دژی گه‌لی كورد و بزووتنه‌وه مافخوازانه‌كه‌ی به درێژایی ته‌مه‌نی ڕێژیم به‌رده‌وام بووه. مووشه‌كبارانی قه‌ڵای دێمۆكڕات له ١٧ی خه‌رمانانی ١٣٩٧ی هه‌تاوی بۆ جارێكی دیكه یاغی بوون و پابه‌ندنه‌بوونی كۆماری ئیسلامیی به هه‌موو بنه‌ما په‌سندكراوه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێسا سروشتییه ئه‌خلاقییه‌كان سه‌لماند. هێرشی مووشه‌كی بۆ سه‌ر قه‌ڵا وه‌ك ناوه‌ندێكی سیاسی-فه‌رهه‌نگی له سنووری وڵاتێكی دیكه و پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی ئه‌و وڵاته و شه‌هید كردنی ژماره‌یه‌ك له ڕیبه‌ران و كادر و پیشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێمۆكڕات، له كاتێكدا له لایه‌ن سپای پاسداڕانه‌وه ئه‌نجام درا كه ڕێبه‌رانی ئه‌و حیزبه هه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش گه‌لانی ئێرانه‌وه به‌رده‌وام به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا گه‌ڕاون تا پرسی كورد له ڕێگه‌ی ئاشتییانه و دیالۆگەوە چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ته‌نانه‌ت له‌و ڕێگه‌یه‌دا، دوكتور قاسملوو، ڕێبه‌ری بلیمه‌ت و به‌ناوبانگی حیزبی دێمۆكڕات و گه‌لی كورد له كاتی وتووێژ له‌گه‌ڵ نێردراوانی تاران‌دا شه‌هید كرا. ئه‌وه له كاتێك‌دایه له ته‌واوی ساڵانی به‌رگریی چه‌كدرانه‌دا و سه‌ره‌ڕای ناهاوسه‌نگیی هێز و هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی مه‌ده‌نییش هه‌بووه، گه‌لی كورد هه‌رگیز ده‌ستی بۆ تیرۆر و كوشتنی خه‌ڵكی سیڤیل نه‌بردوه و مامه‌ڵه‌ی ئینسانی و یاسایی له‌گه‌ڵ دیله‌كانی شه‌ڕدا كردوه و پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و یاسا و پڕۆتۆكۆلانه بووه كه له ده‌قی ڕێككه‌وتننامه‌كاندا هاتوون.
كاره‌ساتی ١٧ی خه‌رمانان له زۆر لایه‌نه‌وه شایانی تێڕامان و لێ وردبوونه‌وه‌یه، كه به‌كورتی ئاماژه به گرینگ‌ترینیان ده‌كه‌م:
١- كاره‌ساتی ١٧ی خه‌رمانان نابه‌رپرس بوونی كۆماری ئیسلامی به‌رامبه‌ر یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕێسا مرۆییه‌كانی به‌ڕوونی ئاشكرا كرد. قه‌ڵای دێمۆكڕات بریتییه له كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و خزمه‌تگوزاری وه‌ك تەله‌ڤیزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامه و هه‌روه‌ها ڕێكخراوی سینفی و پیشه‌یی وه‌ك ناوه‌ندی منداڵپارێزی، ڕێكخراوه‌كانی ژنان، لاوان، خوێندكاران و هتد. كه‌واته قه‌ڵا ناكه‌وێته چوارچێوه‌ی ئامانجه سه‌ربازییه ڕێگه‌پێدراوه‌كان، هه‌رچه‌ند ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی چه‌كداریش پارێزگاری لێ بكه‌ن. به پێی هه‌موو كۆنڤانسیۆنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به جه‌نگ، ڕووداوی ١٧ی خه‌رمانان تاوانی جه‌نگییه‌و ده‌شێ به‌دواداچوونی یاسایی دژ بگیرێته به‌ر. ناهاوسه‌نگیی له به‌كارهێنانی هێز لایه‌نێكی دیكه‌ی پێشێلكارییه كه له‌و هێرشه‌دا به‌دی ده‌كرێ. بزووتنه‌وه‌ی كورد و به‌تایبه‌ت حیزبی دێمۆكڕات له‌ڕووی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازییه‌وه توانای به‌كارهێنانی جۆره چه‌كێكی نیه كه بكرێ به مووشه‌ك له‌و قه‌باره‌یه‌دا وڵامی بدرێته‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه له ئێستادا مه‌ترسیه‌كی له‌و شێوه‌یه بۆ سه‌ر كۆماری ئیسلامی له لایه‌ن حیزبی دێمۆكڕاته‌وه له‌ئارادا نییه.
١- ساڵانێكه كۆماری ئیسلامی له‌ڕێگه‌ی پڕوپاگه‌نده و به شێوازی جۆراوجۆر هه‌وڵ ده‌دا به ڕای گشتیی بسه‌لمێنێ كه شتێك به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه‌ی گه‌لی كورد و به تایبه‌ت حیزبی دێمۆكڕاتی كوردستان نه‌ماون و كۆتاییان پێ هێنراوه و ئەم جووڵانەوەیە بووه‌ته به‌شێك له مێژوو. ده‌زگا ته‌بلیغییه‌كانی ڕێژیم به پێچه‌وانه كردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و هاوكات به‌كرێگیراو په‌ره‌وه‌ی له كوردستان، وا پێشان ده‌ده‌ن كه كێشه‌یه‌ك به‌ناوی كێشه‌ی كورد له ئێران‌دا نییە و نه‌ماوه و ئه‌وه‌ی به ناوی ئۆپۆزیسیۆنی كوردییه‌وه هه‌یه له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌ته‌واوی فه‌رامۆش كراون و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕای گشتیی كوردستان نه‌ماوه. ئه‌وان به وه‌گه‌ڕخستنی به‌كرێگیراو په‌روه‌ری هه‌وڵ ده‌ده‌ن دوو جۆر كوردبوون پێشان بده‌ن، كوردی باش كه لایه‌نگری له سیاسه‌ته‌كانیان ده‌كا و به‌شێكیشه له جێبه‌جێ كردنی پیلانی گه‌لی سه‌رده‌ست و فه‌رمانڕه‌وا، هه‌روه‌ها كوردی خراپ كه بریتین له ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌و خه‌ڵكه‌ی له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه و یاسا و ڕێساكانی ده‌سه‌ڵاتدا ناگونجێن و له ڕوانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه لاده‌رن و پێویسته له‌نێو ببرێن. پڕوپاگه‌ندای ڕێژیم بۆ بچووك بوونه‌وی قه‌باره‌ی خواست و خوازیارانی ئازادی و مافی نه‌ته‌وه‌یی له كوردستان نه‌ته‌نیا به‌رهه‌می لاوازبوونی بیری مافخوازی و نیشتمانپه‌روه‌ری له كوردستان نییه، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه له‌و نیگه‌رانییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه كه ویستی ئازادی و سه‌ربه‌ستی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وام له گه‌شه‌دایه و ئه‌وه‌ش بۆته مایه‌ی نیگه‌رانیی ڕێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی. كه‌واته ده‌توانین بڵێین مووشه‌كبارانی قه‌ڵا ده‌ره‌نجامی نیگه‌رانیی قووڵی ڕێژیم له حیزبی دێمۆكڕات بوو كه ئه‌و ڕاستییه به‌تایبه‌ت له مانگرتنی به‌رینی خه‌ڵكی كوردستان له ڕۆژی ٢١ی خه‌رمانان وه‌ك دژكرده‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌و جینایه‌ته، ئاشكراتر ده‌ركه‌وت.
٢- كێشه‌ی كوردی ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازی و چه‌كداریی نیه‌و تا وه‌دیهاتنی ماف و داخوازه‌كانی ئه‌و گه‌له كۆتایی نایه. لانیكه‌م له سه‌د ساڵی ڕابردوودا حكوومه‌ته ناوه‌ندییه‌كانی ئێران هه‌وڵیان داوه له‌ڕێگای ئینكاری گه‌لی كورد و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی كوردی، چاره‌سه‌ری به‌ره‌نگاریی مافخوازانه‌ی ئه‌و گه‌له بكه‌ن. له‌و پێناوه‌دا توندوتیژی و زه‌بر و زه‌نگ و هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر گه‌لی كورد بژارده‌ی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بووه. مووشه‌كبارانی قه‌ڵای دێمۆكڕات له درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی شكست‌خواردوویه و جارێكی دیكه ئه‌و واقعیه‌ته‌ی سه‌لمانده‌وه كه دوژمنانی گه‌لی كورد ته‌نیا زمانی هه‌ڕه‌شه و هێرش ده‌زانن. قه‌باره‌ی تێچووی ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه چ له‌ڕووی جێگیربوونی پڕه‌نسیپه‌كانی دێمۆكڕاسی و ئازادی و دادپه‌روه‌ری و ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ و چ له ڕووی مادییه‌وه زیانی قه‌ره‌بوونه‌كراوی له كۆمه‌ڵگەی ئێران داوه. ئه‌گه‌ر له‌جیاتی هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی گه‌لانی ئێران و بنیاتنانی هاووڵاتیی ئێرانی –كه سه‌ده‌یه‌كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و به‌دی نه‌هاتوه- په‌ره به كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و وێكهه‌ڵكردن درابا و جیاوازییه‌كان به‌فه‌رمی ناسرابان، ئێران یه‌كێك ده‌بوو له وڵاته گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان چ له بواری سیاسی و چ له بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.