گەشە و پێشکەوتن سروشتیترین چاوەڕوانیی هەر مرۆڤێکە و هیچ پێوەندییەکیشی بە پێگەی کۆمەڵایەتی، سامان و دارایی و زانستی ئەو کەسەوە نییە و، هەر کەسێک لە هەر پێگەیەکدا بێ کاتێک هەست بە بایەخدار بوون بکا، ئەمڕۆی لە دوێنێی باشتر دەبێ. مرۆڤ لەو پەڕی نەخۆشییشدا ئەگەر هیوادار بێ، لەگەڵ ئەوەی کە بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە لەو پەڕی بێدەسەڵاتییدادایە، بە هیوای دواڕۆژێکی گەشتر و باشتر سەرەڕای دەرد و ئازاریش دەتوانێ هەستێکی باشی هەبێ و گوڕ و تینێکی وەبەر دێتەوە بۆ ئەوەی بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەیدا بکا.
بەداخەوە ئەمڕۆکە کۆمەڵگەی ئێمە تووشی چەندین کێشە و نەخۆشییە و هەر کام لەم کێشە و نەخۆشییانەش بە تەنیایی بۆ هەر گەل و وڵاتێک دەردێکی گرانە و، کەمتر گەلێک لە مێژوودا بینراوە بە شێوەی هاوکات تووشی کێشەگەلی سیاسی و ڕەوایی دەسەڵات، کێشەی ئابووری، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، داڕمانی ئەخلاق، کێشەی ژینگەیی و کەمئاوی، کێشەی پێوەندی لەگەڵ دراوسێکان، ناکارامەیی سیستمی برۆکراسی، هێزی لاوی خوێندەوار و بەداخەوە ڕانەهێنراو و بە دوای ئەوەدا دابەزینی کارامەیی، کێشەی هەڵکشانی جەماوەر و … بێ. دەتوانین بڵێین، بە گشتی حاڵی وڵات وەک کەسێکە لە ئاویلکەدا بێ و هاوکات چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری هەبێ. هەر چەندە ئەم نەخۆشییە لە ئاستی جیاجیادا و تەنانەت پێش لە هاتنی کۆماری ئیسلامییش هەر بووە و، بووەتە نەخۆشییەکی درێژخایەن، بەڵام ئەمڕۆکە کەوتووینەتە نێو ڕەوتێکەوە کە دەکرێ پێی بڵێین ڕەوتی خۆڕووخێنەری کۆمەڵگە و، ڕیک وەک نەخۆشێکی دەروونی تەنانەت پڕمەترسیتر لە نەخۆشییەکانی دیکە خەریکی خۆخۆری و لێک هەڵتەکان لە دیوی ژوورەوەیە، بە چەشنێک کە ئاسەواری نەخۆشییەکانی دیکە یا دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی یان دەبێتە هۆی ئەوەی تەشەنەی زیاتر بکا.
بە داخەوە هۆی سەرەکیی ئەم دۆخە بە تەنیا دەسەڵات و دەسەڵاتداران نییە و ئەم ڕەوتە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی داگرتوە. دەزانین دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران تەنانەت ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش لە ڕەگەزی خەڵک بوون -کە وا نییە-؛ ئەمڕۆ لەگەڵ خەڵک نین و لە باشترین حاڵەتدا نوێنەری بەشێکی کەمینە لە ئێراندان. هەرچەند ڕەنگە بکرێ بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بخرێتە ئەستۆی ئەوان، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ یەکێک لە نیشانەکانی بوونی سیستمی خۆڕووخێنەر لە کۆمەڵگەدا، تاوانبارکردنی کەسانی دیکەیە. هەر نەخۆشی و کێشەیەک یان بە شێوەیەکی گشتیتر هەر جۆرە هەوڵ و هەڵسووڕانێک چ ئەرێنی و چ نەرێنی بە دڵنیاییەوە بکەرێکی سەرەتایی هەیە. بەڵام ئایا بێجگە لە کاروباری تایبەت و یان سنوورداردا، دەکرێ پێمان وا بێ بکەرێکی تایبەت ئەوەندە بەهێز بێ کە بتوانێ هەموو ڕەوتی کۆمەڵایەتیی وڵاتێک بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی؟ لەم نێوەدا ڕۆڵی خەڵکانی دیکە چییە؟ ئەگەر ناڕازیین چ کردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان داوە، کە بەم شێوەیە کەمینەیەک نەتوانن هەوساری کۆمەڵگە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان؟ ئەگەر ڕازی نین بۆچی لە زۆر چالاکییدا، هاوڕێی بکەرە سەرەتاییەکانن؟ هاوڕییەتییەکی ئەوەندە بەهێز کە دەکرێ بە جۆرێک بە هەوڵێکی لە ڕادە بەدەر و توندئاژۆیانە لە هاوڕەنگیی کۆمەڵ، دابندرێ.
هەموومان زۆر جار شایەدی هاوڕێیەتی لەگەڵ کۆمەڵ لە دەوروبەری خۆمانداین. هرووژمهێنان بۆ نانونووسیی ماشێنێک بە نرخ و ڕێکەوتی ناڕوون یا هەڵڕشتنی سامان و دارایی لە داوی بوورس و … هەر چەندە ئەمانە نموونەی هەوڵ بۆ هاوڕەنگی لەگەڵ کۆمەڵە، بەڵام دۆخەکە هەر بەمەش نەوەستاوە و لە کۆمەڵگەدا شاهیدی سەرهەڵدانی چینێکین کە خۆیان لە خەڵکانی دی بە زیرەکتر دەزانن -ئەڵبەت لە ڕاستییدا لەم سیستمەدا جۆرێک لە زیرەکی و ڕیسککردنی نائاوەزمەندانەش دەبیندرێ- کە تەنانەت لە ناونووسی و سەرمایەگوزاریی سەیر و سەمەرەی وەک پێشوەختە کڕینی ماشینێکدا کە جارێ نموونەی تاقیکراویشی نەدراوەتە دەرێ، بەڵام هەنگاو دەنێنە پێش و خۆڕسکانە لە خزمەتی بکەری سەرەکیی ئەم ڕەوتی لەبەریەک هەڵوەشانەدا دەبن.
ئەڵبەت ئەمانە تەنیا پیوەندیی بە بەشی هەوڵی توندڕەوانەوەیە بۆ خۆ هاوڕەنگکردن لەگەڵ کۆمەڵدا، لە بەشی تەنەخی (تفریط)ـیشدا نموونە زۆرن. بێکرداری، تۆران لە کۆمەڵگە، هەستی بێهیوایی و خەمۆکی لە هەموو شوێنێکدا دەبیندرێ. بیانووی زۆربەی ئەم جەماعەتە ئەوەیە کە لە هەڵسەنگاندنی توانایی خۆیاندا یا ئەوەندە بە لاڕێدا چوون کە هیچ توانایی و هێزێک لە خۆیاندا نابینن و، یا ئەوەی کە ژیانیان بەتەواوی داوەتە دەست تاقمی دەسەڵاتدار و ئەو ڕەعیەتانەی وا بەرژەوەندیی خۆیان لە هاوڕێ و هاوڕا بوون لەگەڵ دەسەڵاتدا دەبینن.
لێرەدا پێویستە سەرنج بدرێ کە مەبەست لە ڕەعیەت ئەو کەسانە نین وا دەسەڵاتداران بە نوێنەری خۆیان دەزانن، بەڵکوو هەر کەسێک کە بێهۆ خۆی بە زیرەک دەزانێ و باشی لەوەدا دەبینێتەوە لەگەڵ دەسەڵاتدا هاوڕێ بێ -ئەگەر تەنانەت دەسەڵاتەکەش بە باش نەزانێ-؛ کە لە ڕاستییدا بێجگە لە دەستەواژەی ڕەعیەت هیچ شتێکی تر شیاوی ئەوە نییە بۆیان بە کار بهێندرێ. لەبەر ئەوەی کە دەسەڵات تەنانەت بە زمانیش لەگەڵیان نییە و تەنیا ڕۆڵی مۆرەکانی کایە دەگێڕن.
لە نیشانەکانی دیکەی بوونی ڕەوتی خۆڕووخێنەر لە کۆمەڵگەدا چالاکیی هەستەکی و کاڵ و منداڵانەیە. بۆ نموونە لە کڕین و فرۆشی بازاڕەکانەوە بگرە هەتا ئیدیعای پووچ و بێبنەمای وەک: دۆزینەوەی دەرخەری کۆرۆرنا و فڕوفیشاڵ هێنانەوە لە سەر توانای نیزامی و ئیتلاعاتیی دەسەڵات، هەموویان بە تەواوی نیشاندەری نەبوونی ئەقڵییەت لە کۆمەڵگەدایە. بە چاوخشاندنێک بە یەکێک لە قسەکانی خامنەیی قووڵایی ئەم نەزانینەمان بۆ دەر دەکەوێ. کەسێک کە خۆی بە ڕێبەری حکوومەت دەزانێ و لە کاتێکدا بەردەنگەکانی نوێنەرانی پارلمانن، قسەی کرچ و کاڵ وەک ڕێنوێنیی خۆی پێشکەش دەکا، بەڕاستی هەناسەی بەردەنگ سوار دەکا! کێشەی خانوو یا کۆنترۆڵی هەڵاوسان، بەڕێوەبەرایەتیی دارایی و بەند بوونی سیستمی ئابووری بە نەوت و … وەک کێشەی سەرەکیی وڵات پێناسە دەکا و هەر کەسێکی نائاگاش دەتوانێ ئەو کێشانە دیاری بکا و، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکاری وەک کەلکوەرگرتن لە دەسکەوتەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوە و منداڵ بەرهەمهێنان و کۆنترۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشنیار دەکا، کە هیچ پێوەندییەکی بە کێشەکانەوە نییە. هەروەها سەرچاوەی هەموو کێشەکان دەگەڕێنێتەوە سەر گەمارۆکان کە لە بیریان چۆتەوە پێشتر بە دەرفەتیان دەزانی. بە ڕاشکاوییەوە دەبێ بوترێ خودی خامنەیی بە تەنیایی نموونەی بەرچاوی گەشەی ڕەوتی خۆڕووخێنەری دەروونی لە کۆمەڵگەدایە.
لەم کاتەدا و لە پەنای ئەم دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا، ئیدیعای داڕووخانی ڕۆژاوا و ڕووخاندن و لەنێو بردنی ئیسڕائیل و … نموونەگەلێکی بەرچاوی تر لە سیستمی خۆڕووخێنەرە. دۆخێک کە هەم لە نێوخۆی وڵات و هەمیش لە دەرەوەی وڵات ببێتە هۆی سووکبوون و گرێبەستی وەک بوون بە بەشێک لە خاکی چینی لێ بکەوێتەوە و تەنانەت بشبێتە مایەی شانازی، ئەویش لە کاتێکدا کە لایەنی چینی هۆگرییەک بەم نۆکەرایەتییە لە خۆی نیشان نەدا!
بەردەنگی ئەم نووسینە دەسەڵاتداران و ڕەعیەتەکانی نییە کە بمانەوێ بە وەبیرهێنانەوەی ئەم کۆستانە کار لە دڵیان بکەین و دەست لە کارە هەڵەکانیان هەڵ بگرن و یان بگۆڕدرێن و بگەڕێنەوە سەر ڕێی ڕاست. کێشەکە ئەوەیە کە خودی ئێمەش بە شێوەی جۆراوجۆر گیرۆدەی ئەم ڕەوتی خۆڕووخێنەرە بووین. سیاسییەکانمان بێدەنگییان هەڵ بژاردوە و ڕێکارێکیان بێجگە لە سەبر و چاوەڕوانی بۆ داهاتوو و دەرفەتێکی ناڕوون کە دیار نییە کەی ڕوو دەدا، نییە. لەبەر ئەوەی کە بەرنامەیەکیشیان نییە لە ئەگەری هەڵکەوتنی دەرفەتێکیشدا کەلکی لێ وەر ناگیردرێ -ئەڵبەت بە بڕوای من هەموو ڕۆژێک دەرفەتێک هەڵدەکەوێ و هەر وا بە ئاسانی لە کیسمان دەچێ-.
لە باشترین حاڵەتی خۆیدا، سیاسییەکانی ئێمە بوونەتە وتاربێژ و بە بۆمبارانی هەواڵی ناخۆش هەستیاریی کۆمەڵگە دەسڕنەوە و، لە نێوانیشیاندا هیچ یەکگرتووییەک و هیچ هەوڵێک لەم پێناوەدا بەرچاو ناکەوی و، ئەگەریش هەبێ زۆر کەمە. ئەڵبەت ئەوەش بڵێین لە لایەن دەسەڵاتیشەوە ڕێگرییان لێ دەکرێ و، دەسەڵات پێشی بە بەکردەوە بوونی بیر و هزر گرتوە و خەڵکیش بۆ خۆیان تووشی دووپاتەیی و هەرڕۆژەیی بوون، هێز و توانای ئابووری بۆ وەڕێ خستنی هیچ بزووتنەوە و چالاکییەک لە لای خەڵک و لایەنە سیاسییەکان نەماوە، ڕوانگەی تاکگەرایی لە هەموو جێگایەکدا زاڵە و تەنانەت بە شێوەی ڕاستەوخۆ دزەی کردوەتە نێو بنەماڵەکانیش.
گرینگ ئەوەیە لەم بارودۆخەدا ئەرکی ئێمە چییە؟ بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان ئەوەی ڕوون و سەلمێندراوە، هاوڕایی و تۆران و وەستان هەر سێکیان بە قەدەر یەک لە تەشەنەی نەخۆشییەکەدا کاریگەرن و، ئەمەش بیرێکی کاڵە کە پێمان وابێ بە تەنیا جێهێشتنی نەخۆش لەم دۆخەدا خۆی دەتوانێ بە شێوەی بێدەنگی لە کۆمەڵدا و تۆران لە کۆمەڵگە، خۆی چارەسەر بکا! ئەمە هەڵەیە و بکەرانی ئەم ڕەوتە لەگەڵ ئەوانەی کە هاوهەنگاوی دەسەڵاتن و حوکمی ڕەعیەتی ئەوانیان هەیە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە؛ ئەمڕۆ کۆمەڵگە پێویستی بە کردەوەی ئێمەیە.
کردەوەی ئێمە دەبێ چی بێ؟ یەکەمین و سەرەتاییترین هەنگاو ئەوەیە کە نەکەوینە داوی کایەی نەخۆشەوە. کە ئەمە بێگومان بەو مانایە نییە گۆڕەپانەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بەجێ بێڵین. ئەگەر ئیمکان و ئیرادەی بەکۆمەڵ هەیە، دەبێ خۆمان دەسپێکەری کایەکە بین، بە جۆرێک کە ئەوانیش هۆگر یا ناچار بە هاتنە نێو کایەکەی ئێمە بن. ئەگەر ئەم دەرفەتەمان نییە، پیویستە لە کورتخایەندا بە پرسیار خولقاندن ڕەوتی کایەکە بەرەو ڕووی بەرگژە بکەینەوە بۆ ئەوەی لانیکەم هێزێکی کەمتریان هەبێ بۆ کایەخولقان و بە کایە گرتنمان و دەرفەتی دووپاتکردنەوەی سەرباشقەکانیان دابەزێ. لە بژاردەکانەوە هەتا کەسانی ئاسایی دەبێ تێبگەن، ڕەچاوکردنی سەرباشقەی کۆن (هاوڕێیەتی، تۆران یا بێدەنگی) بێجگە لە دابەزاندنی کاریگەریی ئاوەز لە سەر ژیان هیچ دەسکەوتێکی دیکەی نییە و، بە ئیرادەی پێوەندییدار بە بیروڕای گشتی و پەرەدان بە داهێنان، دەتوانین لەو دۆخەی کە گیرۆدەی بووین بێینە دەرێ و بە هەڵدانەوەی توێشکی هزری -کە هەر کام لە ئێمە لە خۆیدا بەرتەسکی کردوەتەوە-، دەکرێ بە تێگەیشتنێکی واقعبینانەتر لە هێز و بایەخ و مافی خۆمان بگەین. بە داخەوە دۆخەکە بەتەواوی شپڕێوە و ئەم سیستمە خۆڕووخێنەرە ئەوەندە چالاکە، کە هیوایەکی ئەوتۆ بە ڕاوەستان یاخود ڕێفۆرمی نییە و درەنگ و زوو ئەوەی وا نابێ ڕوو بدا، ڕوو دەدا و، ئەگەر خۆمان ئامادە نەکردبێ ئەم لەبەریەک هەڵوەشانە نەوەک شۆڕش و سەرهەڵدانێک بەڵکوو بشێوییەک دەبێ کە داوێنی هەموومان دەگرێتەوە.
خەونەکان دەبێ گشتگیر بن. دەبێ تەمرینی ڕەوتی کایەخوڵقان و کایەشێوێنی بکەین. شوناسسازی و تەرکیز لەسەر هاوبەشیی فەرهەنگی و نەتەوەیی و … دەبێ بەهێز بکرێنەوە. دەبێ هەر کەسێک بە گوێرەی توانای خۆی لە پێکهێنانی پێوەندیی باش و گۆڕانی تاکگەرایی بۆ ڕەسەنایەتیی تاک لە کۆمەڵدا هەوڵ بدا و گیانی هیوا ببەخشێ بە کۆمەڵگە. ئەم هێزە تەنیا بەندە بە باوەڕبەخۆیی ئێمەوە و ئەوانەی وا باوەڕبەخۆییەکی زیاتریان هەیە و نەفسیان بەرزترە، لە سەریانە پێشەنگ بن، بەو هیوایەی کە ئەم نەخۆشییە لە وڵات بار بکا.
نیشانەی زۆرمان هەیە گەیشتووینەتە خاڵی قەیراناوی، هیوادارم وا نەبێ کە ئاکامی بێدەنگی و تۆرانی ئەمڕۆمان، ببێتە هۆی داخ و گرێی داهاتووی ئێمە و منداڵەکانمان؛ ئەمڕۆ هەمان ڕۆژە کە پێویستە هەر کام لە ئێمە بە قەدەر توانا و هێزی خۆمان تێ بکۆشین.