رۆژی ١٧ی خەزڵوەری ١٣٩٣ رووحانی، سەرکۆماری ئێران لە کردنەوەی پێشانگای چاپەمەنی دا رەخنەی توندی لە دەزگای قەزایی و هیندێک چاپەمەنیی سەر بە لایەنی بناژۆخوازی نێو بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گرت و گوتی ” هەر مەئموورێکی ئەمنیەتی ناتوانێ پێوانەیەک بێت بۆ چاپەمەنییەکان، ئێمە دەبێ بەرەو نیزام و قانوونی یەکسان بۆ هەمووان” بڕۆین. لهبارهی چاپەمەنی و دەزگای راگەیاندنهوه رووحانی بە دوو شێوە دوا و دیفاعی لە هێندێک رۆژنامە و گوڤار کردو گوتی “هیشتا لە دایک نەبوون و بەچاکی خۆیان نەناساندوە،بەڵام بە بەڵگەی پووچ وبێ بنەما دەکەونە بەر هێرش. وشەی ڕاگرتن و داخستن دەبێ ئاخرین وشە لە راگەیهنە گشتییەکاندا بێ ” و لە بەشیکی دیکەی قسەکانی دا رەخنەی توندی لە هیندێک رۆژنامە گرت و گوتی”هەر بەو جۆرە کە ئێمە پێویستیمان بە ئورگانی راگەیاندن هەیە، نیازیشمان بە نیزامی چاپەمەنی و قانوونی روون هەیە، ئەگەر قانوون روون بێ هەر رۆژێ کۆمەڵێک بە کەڵکوەرگرتن لە یەک وشە یان رستەیەک ناتوانن گاڵتە بە ئازادیی خەڵک بکەن.”
دوای ئەو قسانە، رووحانی دەگەڵ چەندین دژ کردەوە لە نێو دام و دەزگای کۆماری ئیسلامی و لەلایەن بەرپرسانەوە بەرهوڕوو بوو. رۆژی ١٨ی خەزڵوەر لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی بەرزی قەزایی دا سادقی لاریجانی سەرۆکی دەزگای دادوەری لە سەر قسەکانی رووحانی وە دەنگ هات و گوتی ” جەنابی سەرکۆمار لە قسەکانی دا سێ عینوانی سەبارەت بە دەزگای دادوەری بە کار بردوە، وەک ئەوە کە دەڵێ دەزگای قەزایی دەبێ شوێنی ئەمنی کومەڵگا و خەڵک بێ و ئەگەر ئەو دەزگایە سالم بێ دەتوانرێ پێش بە خراپ بوونی زۆر شت بگیرێ” .
” بەڵام جەنابی سەرکۆمار لە کاتیک دا رووی قسەی لە دەزگای دادەوەرییە کە خۆی سەرۆکی دەزگای ئیجرایی وڵاتە و ئێمەش دەتوانین بڵێین ئەگەر دەزگای ئیجرایی وڵات گەندەل بێ سەرکۆماریش گەندەڵ بێ ئەوکاتیش کارەکان خراپتر دەبن” سادق لاریجانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵی ئەگەر سەرکۆمار دەیەوی بە بیروڕای گشتیی ئێران بڵێ دەزگای دادوەریی ئیران عەیبدارە ئەوە زیادەڕۆیی کردوە و ئەگەر ئەوە نەبی ئەوە بێ حورمەتییهکی گەورە بە دەزگای قەزاییه.
لە درێژەی دژ کردەوەکاندا رۆژی ١٩ی خەزڵوەر بەشێک لە وتاری نوێژی هەینیی تاران کە لە لایەن کازم سەدیقییهوه بەڕێوە چوو تایبەت کرابوو بەرەخنەگرتن لە قسەکانی رووحانی.
ئیمام جومعەی کاتیی تاران لە بەشێکی قسەکانی دا ڕووی لە رووحانی سەرکۆماری ئیران کردو گوتی” ئاغای سەرکۆمار لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای چاپەمەنی دا هێندێک قسەی کردن ” نیش” یان هەبوو، لە چ کەسیک دیفاع دەکا و هێرش بۆ کێ دەکا، ئێمە ئەو جۆرە لێدوان و ئاخاوتنانە لە ئاستی جێگەوپێگەی سەرکۆماردا نابینین”.
جیگای سەرنج لەم دوو دژ کردوەیەدا ئەوەیە کە هەر دوولایەن واتە دەزگای قەزایی ئێران و شووڕای سیاسهت گوزاریی ئیمام جومعەکان لە رێبەری کۆماری ئیسلامی نزیکن و بە بێ ئێزن یان خۆهاوسەنگکردن لە گەڵ نەزەرو بۆچوونی رێبەر هیچ هەڵوێستێک و دژکردەوەیەک لە خۆیان نیشان نادەن.
لێرەدا دوو روانگە و دوو نیگەرانی لە نێو دام و دەزگای بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیدا لە بەربەرەکانی دان. روانگەی یەکەم لە هەڵوێست و لێدوانەکانی رووحانی دا خۆی دەردەخا کە وەک سەرکۆمارو کەسی دووهەمی وڵات و بهرپرسی چاوەدێی ئیجرای قانوونی ئەساسی، نیگەرانی ئە وەیە کە نەتوانێ ئەو وادە و بەڵێنانەی لە کاتی هەلبژاردنی سەرکۆماری دا بە خەڵکی دابوون بە جێ بگەیهنێ و لە دەورەیەکی دیکەی هە ڵبژاردندا دەنگی متمانەی خەڵک وەدەست نەهێنێتەوە. لە هەمان حاڵدا رووحانی بە هە ڵسوکەوت لە گەڵ دنیای دەرەوە، بە تایبەتی چارەسەرکردنی پرسی ناوکی لە گەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی دەیەوێ روخسارێکی جوان لە کۆماری ئیسلامی بە دنیا نیشان بدا و لە و ریگایەوە سیستمی کۆماری ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا،لە قە یران رزگار بکا.
بەڵام ڕوانگەی دووهەم روانگەی زاڵ بە سەر سیستمی کۆماری ئیسلامیدایە. ئەویش ڕوانگەی رێبەرە. بە پێی قسە و لێدوانی نزیکانی رێبەر وا دەردەکەوێ کە لە شێوەی بەڕێوەبەریی دەوڵەت و هه ڵسوکەوتی رووحانی رازی نین. چونکە ئەو لێدوانانەی لەم دواییانەدا سەبارەت بە قسەکانی رووحانی کران سەرچاوەگرتوو لە قسەیەکی خامەنەیین کە دەڵێ “دەبێ وریای نفوزییەکان بین کە خۆ لهنێو دامودەزگاکانی حکوومەت نەخزێنن. خامهنەیی پێی وایە هەرجۆره باسێک لە کرانەوەی فەزای سیاسی یان رەخنەگرتن لە بەرپرسان ودامودەزگای ئیداریی کۆماری ئیسلامی، خەیانەت بە رێبازی ئیسلام و ئینقلابه و هەر کەس خۆ لەو شێوە هه ڵسوکەوت و لێدوانانە بدا، مۆرەیەکی “نفوذی”یە و هەروەک باسمان کرد هەموو ئەو لێدوان و دژکردەوانەی بە دژی رووحانی و دارودەستەکەی ئەنجام دەدرێن لە ژێر چەتری ئەو لێدوانانەی خامنەییدان، دەنا هەم رووحانی و هاوبیرەکانی و هەم خامهنەیی و قۆڵی بناژۆخواز لە سەر یەک شت کۆکن، ئەویش مان و بوونی کۆماری ئیسلامییە بە هەر نرخێک، تەنانەت ئەگەر سەرکۆماری وڵاتیش بکەوێتە بەر لۆمە و هێرشی دەسەڵاتدارانی پایەبەرزی نیزام.
بە ڕوونی دیارە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە وڵامدانەوە بە خەڵکی ناڕازی و کۆمەڵێک قەیرانی گەورە و بچووکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و… وڵات عاجز و داماون. هەر بۆیە هەموو کات باڵەکانی نێو دەسەڵات لە کێشە و بەربەرەکانی دەگەڵ یەکتر دان و هەرکام لە قۆڵەکان ئەوی دیکە بە بێکیفایەتی و شتی لەو بابەتە و تەنانەت خەیانەت بە رێبازی “رهبر فقید انقلاب” و ”نفوذی” تاوانبار دەکەن.
هەرچەند قۆڵی بناژۆخواز کە تا ئێستاش لە پشتیوانیی ڕێژەیی خامهنەیی بەهرەمەندە، خەون بە گەڕانەوە بۆ دەورانی ئەحمەدینژادەوە دەبینێ، بەڵام وا دیارە ڕێبەری نیزام نایەوێ جارێکی دیکە خۆی تووشی کێشە و ژانەسەرەکانی دوو دەورە سەرکۆماریی ئەحمەدینهژاد بکاتەوە. هەر بۆیە هەوڵ دەدا لە لایەک دڵی هەموو قۆڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی نێو نیزام ڕاگرێ و لە لایەکی دیکە وا نیشان بدا که ئەوەی ئێستا لە نێو نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێ نەک شەڕ و کێشەی دەسەڵات لە نێو باڵە جیاجیاکانی رێژیم، بەڵکوو ئەو دێمۆکراسییە ئیسلامییەیە کە ناوبراو ماوە بە ماوە لە قسەکانیدا ئاماژەی پێدەکا. هەڵبەت لەو دێمۆکراسییەش!! دا زۆر ئاساییە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران، ئەگەر پێویست بێ کاربەدەستانی پایەبەرزی وڵاتیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە!!
بەڵام خەڵکی ئیران دەزانن کە نە ئەو کێشە و دمەقاڵییانەی نێو نیزام لەبەر خاتری ئەوانە و نە ئەو سیمایە کە هیندێک لە قۆڵەکانی رێژیم دەیانەوێ بە بیروڕای گشتیی بناسێنن، سیمایەکی خەڵکی و دێمۆکڕاتیکە. هەموو ئەوانە لەبەر ئەوەیە کە ئەو هیوایە لە دڵی خەڵکی ئێراندا زیندوو ڕابگرن کە کۆماری ئیسلامی دەتوانێ گۆڕان بە سەر خۆیدا بێنێ و بەم شێوەیە هانیان بدەن کە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا چالاکانە بەشدار بن. بەڵام ئەگەر خەڵکی ئێران وا بیر بکەنەوە کە لە رێگای هەڵبژاردنەوە دەتوانن ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا پێک بێنن، بە بێ شک هەڵەیە، چونکە لە لایەک تەجرەبە و لە لایەکی دیکە قانوونی بنەڕەتی و قانوونهکانی دیکەی رێژیم دەرخەری ئەوەن کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئاڵوگۆرهەڵگر نیە، مەگەر ئەوە کە قانوونی بنەڕەتیی ئێران بگۆڕدرێ و دابەش کردنی سەڵاحییەتەکان بگەڕێتەوە بۆ دەنگی خەڵک.
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه