هێرشە تێڕۆڕیستییەکانی ڕۆژی هەینی١٣ی نۆوامبری(٢٢ی خەزەڵوەر) رابردوو بۆسەر پاریس کە لەدوای کۆتایی شەری جیهانی دووهەمدا خوێناویترین کارەسات لە وڵاتی فەڕانسە بوو، کاردانەوەیەکی زۆری لەئاستی جیهاندا لێکەوتەوە. هەروەک چۆن لەپاش رووداوە تێڕۆڕیستییەکانی ١١ی سێپتامبری٢٠٠١ ئامریکا دا وەرچەرخانێک لە سیاسەتی ئەووڵاتە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە شەر بەدژی ئەلقاعیدە دا روویداو شەر بە دژی تێرۆڕیسم ڕاگەیەندرا، چاوەروان دەکرێ ئەو ڕووداوە تاڵەش ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لەشەر بەدژی داعەش و دەستە وتاقمە تێڕۆڕیستییەکان و راماڵینیان لە وڵاتە شەرلێدراوەکانی باکووری ئافریقا و ناوچە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە سوریە و عێراقدا.
ڕووداوی تێڕۆڕیستی پاریس کە هەتا ئێستا ١٣٠کوژراو و زیاتر لە ٣٠٠ برینداری لێکەوتەوە، لەلایەک لەگەڵ ڕق و توورەیی و بێزاری خەڵکی وڵاتانی جیهان، بەتایبەت وڵاتانی ئورووپایی و لە نێو ئەوانیشدا وڵاتی فەرانسە بەرەوروو بووه، لەلایەکی دیکەش بەکردەوە فەرانسەی زیاتر لە جاران هێنایە گۆڕەپانی شەر بە دژی داعەش و بەرەی دژ بە تێرۆڕیزمی بەربڵاوتر کرد. ئەو هێرشە تێڕۆڕیستییە بوو بە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ وەخۆهاتنەوە و پاڵپشتی و هاوهەڵوێستی وڵاتە زلهێزەکان بە دژی دیاردەی تێرۆڕیزم لەئاستی جیهاندا. هەروەها ئەو ڕووداوە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری ئەرێنی هەبوو لە سەر هێوەرکردنەوەی گرژیی نێوان ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ڕووسیە و جۆرێک لێکتێگەیشتنی لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی داهاتووی سیاسیی سووریە لە نێوانیاندا پێکهێنا. هەرچەند کێشەی داهاتووی بەشار ئەسەد و مانەوە یان لادانی ناوبراو لەسەر دەسەڵات و هێرشەکانی ڕووسیە لە خاکی سووریە، کە بەوتەی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی زۆرتر بەمەبەستی بەهێز کردنی رێژیمەکەی بەشارئەسەدە، ئێستاش دوو خاڵی سەرەکی ناکۆکی دوو لایەن پێک دێنن؛ بەڵام دیدار و وتوو وێژەکانی نێوان باراک ئۆباما و ولادمێر پوتین لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی ٢٠ لە ئانتالیای تورکیە، کە بەتەواوی لەژێر کاریگەری رووداوە تێڕۆڕیستییەکەی پاریسدا بەرێوە چوو، تاڕادەیەکی زۆر لە سەر داهاتووی سووریە بەرچاوڕوونی داوەو دەکرێ بڵێین هێڵە گشتییەکان لەلایەن زلهێزەکانەوە بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە شەرلێدراوه دیاری کراون. بەتایبەت کە لە چوارچێوەی “لێکتێگەیشتن”ی(نەک رێککەوتن) لایەنە بەشداربوەکانی کۆنفرانسی ویندا، وا شیمانە دەکرێ ئامریکا و رووسیە بەو ئاکامە گەیشتوون کە لەسەر بنچینەی لێکتێگەیشتنی(تفاهم) ویەندا، کێشەی دەسەڵات لە داهاتووی سووریە بگەرێننەوە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە و لەژێر چاودێری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا شەر و ئاژاوە کۆتایی پێ بێ و دەوڵەتێکی کاتی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ. هەروەها لەماوەی ١٨ مانگاندا پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ژێر چاوەدێری ئەو ڕێکخراوەدا بەرێوە بچێ.
شک لەوەدا نییە ڕووداوە خوێناوییەکەی پاریس تا ڕادەیەکی بەرچاو بوو بە هەوێنی یەکریزی زیاتری کۆمەلگای جیهانی بە دژی تێرۆر وهاوسۆزی و پەژارەی مرۆڤایەتی بۆ قوربانیانی ئەو کارەساتە و گەل و دەوڵەتی فەرانسەی بەرز کردەوە. هەروەها هاندەرێک بوو بۆ وڵاتانی بەشدار لە کێشەی سووریە و شەر بەدژی رێکخراوی تێڕۆڕیستی داعەش تا تێبکۆشن بۆ دیتنەوەی رێگەچارەیەکی گونجاو و گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەرەتانەی کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمنیەت و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینەکان. لەهەمانکاتدا بە دڵنیاییەوە ئەو ڕووداوە زۆر دیاردەی نەخوازراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە کە لە ئێستاوە لە کۆمەڵگای وڵاتانی ڕۆژئاواییدا دەرکەوتووە و لە داهاتوودا ئاکام و کاریگەرییە سەلبییەکانی زیاتر خۆ دەنوێنن. بۆ وێنە دەکرێ باس لە چەند دیاردەیەک بکەین کە لە دوای کارەساتەکەی پاریس لەو کۆمەڵگایانە زیاتر لە پێشوو بەرچاو کەوتوون.
١ــ ترس و دڵەڕاوکێ و بێباوەری!
ئەو دیاردەیە، لە نێو کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی و ئەوەی کە پێی دەڵێن”جیهانی مەسیحیەت” لە ڕابردووشدا هەر هەبووە و مەسیحییەکان و خەڵکی ئەو وڵاتانە، لەبەر زۆر هۆکاری وەک سەرهەڵدانی دەیان و بگرە سەدان شەڕ لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی لەڕابردوودا و کێشە ئایینی و مێژوویەکان، بە دیدەی شک و گومانەوە دەڕواننە موسڵمانەکان؛ بەو حاڵەش دەکرێ بڵێین بە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و بەتایبەت هێرشە تێڕۆڕیستییەکەی ١١ی سێپتامبر، ئەو ترس و دڵەڕاوکێ و بێ باوەربوون بە موسلمانان و تەنانەت هەستی ڕق و تۆڵە سەندنەوە لە کەسانی بێتاوانیش، ڕووی لە زیاد بوونێکی کەموێنە کرد. بێگومان ڕووداوە خوێناوییەکەی پاریس ئەو دیاردەیە زۆر بەهێزتر دەکات و کاریگەری سەلبی دەبێ بۆ سەرژیان و گوزەرانی کەمینەی موسڵمان لەووڵاتانە و زۆرتر تەریک دەخرێنەوە. هەر وەک دیتمان لە فەرانسە هێرش کرایە سەر چەند مزگەوت و بنکەی دینی موسڵمانەکان و ئاگری تێبەردرا و سووکایەتی بە باوەرمەندانی موسڵمان کرا.
ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ترس و بەگومانبوون لە مزگەوت و بنکە ئیسلامییەکان و بە گشتی ڕەوەندی موسڵمانان لەو وڵاتانە ئەوەبێ کە بەشێک لەو کەسانەی لە کردەوە تێڕۆڕیستییەکاندا دەستیان هەبووە و هەیە، ئەو تێڕۆڕیستانەن کە تەنانەت لە ولاتانی ئورووپایی لەدایک بوون و ڕێکخراوە بناژۆ ئیسلامییەکان لەرێگەی بنکە دینییەکان، یان بە هۆی ئینتەرنێت و تٶرەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر هەبوون. جگەلەوەش خەڵک و دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی باش دەزانن کە بەهەزاران لاوی بنەماڵە موسڵمانەکان، بەتایبەت عەرەب و موسڵمانانی باکووری ئافریقا لەو وڵاتە ئورووپاییەکانڕا، ڕوویان لە ڕێکخراوە تێڕۆڕیستییەکانی ئەلقاعیدە و داعەش کردوە و لە سووریە و عێراق لەحاڵی شەڕ دان و وەک ڕوون بۆتەوە بەشێک لەو هەڵخەڵەتاوانە وەک پەناخواز، بە نهێنی ڕوویان لە وڵاتە ئورووپاییەکان کردۆتەوە. لەو پێوەندییەدا هەر وەک لە هەواڵەکاندا ئاماژەی پێکراوە، تێڕۆڕیست”عەبدئەلحمیدئەباعود” کە لە ولاتی بێلژیک پێی گرتبوو و دارێژەری کردەوە خوێناوییەکەی پاریس بوو و وەک سایتەکانی هەواڵ دەڵێن کوژراوە، یەکێک لەو کەسانە بوە کە لە سووریەڕا بە مەبەستی ئەو کردەوە قیزەونە گەڕاوەتەوە بێلژیک و فەڕانسە.
٢ــ بەرز بوونەوەی راسیسم و رەگەزپەرستی!
دیارە دیاردەی راسیسم و رەگەزپەرەستیش لەئورووپادا لەگەڵ بەرزبوونەوەی کارە تێڕۆڕیستی و دژی مرۆڤایەتییەکانی تاقم و دەستە سەلەفی و جیهادییەکانی سەر بە ئەلقاعیدە و داعش، بە دژی ڕۆژئاواییەکان چ لە نێوخۆی ئەو وڵاتانە و چ لە شوێنەکانی دیکە، رووی لە پەرەسەندن کردوە. دژایەتی لەگەڵ بوونی غەیرە ئورووپاییەکان و بەتایبەت موسڵمانەکان لەو وڵاتانەدا شتێکی حاشاهەڵنەگر و بەرچاوە و لە ماوەی دەسپێکردنی کۆچی بە کۆمەڵی پەناخوازان بۆ وڵاتانی ئورووپاییدا، چەند جار هەواڵی هێرش بۆسەر کەمپی پەناخوازان و ئاگرتێبەردانیان بڵاوبۆوە. ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان کە لانکەی نازیسم و ئەندێشەی رەگەزپەرستییە و بە تایبەت لە ئەیالەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە(ئالمانی ڕۆژهەڵاتی پێشوو) وەک ئەیالەتەکانی زاکسێن و بڕاندێنبورگ، کە ڕۆژ نییە هێرش بۆسەر پەناخوازان و شوێنی نیشتەجێبوونیان نەکرێ، ئەو دیاردەیە، زۆر سەرسوڕهێنەر نەبێ!، لەوڵاتێکی وەکو سوئێد کە هەمیشە بە دڵفراوانییەوە پێشوازی لە پەناخوازان و لێقەوماوانی جیهانی کردوە، شتێکی سرنجڕاکێش و تازەیە. بە گوێرەی هەواڵەکان، نەفرەت و بێزاری لە پەناخوازان لە سوئێد گەیشتۆتە لوتکە و خەڵک، دەوڵەتی ئەو وڵاتەیان ناچار کردوە رێگری لە هاتنی پەناخوازان بکات.
جگە لەوەش دەبینین حیزب و رەهەند و لایەنە راست و دژی خارجییەکان لە وڵاتانی ئورووپایی، بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی دژایەتی لەگەڵ بێگانەکان، بەتایبەت موسڵمانەکان، جێگە و پێگەی خۆیان لە نێو کومەڵانی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا پتەوتر کردوە و چاوەڕوان دەکرێ لە هەڵبژاردنەکاندا، رێژەیەکی زۆر زیاتر لە پێشوو لە دەنگەکانی دەنگدەران وەدەست بێنن. بێگومان لەوپێوەندییەشدا کارەساتە تێڕۆڕیستییەکەی پاریس کاریگەری باشی لەسەر حیزبە ڕاست و ئیفراتییەکانی ئورووپا و بەتایبەت حیزبی راستی توندڕەوی”ئازادی” لە وڵاتی هولەند، بەسەرۆکایەتی”خێرت ویلدرز” و حیزبی ڕاستی توندڕەوی”بەرەی نەتەوەیی” فەڕانسە بەسەرۆکایەتی”مارین لۆپن” دەبێ.
قەیرانی ئاوارە سوورییەکان!
ئەو قەیرانە کە لە گەڵ سەرهەڵدانی بەناو”بەهاریعەرەبی” و شەری نێوخۆیی عێراق و سووریە گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و لەگەڵ تراژێدی خنکانی خەڵکی هەڵاتوو لە مسیبەتی شەڕ بە تایبەتی مناڵێکی چاوگەشی کورد بەناوی”ئالان” لە ئاوەکانی نێوان تورکیە و یوناندا، بوو بە هۆی هەژاندنی ویژدانی مرۆڤایەتی و لەو سۆنگەیەوە دەیان هەزار کەس لە پەناخوازان و شەرلێدراوان لە وڵاتانی ئورووپاییدا وەرگیران، لەدوای ڕووداوەکارەساتبارەکەی پاریس بەتەواوی ئاقارەکەی گۆڕا و ئەو سۆز و هاوخەمییەی تەرمە بچکۆڵانەکەی ئالان لەدڵ و دەروونی بەتایبەت خەڵک و دەوڵەتانی ئورووپاییدا ڕواندبووی، بە کردەوە تێڕۆریستییەکەی پاریس تا ڕادەیەک جێی خۆی دا بە ڕق و تووڕەیی و بێزاری لە پەناخوازان.
هەرچەند فرانسوا ئۆلاند و زۆربەی ڕێبەرانی وڵاتانی جیهان، بەدژی تێکەڵکردنی تێرۆڕیزم و کێشەی مرویی ئاوارە شەڕلێدراوە سوورییەکان لێدوانیان داوە و ڕایانگەیاندوە کە ئەو شەڕه بە دژی هیچ شارستانییەتێک نییە و تەنیا شەڕ لەگەڵ تێرۆڕیزمە، بەڵام بەوحالەش هەموو وڵاتە ئورووپاییە پەنابەروەرگرەکان مەرجەکانی وەرگرتنی پەنابەریان توندوتۆڵ کردوە و تەنانەت زۆربەی ئەیالەتەکانی ئامریکا ڕایانگەیاندوە کە پەنابەری سووری وەرناگرن. ئەوە لەکاتێک دایە شەر لەو وڵاتە لەچەند قۆڵەوە بەتوندی بەردەوامە و هەتادێ ئاوارە و شەر لێدڕاوی زیاتر روو لە وڵاتانی دراوسێی سووریە و هەندەران دەکەن و سەرماو سۆڵە و بەفرو باران بارینیش، بەداخەوە تەنگی پێ هەڵچنیون.
ئاکام!
گومان لەوەدا نییە کە کردەوەی تێڕۆڕیستی پاریس نە یەکەم کردەوەی لەم چەشنەیە و نە دوایین جینایەتی تێڕۆڕیستان دەرحەق بە مرۆڤایەتی دەبێ. ڕێگەی بەرگری لە بەئەنجام گەیاندنی کردەوە تێڕۆڕیستییەکان و بەربەرەکانی لەگەڵ بیرۆکەی توند و تیژی؛ ترس و دڵەڕاوکێ و بێباوەڕی بە موسڵمانەکان و بێرێزی بە بیرو باوەرە دینییەکان نییە و پەرە پێدانی ڕاسیسم و ڕەگەزپەرستی لە وڵاتانی ئورووپایی و زەخت کردن لە ئاوارە و لێقەوماوەکان و بە زۆر گەڕاندنەوەیان بۆ نێو ئاگری شەر، ناتوانی ئەمنیەت و ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان لە هیچ شوێنێکی ئورووپادا بپارێزێ. ڕاستە دەبێ کۆنتڕۆڵی توند لەسەر سنوورەکان هەبێ و وڵاتان ئەمنیەت و گیان و ماڵی هاوڵاتیانیان بە ڕژدی بپارێزن و بە توندی بە گژ هەر کەس و تاقمێکی دەمارگرژ و تێکدەردا بچنەوە کە بەتەمای ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی بن، بەڵام ئامریکا و وڵاتانی ئورووپایی کاتێک دەتوانن کێشەکانی وەک دیاردەی دزێوی تێڕۆڕ و تەقینەوە، یان کێشەی هاتنی بەکۆمەڵی پەناخواز و لێقەوماوەکان چارەسەر بکەن کە لەلایەک تێبکۆشن، بەدوور لە دەستێوەردانی وڵاتانی تێکدەری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، یەکگرتوانە بەگژ سەرەتانی داعشدا بچنەوە و پاش سەرکەوتن بەسەریدا، کێشەی لەمێژینەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەو وڵاتانە بە قازانج و بەرژەوەندی نەتەوە مافخوراوەکان چارەسەر بکەن و لەلایکی دیکەش هەوڵ بدەن بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕادیکالیزمی ئیسلامیو، پەرە بە دێمۆکراسی و فەرهەنگی رێز گرتن لە ئایین و بۆچوونە جیاوازەکان و یەکتر قەبووڵ کردن لە نێو کۆمەڵگا دواکەوتوەکاندا بدەن.
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه