پاڕلمانی هه‌رێمی کاتا‌لۆنیا به زۆرینەی دەنگ، ده‌نگی ئه‌رێنیی دا بۆ به‌رێوه‌چوونی رێفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی له ساڵی ٢٠١٧دا. کاتا‌لۆنیا هه‌رێمێکی خودموختار له وڵاتی ئیسپانیایه که چوار ئوستان له خۆ ده‌گرێ. ناوه‌ندی ئه‌م هه‌رێمه بارسێلۆنایه. وا وێده‌چێ ئه‌وه‌نده‌ی بارسێلۆنا له ئاستی جیهاندا ناسراوه، کاتا‌لۆنیا نه‌ناسرابێ. یه‌کێک له هۆکاره‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شاری بارسێلۆنا و تیمی به ناوبانگ و حیرفه‌یی تۆپی پێی ئه‌م شاره له ئاستی جیهاندا.
کاتا‌لۆنیا هه‌ر له کۆنه‌وه له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی کێشه‌ی سیاسی ــ ماڵیی هه‌یه. به‌شێک له چاوه‌دێرانی سیاسی ئه‌م کێشانه ده‌گه‌ڕێننه‌وه سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ١٨ و شکستهێنانی هاوپه‌یمانیی کاتا‌لۆنیا له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریی هابسبوورگ له هه‌مبه‌ر بۆربۆنه‌کان و کهوتنهژێردهستهلاتی ئه‌وان که له مادرید حکوومه‌تیان ده‌کرد. کاتالۆنییه‌کان پێیان وابوو که به دوای ئه‌م شکسته‌دا له رووی ماڵی و کولتووری و سیاسییه‌وه به‌شێکی زۆر له ماف و ده‌سته‌ڵاتی خۆیان له ده‌ست داوه. کاتا‌لۆنیا به‌شێکی گرینگی ئابووریی وڵاتی ئیسپانیایه و نزیک به ٢٠ له سه‌دی بەرهەمی ناخالصی (تولید ناخالص)ی وڵاتی ئیسپانیا له سه‌ر شانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه.
ئه‌م هه‌رێمه له ساڵی ١٩٣٢ه‌وه خاوه‌نی ئه‌ساسنامه‌ی حکوومه‌تێکی خودموختاره. له ئاستی کۆنگره‌ی وڵات‌دا ٤٧ کورسیی له ٣٥٠ کورسی و له ئاستی مه‌جلیسی سه‌نادا ١٦ کورسی له ٢٤٦ کورسیی بەدهستهێناوه. ساڵی ٢٠٠٦ به دوای ڕاپرسییه‌کدا، ئه‌م هه‌رێمه بوو به به‌شێکی خودموختار به ده‌سته‌ڵاتی زیاتر له باری داهات و باج و فرۆکه‌خانه و یاسای هاتوچۆوە.
کاتا‌لۆنیا له په‌نای وه‌رزش و یاریی تۆپی پێ، وه‌ک که‌یسێکی سیاسییش ده‌ناسرێ و ساڵانێک خه‌ڵکی کاتا‌لۆنیا له سه‌ر بنه‌مای شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و جیاوازیی خۆیان بیر له سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌نه‌وه. زۆر هۆکار هه‌ن که ده‌توانین وه‌ک هانده‌ر و سه‌رچاوه‌ی کێشه سیاسییه‌کانی نێوان حکوومه‌تی ناوه‌ندی له مادرید و بارسێلۆنا له کاتا‌لۆنیا باسیان بکه‌ین.
گرینگ‌ترین فاکتۆر هه‌ست به جیایی له شوناسدایه. به‌شێکی به‌رچاو له سیاسه‌تمه‌دار و چالاکانی مه‌ده‌نی و وه‌رزشی و خه‌ڵکی ئاسایی له کاتالۆن خۆیان پێ ئیسپانیایی نیه، ئه‌م هه‌ست بهجیاییکردنهش به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چۆنیەتیی هه‌ڵسووکه‌وتی رێژیمی ناوه‌ندی به نیسبه‌ت نه‌ته‌وه و هه‌رێمێکی فه‌رهه‌نگیی جیا به ناوی کاتالۆن. بۆ وێنه ده‌توانین له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه به کوده‌تای سه‌رکه‌وتووی ژه‌نراڵ فرانسیسکۆ فرانکۆ له‌و وڵاته‌دا بکه‌ین که ته‌نیا له کاتا‌لۆنیا تووشی شکست هات و به دوای به‌رهه‌ڵستکاریی ئه‌م هه‌رێمه‌دا، فه‌رمانی هێرشی ئه‌رته‌ش بۆ بارسێلۆنای ده‌رکرد و له‌م نێوه‌دا له سۆنگه‌ی شه‌ڕێکی نێوخۆیی که نزیک به چوارساڵی خایاند، خه‌ڵکێکی زۆر گیانیان له ده‌ست دا. ئه‌مه بوو به هه‌وێنی گرژییه‌کی درێژخایه‌ن له نێوان کاتالۆنه‌کان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی که تا ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه. بزووتنه‌وه‌ی شوناسخوازانه‌ی کاتالۆنییه‌کان له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا درێژه‌ی هه‌بووه. هه‌رچه‌ند نه به شێوازی نیزامی، به‌ڵام ململانێی سیاسیی نێوان ئه‌م دوو نه‌ته‌وه له باری سیاسی و ماڵی و یاساییه‌وه به‌رده‌وام بووه. بۆ وێنه یه‌کێک له داواکانی ده‌وڵه‌تی هه‌رێمی کاتالۆنی، دانی ماڵیاتی که‌متر به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی بووه. کاتالۆنییه‌کان پیانوایه که میچی ماڵیاتێک که ئه‌وان به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی ده‌ده‌ن زیاتر له به‌شی خۆیانه و ئه‌و به‌شه‌ی که له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییشی وه‌رده‌گرن زۆر که‌متره له‌وه‌ی که ئه‌وان به پێته‌ختی ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ره‌کانی دوای جیابوونه‌وه:
له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه به دوو ئه‌گه‌ری لایه‌نی جیابوونه‌وه‌ی کاتا‌لۆنیا ده‌کرێ. به‌شێک له بیرمه‌ندان و شڕۆڤه‌کاران پێیان وایه که به جیابوونه‌وه‌ی کاتا‌لۆنیا له وڵاتی ئیسپانیا، ئه‌م هه‌رێمه تووشی زیانی سیاسی و ئابووری ده‌بێ و له‌م پێوه‌ندییه‌شدا ئاماژه به هه‌ندێک فاکتی وه‌ک: ده‌رکه‌وتنی له ئه‌ندامه‌تیی یه‌کیه‌تیی ئورووپا و پچڕانی پێوه‌ندیی یاسایی و ئابووری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی یۆرۆ دەکەن. سه‌رۆکوه‌زیرانی بریتانیا، به دوای په‌سندکرانی ڕاپرسیی گشتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کاتالۆنیادا له لایه‌ن پاڕڵمانی ئه‌و هه‌رێمه‌وه، که بۆ سه‌ردان چووبوه ئیسپانیا له میانه‌ی وتارێکیدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ئه‌گه‌ر به‌شێک له وڵاتێکی ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی ئوروپا جیا بێته‌وه، ئه‌وه چیتر ئه‌و وڵاته نوێیه ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی ئورووپا نیه و ده‌بێ داوای به ئه‌ندام بوون پێشکه‌ش بکات و ئه‌م داوایه‌ش ده‌که‌وێته دوای هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی داوای به ئه‌ندامبوونیان کردوه.
ده‌رکه‌وتن له یه‌کیه‌تیی ئورووپا دوو لایه‌نی سیاسی و ئابووریی ده‌بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کاتا‌لۆنیا ــ به دوای سه‌ربه‌خۆیی دا ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی ئورووپا نابێ، له باری بانکی، بازرگانی، ئابووری و ماڵییشهوه ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی یۆرۆ و یاسا و رێساکانی تایبه‌ت به بازرگانی، ئه‌و هه‌رێمه له خۆ ناگرن. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، به هۆی یاریی تۆپی پێ، هه‌ندێک چاوه‌دێریی وه‌رزشی باس له ته‌ریک که‌وتنه‌وه‌ی پیشه‌ی وه‌رزشی کاتا‌لۆنیا ده‌که‌ن و دەڵێن که جیابوونه‌وه ده‌توانێ زیانی قورسی ئابووری به‌و هه‌رێمه به گشتی و باشگای بارسێلۆنا به تایبه‌تی بگه‌یه‌نێ.
له لایه‌کی دیکه‌وه و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه هه‌ندێک چاوه‌دێر وه‌ک ده‌رفه‌تێکی باش بۆ یه‌کیه‌تیی ئورووپا باس له سەربەخۆیی کاتا‌لۆنیا ده‌که‌ن. حه‌شیمه‌تی هه‌رێمی کاتا‌لۆنیا نزیک به 5/7 میلیۆن که‌سه. ئه‌گه‌رچی هێشتا ئه‌گه‌ره‌کانی دوای جیابوونه‌وه زۆر روون نین، به‌ڵام وا وێده‌چێ که له باری سیاسی و ئابوورییه‌وه، یه‌کیه‌تیی ئورووپاش وا به ئاسانی ده‌ست له هه‌رێمێکی پێشکه‌وتوو و ئیتنگرهکراوی (Integrated) خۆی هه‌ڵنه‌گرێ. شایانی باسه که ئاستی ئێنتگرهبوونی وڵاتانی ئورووپا له‌گه‌ڵ بایه‌خ و پێوه‌ره‌کانی یه‌کیه‌تیی ئورووپا باسێکی گرینگه و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه به‌شێک له چاوه‌دێڕان، کاتا‌لۆنیا وه‌ک هه‌رێمێکی ئاماده و له ئاستی پێوه‌ره چاوه‌ڕوانکراوه‌کانی یه‌کیه‌تیی ئورووپادا دێننه ئه‌ژمار. هه‌ر بۆیه‌ش پێیانوایه که یه‌کیه‌تیی ئورووپا نابێ هه‌ر وا به ئاسانی ده‌ست له هه‌رێمێکی ئورووپایی خۆی هه‌ڵبگرێ. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه کاتا‌لۆنیا یه‌کێک له ده‌وڵه‌مه‌ندترین هه‌رێمه‌کانی ئیسپانیایه و به ته‌نیا دابینکردنی نزیک به ٢٠ له سه‌دی داهاتی ناخالیسی وڵاتی له ئه‌ستۆیه، بێجگه له‌مانه، ئه‌م هه‌رێمه به‌شێکی گرینگی داهاتی ئه‌و وڵاته‌ی له بواری پیشه‌ی تووریسم له ده‌ست دایه. له په‌نا ده‌ریابوون و ئاڵووێر و بازرگانی له ئاستی ئورووپا و جیهان له‌و هه‌رێمه‌وه، به خاڵێکی به‌هێز بۆ کاتالۆنیاو وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی داهات و ده‌سه‌ڵات دێته ئه‌ژمار، هه‌ر بۆیه به‌شێک له چاوه‌دێرانی سیاسی و ئابووری جیابوونه‌وه له ئیسپانیا وه‌ک زیانێکی گه‌وره بۆ حکوومه‌تی ناوه‌ندییش باس ده‌که‌ن. شایانی باسه که چاوه‌دێران و زانایانی ئابووری، کاتا‌لۆنیا وه‌ک حهوتهمین هێزی ئابووری یه‌کیه‌تی ئورووپا ناو ده‌به‌ن.
کوردستان و کاتا‌لۆنیا
دوو نه‌ته‌وه‌ی کورد و کاتالۆنی له زۆر خاڵدا وێکچوونیان هه‌یه. دوو بزووتنه‌وه له دوو قاڕڕەی لێک جیا به‌ڵام به دوو جه‌وهه‌ری شووناسخوازانهی وه‌ک یه‌ک. هه‌ر دوو نه‌ته‌وه هه‌ست به مه‌غبوون بوون ده‌که‌ن. هه‌ر دوو نه‌ته‌وه له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه تووشی چه‌وسانه‌وه هاتوون، به‌ڵام به‌م جیاوازیه که ئاست و ڕاده و ماوه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی کورد گه‌لێک زیاتر و قورس‌تر بووه. له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ش بگه‌رێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که کاتالۆنه‌کان له قاڕڕەی ئوروپا و له نێو وڵاتێکی دێموکڕات‌دا ده‌ژین.
کاتالۆنهکانیش وه‌ک کورده‌کان زۆریان هه‌وڵداوه بۆ جێگیربوونی نیزامێکی فرهرههندی و دابین بوونی مافه‌کانی خۆیان له چوارچێوه‌ی ئیسپانیادا، هه‌ر بۆیه یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی دامه‌زرانی سیسته‌می فره‌چه‌شنی کۆماری له ئیسپانیا له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٣٢ تا ١٩٣٩دا بوون. هه‌رچه‌ند ماوه‌ی ئه‌م کۆماره که‌م بوو و ژنێڕال فرانسیسکۆ فرانکۆ له رێگای کوده‌تا کۆتایی به ته‌مه‌نی ئه‌و کۆماره هێنا، به‌ڵام کاتالۆنه‌کان به‌رده‌وام که‌م و زۆر بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی خۆیان له هه‌وڵدا بوون. به دوای مه‌رگی ژنێڕال فرانکۆ، له ساڵی ١٩٧٥دا، کاتالۆنه‌کان توانیان له ساڵی ١٩٧٩ زۆرترین مافی خودموختاری بۆخۆیان له یاسای بنچینه‌ییدا مسۆگه‌ر بکه‌ن.
سته‌م و هه‌ڵاواردن و ئینکاری شووناس له لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندی به گشتی و له ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتداری ژنێڕاڵ فرانکۆدا به تایبه‌تی، توانی کاتالۆنه‌کان زیاتر هان بدا به‌ره‌و بیری جیاییخوازی. ئه‌م ره‌وته‌ش بۆته کارتی فشارێکی زۆر به هێز له سه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی و له ئه‌گه‌ری جێ به جێ بوونی سه‌ربه‌خۆیی کاتالۆنه‌کان، داوای هاوشێوه له لایه‌ن باسکه‌کانی ئیسپانیا زیاتر ده‌کات و ئه‌مه‌ش ئیسپانیا رووبه‌ڕووی قه‌یرانێکی قووڵی سیاسی ده‌کاته‌وه.
به له‌به‌ر چاوگرتنی که‌یسی هاوشێوه له ئوروپاشدا، بۆ وێنه دابه‌ش بوونی یوگوسلاوی به سه‌ر حه‌وت وڵات و سه‌ربه‌خۆیی کۆزۆڤۆ له یه‌کێتی ئوروپادا، بە راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له لایه‌ن گه‌لی کاتالۆن له ئیسپانیا و جیابوونه‌وه له‌و وڵاته، نه ته‌نیا ئیسپانیا، به‌ڵکوو به گشتی ئوروپا دەکەوێته قۆناغێکی سیاسی قه‌یراوانی نوێ که ده‌توانێ ماوه‌یه‌کی زۆر بخایێنێ.
سه‌رچاوه‌کان:
نیۆیۆرک‌تایمز
بی بی سی
ویکیپێدیا
وه‌رزش ٣
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه