دوای رێککه‌وتنی ناو‌کی، چه‌مکی نفوز زۆر زیاتر لە جاران لە ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی بناژۆخوازه‌کانه‌وه دەبینرێ. خامنه‌یی له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، به‌رده‌وام باسی ئه‌و چه‌مکه‌ی کردووه و سه‌باره‌ت به دزه‌کردنی ئه‌مریکا و رۆژئاوا بۆ نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی وریایی داوه.
ئامانج له هێنانه‌ئارای ئه‌و چه‌مکه چیه؟ ره‌وتی راستی توندئاژۆ به‌دوای چیدایه و ده‌یه‌وێ چ به‌رنامه‌گه‌لێک جێبه‌جێ بکا؟
ئهلف: ئوسوولگه‌راکان چ خوێندنه‌وه‌گه‌لێک بۆ چه‌مکی نفوز ده‌که‌ن؟
ــ هه‌ندێک بڕگه‌ی به‌رجام به‌ستێنی نفوزی ئه‌مریکایان له‌بار کردووه و به‌م هۆیه‌یه که خامنه‌یی په‌یتاپه‌یتا سه‌باره‌ت به مه‌ترسیی نفوز وریایی ده‌دا.
ــ ستراتیژیی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به ئێران نه‌گۆڕاوه، به‌ڵام ئه‌مجاره له رێگه‌ی وتووێژ و “نه‌رم”ه‌وه کار بۆ گۆڕینی چییه‌تیی کۆماری ئیسلامی ده‌کا.
ــ مێهدی محه‌ممه‌دی یه‌کێک له چالاکانی راستی توندئاژۆ ده‌ڵێ: ئامانج له پرۆژه‌ی نفوز که ره‌وتی “غهربگهرا” له نێوخۆ به هاوده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ده‌یبه‌نه پێش، ئه‌وه‌یه که: پێی ئه‌مریکا بۆ ئێران بکه‌نه‌وه، هاوکێشه‌ی هێزی نێوخۆیی له ئێران‌دا بگۆڕن، چییه‌تیی کۆماری ئیسلامی بگۆڕن و له‌م رێگه‌وه ئێران به شێوه‌یه‌کی ستراتیژیک کۆنترۆڵ بکه‌ن. ئامانج گۆڕینی نه‌خشه‌ی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچه‌که وکه‌م کردنه‌وه‌ی ده‌ستڕۆیشتوویی ئێرانه له ناوچه‌که‌دا(گواستنه‌وه به نێوه‌رۆک).
ــ به‌م هۆیانه‌یه که ئوسوولگهرایهکی وه‌ک ناسری ئیمانی ده‌ڵێ: که‌سانێک که پێیان وایه به قازانجمانه له ئه‌مریکا نزیک بینه‌وه یان به‌بێ ئه‌مریکا ناکرێ هیچ شتێک بکرێ، بیری ئه‌مریکاییان هه‌یه و نابێ رێگه بدرێ ببنه وه‌کیل و وه‌زیر. له روانگه‌ی ره‌وتی توندئاژۆوه راسپارده‌ی نفوزییهکان ئه‌وه‌یه که روخساری ئه‌مریکا جوان پیشان بده‌ن و بڵێن که له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شمان هه‌یه.
ب: دژکرده‌وه‌ی به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت و رێفۆرمخواز به ئیدیعاکانی ئوسوولگه‌راکان له باره‌ی چه‌مکی نفوز چی بووه؟
ــ حاشا له مه‌ترسیی نفوز ناکه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێن زیاد له حه‌د گه‌وره کراوه‌ته‌وه و ئه‌م گهورهپیشاندانهش بۆ لێدانی ره‌وتی به‌رامبه‌ره.
ــ عه‌لی موته‌هه‌ری که به ئوسوولگهرایهکی میانه‌ڕۆ ده‌ناسرێ، ده‌ڵێ: نه‌کا چه‌مکی نفوز وه‌ک ده‌سته‌واژه‌ی “فیتنه” بۆ سه‌رکوتی ره‌خنه‌گران که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێ.
به کورتی ریفۆرمخوازه‌کان ده‌ڵێن که راستی توندئاژۆ له چه‌مکی نفوز به ئاوایه‌کی ئامرازی و جیناحی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ وه‌لانانی به‌رامبه‌ره‌که‌یان. گیرانی کۆمه‌ڵێک رۆژنامه‌نووس به تۆمه‌تی نفوزی بوون له‌م دواییانه‌دا، وه‌ک رهوتسازییهک به ئامانجی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی سیاسی لێک ده‌ده‌نه‌وه.
ج: شرۆڤه و ئاکامگیری:
ئه‌گه‌رچی له سه‌ره‌تاوه وریایی ده‌درا که نابێ به‌رجام ببێته سه‌رچاوه‌ی دووبه‌رکی و له‌به‌ریه‌ک وه‌ستان، به‌ڵام خامنه‌یی به شێوه‌یه‌ک پرسی به‌رجامی کۆتایی پێ هێنا که چوارچێوه‌ی گوتاری بۆ پۆلاریزهکردنی زیاتری فه‌زای سیاسیی ئێران به‌ده‌سته‌وه دا. به‌م پێیه دوای په‌سند کردنی به‌رجام و له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ره‌شه‌ممه دا فه‌زای سیاسیی ئێران زیاتر دووجه‌مسه‌ری بووه.
ــ کلیل واژه‌ی نفوز له راستیدا گه‌ڵاڵه‌ی سپای پاسداران و ره‌وتی راستی توندئاژۆیه بۆ به ئه‌منییه‌تی کردنی فه‌زاکه و خولێکی دیکه‌ی سه‌رکوت.
ــ زه‌ق کردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه و ترساندنی کۆمه‌ڵگه له نفوزی ئه‌مریکا، فه‌زاسازیی راستی توندڕۆیه بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی شیاویی به‌ربڵاوی پاڵێوراوانی سه‌ر به ریفۆرمخوازه‌کان. ئوسوولگه‌راکان نیگه‌رانن له‌وه‌ی که زۆرینه‌ی مه‌جلیس له ده‌ست بده‌ن.
ــ نیگه‌رانن به‌رجام به‌ستێنێک بۆ گشتگیر بوونی نۆڕم و بایه‌خه رۆژئاواییه‌کان وه‌ک نۆڕمه دێموکراتیک و ئازادییه تاکه‌که‌سییه‌کان و … بره‌خسێنێ. هه‌رئێستاش ده‌بینن که کۆمه‌ڵگه بایه‌خه داسه‌پاوه‌کانی سیستم قبووڵ ناکا و به شێوه‌ی جۆراوجۆر دژایه‌تی و ئیعترازی خۆی له هه‌مبه‌ر ئه‌و بایه‌خه داسه‌پاوانه نیشان ده‌دا. دانپێدانانی به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی که خه‌ڵکی ئێران به گوێره‌ی دڵخوازی سیستم ره‌چاوی حیجاب ناکه‌ن، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ئیدیعایه‌یه.
ــ نفوز ئامرازێکه یان گه‌ڵاڵه‌یه‌که بۆ درێژه‌دان به دژایه‌تی ئه‌مریکا و راگرتنی فۆڕم و ره‌فتار و پرێستیژی “ئینقلابیگهری”ی سیستم. ده‌ترسن له‌وه‌ی که “طلسم”ی ئینقلابیگهرییان له به‌رچاوی دۆسته‌کانیان یان به گوته‌ی خۆیان “سه‌رپه‌نجه‌کانی هێزیان” له‌ناوچه‌که‌دا بشکێ. به باوه‌ڕی ناو‌کی سه‌ختی هێز له کۆماری ئیسلامی‌دا، ده‌سترۆیشتوویی ئێستایان له ناوچه‌که‌دا به‌رهه‌می ئه‌و ئینقلابیگهریهیه.
ــ به پێچه‌وانه‌ی ئیدیعا و بلۆفهکانیان، ده‌ترسن له‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا پێوه‌ندییه‌کانیان ئاسایی بێته‌وه، به سه‌رنجدان به هێژمۆنی و هێزی ئه‌مریکا، ئه‌مریکا ده‌ست بخاته نێو کاروباریانه‌وه و له بواری جۆراوجۆردا به سه‌ریاندا زاڵ بێ.
ــ دوای گه‌مارۆکان که کۆمپانیا رۆژئاواییه‌کان ئێرانیان به‌جێ هێشت، سپای پاسداران بواری ئابووریی ئێرانی زیاتر گرته ده‌ست. ترسیان له‌وه‌یه که به هاتنی سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌کی، ئه‌و مۆنۆپۆله‌ی ئێستایان نه‌مێنێ؛ بۆیه ده‌یانه‌وێ له رێگه‌ی چه‌مکگه‌لی وه‌ک نفوزه‌وه تا راده‌یه‌ک له هاتنی سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌کی رێگری بکه‌ن. ئه‌منییه‌تی سازیی فه‌زا و گرتنی نزارزهکای لوبنانی له‌م پێناوه‌دا شی ده‌کرێته‌وه.
ــ له‌وانه‌شه به هێنانه‌ئارای ئه‌و چه‌مکانه و نیشاندانی په‌ره‌گرتنی کێشمه‌کێشه‌کان، به‌رچاوی خه‌ڵک لێڵ بکه‌ن و له پڕاکتیک دا به شێوه‌یه‌کی دیکه بجووڵێنه‌وه و له باره‌ی به‌رجامیش ئه‌و به‌ڵێنیانه‌ی داویانه جێبه‌جێی بکه‌ن.
ماوه‌ته‌وه بڵێین که له جێ‌دا له پشت په‌رده‌ی سیاسه‌تی ئێران‌دا دووبه‌ره‌کی و کێشمه‌کێشی توند له ئارا دایه که له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژارنه‌کاندا زیاتر ده‌رده‌که‌وێ. دیاره هه‌مووی ئه‌و دووبه‌ره‌کی و نه‌بوونی یه‌کگرتوویی فکری و فه‌لسه‌فییه وایکردووه که په‌ره‌سه‌ندنی ئێران دوا بکه‌وێ و فارس گوته‌نی: ئێران “ده‌رجا” لێ بدا.
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه