خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئازه‌رییه‌كان له ئێران به‌رامبه‌ر به به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌كرێ خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بو بكرێ، چونکه ئه‌م خوپیشاندانو نارهزاییدهربڕینه لێكه‌وته‌ی جیاوازی به‌رهه‌م هێناو ئه‌مه‌ی خسته ڕوو كه به‌رنامه‌ی”فیتیله” ته‌نیا ده‌كرێ بیانوویه‌ك بی بۆ خستنه‌ڕووی كۆمه‌لێك خواستی په‌نگخواردوو.
یه‌كه‌م، له سه‌ر ئاستی حكوومه‌تی به حوكمی ئه‌وه‌ی ئازه‌رییه‌كان به‌شێكن له سیستمی سیاسی، ده‌كرێ ناره‌زایی ئازه‌رییه‌كان هه‌ر زوو ئاراسته بكرێ‌و به‌شێك بێ له ململانێی سیاسیی باڵه‌كانی حكوومه‌ت‌و له دواجار به هۆی به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی سیاسی ـ ئابوری، ناڕه‌زاییه‌كان روو به حكوومه‌ت پێچه‌وانه بكرێنه‌وه روو به مه‌ترسیی هاوبه‌ش! وه‌ك ئه‌وه‌ی له جه‌ره‌یانی خۆپیشاندانه‌كان بینیمان كه زۆرترین شیعار‌و ناڕه‌زاییده‌ربڕین له باتی ئه‌وه‌ی روو به حكوومه‌ت بكرێته‌وه روو به پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان‌و یه‌ك له‌وان كورد‌و ئه‌رمه‌نی كرایه‌وه وه‌ك دوو دراوسێی ئازه‌رییه‌كان له ناوچه‌كانی شیمالی كوردستان.
ئه‌گه‌رچی ناڕهزاییدهربڕینی ئازه‌رییه‌كان له هه‌ناوی دا هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك خواستی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بوو،ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌خاته روو كه سیاسه‌تی یهكسانكردن له ئێران‌دا به ته‌واوی شكستی خواردوه، به‌ڵام كێشانی ئه‌و وێنایه كه كورد مه‌ترسییە بۆ ئازهریو گواستنه‌وه‌ی ململانێی ئازه‌ری له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت بۆ ململانێی كورد‌و ئازه‌ری، داهاتوویه‌كی روونمان له پێوه‌ندییه‌كانی كورد‌و ئازه‌ریدا به ده‌سته‌وه نادا، به تایبه‌ت كه به سه‌رنجدان به هه‌ڵكه‌وته‌ی جوغرافیایی ده‌كرێ كورد سنووری خۆی له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت جیا بكاته‌وه، به‌ڵام به حوكمی ئه‌وه‌ی له زۆر ناوچەدا كورد‌و ئازه‌ری پێكه‌وه دهژینو سیاسه‌تی چه‌ند ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش به یاوه‌ریی ئازهرییهكانهوه چووه‌و له زۆر قۆناغدا ئازه‌ری به‌شێك بوون له سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆنی كورد له‌و ناوچانه،ئه‌سته‌مه ئه‌م سنووره له گه‌ل ئازه‌ری تۆخ بكرێته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا سیاسه‌تی كوردستانی بوونی كورد له رۆژهه‌ڵات، به هه‌ر ڕاده ده‌نگی به‌رز كردبێته‌وه هه‌ر به‌و رێژه له نێوه‌رۆكی خۆی بەتاڵ كراوه‌ته‌وه‌و هه‌ر هاتوه په‌راوێزنشینیی هه‌ڵبژاردوه، تا سیاسه‌تێكی یه‌كگرتووی هه‌بێ له ئیلامه‌وه هەتا ورمێ.
له چه‌ند شوێنی دیکه‌ش نووسیومه ئه‌وانه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئیدیعای نهتهوهییبوونو كوردستانیبوون ده‌كه‌ن، پشت له رۆژهەڵاتو روو له به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان‌و له دواجاردا له حه‌وشه‌ی چه‌ند حیزبێكی عیراقی‌و توركی ده‌نیشنه‌وه كه ئه‌و کاره‌یان زیان نه‌بێ سوودی بۆ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردی رۆژهەڵات نیه.
له راستی دا گوتاری نه‌ته‌وه‌یی بوون كه كار له سه‌ر هه‌ر چوارپارێزگا كوردییه‌كه بكا له‌مێژساڵه له رۆژهەڵات باری كردوه‌و هاتو هاوارێكی فه‌یسبووكی زیاتر نیه. ئه‌وه‌ی له‌م نێوه ده‌مێنێته‌وه كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چالاكانی بواره جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگایه كه ئه‌ویش بێده‌نگییان به‌رامبه‌ر به رووداوه‌كه‌ی غه‌دیری ورمێ‌و پشتگیری‌یان له خۆپیشاندانی ئازه‌رییه‌كان پێی گوتین، هه‌م حیزبه سیاسییهكانو هه‌م چالاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی خاڵین له گوتاری نه‌ته‌وه‌یی له فۆرمێكی كوردستانی.
خاڵی جێی ئومێد له‌م نێوه‌دا هاونیشتمانانی كوردی پاریزگاكانی ئیلام‌و كرماشان‌و ورمێن، به‌وه‌ی كه به مانه‌وه‌یان له‌م ناوچانه‌و نه‌چوونه ژێر باری سیاسه‌تی ڕاگواستن‌و ده‌ركردن‌و ئاسیمیلاسیۆنی حكوومه‌تی، به دهنگهكانیانو به هه‌ڵگرتنی كه‌لتووری كوردی،كوردستانیبوونی ئه‌م ناوچانه بپارێزن.
له راستی دا سیاسه‌تی كوردستانی بوونی ئه‌و ناوچانه به هوی زاڵبوونی حكوومه‌ت‌و بێ به‌رنامه‌یی لایه‌نه سیاسییه‌كان، سیاسه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، چونکه لایەنە سیاسییه‌كانی رۆژهەڵات ئه‌وه‌نده‌ی له غه‌می له ده‌ستدانی شار‌و شارۆچكه‌كانی باشوور‌و رۆژاوادان به قه‌د ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ر به ناوچه پڕكێشه‌كانی رۆژهەڵاتی كوردستان هه‌ڵگری سیاسه‌تی فه‌رامۆشین.
ئه‌مه راستییه‌كی تاڵه كه ئێمه له رۆژهەڵات زیاتر له كهركووكێكمان هه‌یه‌و مانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه له هه‌رێمی كوردیش به‌نده به گرتنه‌به‌ری به‌رنامه‌ی فکری‌و سیاسی‌و رۆشنگه‌ریی زیاتر. مێژوو به ته‌نیا فریای مانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه له كوردستان ناكهوێو به‌ڵگه مێژووییه‌كان ناتوانن نمادی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كوردستانیبوونی ئه‌م ناوچانه بن، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی كوردی هه‌وڵی پاراستن‌و مانه‌وه‌ی هاونیشتمانی كورد له‌و ناوچانه نه‌داو كار نه‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین هاونیشتمانی كورد له‌و ناوچانه حه‌ز به مانه‌وه‌ی خۆیان بكه‌ن، چونکە له دواجار ڕێفراندۆمو هەڵبژارده‌ی خودی هاونیشتمانان شه‌رته بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه له فۆرمێكی كوردستانیدا به به‌شداریی پێكهاته‌كانی غه‌یره كوردیش.
كۆتا قسه: خۆپێشاندانی ئازهرییهكانو ههڵشاخانیان به رووی كورددا ده‌توانێ داهاتوویەکی وا پڕمه‌ترسی بونیاد بنێ كه كورد تێی دا باجه گه‌وره‌كه بدات‌و ئه‌مه‌ش له ئێستاوه بۆ فكرلێكردنهوهو داڕشتنه‌وه‌ی ستراتیژییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێ كه داهاتووی ئه‌م ناوچانه له كوردستان مسۆگه‌ر بكا، هه‌م بۆ پێكه‌وه ژیانی ئاشتییانه‌و هه‌م بۆ كوردستانی بوونی ئه‌و ناوچانه.
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه