٢٦ـهمین خولی هەڵبژاردنی پاڕڵمانی تورکیە لە ١ی نوامبری ئهمساڵ دا، بەڕێوە چوو. ئەو هەڵبژاردنە، بە هەڵبژاردنی پێش وەختە یان بە کوردییەکی خۆماڵیتر بە ” هەڵبژاردنەوەی سەر لە نوێ” پێناسە دەکرا و بە گرینگترین و ئاستەمترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دادەنرا. واتە ئەو هەڵبژاردنە پاش ٥ مانگ لە هەڵبژاردنی ٧ی ژوئهن (حوزەیران) بەڕێوە چووە، کە ئەنجام و دەرهاویشتەکانی بە چەند قات لە هەڵبژاردنەوەی پێش وەختەی ١ی نوامبر، دڵخۆشکەرتر و جێمتمانەتر بوون. جیاوازییەکی سەرەکیی کە لە ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە بەدی کرا یەک شت بوو؛ هەڵبژاردنی مانگی ژوئهن لە کەش و دۆخی نە شەڕ و تا ڕادەیەک تەناهی دا پێکهات بە پێچەوانە لە نوامبر دا بە دۆخ و هەلومەرجێکی تەواو شەڕ و شۆڕدا تێپەڕی.
بەراوردێکی کورتی ئاکامی نێوان دوو هەڵبژاردنەکە
لە ٧ی حوزەیران دا؛ ئاکەپە ڕیژەی ٤٠،٩٪ی دەنگهکان و ٢٥٨ کورسی، جەهەپە ٢٥٪ و ١٣٢ کورسی، مەهەپە ١٦،٣٪ و ٨٠ کورسی، هەدەپە ١٣،١٪ و ٨٠ کورسییان وەدەستهێنا. ڕێژەی خاوەن دەنگەکان؛٥٣ میلیۆن و ٥٢٣ هەزار و ٦١٠ کەس بوو، سەرجەم ٨٦،٤٪ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردن بوون.
لە ١ی نوامبر دا؛ ئاکەپە ٤٩،٥٪ و ٣١٧ کورسی، جەهەپە ٢٥،٣٪ و ١٣٤ کورسی، مەهەپە ١١،٩ و ٤٠ کورسی، هەدەپە ١٠،٨٪ و ٥٩ کورسییان وە دەست هێناوە. ڕێژەی خاوەن دەنگەکان؛ ٥٥میلیۆن و ٣٦٨ هەزار و ٩٧٠ کەس بوو، ٨٧،٦٪ی حەشمیەتی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردندابەشدارییان کرد.
ئەوەی لەو کورتە زانیارییانە، دەردەکەوێ ئەوەیە کە دەنگی لایەنگر و دەنگدەرانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیە ( مەهەپە) و دەنگەکانی پارتی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە) بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. مەهەپە ٤،٤٪ ڕێژەی دەنگەکان و ٤٠ کورسیی لەدەست دا. هەدەپە، لە ئاستی سەراسەری دا ٣،٢٪ی دەنگ و ٢١ کورسیی لەدەست دا. ئەوەی جێگای لێوردبوونەوەیە و مەبەستی ئێمەشە مشتووماڵی بدەین بریتین لە ریژەی کەوتنی دەنگەکانی هەدەپە، هەوراز چووونی ئاکەپە، شەڕ و ناسەقامگیرییەکان و سیاسەت و رێبازی لەمەولای ”هەدەپە”.
بەراوردێک لە نێوان دەنگ و کورسییەکانی هەدەپە
جیا لە بەراوردەکانی سەرەوە، پێویستە چەند زانیاریی دیکەش بخەینە روو. هەر وەک ئاماژەی پێکرا هەدەپە لە ئاستی سەراسەری دا ٢،٣٪ی دەنگەکانی لە دەست داوە، واتە لە کۆی ٦،٠٥٨،١٩٥ دەنگی جاری پیشوو ئەوجار ٥،١٤٥،٦٨٨ دەنگی وەدەست هێناوە، بەو پێیە ٩١٢٤٠٧ دەنگی لە دەست داوە، ڕێژەی دەنگەکانی لە کوردستان ٤٥٪ بووە، ئەو رێژەیه لە ١ی نوامبردا بوو بە ٣٨٪. لە ٢٦ شار و پارێزگای وەک ئۆرفه، بینگۆل، کلیس، دیاربەکر، وان، بتلیس، هەکاری، ئاگری، ماردین، مووش، دێرسیم، سیرت، شهڕناخ… هەدەپە بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە. ئەو پارتە، لە شارۆچکە و دێهاتەکانی سەر بە پارێزگاکانی دیاربەکر، هەکاری، شهڕناخ، وان، باتمان، ماردین و ئاگری کە ڕێژەی دنگەکانی لە سەرووی٧٠٪ بوو، پێی وایە دووسەد هەزار دەنگی بە فێڕۆ چووە و دەڵێ ڕاست لەو پارێزگایانەدا ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە کەمیی داوەو بۆتە هۆی ئەوە کەدەنگەکانی هەدەپە کەم بکهن. هەدەپە لە ژوئهندا لە ٢٣،٩١٢ سندووق و، لە نوامبردا ٣٥،١٨٣ سندووقدا هیچ دەنگێکی نەبووە.* لە بەرامبەر ئەوەدا دەبینین لە هەڵبژاردنی نوامبر، لە ئاستی سەراسەریی تورکیە دا، ڕێژەی دەنگدەران ١،٢٪ لە چاو هەڵبژاردنی حوزەیران زیادیکردوە.
قامکدانان لە سەر راستییەک
زۆر هێز و لایەن و، زۆر کەسی خاوەنقسە و هەڵوێستی دڵسۆزانە و بوێر، پاش کودەتای سپیی حکوومەتی تورکیە بە هۆی رەجەب تەییب ئەردۆغان و پارتەکەی و سەرکەوتنیان لە ١ی نوامبردا، پێیان وایە کە هەدەپە هەڵەی کردوە کە دوای هەڵبژاردنی ٧ی ژووئەن ئامادە نەبوە دەگەل حیزبی سەرکەوتوو بچێتە نێو حکوومەتی ئیئتیلافییەوە. لەو پێوەندییەدا قامک لە سەر چەند ڕاستیی دادەنێین، یەکەم: سەلاحەدین دەمیرتاش ١٧ی مارسی پار لهبارهی قسەکانی ئەردۆغانهوه که بۆ جارێکی دیکە بە توندترین شێوە هێرشی کردە سەر خەباتی نەتەوەی کوردو کێشەی کوردی بە کێشەی تێرۆر دانا، ڕوو بە ناوبراو گوتی؛ هەتا ئێمە پشوومان دەسینگیدا بێ، ناهێڵین ببی بە سەرۆک! دەمیرتاش هەروەها بە بۆنەی سەرکەوتنی پارتەکەی گوتی” ئێمە بەڵێنمان بە دەنگدەرانی خۆمان داوەو، لە سەر قەولی خۆمان سوورین”. بەڵام دەرگای هاوپەیمانی و پێکهێنانی حکوومەتی لە سەر ئاکەپە دانەخست، چونکە وێڕای ئەو قسەیەی سەرەوە گوتیشی “ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی چاوەڕێمانە. پێمان باشە، ڕوانگەی ئەویش لەو بارەیهوە بزانین”. دووهەم: ئاکەپە، مەرجێکی نامەشرووع و بە دوور لە رووحی چارەسەری سیاسی و ئاشتییانەی بۆ هەدەپە دانابوو، ئەویش ئەوە کە ئەگەر هەدەپە دەیەوێ لە گەڵ ئاکەپە حکوومەتی ئیئتیلافی پێکبێنێ دەبێ پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی پێناسە بکا، مەودا لە نێوان خۆی و ڕێکخراوی تێرۆریستی! دابنێ و بانگی لێ ڕادێرێ خاکی تورکیە چۆڵ بکا. سێهەم: پارتی ڕهگهزپەرستی ( مەهەپە) زۆر زیاتر لە ئاکەپە بەو سەرکەوتنەی هەدەپە تووڕە بوو و بۆیە دۆخەکەی ڕاست بەو ئاقارەدا برد کە ئاکەپە تێیدا سەرکەوتوو بوو. چوارەم: لە پاش سەرکەوتنی هەدەپە، پەکەکەش بە نۆرەی خۆی کەوتە رێنیشاندان و ئامۆژگاریی ئەو پارتە و ڕاست لەو ڕوانگەیهوە هەڵوێستی دەگرت کە زیاتر لە هەموو کاتێک هەدەپە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و لە ڕاستی دا پەکەکە پێی وابوو، هەدەپە دەبێ بە ئەمر و فهرمانی وی بجووڵێتەوە. ئاکەپە، لە بنەڕەتڕا بە تەمای حکوومەتی هاوپەیمانی نەبوو. کەماڵ قلیچدار ئۆغلوو، سەرۆکی جەهەپە، دەڵێ وەفدی ئاکەپە قەت بە شێلگرییەوە پێشنیاری ئیئتیلافێکی وایان بۆ ئیمە نەهێنا، بەڵکوو خەریکی کاتکڕین و بە فێڕۆدانی بوون.
قەیران و شەڕ ــ هەڵبژاردنەوە
هەتا هەڵبژاردنی ٧ی ژوئهن، ئاکەپە ٩ هەڵبژاردنی گشتیی بردبوونهوە. لە هەڵبژاردنی ٣ی نوامبری ٢٠٠٢ـه سێ دەورە بە تاقی تەنیا حکوومەتی پێک دەهێنا. بۆ ئەو پارتە و سەرکۆمارەکەی ئاسان نەبوو، ئەم جار شکانی خۆیان و لە بەرامبەردا سەرکەوتنی کورد ببینن و هەزمی بکەن. ئەردۆغان ئەو کات زۆر بە ڕاشکاوی گوتی، ئاشتی و سەقامگیرییەکم ناوێ کە هێندیک بۆ بەهێزبوونی خۆیان بیقۆزنەوە. بۆیە ناوبراو، وێڕای پارتەکەی لە بیانوویەک دەگەڕان، دۆخی قەیران و شەڕ، ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، بخەنە نێو تورکیە تاکوو ڕوانگەی دەنگدەرانی تورکیە بە قازانجی خۆیان بگۆڕن، هەم لە شەڕ و وێرانییەکاندا تاوانەکان بە خەباتی سیاسیی کوردهوه بچەسپێنن و هەم تاوانی شەڕ و کوشتارەکان دە ئەستۆی هەدەپە بپەستێون. لە ئاکامی تەقینەوەی پرسوس لە ٢٠ ی ژووئیه دا، حکوومەتی تورکیە هێرش و پەلامارێکی هەمەلایەنەی بۆ سەر هەدەپە دەست پێکرد. هاوکات لە گەڵ کوژرانی دوو پۆلیس لە ئۆرفهو وەئەستۆگرتنی لە لایەن پەکەکەوه، ئەوەندەی دیکە رێگای هێرش و پەلامار بۆ سەر هەدەپە و مەڕام و ئامانجە سیاسییەکانی خۆش بوو. وێڕای ئەوەش ئەو هەڵەیهی پەکەکە وای کرد دەوڵەتی تورکیە دێوهزمەی شەڕیکی کەم وێنە بە سەر خەڵکی کوردستان دا بسەپێنێتەوە. لە یەکەم ساتەکانی هێڕش و پەلاماری دەوڵەتی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە، تورکیە ڕایگەیاند کە ئەو شەڕ و پەلامارانە درێژەیان دەبێ. وەک چۆن خومەینی و ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران، شەڕ و خوێنیان بە نیعمەتێکی ئیلاهی دادەنا، هەر بەم جۆرە ئەردۆغان و حکومەتەکەی شەڕ و خوێن بە نێعمەتێکی ئیلاهی دادەنێن و وەها دەستەوداوێنی قەیران و شەڕ بوونە کە وێ ناچێ بە ئاسانی دهستی لێ ههڵگرن.
بەڵام پەکەکە چی؟ پەکەکە هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکان دا دەیتوانی دان بە جەرگی خۆی دا بگرێ و بە هیچ لەونێک ڕوانگەکان لە سەر خۆی شلوێ نەکات. زۆر کەس پێیان وایە پەکەکە، لە هێندێک شاری کوردستان بە خەندەق لێدان و چاڵ هەڵقەندنی ڕێکخستنەکانی ، ئاکەپەی بەو سەرکەوتنە گەیاند، خەندەق لێدان و چاڵ هەڵقەندن لهو جێیانه کە هەدەپە لە حوزەیران دا زیاتر لە ٨٠٪ی دەنگەکانی لێ هێنابوونەوە. بە وردبوونهوه لە هەڵوێستی پەکەکە، ئۆجەلان، هەدەپە و لایەنی دەوڵەت لە سەر پرۆسەی ئانکارا ــ ئیمڕاڵی، پەکەکە بە ملدان بۆ هەڵایسانەوەی شەڕ و خوڵقاندنی قەیرانەکان، بە جۆرێک لە جۆرەکان تێکۆشاوە، خۆ لە ئاکامی وتووێژەکانی ئیمڕاڵی و دەوڵەت دەرهاوێ، ئەگەر تاکوو ئێستا ئەوەی بە ڕاشکاوی ڕانەگەیاندوە، زۆر جار بە شێوەی لاوەکی و بە پێچ و پەنا درکاندوویەتی.
سەرەڕای ئەمانەش، لە جەنگەی هەڵایسانەوەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان دا، دەوڵەتی تورکیە بۆ پهرهپێدان و قووڵ کردنەوەی قەیرانەکان و لە پاڵ ئەویش دا بۆ دوورخستنەوەی بیروڕای گشتیی وڵاتەکەی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت وڵاتانی ئورووپا لهوهی لە تورکیە ڕادەبرێ، کەڵکی لە ئاڕاستە کردنی شەپۆلی سەدان هەزاری پەناربەری لە وڵاتەکەی بۆ وڵاتانی یەکیهتیی ئورووپا، وەرگرت. حکوومەتی ئەردۆغان و سیستمی سیاسیی تورکیە، بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەک و بە تایبەت به کۆمەڵگە و گەلانی نێو تورکیەیان نیشان دا که لە توانایاندا هەیە قەیران و ئاڵۆزی بخوڵقێنن و لە ڕاستای ئامانج و مەبەستەکانی خۆیان دا بەکاریان بێنن.
ئەرکی هەنووکەی هەدەپە:
زۆر بە ڕوونی دەزانین، چۆناوچۆن بەدەپەی پێشوو گۆڕدرا و کرا بە هەدەپە. پێخۆش بوون و ئافەرینی حکوومەت و دەوڵەتی تورکیەشمان بهرامبهر بەو ئاڵوگۆڕە باس کردوە. بۆ پێشگیری لە درێژبوونەوەی باسەکەمان ناچینەوە سەر ئەو بەشانە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، جاری پێشوو بە بۆنەی سەرکەوتنی هەدەپەوه گوتی “هەدەپە تورکیەیە، تورکیەش هەدەپەیە”. هەدەپە، پیش هەڵبژاردن و بە تایبەتیش پاش هەڵبژاردنەوەی سەپێندراوو پێش وەختە، بە چەشنێک بەرەو تورکیایی رۆیشتوە کە تاڕادەیەک لە قۆستنەوەی هەل و دەرفەت و ڕووداوەکان دوور کەوتووهتەوە. بە سەرنجدان بە سێناریۆکانی دەوڵەت بۆ دیزەبەدەرخۆنەکردنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیران، شەڕ فرۆشتن بە کورد، ڕاپێچی زیاتر لە دوو هەزار چالاک و هەڵسووڕاوی هەدەپە لە چەند مانگی ڕابروودا بۆ گرتووخانەکان، داخستنی دەیان رۆژنامە و تێڤی لە ئاستی سەراسەری و بە تایبەت لە کوردستاندا، قۆرغ و پاوانی دەسەڵاتی چوارەم بە قازانجی دەوڵەت و حکوومەت، تەقاندنەوەی متینگ و کۆبوونەوەکانی هەدەپە، هەڕەشە و گوڕەشە لە دەنگدەرانی هەدەپە، میلیتاریزەی کەموێنەی کوردستان، پێمان دەڵێ لە بنەڕەتڕا سیاسەتی بە تورکیاییکردنی پارت و شۆڕشی کوردستان، بڕیارێکی زۆر لە جێی خۆیدا نەبووە.
بەڕێز دەمیرتاش، پاش کودەتای دەوڵەت لە هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی ئاکەپە تێیدا، ڕایگەیاندوە خوازیارە لە بەرزترین ئاستی پارتەکەی دا هەڵە و کەم و کوڕییەکان بێنیتە بەر باس و سیاسەتەکانی هەڵسەنگێنیتەوە. هەدەپە، ئێستا کهوتۆته سهر دوو ڕێیانێکی دژوار، یان لە سەر ڕێچکەی سیاسەتی دوو ساڵی ڕابردوو دەڕوا یان بە پێچەوانەوە، دەگەڕێتەوە سەر ڕێبازی خۆی و تۆختر لە جاران سیاسەتی پێشووی درێژە پێ دەدا، هەر لەو کاتەدا وێڕای سوور بوون لە سەر گرینگیی خەباتی پاڕلمانی بەرپەرچی سیاسەتەکانی دەوڵەت دهداتەوە و دەهۆ و پیلانەکانی لە قاو دهدات و کورد لە دەوری خەباتی شێلگیری سیاسی کۆ دهکاتەوە. هەل و مەرجی نێوخۆی باکووری کوردستان، ناوچە و تەنانەت نێودەوڵەتییش لە هەدەپە دەخوازن بە دوور لە هەموو دەمارگرژی و ئێحساساتێک بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوەو کوردستان هەروا وەک قەڵای شۆڕش و بەرخۆدان راگرێ و شەقام و کۆمەڵانی چەندین میلیۆنیی باکووری کوردستان لە جووڵە و خرۆش بەتاڵ نەکا. بەم جۆرەیە کە ئازارەکانی ئەو میللەتە لەهەمووشتبێبەشە بەرەو کەمبوونەوە دەڕۆن.
yenisafak.com
Secim.ntv.com.tr
Radikal.com.tr
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه