له دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانییه‌وه هیچ کات جیهان به راده‌ی ئێستا به تایبه‌تی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ئاڵۆز نه‌بووه. ئه‌و شه‌ڕو ئاڵۆزیانه‌ی له زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا هه‌ن ـ هه‌ر چه‌ند شه‌ڕی نێوان دوو یان چه‌ند وڵات له دژی یه‌کتر نیه و زیاتر شه‌ڕی نێوخۆیین ـ به‌ڵام به هۆی تێوه‌گلانی وڵاتانی دوور و نزیک له راستیدا لایه‌نی جیهانییان به‌خۆوه گرتوه. شه‌ڕی نێوخۆیی سووریه زیاتر له هه‌مووان ئه‌و لایه‌نه‌ی پێوه دیاره. سێ لایه‌نی دژ به یه‌ک له‌و شه‌ڕانه‌دا ـ ئه‌گه‌ر به روونی و به ئاشکراش را نهگهیهنرابێ ـ لانی که‌م هه‌ست پێ ده‌کرێ له به‌رامبه‌ر یه‌کتردان: ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی، رووسیه‌و هاوپه‌یمانانی و داعش و لایه‌نگرانی. هه‌ر کام له هێز و ده‌وڵه‌تانی ناوچه که‌م و زۆر، خۆیان به یه‌کێک له‌و سێ ره‌وته به تایبه‌تی رۆژئاوا‌و رووسیه به نزیک ده‌زانن یان له ریزی یه‌کێک لهمانهدان. کورد له‌و ئاڵۆزی و ململانێیه‌دا ده‌بێ چ بکا؟ چ هه‌ڵوێستێک بگرێته پێش؟ هه‌ڵوێستی کورد به‌رامبه‌ر به داعش و گرووپه جیهادییه‌کان روونه؛ له راستیدا ئەگەر ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و گرووپه تێرۆریستانه کورد نەبێ،لانیکه‌م بەشی هەرە زۆری قوربانیانی کردەوەکانی ئەو گروپانە له‌م ناوچه‌یه‌دا کوردن. هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆخۆی گه‌لێک پڕسیار ده‌خوڵقێنێ. بۆیه له‌م وتاره‌دا باسی دابه‌شبوونی وڵاتانی ناوچه به‌سه‌ر ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره (رۆژئاوا و رووسیه) که له ناوچه‌دا تا رادیه‌ک شکڵی مه‌زهه‌بیی (شیعه/ سوننی) به‌خۆه‌وه گرتوه و دۆخی ئاڵۆزی کورد ده‌کرێ.
کوردستان به هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نیه‌و له نێوان چوار وڵات‌دا به‌ش بووه، ره‌نگه نه هه‌موو دۆسته‌کانی له‌لایه‌ک بن و نه هه‌موو دوژمنه‌کانی له لایه‌ک. ئه‌م دابه‌شبوونه وای کردوه که وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ش به تایبه‌تی زلهێزه‌کان، یه‌ک سیاسه‌ت و یه‌ک هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر به هه‌موو کورد به گشتی نه‌بێ. له روانگه‌ی رۆژئاواوه کورد له عێڕاق دۆست و هاوپه‌یمانه، ئه‌وان بزووتنه‌وه‌ی کورد له تورکیه به تێرۆریست ده‌زانن، چونکه ده‌وڵه‌تی تورکیه هاوپه‌یمانیانه. ئه‌وان باس له کێشه‌ی کورد له ئێران ناکه‌ن، چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ره‌خنه له ئێران ده‌گرن، به‌ڵام وه‌ک رێژیمی پێشووی عێڕاق و رێژیمی ئێستای سووریه دوژمنی ئه‌وان نیه. کورد له سووریه به هۆی به‌ربه‌ره‌کانیی ئازایانه‌ی له به‌رامبه‌ر داعشدا له‌لایه‌ن رۆژئاواوه پشتیوانیی لێ ده‌کرێ، به هۆی ئه‌وه‌ش که له دژی رێژیمی ئه‌سه‌د چالاک نیه، له‌لایه‌ن رووسیه‌وه پشتیوانیی لێ ده‌کرێ. یه‌که‌م جاره دوو لایه‌نی ده‌ستڕۆیشتووی ره‌قیب هه‌ڵوێستێکی پۆزه‌تیڤیان له‌سه‌ر کورد هه‌بێ، هه‌رچه‌ند به ئامانجی جیاوزیشهوه بێ. دوای هه‌ڵوه‌شانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت، رووسیه یه‌که‌مجاره عامیلی کورد دێنێته نێو هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه‌وه. به گشتی بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسیی کورد تابیعێکه له باردۆخی ئاڵۆزی ناوچه. لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه؛ له‌و ململانێ و رهقابهتهی که ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر و وڵاتانی دیکه له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یانه، ئایا دروسته هێزه کوردییه‌کانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و ململانێیه بکه‌ون و له به‌رامبه‌ر یه‌کتردا هه‌ڵوێست بگرن؟ ئایا ده‌بێ هێزه سیاسییه‌کانی کورد له نێوان لایه‌نه دژبه‌یه‌که‌کانی ناوچه دا دابه‌ش بن؟ ئایا ستراتیژییه‌ک و قازانجێکی درێژخایه‌ن نیه که سه‌ره‌ڕای تاکتیک و بارودۆخی جیاواز ببێته گوتاری سیاسیی هاوبه‌ش بۆ نه‌ته‌وی کورد؟
ئه‌وه‌ی دێته به‌رچاو ململانێی دوو ته‌وه‌ره‌ی رووسیه و ئێران و هێزه شیعییه‌کانی ناوچه‌یه له لایه‌ک و ئه‌مریکاو تورکیه و عه‌ربستان واته سوننییه میانڕه‌وه‌کان له لایه‌کی دیکه‌وه، داعش و رادیکالیزمی ئیسلامی‌یش پێچهڵپووچییهکی زیاتری به‌و هاوکێشانه به‌خشیوه. هه‌رچه‌ند هه‌م ئه‌مریکا له ئه‌مریکای سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد به‌هێزتره و هه‌م رووسیه له یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد بچووکتر و لاوازتره، به‌ڵام رهقهبهرایهتیی ئه‌م دوو لایه توانیویه‌تی که‌شێکی تا راده‌یه‌ک وه‌ک سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌دا بسه‌پێنێ. ئاشکرایه که له‌و دابه‌شبوونه‌دا کوردیش دۆست و هاوپه‌یمانه‌کانی و بگره دوژمنه‌کانی دابه‌ش ده‌بن.
یه‌که‌م جار نیه کوردستان ده‌بێته شوێنی ململانێ و مه‌یدانی ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نه دژ به یه‌که‌کان. دابه‌شبوونی کورد به‌سه‌ر لایه‌نه دهرگیرهکاندا ده‌رسی زۆر تاڵی تێدان. به داخه‌وه زۆر جار کێشه یان خه‌مه هاوبه‌شه‌کانی کورد نه‌بوون به پلان و ستراتیژیی هاوبه‌شی هێزه کوردییه‌کان و زۆربه‌ی هێزه کوردییه‌کان روویان له‌و قازانجه کاتی و ناوچه‌ییانه بووه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به زیانی هێزێک یان پارچه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردستانیش ته‌واو بووبێ. ستراتیژی و قازانجی درێژخایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی فیدای تاکتیک و قازانجی کاتی و ناوچه‌یی بووه. به داخه‌وه له مێژووی هێزه کوردییه‌کاندا که‌م دیتراوه که هێزێک له پێناوی قازانجه گشتییه‌کانی کورددا واز له قازانجه کاتی و تایبه‌تییه‌کانی خۆی بێنێ. ئه‌وه گه‌وره‌ترین خاڵی لاوازی هێزه کوردییه‌کانه که ئه‌وه‌نده‌ی دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانه‌تییان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و لایه‌ن ده‌ره‌کییه‌کان به‌هێزه، ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ یه‌کتری به‌هێز نیه. زۆربه‌ی هێزه کوردییه‌کان له جیاتی ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ده‌ره‌کییه‌کاندا وه‌ک ده‌رفه‌ت سه‌یر بکه‌ن، وه‌ک ستراتیژی سه‌یر ده‌که‌ن. له جیاتی ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتر وه‌ک ستراتیژی سه‌یر بکه‌ن وه‌ک تاکتیک سه‌یر کردوه، بۆیه ده‌بینین دۆستایه‌تی و هاوپهمانهتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ده‌رکییه‌کان ده‌وام و قه‌وامی زیاتره له هاوپه‌یمانه‌تی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتر. له یه‌ک قسه‌دا په‌یمانی کاتی و تاکتیکی له نێو کورددا به‌هێزتره بووه له ستراتیژی و په‌یمانی نه‌ته‌وه‌یی.
هێندێک جاریش کورد له‌و کێشه و ململانێیه‌دا ئه‌زموونی زۆر سه‌رکه‌وتووی هه‌ن. نموونه‌ی سه‌رکه‌وتووی ئه‌م ئه‌زموونه هه‌ڵوێستی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رامبه‌ر به پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و ده‌وڵه‌تانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستان دایه، به تایبه‌تی له کاتی شه‌ڕ و ململانێکاندا. بۆ نموونه؛ پێوه‌ندی و دۆستایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سه‌دام حوسێن له عێڕاق هیچکات به زیانی کورد له عێڕاق نه‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌و قۆناغه‌دا دۆستایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی باشووری کوردستان گه‌یشته ئه‌و په‌ڕی خۆی. له‌وه‌ش سه‌رنجڕاکێشتر ئه‌وه‌بوو له ساڵی 1991دا که هێشتا رێژیمی سه‌دام له‌سه‌ر کار مابوو، بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌و ریژیمه بپسێنێ پشتیوانیی له راپه‌ڕینی باشووری کوردستان کرد و ته‌نانه‌ت پاشان خه‌باته چهکدارانهکهشی به قازانجی ئه‌و به‌شه راگرت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه له نێوان سی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی دیکه‌ی زاڵ به‌سه‌ر کوردستاندا ته‌نیا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق دۆست بوو، نه‌ک هه‌ر هیچ کرده‌وه‌یه‌کی به زیانی کوردی ئه‌و به‌شه نه‌کرد، به‌ڵکوو دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانه‌تیی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌و به‌شه (سه‌رده‌می کۆماری کوردستانی لێده‌رچێ) له هه‌ر کات نزیکتر و پته‌وتر بوو.
هه‌ر چه‌ند ئێران پێوه‌ندیی به بزووتنه‌وه‌ی کورد له باکووری کودستان هه‌یه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا بزووتنه‌وه‌ی کورد لە رۆژهەڵات ئه‌و هه‌له‌ی نه‌قۆستۆته‌وه که له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیه پێوه‌ندیی هه‌بێ. هۆیه‌که‌ی ئه‌وه بووه که بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان جگه له پێوه‌ندییه‌کی سالم باوه‌ڕی به هیچ جۆره پێوه‌ندییه‌کی دیکه نه‌بووه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیه ئاماده بێ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پێوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ی هه‌بێ ـ هه‌ر وه‌ک ئێران له‌گه‌ڵ کوردی تورکیه‌دا هه‌یه‌تی ـ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پێوه‌ندییه وه‌ک ده‌رفه‌تێک له دژی بزووتنه‌وه‌ی کورد له وڵاتی خۆی به‌کار بێنێ، هه‌ڵه‌یه که بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆ دانه‌مه‌زرێنێ.
بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد که دوژمنه‌کانی سه‌ره‌ڕای هه‌موو کێشه و ناکۆکییه‌کانیان له‌گه‌ڵ یه‌کتر، له سه‌رکوتی کورد و بزووتنه‌وه‌که‌یدا هاوکار و هاوهه‌ڵوێستن، جێی خۆیه‌تی به دوای دۆست و هاوپه‌یماندا بگه‌ڕێ. هێزه‌کوردییه‌کان نابێ حیساب بۆ تۆمه‌تی ده‌وڵه‌تانی زاڵ بکه‌ن که گۆیا بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌سکرد و پلانی نه‌یاره‌کانیانن و به‌سراوه به بێگانه‌ن. ئه‌و تۆمه‌تانه بۆ ئه‌وه‌ن که له بێده‌نگی و سانسۆردا بزووتنه‌وه‌که کپ بکه‌ن. ده‌وڵه‌تانی ناوچه که له کاتێکدا بۆ مانی خۆیان له به‌رامبه‌ر راپه‌ڕینی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆیاندا په‌نا بۆ هێزی ده‌ره‌کی ده‌به‌ن یان له کاتێکدا یارمه‌تی به گرووپه لایه‌نگره‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆیاندا ده‌ده‌ن، ناتوانن دیپڵۆماسیی کورد بخه‌نه ژێر پرسیار و تۆمه‌تی ناڕه‌وای لێ بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد له چوارچێوه‌ی ناوچه‌ییدا قه‌تیس نه‌مێنێته‌وه، پێویسته کورد به دوای دۆست و هاوپه‌یماندا بگه‌ڕێ و دیپڵۆماسییه‌کی کارای به نێوه‌ڕۆکێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌بێ.
دیپلۆماسیی کورد پێویسته پێڕه‌وه‌ی له هێندێک پره‌نسیپ بکا که گوتاری نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌هێز بکا و سوودی بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه کوردییه‌کان هه‌بێ. پێوه‌ندی و دۆستایه‌تیی هێزێکی کوردی له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی ده‌ره‌کی ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای قازانجی هاوبه‌شی ئه‌و دوو لایه‌نه بێ، به مه‌رجێک ئه‌و پێوه‌ندییه به زیانی هیچ کوردێک نه‌بێ. ئهگهرقازانجی ئه‌و پێوه‌ندییه به زیانی هێزێکی دیکه‌ی کورد بوو، پێویسته واز له قازانجه‌که بێنێ. ئه‌گه‌ر دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نی ده‌ره‌کی به زیانی لایه‌نێکی کوردی بوو، دۆستایه‌تییه‌که فیدای قازانجی لایه‌نه کوردییه‌که بکرێ. با له پێوه‌ندییه‌کاندا تاکه پێوانه ئه‌وه بێ که ئه‌و پێوه‌ندییه نابێ به زیانی هیچ کوردێک بێ.
هه‌روه‌ک گوترا کوردستان به‌هۆی دابه‌شبوونی به‌سه‌ر چوار وڵات‌دا نه هه‌موو دوژمنانی و نه هه‌موو دۆستانی له‌لایه‌ک نین، که‌وابوو نه هه‌موو قازانجه‌کان و نه هه‌موو زیانه‌کانیشی له یه‌ک لاوه‌ن. دیسان ئه پرسیاره دێته پێش که ئه‌دی کورد چۆن دیپڵۆماسی بکاو پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ره‌قیب و ته‌نانه‌ت دژبه‌یه‌که‌کان دابمه‌زرێنێ. هه‌ر هێزێک له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان مافی خۆیه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێک یان هێزێک به پێی قازانجی هاوبه‌شیان دۆستایه‌تی بکا، با ئه‌و ده‌وڵه‌ته یان ئه‌و هێزه دژی کوردی وڵاتی خۆشی بێ. ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌که ده‌وڵه‌تێک دژی کوردی وڵاته‌که‌یه‌تی، هێزه کوردییه‌کانی پارچه‌کانی دیکه دۆستایه‌تی نه‌که‌ن، ئه‌وه هیج هێزێکی کورد نابێ له‌گه‌ڵ هیچ ده‌وڵه‌تێک پێوه‌ندیی هه‌بێ. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌ویه که کورد له نێوان چوار ده‌وڵه‌تدا قه‌تیس ده‌مێنێته‌وه‌و هه‌موو ده‌رگاکانی له‌سه‌ر خۆی داخستوون. که‌وابوو له ره‌قابه‌ت و ململانێی ناوچه‌ییدا هه‌م ده‌وڵه‌تان پێویستیان به پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه کوردییه‌کان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆیاندا هه‌یه و هه‌م هێزه کوردییه‌کان قازانجیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ردا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ندییانه ده‌بێ پێڕه‌وی له هێندێک پره‌نسیپ بکه‌ن، ئه‌گینا کورد دیسان ناچاره هه‌ر له‌و بازنه دیپڵۆماسییهی پێشوودا بخولێته‌وه و هه‌ر ئه‌زموون و شکسته‌کانی پێشوو دووباره بکاته‌وه. ئه‌و پره‌نسیپانه له چه‌ند خاڵدا کورت ده‌کرێنه‌وه:
1 ـ پره‌نسیپی سود و زیان؛ هه‌ر هێزێک یان پارچه‌یه‌کی کوردستان ده‌توانێ به پێی قازانجه‌کانی خۆی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێک یان به‌ره‌یه‌ک دابمه‌زرێنێ، به مه‌رجێک ئه‌و پێوه‌ندییه به زیانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان یان هێزێکی دیکه‌ی کورد نه‌بێ. واته پێویسته سروشتی ئه‌و پێوه‌ندییانه بگۆڕێ که ده‌وڵه‌تان پێیان وایه ئه‌و کاته ده‌بێ ئاماده بن پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزێکی کوردی دابمه‌زرێنن که له دژی هێزێکی دیکه‌ی کوردی به‌کاری بێنن، پێویسته ئه‌و پێوه‌ندییه له‌سه‌ر بنه‌مای پێویستی و قازانجی هاوبه‌ش بێ، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر هێزێکی کوردی له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هێزێکی دیکه‌ی کورد ئیمتیازێک له ده‌وڵه‌تێک وه‌ربگرێ ده‌بێ ئه‌و ئیمتیازه‌ی له دژی هێزێکی دیکه‌ی کورددا سه‌رف بکا، که‌وا بوو له‌لایه‌ک هیچی له‌و ئیمتیازه بۆ نامێنێته‌وه که وه‌ری گرتوه و له لایه‌کی دیکه‌ش کێشه‌ی نێوماڵی کورد قووڵتر ده‌بێته‌وه. له‌م کاته‌دا ته‌نیا لایه‌نی سه‌رکه‌وتوو ده‌وڵه‌تی ئیمتیازدهره.
2 ـ پره‌نسیپی دۆستایه‌تی؛ له سیاسه‌ت دا قازانجه هاوبه‌شه‌کانی دوو یان چه‌ند لایه‌ن، ئه‌و لایه‌نانه ده‌کا به دۆست. له دڵداریدا “دڵ” مه‌رجی دۆستایه‌تییه، به‌ڵام له سیاسه‌تدا “قازانج”. ئه‌وه سه‌یر ده‌بێ که هێزێکی سیاسی له پێناو دۆستایه‌تیدا واز له قازانجی نه‌ته‌وه‌که‌ی بێنێ! هێزی وا هه‌بووه که له پێناو پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ردا حاشای له بزووتنه‌وه‌ی کوردی ئه‌و وڵاته و ته‌نانه‌ت “کورد” له‌و به‌شه کردوه. راز و نهێنیی بێ‌ماف مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کی 40 میلیۆنی دوای 3 سه‌ده تێکۆشان، هه‌ر له سه‌رده‌می میرنشینه کوردییه‌کانه‌وه تا ئێستا ئه‌وه بووه؛ میرنشینه کوردییه‌کان له جیاتی یه‌کگرتن و پاڵوێکدان، هه‌ر کامه‌یان له دژی ئه‌وی دیکه په‌نای بۆ ده‌وڵه‌تێکی ده‌وروبه‌ر، ته‌نانه‌ت دوژمن بردوه. ئێستاش به داخه‌وه ماهییه‌تی ئه‌وجۆره پێوه‌ندییانه به شێوه‌یی ئه‌مڕۆیی و مۆدێڕن وه‌ک خۆی پارێزراوه.
3 ـ سه‌ربه‌خۆیی له بڕیارداندا؛ ته‌قریبه‌ن هه‌موو هێزه کوردییه‌کان مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له به‌رنامه‌دا هه‌یه؛ هه‌ر یه‌که‌و له روانگه‌ی خۆیه‌وه. سه‌یر ئه‌وه ده‌بێ له کاتێکدا هێزێک بیه‌وێ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌ده‌ست بێنێ، به‌ڵام بۆخۆی بڕیاری خۆی به‌ده‌ست نه‌بێ! هێزێکی سه‌ربه‌خۆ نابێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بێ بزانێ دۆست و هاوپهیمانهکەی له‌سه‌ر مه‌سه‌له سیاسییه‌کان بۆچوونی چیه تاکوو بۆچوونه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و بگونجێنێ. ته‌نیا پێوانه بۆ هێزێکی سیاسیی کورد ـ به پێی لێکدانه‌وه‌ی خۆی ـ ده‌بێ قازانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بێ، با له‌گه‌ڵ قازانج و بۆچوونه‌کانی دۆست و هاوپه‌یمانه‌که‌شی ناته‌با بێ. به کورتی هێزێکی سیاسیی کورد له نێوان دۆستایه‌تی و قازانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یدا، ده‌بێ قازانجی نه‌ته‌وه‌که‌ی هه‌ڵبژێرێ.
4 ـ ده‌خاله‌ت نه‌کردن له کاری پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا؛ ده‌وڵه‌تانی زاڵ به‌سه‌ر کوردستاندا چ له رووی نه‌ته‌وه‌یی و چ له رووی ئایینییه‌وه یه‌کده‌ست نین. ته‌نانه‌ت له‌رووی فه‌رهه‌نگی و بارودۆخی ئابوورییشهوە جیاوازن. له‌وه‌ش زیاتر له ره‌قابه‌ت و ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌کتریش دان و ته‌نانه‌ت شه‌ڕیشیان له‌نێواندا بووه. که‌وابوو به‌پێی ئه‌مه بارۆدۆخی هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه جیاوازه و دۆست و دوژمنی هه‌رکامیشیان جیاوازه. هێزی کوردی که ئۆپۆزیسیۆنی ده‌وڵه‌تی وڵاتی خۆیه‌تی ده‌توانێ له‌گه‌ڵ نه‌یاری ئه‌و ده‌وڵه‌ته یان ره‌قیبی ئه‌و ده‌وڵه‌ته دۆست بێ،ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش بۆخۆی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی هه‌یه. ده‌ستێوه‌ردان له‌کاروباری کوردی سه‌ر به وڵاتی ده‌وڵه‌ته دۆسته‌که‌یدا به واتای لایه‌نگری له یه‌کێکیانه،لایه‌نگری له‌هه‌ر کامیان بێ، دۆستایه‌تی له‌گەڵ ئه‌وی دیکه‌یان جێی پرسیاره. زۆر ساویلکانه دێته به‌ر چاو که ده‌وڵه‌تێک ئاماده نه‌بێ کێشه‌ی کورد له‌گه‌ڵ کوردی وڵاتی خۆی چاره‌سه‌ر بکا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ کوردی وڵاتێکی دیکه بیکا! له باشترین حاڵه‌تدا کوردی پارچه‌یه‌کی دیکه ده‌توانێ رۆڵی بهڕیوانیی له نێوان ده‌وڵه‌ت و کوردی وڵاته‌که‌یدا هه‌بێ نه‌ک ئاڵهتهرناتیڤ.
5 ـ ستراتیژیی هاوبه‌ش له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا؛ کورد ئه‌گه‌ر له ناوچه‌دا به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتی جوگرافیایی و دابه‌شبوونی به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا قازانج و مه‌سڵه‌حه‌تێکی یه‌کده‌ستی نیه، له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا ده‌توانێ گوتارێکی یه‌کده‌ستی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێ و کێشه‌کانی کورد سه‌ره‌ڕای ئاڵۆزی و فره‌لایه‌نیان به یه‌که‌وه ببه‌ستێته‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی زاڵ به سه‌ر کوردستاندا له‌گه‌ڵ کوردی پارچه‌کانی دیکه دۆست بێ، خۆ دژی کوردی وڵاتی خۆیه‌تی، به‌ڵام بۆ بیروڕای گشتیی جیهان یان ناوه‌ندێکی نێونه‌ته‌وه‌یی مه‌سه‌له‌که به‌م جۆره نیه. ستراتیژییه‌کی هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد له‌به‌ر چاوی بیروڕای گشتیی جیهان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی به‌شێک یان ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا کورت بکرێته‌وه. دیپڵۆماسیی کورد پێویسته له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دابمه‌زرێ که جیهانیان بزانن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی کورد دابه‌ش کراوه، به‌ڵام کێشه‌کانیان یه‌که. کێشه‌ی کورد ته‌نیا کێشه‌ی وڵاتێک نیه، که چاره‌سه‌ر بێ و ته‌واو. چاره‌سه‌ر بوونی کێشه‌ی کورد له وڵاتێک‌دا ته‌نیا چاره‌سه‌ر بوونی کێشه‌ی ئه‌و وڵاته‌یه، نه‌ک کورد. ته‌نانه‌ت هه‌تا ئێستا کێشه‌ی کورد له عێڕاقیش چاره‌سه‌ر نه‌بووه. ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ریش بێ کێشه‌ی عێڕاق چاره‌سه‌ر بووه؛ کێشه‌ی کورد هه‌ر له‌جێی خۆیه‌تی. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له تورکیه‌ش چاره‌سه‌ر بێ، دیسان کێشه‌که هه‌ر ده‌مێنێ. که‌وابوو کێشه‌ی کورد به‌سراوه‌ته‌وه به یه‌کتر، هه‌ر چه‌ند بۆ هه‌ر کام له پارچه‌کانی کوردستان فۆرمۆڵێکی جیا هه‌یه، چونکه وه‌ک گوترا وڵاته‌کان له زۆر رووه‌وه جیاوازن، بگره هێزه کوردییه‌کانیش جیاوازن. ده‌گوترێ ئه‌مریکا دۆستی کورده؛ بۆیه وا ده‌گوترێ چونکه به خۆشییه‌وه سه‌ربازه‌کانی شانبه‌شانی پێشمه‌رگه له‌سه‌نگه‌ردان، له رووی ئابووری و دیپڵۆماسییه‌وه یارمه‌تییان ده‌دا، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی کورد له تورکیه به ناڕه‌وا به “تێرۆریست” ناو ده‌با. له روانگه‌ی ئه‌مریکاوه مه‌سه‌له‌ی کورد له ” باکووری عێڕاق”دا کورت ده‌بێته‌وه، خۆ نابێ کوردێک وه‌ک ئه‌مریکا فکر بکاته‌وه.
به کورتی؛ له رابرردوودا دیتمان که به‌شێک له هێزی کورد له به‌ره‌ی کۆمۆنیزمدا به فێڕۆ چوو به هیوای ئه‌وه‌که رۆژێک یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت خێڕێکی بۆ کورد ده‌بێ. ئێستا به‌شێک له هێزی کورد ئه‌و قیبله‌یه‌ی له ده‌وڵه‌ت و گرووپه توندڕه‌وه مه‌زهه‌بییه‌کاندا دۆزیوه‌ته‌وه. رێگاکانی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد له هه‌ر وڵاتێک‌دا جیاوازه،له رووی مه‌زهه‌بی و ئیدئۆلۆژییشهوه کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی فره چه‌شنه، به‌ڵام له رووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه، هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته ته‌نیا به پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بچێته نێو هاوکێشه سیاسییه‌کانه‌وه. ره‌نگه هه‌ر به‌شه و هه‌ر گرووپه‌ی قازانجی جیا له‌به‌شه‌کانی دیکه‌ی هه‌بێ، به‌ڵام له‌و ئاڵۆزی و کێشه ناوچه‌ییانه‌دا هیچ هێزێکی کوردی نابێ به قازانجی خۆی هه‌ڵوێستێک بگرێته به‌ر که به زیانی نه‌ته‌وه‌که‌ی له جێیه‌کی دیکه و له پارچه‌یه‌کی دیکه ته‌واو بێ. با قازانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئامانجی ستراتیژی و قازانجه ناوچه‌یی و گرووپییه‌کان تاکتیکی بن.
لە ژماره ٦٦٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه