لەم دواییانەدا، بە دیاریکراوی سەپاندنی حوکمی دە ساڵ زیندان بە سەر “زارا محەممەدی”، مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی کوردی و بە دوای ئەویشدا بڵاوکردنەوەی وتووێژێک بە زمانی فارسی لە سەر زمانی کوردی لە هەواڵدەریی مێهر، دیسان پرسی زمانی کوردی و مافی خوێندن بە زمانی زگماک لە کۆمەڵگەی فرە نەتەوەی ئێران و بە تایبەت کۆمەڵگەی کوردستان، بەڕۆژ کردەوە.
زمانی کوردی بە سەر چوار زاراوەی سەرەکییدا دابەش بووە و ئەم چوار بەشەش پتر لە سێسەد ژێرکۆ و بنزاراوەیان لێ دەبێتەوە، کە لەم ڕووەوە زمانی کوردی یەکێک لە دەوڵەمەندترین زمانەکانی هێند و ئورووپایی بە ئەژمار دێ. سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییە و ژماری زۆری ئاخێڤەرانی ئەم زمانە بەڵام ئێستاش لەگەڵ کێشە و کەند و کۆسپی زۆر بەرەو ڕووە. بەشێکی بەرچاوی ئەم کێشانەی بەر دەمی زمانی کوردی ڕیشەی مێژووییان هەیە و زمانی کوردی بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کەوتوەتە ژێر کاریگەریی زمانی عەرەبی -کە ئایین ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە. لەم پێوەندییەدا، هەرچەند ناسیۆنالیزمی دەمارگرژانەی عەرەبی بە تایبەتی لە سەدەی بیستدا یەکێکی دیکە لە هۆکارە گرینگەکان بووە-، زمانی فارسی و تورکییش -کە ئەمان زیاتر بە هۆی بیری تەسکی فاشیستی و سیاسەتی ئاسیمیلە بووە-؛ بەڵام سەرەڕای ئەم کێشانە زمانی کوردی بە هۆی جوغرافیای کوردستان و جۆراوجۆریی زاراوە و بنزاراوەکانی و هەروەها هەوڵی پەرچەکردارانەی خەڵکی کورد توانیویەتی پێش بە لە نێو چوونی خۆی بگرێ.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێ باس لە کێشەکانی بەر دەم زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ، کە بە هۆی دراوسێیەتیی لەمێژینەی دوو نەتەوەی کورد و فارس و هەروەها خوشکایەتیی ڕەگەزیی ئەم دوو زمانە ئاستی کارتێکەری و کاریگەریی دوو لایەنەیان لەسەر یەکتر بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان زۆرترە. جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوەش بکرێ کە بە هۆی باڵادەست بوونی نەتەوەی فارس و دەسەڵاتداریی سەدان ساڵەی ئەم نەتەوەیە بە سەر کورددا، ئەم تێڕوانینە ناڕاستە هەیە کە پێیان وایە هاوبەشیی ئەم زمانانە لە سۆنگەی ڕەخنە کردنی زمانی فارسی و کاریگەری وەرگرتنی زمانی کوردییەوەیە؛ کە بە دڵنیاییەوە وا نییە و ئەم کارتێکەرییانە دوو لایەنەن و پێویستە پسپۆڕانی زمان زیاتر لەم بارەوە کار بکەن.
نەتەوەی کورد بە شێوەی گشتی و لە هەر چوار بەشەکەیدا لە پرۆسەی دەوڵەت-نەتەوە بەجێ و بێبەش ما، نەبوونی دەسەڵاتێکی خۆجێیی و سەربەخۆ بە واتای ئەمڕۆییەکەی کاریگەریی نەرێنیی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریی زۆری لەسەر کورد دانا کە بەشێکی هەرە زۆری ئەوانە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. یەکێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکان لە بواری کولتوورییدا بوو کە بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتێک کە باس کرا، لە ڕووی زمانییەوە گەلی کوردی بە زمانی ناوەندەوە دەبەستەوە و بە کار نەهێنانی زمانی کوردی لە کاروباری ئیداری و فەرمییدا ئەم زمانەی پتر پەراوێز خست و لە دەقی دوور خستەوە؛ ئەم پەراوێزکەوتنەش ڕێگەی بە هاتنی زمان و وشەگەلی بێگانە دا.
ئەمانەی کە بە کورتی لە سەرەوە باس کران، بەشێک لە مەترسییە دەرەکییەکانی سەر زمانی کوردی بوون، لێرەدا ئاوڕێکیش لە مەترسییە نێوخۆییەکان دەدەینەوە؛ پێویستە ئاماژە بە دوو ڕوانگەی لێك جیاوازی نێوخۆیی لە مەڕ زمانی کوردییەوە بکرێ. ڕوانگەیەک لە سەر ئەم بڕوایەیە کە زمانی کوردی دەبێ ستانداردێکی دیاریکراو و گشتگیری هەبێ و بەشی فەرمی و بە تایبەت میدیایی ئەم زمانە بەو زاراوە ستانداردە -کە جارێ هیچ لایەک لە سەری ساغ نەبوونەتەوە- بئاخڤێن. بنەمای ڕوانگەی ئەم کەسانە زۆرتر لەسەر لایەنە سیاسییەکانی زمانە و پێیان وایە زمان و زاراوەی یەکدەست دەبێتە هۆی پێکهاتنی نەتەوەیەکی یەکدەست و لەم ڕێگەیەوە دەکرێ نەتەوەسازی بکرێ. ڕوانگەی دەستەی بەرامبەر ڕێک بە پێچەوانەیە و دژایەتی لەگەڵ ئەم بۆچوونە دەکەن، لایەنگرانی ئەم ڕوانگەیە پتر جەخت لەسەر لایەنە زانستییەکانی زمان دەکەنەوە و باوەڕیان وایە یەکدەست کردنی زمان بە واتای وردە وردە لە نێو بردنی زاراوەکانی دیکەیە و ئەمەش زەبری کاریگەر لە دەوڵەمەندیی زمان دەدا و، زیاتر دەست بە داوێنی زمانی بێگانەیان دەکا؛ چونکە لە سەرچاوە پەنگخواردووەکەی نێو زمانی خۆیان غافڵیان دەکا. بە کورتی دەکرێ بڵێین دەستەی یەکەم وەک هەڕەشەیەک -بە تایبەت لە هاوکێشە سیاسییەکاندا- سەیری ئەم جۆراوجۆرییەی زمانی کوردی دەکەن و، ئەوانی دییش وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزتر بوونی زمانەکەیان.
بەدەر لەوەی کە کام یەک لەم ڕوانگانە ڕاستن و کام یەک هەڵە، بەڵام ئەم جیاوازیی بۆچوونە لە لایەن دوژمنانی گەلی کورد و لایەنی دەسەڵاتداری ناوەندگەراوە وەک مەجالێک قۆستراوەتەوە. ئەوان بەڕوونی لەم کەلێنە کەلکیان وەرگرتوە و لەم ڕێگەیەوە ڕەخنەیان کردوەتە نێو زمانی کوردییەوە. جیاکردنەوەی زاراوەی لەکی لە زمانی کوردی و ناساندنی وەک زمانێکی سەربەخۆ بە ٣٠ هەزار وشەوە و، بینینی خەونێکی دیکەی لەم چەشنە بۆ زاراوەی هەورامی و ناوهێنانی وەک زمانێکی سەربەخۆ بەشێک لەم شەڕە نەرمەیە کە بەدژی زمانی کوردی لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەڕێوە دەچێ. ئێمە کە بەشێک لە خەباتەکەمان لە تەنیشت خاکدا بۆ زمانەکەمان بووە، دەبێ باشتر لە هەر کەسێک ئەوە بزانین کە پەراوێز خستن و وردە وردە لە بیر چوونەوەی زاراوە و زمانێک بە واتای لە نێو بردنی بەشێک لە فەرهەنگ و کولتوور و مێژوو و چیرۆکی بە کار هێنەرانیەتی. جا بۆیە پێویستە لەم بارەیەوە بە وشیاری و دەروەستییەکی نەتەوەییەوە هەنگاو بنێین و کەمترین خەسارەکانیش نەهێڵین ڕوومان تێ بکا. دەکرێ بە تێفکرینێکی بنەڕەتی، بە سەنتێزێکی باش بگەین.
لێرەدا دەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان بکرێ وەک چۆن لە ڕابردوودا و ئێستاش لەسەر بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و تەنانەت دانانی قوتابخانە لە سەردەمی کۆمار و … کاریان کردوە و خزمەتی زمانی کوردییان کردوە؛ ئێستاش دەبێ پێش لە هەموو شتێک هاوسەنگییەک لە نێوان ئەم دوو ڕوانگە سەرەکییەی کە ئاماژەی پێ کرا پێک بێنن. بۆوەی هیچ کام لە بۆچوونەکان و هیچ زاراوەیەک فیدای بۆچوونەکەی دیکە و زاراوەیەکی تر نەکرێ.
کاتێک باس لە زمانی کوردی دەکەین نابێ لە دەوری کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی ئەم زمانە غافڵ بین. ئەوەی کە کەسانێک پێیان وایە پەرەدان بە زمانی کوردی و دانانی فێرگە و کلاسەکانی تەنیا دەبێ ئەرکی کەسانی زمانزان و پسپۆڕی خاوەن بڕوانامە بێ و تەنیا ئەوان مافی چالاکیی لەم بوارەیاندا هەیە، وەدوا خستنی پرۆسەی گەشەی زمانی کوردییە. ئێمە لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە منداڵ و کوڕ و کاڵی ئەم نیشتمانە و ئەوانەی وا میراتگری داهاتووی ئەم زمانەن فێری نووسین و خوێندنی زمانی دایکیان بن و ڕێژەی بە کار هێنەرانی زمانی کوردی بەرینە سەرەوە. ئەم ئەرکەش لە نەبوونی شوێنی فەرمی و قوتابخانەکان دەکەوێتە سەر شانی ئەنجومەن و ڕێکخراوە خەڵکییەکان و کەسانی دڵسۆز. بە خۆشییەوە سەرەڕای زەبر و زەنگ و سەرکوت و ڕێگە پێنەدان لە لایەن حکوومەتەوە، ئەم ئەرکە بە پیرۆزانەترین شێوە بەڕێوە دەچێ و ئێمە ڕۆژانە شاهیدی دامەزرانی یەک لە دوای یەکی ئەم ناوەندانەین. کاتێک کە زمانی کوردی گەیشتە ئەو ئاستەی کە لە بواری چاپەمەنی و بڵاڤۆک و کتێبدا کەوتە کێبەرکێ لەگەڵ زمانی زاڵ بەسەر وڵاتدا، واتە گەیشتە ئەو ئاستە لە گشتگیری، ئەم جار ڕێگە بۆ کەسانی پسپۆڕ و شارەزای زمانیش دەکرێتەوە کە بێن و ڕێک و پێکییەک و سازمانێک بەم چالاکییانە بدەن.
ئێمە پێویستە لە بازنەی گلەیی کردن لە حکوومەتی ناوەندی بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی، خۆمان درباز بکەین و بەو باوەڕە بگەین کە ئەوان لە هەمبەر زمانی ئێمەدا ئەرکی خۆیان بەجێ دێنن؛ ئەی ئێمە چۆن دەبێ ئەرکی خۆمان بەجێ بێنین و ئەرکەکانمان چیین؟ وڵامی ئەم پرسیارە سادە دیارە و دەبێ هەر تاکێکی کورد لە ئاست خۆی پارێزەری زمانەکەی بێ. پاراستن و بەهێز و دەوڵەمەندتر کردنی ئەم زمانە ئەرکێکی نەتەوەییە لە پاوانی چینێکی تایبەتدا نییە؛ هەموومان لە بەرامبەریدا ئەرکدارین.