مانگی گەلاوێژی هەموو ساڵێک بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، دوو بۆنەی پێوەندیدار بە چارەنووسی نەتەوایەتی لە خۆ دەگرێ.
لە لایەک شادیی ٢٥ـی گەلاوێژی ١٣٢٤و لە لایەکی تر فەرمانی جیهادی خومەینی دژی کورد و کوردستان لە ٢٨_ی گەلاوێژی ١٣٥٨ـدایە.
گەلاوێژی هەموو ساڵێک بە بۆنەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵگەی کوردستان پێکەوە بە شکۆ و ڕێزەوە یادی ئەم ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕا دەگرن. ئەو حیزبەی کە ئاڵا هەڵگرانی بە گیان و ئەندێشەیان خەبات دەکەن بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و بەدیهێنانی سەروەریی سیاسی و یاسایی بۆ گەلی کورد لە ئێراندا.
لە لایەکی تر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران کە کەش و هەوایەکی سیاسیی ئازاد بۆ مومارەسەی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران ڕەخسا و گەلی کوردیش وەک هەموو نەتەوەکانی تر بە مانیڤێستێکی نەتەوەیی و کوردستانییانە کە لە سەرەتای دامەزرانیەوە دژی ڕێژیمی پاشایەتی تا کاتی ڕووخانی خەبات و تێکۆشانی فرە ڕەهەندی بۆ کردبوو، دوای هاتنە سەر کاری ڕێژیمی تازەش بە ستراتێژییەکی کورد و کوردستان مێحوەرانە لە چوارچێوەی ئێراندا، ویستی لەم دۆخە ئازاد و دێموکراتیکەدا داواکارییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی خودموختاری بۆ کوردستان، سەروەریی یاسایی و سیاسی لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا مسۆگەر بکات.
لەگەڵ وردە وردە سەقامگیر بوونی دەسەڵاتی نوێ لە تاران و زۆربەی ناوچەکانی ئێران، هاوکات دەرکەوتنی ویست و ئامانجی گەلی کورد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سیاسیی خاوەن مێژوو و بە پرەنسیپ وتەبێژ و جێبەجێکەری بوو، لە چوارچێوەی ئێڕاندا داوای دێموکراسی بۆ ئێڕان و خودموختاریی بۆ کوردستان دەکرد، کە لە لایەن خومەینییەوە لە ۲۸ـی گەلاوێژی ۱۳٥۸ـدا، کورد بە “محارب” و کوردستانیش بە “دارالکفر” ناسێندرا و فتوای جیهاد دەرکرا. لە ئەنجامی ئەم فتوایەدا کوردستان کەوتە بەر دڕندانەترین هێرش و شار و گوندی ئەم ناوچەیە لە زەرەر و زیانی ئەم هێرشە بێبەش نەمایەوە و، بە شێکی بەرچاو لە ژن و منداڵ و پیر و لاوی کورد کوژران و بریندار بوون.
ئێستا کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی چوار دەیە پڕ لە دزی، گەندەڵی، کوشتن و بڕین و پاوانخوازیی خۆی تێپەڕ دەکا، کوردستان هەر وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیی لە لایەن حکوومەتەوە سیاسەتی بەرامبەر دەکرێ، سەرچاوە سەرزەوی و ژێرزەوییەکانی بە تاڵان دەبردرێ، بە پلانەوە کوردستان بێکار دەکرێ و بە پیلانەوە نائەمن دەکرێ تاکوو زیاتر میلیتاریزە بکەن، زمان و کولتوور دەشێوێنن و شوناسەکەی ئاسیمیلە دەکەن، لە ڕێگای دامودەزگای پەروەردەوە هزری خۆیان پەرە پێدەدەن، بە شێوەی سەختئامێر و نەرمئامێر هەمان ئەقڵییەتی داعش لەسەر کوردستان جێبەجێ دەکرێ.
بە ئاوڕدانەوەیەک لەو سەردەم و ئەو بڕیارە نگریسەی خومەینی، چەند پاڕادایمی بەرچاو لە پشت ئەو هەڵوێستە خۆی دەر دەخا، لەبەر ئەوەیکە دێموکراسی، پلۆرالیزم و سێکۆلاریزمێک کە حیزبی دێموکرات ئاڵا هەڵگری بوو، لە دژایەتیی تەواو لەگەڵ بنەما هزرییەکانی کۆماری ئیسلامی و شەخسی خومەینییدا بوو.
دێموکراسی:
کە لە باوترین پێناسەی خۆیدا بریتییە لە سپاردنی چارەنووسی خەڵک بە خۆیان -کە ئەمەیان دێموکراسیی ڕاستەوخۆیە- یا بە نوێنەرەکانیان کە بە شێوەیەکی ئازاد و لە کەشێکی دێموکراتدا هەڵیانبژادوون -دەبێتە دێموکراسیی نوێنەرایەتی- و بەپێی واقعی دروستی کۆمەڵگەی ئێران هیچ کام لە نەتەوەکان ناتوانن سەرووی ٥٠٪ی حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێک بێنن. کەواتە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگی خەڵک بۆ نەتەوەیەکی تایبەت مسۆگەر نابێ، بەڵکوو لەم حاڵەتەدا پێویستی بە تەوافوق و سازان دەبێ. هەڕچەند ئەم ڕێککەوتنەش نابێ مافی کەمینەکان لە بەرچاو نەگرێ، ئەگەر وا بێ دەبێتە ڕوویەکی تری دیکتاتۆری لەژێر ڕوخساری دێموکراسییدا.
بەم ڕاڤەیە لە دێموکراسی کە حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیی خۆیان پێداگرییان لەسەر دەکرد، لە دژایەتی لایەنی بەرامبەردا بوو کە بە بیرێکی دواکەوتووانە دەیانویست کۆمەڵگە ئیدارە بکەن.
پلۆرالیزم:
حیزبی دێموکرات بە پێی خوێندنەوەیەکی دروست کە لە ڕووی نەتەوەیی، ئایینی و کولتوورییەوە بۆ کۆمەڵگەی ئێران لە قاڵبی پلۆرالییدا هەیبوو، بڕوای قووڵی بە تولێرانسێکی سەردەمییانە لە نێوان هەموو دانیشتووانی جوغرافیای ئێران بە مەرجی پێکهێنان و پاراستنی فەزایەکی دێموراتیک بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەک بوو کە لەوێدا کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێ و بە ڕۆحێکی پڕ لە ئاشتی بتوانن پێکەوە بژین. بەڵام دوای سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان و کردنەوەی بەرەیەکی شەڕی ناوچەیی لەگەڵ عێراق، لە بواری نێوخۆیی لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەستی کرد بە تەسفیەی نەیارانی خۆی و، لە بوارێکی دیکەشدا ئاسیمیلەی زمان و کولتووری کورد، عەرەب، تورک و بەلووچی لە پرۆسەیەکی بەرفراوانی میدیایی، پەروەردە و ئیدارییدا گرتە بەر. هەرچەند گەلی کورد بە شانازییەوە دەتوانێ ئیددعا بکا کە بە هۆی زیندووبوونی کۆمەڵگەی کوردستان بەربەرەکانیی ئەم سیاسەتەی کردوە، بەڵام هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی زەبری قورسیان لە ڕۆحی پێکەوەبوون و ئاشتیی نێوان نەتەوەکان و پلۆرالیزم لە ئێران داوە.
سێــکۆلاریزم:
لە کۆمەڵگەی ئێران بە حوکمی فرە ئیتنیک بوون و یەکدەست نەبوونی لە بواری ئایینییەوە و هاوکات بۆ پاراستنی ئازادی و پێکەوە بوونێکی ئاشتییانە لە نێو هەموو ئەم مەزهەبە جیاوازانەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەساسی فەڕز نەکردنی هیچ دینێک بە سەر دینێکی تردا بڕوایەکی قووڵی بە سێکۆلاریزم وەک بایەخ هەیە. ئایین لە چوارچێوەی کۆمەڵگە پێناسە دەکا و وەک بەها و مۆراڵی تاکەکانی کۆمەڵ بە دابینکردنی کەشێکی ئازادانە و سالم دەیپارێزێ. چون بڕوای وایە کە بەستێنی سیاسەت و دین دوو ئاستی جیاوازیان هەیە و بە حوکمی فرەیی ناکرێ هیچ مەزهەبێک بە سەر مەزهەبێکی تردا بسەپێ و دیکتاتۆرییەکی دینی بسەپێنرێ، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و شەخسی خومەینی بە پاساوی پاراستنی دین وەک ئامرازێکی سیاسی؛ سێکۆلاریزمیان بە بێدینی و بێئەخلاقیی کۆمەڵگە پێناسە کرد و، لەم ڕێیەوە نەیارانی خۆیان پێ سەرکوت کرد.
دەرەنجام:
ئێستا پاش چوار دەیە کە تێکۆشانی کورد بۆ بەدیهێنانی مافی نەتەوایەتی، دێموکراسی و ئازادی بێوچان لە مەیداندایە و لە لایەکی تر کۆماری ئیسلامی بوون و مانەوەی خۆی لەژێر سیاسەتی برسیکردن و ترس و تۆقاندن ڕا گرتوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەوەی ئێستا بۆتە ویست و ئامانجی گەلانی ئێران، هەمان بەدیهێنانی دێموکراسی، پلۆرالیزم و سێکۆڵاریزمە، کە چوار دەیە لەمەو پێش گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاڵا هەڵگری بوو.