به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی هاوڕێی سه‌ركرده كاك جه‌لیلی گادانی، له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی گادانی، له حیزبی دێموكڕاتی كوردستان، له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموكڕات، له هه‌موو دۆست و ئاشنایانی هاوڕێی تێكۆشه‌رمان كاك جه‌لیل و له هه‌موو گه‌لی كورد به تێكڕایی سه‌ره‌خۆشی ده‌كه‌م. هیوادارم به هاتنه دی ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه‌ی كه كاك جه‌لیلی ماندوویینه‌ناس، له ماوه‌ی زیاتر له حه‌فتا ساڵدا به هه‌ر ڕێگایه‌كی مومكیندا هه‌وڵی بۆ ده‌دا، ڕوحی گه‌وره‌ی كاك جه‌لیل و هه‌مو تێكۆشه‌رانی كۆچكردووی ئه‌و ڕێگایه شاد بێ.
قسه‌كردن له‌سه‌ر ڕابردووی كه‌سێك كه ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی به شێوه‌یه‌كی سادقانه و ڕاستگۆیانه خستبێته سه‌ر ته‌به‌قی ئیخلاس بۆ خزمه‌تكردن به دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌ی كارێكی ئاسان نییه. له‌وه‌ش گرنگتر باسكردن له ڕابردووی كه‌سێك كه له هه‌مو كه‌لێن و قوژبنێكی نیشتمانه‌كه‌یدا جێپه‌نجه‌ی دیار بێ و له لایه‌ن كۆمه‌ڵانی میلیۆنیی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یه‌وه ناسرابێ، دیسان ئه‌ركێكی قورس‌تر ده‌خاته سه‌رشانی مرۆڤ. به‌و حاڵه‌شه‌وه كاك جه‌لیلی نه‌مر ئه‌وه‌نده تایبه‌تمه‌ندیی باش و جێگای په‌سندی هه‌بون و ژیانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند به تایبه‌تمه‌ندیی جێگای شانازییه‌وه بوو، كه هه‌ركه‌س ده‌توانێ له و ده‌ریا بێبڕانه‌وه‌یه هێندێك به‌هره هه‌ڵێنجێ و به‌پێی توانای خۆی چیرۆكێكی شۆڕشگێڕییان لێ ساز بكا كه به‌سه‌ر بڵیندیهوه بۆ ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاریی نهتهوهكەی بخوێنێته‌وه.
ئەمنیش یه‌كێك له‌و كه‌سانه بووم كه شانازی ئه‌وه‌م هه‌بووه له ته‌مه‌نی لاویمه‌وه، واته له دوای گۆنگره‌ی سێی حیزبه‌كه‌مانه‌وه، گوێم به ناوی ئه‌و پیاوه مه‌زنه‌ی گه‌له‌كه‌مان ئاشنا بێ و له دوای كۆنگره‌ی چواری حیزبه‌كه‌مانه‌وه له ڕێبه‌ریی حیزب‌دا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ شانبه‌شانی ئه‌و تێكۆشه‌ره ماندوویینهناسه خه‌بات بكه‌م. له بۆچوونه به‌نرخه‌كانی به‌هره‌مه‌ند بم و به هه‌ڵسوكه‌وته شۆڕشگێڕانهكهی وره بۆ خه‌بات كۆ كه‌مه‌وه و له ئامۆژگارییه به‌نرخه‌كانی كه‌ڵك وه‌ربگرم. زێده‌ڕۆییم نه‌كردوه ئه‌گه‌ر بڵێم كاك جه‌لیل جوانترین وێنای ڕێبه‌رێكی به‌ئه‌خلاقی سیاسی، ده‌ست و داوێن پاك، بێخەش، دڵسۆز، ماندوویینه‌ناس و ئیدامهكار بوو. له باری بۆچونه‌وه خاوه‌ن ئیراده و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی هەبوو. له باری ئیمانه‌وه نائومێدی نه‌ده‌ناسی و له دژوارترین هه‌لومه‌رجه‌كاندا هه‌ر به گوڕ و تینی سه‌رده‌می سه‌ركه‌وتن درێژه‌ی به خه‌بات ده‌دا.
گه‌وره‌ترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كاك جه‌لیل ئه‌وه بوو كه له هیچ هه‌لومه‌رجێكدا له خه‌بات شل نه‌ده‌بۆوه. هه‌ربۆیه توانیویه‌تی مێژوویه‌كی خه‌بات و تێكۆشان دروست بكا كه له قۆناغی جۆراوجۆری ژیانیدا و له تێشكان و هه‌ستانه‌وه‌دا جێ په‌نجه‌ی دیار بێ. شۆڕشگێڕی ماندوویینه‌ناس كاك جه‌لیلی گادانی ده‌توانین بڵێین هه‌ر له‌سه‌ر میزی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه كه به‌شێكی كه‌وتووه‌ته ده‌ورانی زێڕینی خه‌باتی حیزبی دێموكڕات و دامه‌زرانی كۆماری كوردستان، ده‌سته‌چیله‌ی خۆی بخاته سه‌ر ئاگری شۆڕشی ڕزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. به‌ڕێزیان له‌و كاته‌دا به به‌شداریكردن له گوتنه‌وه‌ی سروده نیشتمانییه‌كان ده‌ست پێده‌كا و دواتر ڕووخانی كۆماری كوردستانیش له خه‌بات ساردی ناكاته‌وه و له یه‌كیه‌تیی لاوان‌دا چالاكانه به‌شداری ده‌كا. له قۆناغی دواتر ده‌بێته یه‌كێك له هه‌ڵسوڕاوترین كادره‌كانی حیزب و له شار و گونده‌كانی كوردستاندا به ناوی جۆراوجۆر و به‌نه‌هێنی و به‌ئاشكرایی، خەریکی بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری كوردایه‌تی و ڕێكخستنی ته‌شكیلاتی حیزبی ده‌بێ.
به‌دوای تێكۆشانی بێوچاندا بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌ته‌كانی ڕێژیمی پاشایه‌تی ده‌ناسرێ و ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی دڕندانه و ئه‌شكه‌نجه و ئازار و له كۆتاییدا زیاتر له سێزده ساڵ له سیاچاڵه‌كانی ڕێژیمی پاشایه‌تیدا بەند دەکرێ. به‌ڵام ئه‌و مه‌زنه سه‌رێكی سه‌وداسه‌ری هه‌یه و ئه‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجانه نەته‌نیا كۆڵی پێ ناده‌ن، بگره چالاكتری ده‌كه‌ن و نه‌ته‌نیا شكستی پێ ناده‌ن به‌ڵكوو سه‌ركه‌وتووانه و دوژمنبهزێنانه له زیندان دێته ده‌ر. هه‌م مهدڕهكی لیسانس له زمانی فه‌ڕانسه له‌گه‌ڵ خۆی له زیندان دێنێته ده‌ر و هه‌م كۆڵهبارێك تاقیكردنه‌وه‌ی خۆڕاگری و دیسان به‌بێ ترس ده‌ست ده‌كاته‌وه به خه‌بات.
دوای ئه‌و هه‌مو زیندانی و ئه‌شكه‌نجه دانه‌یه كه من وه‌ك نوێپێیەک له مه‌یدانی خه‌باتی حیزبی دێموكرات‌دا له دوای كۆنگره‌ی سێوه گوێم لێ ده‌بێ كه كاك جه‌لیلی گادانی له‌نێو جه‌رگه‌ی دوژمن‌دا له تاران به‌نه‌هێنی كراوه‌ته ڕاوێژكاری كومیته‌ی ناوه‌ندی. دیسان سه‌وداسه‌ری ئازادییه و له ته‌شكیلاتی نهێنیدا به‌بێ گوێدانه خه‌ته‌ری گیرانه‌وه و ئه‌شكه‌نجه درانه‌وه، ده‌ستی به تێكۆشان كردووه‌ته‌وه.
خه‌باتی كاك جه‌لیل بێبڕانه‌وه‌یه و له گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كۆمه‌لانی خه‌ڵك له‌دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیدا كاك جه‌لیل خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه مەهاباد و ده‌بێته‌وه پێشه‌نگ. له ڕێوڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی كاك “عه‌زیز یوسفی”، تێكۆشه‌ر و سه‌ركرده‌ی چاونه‌ترسی حیزبی دێموكرات و قاره‌مانی زیندانیی درێژخایه‌ن له سیاچاڵه‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تیدا، كاك جه‌لیل ڕۆڵی هه‌ڵسوڕێنه‌ری گێڕا و بێ‌ترس مه‌یدانی له دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان گرت و ده‌نگی دلێرانه‌ی له‌نێو ئاپۆرای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ده‌نگی دایه‌وه.
پاش ڕووخانی حكومه‌تی حه‌مه ڕه‌زاشا و دوای ئه‌وه‌ی حیزبی دێموكراتی كوردستان ده‌ستی به خه‌باتی ئاشكرا كرده‌وه، كاك جه‌لیل ده‌ستی له كار و ژیانی تایبه‌تی هه‌ڵگرت و تا دوایین هه‌ناسه‌ی ژیانی مه‌یدانی خه‌باتی چۆڵ نه‌كرد. له ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتكارانی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا وه‌ك ڕێبه‌رێك ڕۆڵی گێڕا و بوو به وێنه‌یه‌كی جوان له سه‌ركردایه‌تی كردن. وه‌ك ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و سكرتێری به‌شێك له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموكڕات (واته حیزبی دێموكڕاتی كوردستان_ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ) به سه‌داقه‌ت و پاكی و به شێوه‌یه‌كی ماندوویی نه‌ناسانه كاری كرد و بێپشودان خه‌باتی كرد.
كاك جه‌لیل به هه‌موو باوه‌ڕیه‌وه كه‌سێكی یه‌كسانیخواز بوو. ئه‌و باوه‌ڕی قوڵی به پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ هه‌بوو. به ژن و پیاوه‌وه و به چین و توێژه جۆربهجۆرهكانیهوه. ڕاسته وه‌ك هه‌مو دێموكڕاتێكی ڕاسته‌قینه به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌تایبه‌تی و له هه‌مو كوردستان به‌گشتی تێده‌كۆشا، به‌ڵام له قۆناغی دوای ئازادی گه‌لی كوردیشدا ده‌یه‌ویست حیزبی دێموكرات به‌رنامه‌ی پێشكه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌بێ تا هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگە مافی وه‌ك یه‌ك و ده‌رفه‌تی وه‌ك یه‌كیان هه‌بێ. له‌و كۆنگرانه‌دا كه من تێیدا به‌شدار بووم و كاك جه‌لیلیش تێیدا به‌شدار بووه، دیومه كه له باسی به‌رنامه‌ی دواڕۆژدا هه‌مو جارێ كاك جه‌لیل به‌رگریی له دروشمه سۆسیالیستییه‌كان كردوه و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتوهتهوه كه حیزبی دێموكرات پێویسته له ئامانجی دواڕۆژی خۆیدا عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بگونجێنێ و كاری بۆ بكا. له باری مێژووییشه‌وه كاك جه‌لیل یه‌كێك له‌و كادره حیزبیانه بووه كه پشتیوانیی له جووڵانه‌وه‌ی جوتیاران له ساڵی ١٣٣٢دا كردوه و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا له لایه‌ن ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیمی حه‌مه‌ڕه‌زاشاوه گیراوه. كاك جه‌لیل ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بووم یه‌كێك له سه‌ركرده چالاكه‌كانی حیزب بوه له بواری دیفاع له مافی یه‌كسانیی ژن و پیاو. كه واته پڕ به پێستی بوو كه خۆی به كه‌سێكی ناسیۆنالیستی چه‌پ پێناسه بكا.
كاك جه‌لیل له ڕێوڕەسمی ٨٠ ساڵه‌ی ته‌مه‌نیدا كه له ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا بۆی پێك هاتبوو، ده‌ڵێ: خه‌بات، خه‌باتی بێ‌وچان له‌پێناو ڕزگاریی كورد و كوردستاندا ئه‌ركه، ئه‌رك بووه و ئه‌ركیش ده‌بێ. به باوه‌ڕی من ژیانێك كه له‌پێناوی ژیان و ژینه‌وه‌ی گه‌ل و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات‌دا نه‌بێ، بێبایه‌خه و به‌فێڕۆدانی ته‌مه‌نه.
له پێشه‌كیی “په‌نجا ساڵ خه‌بات”دا ده‌ڵێ: ده‌بێ ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕابردومان له‌به‌ر چاو بێ و په‌ندی لێ وه‌ربگرین و بۆ پته‌وبونی ڕیزه‌كانی حیزب و یه‌كیه‌تیی كورد و پێكهێنانی ته‌فاهوم و ڕووحی برایه‌تی زیاتر له نێو هه‌مو حیزب و ڕێكخراوه كوردستانییه‌كاندا كه‌ڵكی هه‌بێ و ئیمانمان به‌وه هه‌بێ كه ئه‌وه‌ی به یه‌كگرتن و ته‌بایی بۆمان ده‌كرێ، هیچكات به دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی پێكنایه.
جا كاك جهلیلێك كه به شێوه‌ی قسه‌كانی یادی هه‌شتا ساڵه‌ی دڵسۆز بێ و به قه‌ناعه‌تێك كه له تاقیكردنه‌وه‌دا پێی گه‌یشتوه وه‌ك له پێشه‌كیی په‌نجا ساڵ خه‌باتدا باسی ده‌كا، چۆن دڵی بۆ یه‌كڕیزی لێنادا؟ بێگومان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ش له زۆر ده‌رفه‌تدا ئیشاره‌ی پێ كردوه. هه‌ر له پێشه‌كیی پەنجا ساڵ خه‌باتدا ده‌ڵێ كه باسکردن له كێشه‌كانی ڕابردوو پێویسته بۆ ده‌رس لێ وه‌رگرتن بێ. نابێ بۆ یه‌كتر مه‌حكومكردن و گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی درزه‌كان بێ. ده‌بێ تێبگه‌ین كه تا ئێستا چمان به یه‌كتر گوتوه، چمان به‌سه‌ر یه‌كتر هێناوه و چۆن بووینه هۆی شكستی خۆمان. نابێ ئه‌وانه دووپات كه‌ینه‌وه و پێویسته ئه‌و كێشانه وه‌لا نێین و یه‌ك بگرین، چونكه هێز و سه‌ركه‌وتن له یه‌كگرتندایه. هه‌ربۆیه نه‌خشه‌ڕێگای كاك جه‌لیل دوو شتی سه‌ره‌كی بووە:
یه‌ك: شڕۆڤه‌ی ڕابردوو به چاوی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ ده‌رسوه‌رگرتن له ڕابردوو، بۆ دووپاتنهكردنهوهی هه‌ڵه‌كان، نه‌ك بۆ یه‌كتر مه‌حكومكردن و شكاندن.
دوو: یه‌كگرتن له پێناوی قازانجی نه‌ته‌وه‌ییدا و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و بۆ سه‌ركه‌وتنی دۆخی كورد، به ئامانجی داڕشتنی ستڕاتیژییهكی پته‌وی نه‌ته‌وه‌یی.
له مه‌سه‌له‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دوو دێموكراتیشدا كاك جه‌لیل یه‌كێك له پێداگرترین كه‌سه‌كان بوو. زۆرجاریش ئیشاره‌ی به‌وه ده‌كرد كه ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ یه‌ك بگرین، نابێ قازانجی حیزبی و گرووپیی خۆمان له‌به‌ر چاو بێ و پێویسته بیر له قازانجی گشتیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه.
هه‌ستی خزمه‌تكردن به دۆزی ڕه‌وای گه‌له به‌شخوراوه‌كه‌مان له سه‌ركرده “جه‌لیلی گادانی”دا هێنده به‌هێز بوو، كه ئه‌و هه‌مو خه‌بات و ڕه‌نجدانه، تێری نه‌ده‌كرد. هه‌ربۆیه له مه‌یدانی نوسین و وه‌رگێڕانیشدا له هاوته‌مه‌نانی خۆی وه‌دوا نهكەوت و سه‌عاته‌كانی پشوودانیشی به نوسین و خوێندنه‌وه و وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی پڕ دەكرده‌وه و كتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی به هێندێك به‌رهه‌می بهكهلك و جێگای سه‌رنج ده‌وڵه‌مه‌ند كرد. كاك جه‌لیل له كتێبی “ڕاستیی ڕووداوه‌كان”دا هه‌وڵی داوه بۆچونی خۆی له به‌رامبه‌ر هێندێك هه‌ڵوێستی نوسه‌رانی دیكه ده‌رببڕێ و ڕوونكردنه‌وه‌ی زۆرتر بدا به نه‌وه‌ی دواڕۆژ. له كتێبی “وه‌ڵامدانه‌وه و ڕوونكردنه‌وه”دا ، به‌ڕاشكاوی و به شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه ده‌كه‌وێته دیالۆگه‌وه، ڕه‌خنه ده‌گرێ و ئاماده‌یی خۆی بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌خنه ده‌رده‌بڕێ. له كتێبی “په‌نجا ساڵ خه‌بات”دا ، زانیارییەكانی خۆی و تاقیكردنه‌وه‌كانی ده‌گوێزێته‌وه بۆ نه‌وه‌ی دوارۆژ. له كتێبی “با نه‌بێته درۆی پاش مردوو”دا، بوێرانه دێته مه‌یدانی هه‌ڵسه‌نگاندن و دڵسۆزانه شیكردنه‌وه ده‌كا و هان ده‌دا بۆ شرۆڤه‌كردن. له گواستنه‌وه‌ی یادداشته‌كانی شه‌هیدی فه‌رمانده شاپوری فیروزیدا و بیرەوەریی هاوسەنگەرانی شەهید چرچەی باراممیرزادا ئه‌رکی ڕێكخستن و نوسینه‌وه‌ی مێژووی زارەکیی خەبات و شۆڕش وه‌عۆده ده‌گرێ له دوو به‌رگی زێڕیندا. هه‌روه‌ها له “كه‌شكۆڵی پێشمه‌رگه”دا لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانی خه‌باتی پێشمه‌رگه تۆمار ده‌كا. له چه‌ندین كتێبی وه‌ك “هاونه‌ته‌وه‌یی كورد و ماد”، “فرشته وه‌ش”، “شب سیه”، “بی خانمان”، “ایران در استانه انقلاب مشروطه”، “مرۆڤ چۆن بوو به غول” و “خه‌رمانی خه‌م و په‌ژاره”
دا له بواری وه‌رگێڕانه‌وه له زمانه‌كانی فه‌ڕانسه‌یی، فارسی و كوردیدا ئه‌سپی خۆی تاو داوه و كتێبخانه‌ی كوردی و فارسیی ده‌وڵه‌مه‌ند كردوه. بۆ كه‌سێكی وه‌ك من كه ئاگاداری چالاكیی سیاسی كاك جه‌لیل بووه، ئه‌گه‌ر به‌وردی بیری لێ ده‌كاته‌وه، بۆی ده‌بێته پرسیار كه ئه‌و هه‌مو كاته‌ی له كوێ هێناوه؟
چەندی له‌سه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانی رێزدار كاك جه‌لیلی گادانی قسه بكه‌ین كۆتایی نایه و من ته‌نیا ویستم مشتێك له خه‌روارێك بێنمه به‌ر باس.
ڕوحی مام جەلیل شاد و ئامانجه‌كانی وەدی بێن.