ڕاگەیاندنی کۆماری سەربەخۆی کوردستان سەرەڕای ڕووخاندنی لە لایەن هێزەکانی سەرکوتکەری تاران ئاواتی مێژینەی کوردی هێنایە دی و، هەتا هەتایە ئەم ڕووداوە مێژووییە وەکو ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی کوردستاندا دەدرۆشێتەوە. دەربڕینی ئاوات و هیواکانی کورد واتە سەربەخۆیی کوردستان لە کاتی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر بەجوانی لە شێعری “بژی دێموکرات”ی شاعیری نەمری کورد “هێمن”دا ڕەنگ دەداتەوە:
مزگێنیم دەیە دەگەی بە ئاوات
کوردە لە سایەی حیزبی دێموکرات
حیزبی دێموکرات تۆ دەدا نەجات
پیادەی ئەو، شاهی دوژمن دەکا مات
بژی دێموکرات بژی دێموکرات
(ڕەشەمەی ١٣٢٤)
ئەم خۆشییە لە ڕێبەندانی هەر ئەو ساڵەدا بە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە شێعری “ڕۆژی خۆشی”ـی هێمن بەوپەڕی خۆی دەگات:
ڕۆژی جێژن و خۆشییە، تێپەر بوو ڕۆژی دەرد و خەم
هات شنەی ڕەحمەت بە جارێک ڕایڕفاند و بردی تەم
دێ لە هەر لایک قاقای پێکەنینی کیژ و کوڕ
دێ لە هەر سووچێکی نەغمەی ساز و تار و زیل و بەم
گەرچی زستانە بەفر دایپۆشی ئەوڕۆ گشت وڵات
خاکی پاکی ئێمە خەمڵێوە وەکوو باخی ئیرەم
جێژنی ئیستقلالی کوردستانە، ڕۆژی شادییە
جێژنە پیرۆزە لە لاوی هاووڵاتیی خۆم دەکەم
(ڕێبەندانی ١٣٢٤)
نەمر سەید کامیل ئیمامی (ئاوات)یش هەستی خۆی لە پەسنی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان وەکوو نزیک کەرەوەی ڕێگەی دووری کورد بەم چەشنە دەردەبڕێ:
هاته دهر ئهوڕۆ له میحنهت میللهتی مهغدووری کورد
گهینه ئاوات و مهرامی خۆ ههموو ڕهنجووری کورد
بێکهس و بێ دهر بوو ئهمما تۆ گهیشتی، بوویه کهس
ههر بژی بۆ لاگریی مه، ئهی ڕهئیس جمهووری کورد
زۆر لهمێژ بوو کورد دهڕۆیشتن، نهگهینه ئارهزوو
تۆ نزیکت کردهوه بۆ ئێمه ڕێگهی دووری کورد
ئاوهدان و گوڵستان و بێ خهزانت کردهوه
بهو چلهی زستان و ڕێبهندانه خوار و ژووری کورد
(ڕێبەندانی ١٣٢٤)
سەبارەت بە شێوەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن نووسەران و لێکۆڵەرانی کورد و بیانی بە دۆست و دوژمنییەوە گەلێک کتێب و بابەت نووسراوە و، تیشک خراوەتە سەر گۆشە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبە بەتایبەتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی. دوژمنان و نەیارانی کورد دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و بە تایبەتی حیزبی دێمۆکرات وەکو بەرهەمی سیاسەتەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت و هاتنی هێزی سپای سوور بۆ باکووری ڕۆژئاوای ئێران لە قەڵەم دەدەن و بەستێنی مێژوویی خەباتی گەلی کورد کەم ڕەنگ دەکەنەوە یاخود چاوپۆشی و حاشای لێ دەکەن. بێگومان هاتنی سپای یەکیەتیی سۆڤییەت و ئینگلیس بۆ ئێران و ڕووخان و دەرکردنی ڕەزاشا بوو بە هۆی کرانەوەی فەزای سیاسی نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ تەواوی خەڵکی ئێران و سەرهەڵدانی دەیان گرووپ و حیزبی سیاسی بە ڕاست و چەپیەوە. لەو سەردەمە ئاڵۆزەدا ئازادیخوازانی خەڵکی کوردیش توانیان لەم دەرفەتە کەڵک وەرگرن و لەسەرەتادا کۆمەڵەی ژێکاف و پاشان لەسەر قەوارەی ئەو، حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک بێنن.
هاتنی هیزەکانی هاوپەیمان لە خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاویی (ئاگوستی ١٩٤١) بۆ ئێران، تەسلیم بوونی سپای ئێران لە شەڕێکی سێ ڕۆژە و هەڵاتنی ئەفسەر و سەربازەکان و هەڵوەشانەوەی ئەم پێکهاتە سەرکووتکەرە لە پانتایی خاکی ئەم وڵاتەدا، دەست لەکار کێشانی ڕەزاشا لە ٢٥ی خەرمانان و دوورخستنەوەی بۆ دوڕگەی موریس و پاشان ژوهانسبورگ، بوو بە هۆی تێکشکانی فەزای سەرەرۆیی پاشایەتی، سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسی و نیزامی، بێدەسەڵاتیی تاران و گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە چنمانی هێزەکانی سیاسی لە ئێراندا. لە ماوەیەکی کورتدا بەشێکی بەرچاو لە هێز و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئێران هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی ئەم وڵاتە و دەسیان بە کار و چالاکیی سیاسی کرد. پێکهاتنی حیزب، سندیکا، ئازادی ڕۆژنامەنووسی و هتد، بوو بە هۆی بەشداریی تەواوی چین و توێژەکان لە ڕەوتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا.
دەرچوون و نەبوونی سپای ئێران لە ئازەربایجان، کوردستان و خوزستان بەستێنی شیاوی بۆ کار و چالاکی هێزە نەتەوەییەکان و سەرهەڵدانەوەی بیری سەربەخۆیخوازیی لەم بەشانەدا ساز کرد. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(١) لە ٢٣ی ئەیاری ساڵی ١٣٢٢ بە بیروهزری سەربەخویخوازیی و چەپ لە لایەن ڕۆشنبیرانی ئەو کاتەی کوردستان کە زۆربەیان مەهابادی بوون پێک هات و “لە هاوینی ١٩٤٤دا پانتایی چالاکیی ئەم ڕێکخراوە نەهێنییە لە ماکۆوە هەتا کرماشانی لەخۆ گرت”(٢) و توانی خەڵکێکی زۆر لە ئازادیخوازانی کورد بەرەو خۆی ڕابکێشێ و ببێتە هۆی پەرە و گەشەسەندنی بیروهزری ناسیۆنالیستی و دادپەروەرانە لەنێو جەماوەری خەڵکی کورد. لە ساڵانی پاش ڕووخانی حکوومەتی ڕەزاشا کوردستان لە کردەوەدا لەژێر کۆنترۆلی کوردی ڕۆژهەڵات بوو. خاتوون ئەن لەمبتۆن کە لە لایەن باڵوێزی ئینگلیس لە ساڵی ١٩٤٤ سەفەری بۆ کوردستان کردبوو لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا باسی بوونی کوردە چەکدارەکان و نەبوونی ژاندارمە و پۆلیسی ئێران لە شار و گوندەکانی نێوان تەورێز و مەهاباد و تین و گوڕی سەربەخۆیخوازیی و هەستی بە هێزی نەتەوەیی کوردەکان دەکا.(٣) بە باوەڕی سێر ڕ. بوڵلارد، باڵوێزی بریتانیا لە تاران، قازی محەممەد، ناوهندی بزووتنەوەی سەربەخۆیی لە کوردستان” بووە.(٤)
لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر قەوارە و بنەمای کۆمەڵەی ژێکاف و پاشگەزبوونەوەی کاتیی لە چەند خاڵێک وەکو سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی تەواوی کوردستان بەپێی ئاڵوگۆڕی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتە پێک هات و، توانی بیروڕای بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بە ئاغاوات، سەرۆک عەشیرە، وردەبۆرژوازی و هتد- یەوە بە تایبەت لە موکریان بەرەوخۆ ڕابکێشی. حیزبی دێموکراتی کوردستان دوو مانگ و چەند ڕۆژێک پاش دامەزرانی حکوومەتی ئازەربایجان سەرەڕای هاودەنگ نەبوونی فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و یەکیەتیی سۆڤیەت کە دەیانویست کوردستان وەکوو بەشێک لە حکوومەتی ئازەربایجان بە مافی نەتەوەیەکی کەمینە بێ، بەپێی هەبوونی ستراتێژیی نەتەوەیی و هەڵومەرجی ڕەخساو وەکوو: کەلک وەرگرتن لە دژبەریی حکومەتە زلهێزەکانی جیهانی واتە یەکیەتیی سۆڤییەتی و جیهانی ڕۆژئاوا، لاواز بوون و ناسەقامگیریی حکوومەتی ناوەندی و سپای ئێران، بە هێزبوونی بەرەی چەپ و ئازادیخواز لە گشت ئێران، دامەزرانی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان لە ٢١ سەرماوەز، کۆکردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە ئاغا و عەشیرەکان، و پشتبەستن بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەم بوێرییە مێژووییەی بوو لە هەوەڵین دەرفەت و بێ فەوتاندنی کات، لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویدا لە چوارچرای مەهاباد بە بەشداربوونی خەڵکێکی بەرچاو، دامەزرانی کۆماری کوردستانی ڕاگەیەنێ. ئەمە بۆخۆی سەلمێنەری هەبوونی هەست و ستراتێژی نەتەوەیی هەروەها بوێری ڕێبەریی ئەم حیزبە لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە کاتی شیاو و لە پێناوی بە دەوڵەتبوونی کوردستانە.
لە بەشێک لە بەڵگە و نووسراوەکانی ڕابرت ڕۆسۆ، جێگیری کونسوولی ئەمریکا لە تەورێز و لێکۆڵینەکانی تورەج ئەتابکی و پڕۆفسۆر جەمیل حەسەنلی و هتد ئاماژە بە شێوەی هەڵسوکەوت و بیروڕای نوێنەرانی سیاسیی سۆڤییەت و فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لەگەڵ دێموکراتەکانی کوردستان کراوە. بۆ وێنە:
* ڕابرت ڕۆسۆ لە ڕاپۆرتێکدا بەم چەشنە باسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میر جەعفەر پیشەوەری، سەرۆک وەزیرانی ئازەربایجان و بیروڕای ئەو سەبارەت بە قازی محەممەد وکوردستان دەکا: “… “لەهەر حاڵدا پیشەوەری لەو چاوپێکەوتنەی ئەم دوایەدا گوتی، بە ڕای ئەو قازی ‘پیاوێکی باشە’، دەربارەی مەسەلەی ‘کوردەکانی ئازەربایجان’یش ڕاوێژی لەگەڵ کردوە. سەرەڕای ئەوەش بە مەرجی ‘نەهێنی مانەوە’ ئەم خاڵەشی پێ زیاد کرد، جارێ پێیوانییە کوردەکان توانایی بەرێوەبردنی کارو باری خۆیان هەبێ و، دەیەوێ بە جێگای مەجلیسی میللی تەنیا ئەنجومەنێکی میللی لەژێر چاوەدێریی حکوومەتی تەورێز و، پێنج کورسی لە مەجلیسی ئازەربایجانیان پێ بدا.” لە ڕاپۆرتێکی دیکەش ڕۆسۆ دەنووسێ: “بە هۆی ئیدیعای حوکمڕەوایی کوردەکان بۆ تەواوی ناوچە سنوورییەکان لە مەهابادوە هەتا ماکۆ، هەروەها میاندواو، ورمێ و خۆی، ناکۆکی لە نێوان کورد و ئازەربایجانییە خودموختاریخوازەکان پەرەی گرتوە. ئازەبایجانییەکان دەیانەوێ خودموختاریی کوردەکان لە ژێر فەرمانی حکوومەتی تەورێز و لە چوارچێوەی ناوچەی مەهابادا قەتیس بمێنێتەوە.”(٥)
* تورەج ئەتابکی لە کتێبی”ئازەربایجان لە ئێرانی هاوچەرخدا” سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دێموکراتەکانی ئازەربایجان لەگەڵ شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تەورێز ئاوا باس دەکا: “هەوەڵین هەنگاوێک کە کوردە دێموکراتەکان بۆ دەربڕینی ‘برایەتی’یان لەگەڵ دێموکراتە ئازەربایجانییە هاوبیرەکانیان هەڵگرت ناردنی شاندێک بۆ بەشداری لە جێژنی ‘تێکەڵبوونی’ حیزبی تودە لەگەڵ فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بوو کە لە سێ سپتامبری ١٩٤٥(١٢ی خەرمانانی ١٣٢٤) لە تەورێز بەرێوە دەچوو. هەر لەو ڕۆژەدا شاندێکی دیکەشیان بە جیا بۆ بەشداری لە کردنەوەی فەرمیی مەجلیسی میللی ئازەربایجان نارد، شاندی کورد بە نارەحەتییەوە تێگەیشت لەگەڵ ئەوان نەک وەکوو شاندی ئەیالەتێکی دۆست و دراوسێ بەڵکوو وەکو نوێنەرانی بەشێک لە ئازەربایجان هەڵسوکەوت دەکرێ. دێموکراتەکانی کوردستان کە لەم کارەی دێموکراتەکانی ئازەربایجان ناڕازی بوون، دەستبەجێ پاش گەڕانەوەی شاندی کورد بۆ مەهاباد بەرەیەکی نوێ و بەهێزیان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی خودموختاری کوردستان وەڕێ خست. بەم چەشنە، لە ٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦(٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاویی) بناغەی حکوومەتی خودموختاری کوردستان بە چەشنێکی فەرمی دارێشترا.(٦)
* بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفسۆر جەمیل حەسەنلی نووسەر و توێژەری ئازەربایجان لە کتێبی “ئازەربایجانی ئێران، دەستپێکی شەڕی سارد”، ڕێبەرانی فرقەی دێموکرات لە ١٦ی ژانویەی ساڵی ١٩٤٦ واتە ٤ ڕۆژ پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە بابەتێک بە ناوی “ویستەکانی خەڵکی ئازەربایجان” لە ١٢ خاڵدا ویستە سەرەکییەکانی کۆنگرەی میللیی ئازەربایجانیان گەڵاڵە کردبوو. لە سەرەتای ئەم بابەتەدا هۆیەکانی گۆڕانی بیروباوەڕی ئەوان لە خودموختارییەوە بۆ سەربەخۆیی ئازەربایجانی ئێران و دامەزرانی وڵاتێکی سەربەخۆ بە ناوی کۆماری دێموکراتیکی ئازەربایجان شرۆڤە کراوە. لە خاڵی ١٢ی ئەم بەڵگەنامەیەدا باس لە لکاندنی بەشی ژێر دەسەڵاتی حیزبی دێموکراتی کورستان بە ناوی کوردستانی باکوور بەم کۆمارە بەم چەشنە گەڵاڵە کراوە: “ئەم نەخشەیە [سنوورەکانی ئەم دەوڵەتە] کوردستانی باکووریش لەخۆ دەگرێ. سنوورەکەی لە کاتی چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردستانی باکوور دیاریی دەکرێ.”
حەسەنلی هەروەها ئاماژە دەکا: لە سەرەتادا باقرۆڤ و پیشەوەری دژی خودموختاریی کوردستان بوون و پێیانوابوو کوردەکان دەبێ لە چوارچێوەی ئازەربایجاندا خودموختار بن. بەڵام دامەزرانی کۆماری کوردستان لەنێو ئێراندا بەشێک لە نەخشە ستراتیژییەکانیان لەم وڵاتە بوو. باقرۆڤ هەوڵی دەدا بە چەشنێک ئەم مەسەلەیە کۆنترۆل بکا. لە ٢٩ ژانویە لە تەورێزەوە ئیبراهیمۆڤ و حەسەنۆڤ لە نامەیەکدا بۆ باقرۆڤ دەنووسن: هاوکاریی نێوان کورد و ئازەرییەکان گەلێک ئاڵۆز بووە … زۆربەی سەرانی کورد باسی ئازادیی کوردەکان و پێکهێنانی کوردستانی گەورە دەکەن. لە ڕاستیدا ئەم کەسانە لایەنگری سیستمی فئێودالیسم و درێژەپێدانی ئەون. پاش ئەم نامەیە، بە فەرمانی باقرۆڤ “ناسر داداشۆڤ”، ئەندامی پێشووی وەزارتی نێوخۆ [کشور] لەژێر عینوانی نوێنەری بازرگانی و “مەلیک ئەسلانۆڤ” بە ناوی سەرپەرەستی نەخۆشخانەی سۆڤییەت دەنێردرێنە مەهاباد تا بارودۆخەکە کۆنترۆل بکەن.(٧)
ڕاگەیاندنی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان بوو بە هۆی تێکچوونی چنمانی سپایی و سیاسیی وڵاتانی داگیرکەری ئێران و؛ کوردستان و ئازەربایجان بوون بە خاڵی دەستپێکی شەڕی سارد. بەڵام یەکیەتیی سۆڤییەت سەرەڕای پشتیوانی قورس و قایمی خۆی لە ئازەربایجان بەردەوام بە دڕدۆنگیەوە سەیری حیزبی دیموکرات و کۆماری کوردستانی دەکرد کە زۆربەی ڕێبەرانی نەک کۆمۆنیست بەڵکوو کەسایەتیی ئایینی، ئاغا و سەرۆک عەشیرە واتە “دەرەبەگ و نوێنەرانی چینی چەوسێنەری کۆمەڵگە” بوون و، سەرۆک کۆمارەکەی سەرەڕای ئەوەی لایەنگر و دۆستی ئەوان بوو، بەڵام هاوکات سیاسەتێکی ڕاستبینانەی لە هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەتەکانی تاران و تەورێز، هەروەها ئەمریکا و سۆڤییەت بەرێوە دەبرد و دەیویست هاوسەنگییەکی ڕاستبینانە لە بەرژوەندیی خەڵکی کورد لەگەڵ ئەم لایەنانە پێک بهێنێ و لەم پێوەندییەدا نەک دژایەتییەکی توندوتیژی لەگەڵ دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا نەدەکرد بەڵکوو بە پێی ڕاپۆرتەکانی جێگیری کونسوولی ئەمریکا خوازیاری هاوکاریی ئەوان بۆ دابینکردنی دێموکراسی ڕۆژئاوایی و گۆڕینی چەشنی دەسەڵات لە ئێران بوو.
لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی دوهێر، جێگری کونسوولی ئەمریکا بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، ڕێکەوتی ٢٦ی ئاوریلی ١٩٤٦(٦ی ئەیاری ١٣٢٥) باسی دیداری لەگەڵ قازی محەممەد و پێشوازیی پێشەوا لە بەکارهێنانی نفووز و دەسەڵاتی ئەمریکا بۆ گۆڕینی ئێران بۆ دێموکراسییەکی ڕاستەقینە و، پێشوازیی کوردەکان لە خۆتێهەڵقورتانی ئەمریکا لەم ڕەوتەدا کراوە. دوهێر لە ڕاپۆرتێکی دیکەش لە پازدەی ژانویە، واتە ١٥ی بەفرانباری ١٣٢٥ی هەتاوی دیسان ئاماژە بە ئەم مەسەلەیە دەکا و دەنووسێ: کوردەکان لە هۆگریی ئەمریکاییەکان لە کاروباری خۆیان پێشوازی دەکەن. ئەوپەڕی دڵخوازیی کوردەکان دێموکراسی لە چەشنی ئەمریکییە. دوهێر هەروەها لە ڕاپۆرتێک لە ١١ی ئۆکتۆبری ١٩٤٦ کە بۆ جۆرج وی ئالێن، باڵوێزی ئەمریکا لە تارانی ناردوە، لە پێوەندی لەگەڵ بەشکبوونی بەرپرسانی سۆڤییەت لە قازی محەممەد دەنووسێ: بەرپرسانی سۆڤییەت ئێستاکە بە هەڵسوکەوتی قازی محەممەد لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی زۆر گوماناوین و تەواوی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سۆڤییەتەکان لە پشتگیریی خۆیان لە قازی پاشگەز بوونەتەوە و ڕوویان لە زێرۆبەگ کردوە.(٨)
پێشەوا لە بازنەی ململانێی وڵاتە زلهێزەکاندا سەرەڕای ئەوەی کە زۆرتر بەرەو سۆڤییەت دەشکاوە، بەڵام بەهۆی ڕاستبینیی سیاسی و قەتیس نەبوونی لە چوارچێوەیەکی تەسکی ئایدۆلۆژیک، هەوڵی دەدا لە هەر دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لە ڕێگای پێوەندیی لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژئاواش کە کاریگەریی بەرچاویان لە تەواوی ڕەوتی سیاسیی دەوڵەتی ئێران هەبوو، کەلک وەربگرێ. تەنانەت ئەم حاڵەتە لە شێوەی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەوڵەتی تارانیش خۆی دەنواند و سیاسەتەکانی لە پێوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوسەنگی هێزەکان لە ئاست ئێران و جیهاندا بوو. بە گشت دەتوانین بڵێن قازی محەممەد وەکو ڕێبەری حیزبی دامەزرێنەری یەکەمین کۆماری کوردستان کەسایەتیەکی ڕاستبین و پراگماتیست بوو. ئێمە ئەم چەشنە هەڵسوکەوتە لە گەڵ حکوومەتی تاران لە سێ قۆناخدا بەپێی بابەتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بە جووانی دەبینین:
- لە ٢٥ی گەلاوێژەوە هەتا ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی
- لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ وە هەتا ٣١ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی
- لە ٣١ی بانەمەڕەوە هەتا هێرشی سپای ئێران لە ٢١ سەرماوەزی ١٣٢٥ هەتاوی بۆ ئازەربایجان و کوردستان
لە قۆناخی یەکەمدا ڕێبەریی کورد سەرەڕای ئەوەی نزیک بە پتر لە چوار ساڵ دەسەڵاتی ناوچەکەی بە دەست بوو، بەپێی هەڵسەنگاندنی هاوسەنگیی هێزە جیهانی و نێوخۆییەکان، هەروەها دڕدۆنگی لە پشتیوانیی سەتاوسەتی یەکیەتیی سۆڤییەت یاخود وڵاتانی ڕۆژئاوا لە سەربەخۆیی کورد،، لە یەکەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئۆکتۆبری ١٩٤٥ مەهاباد، خەزەلوەری ١٣٢٤) هەروەها لە یەکەمین پرۆگرامی حیزب لە دێسامبری (سەرماوەز) ئەو ساڵەدا باسی پارێزگاری لە مافەکانی کورد بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان، واتە خودموختاریی نێوخۆیی لە چوارچیوەی دەوڵەتی ئێران دەکا. پێشەوا قازی محەممەد هەروەها لە “گفتوگۆ” لەگەڵ “خاوەنانی چەند ڕۆژنامەی تاران” کە لە ژمارەکانی یەک و دووی کوردستان لە ٢٠ و ٢٢ی بەفرانباری ١٣٢٤ واتە کەمتر لە دوو حەوتوو پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان چاپ و بڵاو بۆتەوە باس لە جێبەجێ کردنی یاسای بنەڕەتی ئێران و خودموختاری لەژێر بەیداغی ئێرانی کردوە.
پێشەوا لە وڵامی ئەم پرسیارە:
لە تاران دەڵێن کوردان بە ڕەهبەریی جەنابت جوێ بوونەوە و ئیستقلالی کوردستانیان دەوێ؛ ئایا ڕاستە؟
ئاوا وڵام دەداتەوە:
* خهیر ڕاست نییە؛ لەبەر ئەوەی ئێمە لە دەوڵەتی ئێران ئیجرای قانوونی ئهساسیمان دەوێ و دەمانەوێ بە خودموختاری لەژێر بەیداغی ئێراندا بژین و، خودموختاریشمان وەگیر کەوتوە.
هەر لەم وتووێژەدا لە وڵامی پرسیاری “مەرامی فیرقەی دێموکراتی کوردستان چییه؟” پێشەوا دهڵێ:
* میللهتی کورد لە ئێراندا لە هەڵسووڕاندن و پێکهێنانی کاروباری جێگهی خود ئازاد بێ و لە سنووری دەوڵەتی ئێراندا بژی.
بەڵام، پاشان بەپێی شیاوبوونی بارودۆخ و، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئازەربایجان لە ٢١ی سەرماوەزی ١٣٢٤ و پشتیوانیی یەکیەتیی سۆڤییەت لەم حکوومەتە، ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دووی ڕێبەندان بە پێچەوانەی ویستی فرقە و سۆڤییەت دامەزراندنی کۆماری کوردستان ڕادەگەیەنێ. لەم پێوەندییەدا پێشەوا قازی محەمەد لە “نطق”ی خۆی کە لە ژمارەی ١٠، ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ و ژمارەی ١١ لە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ لە “کوردستان” وەکوو بڵاوکەرەوەی بیری ئەم حیزبە لەژێر سەردێڕی “جێژنی سەربەخۆیی و ئیستقلالی کوردستان” بڵاو بۆتەوە، وێڕای ئاماژەکردن بە مێژووی کوردستان و کۆبوونەوەی کوردان لە ژێر عینوانی “حیزبی دێموکراتی کوردستان” باسی وەدەستھێنانی “ئیستقلال و ئازادیی کورد” بەھۆی پێکھاتنی کۆماری کوردستان دەکا و دەڵێ:
[…] میللهتی کورد هەزاران سهد و بەرهەڵستی سهخت و سهههندی لە ڕێدا بوو دەستەودایرەی دیکتاتۆری بێوچان کارشکێنیی ئێمەیان دەکرد و لە هیچ نامهردییەک ڕانەدەوەستان، ئیختلافاتی عهشایر بۆ داخڵیش ئیشکالێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، ئهمما ئەوانە هیچکامێکیان نەیانتوانی پێش بە ئێمە بگرن، بە دڵێکی بەهێز پایەداریمان کرد و ئیدامەمان به فهعالییهتی خۆمان دا تا ئیستقلال و ئازادیی نەتەوەی کوردمان بهدهست هێنا…
پێشەوا قازی محەمەد نیزیکەی دوو مانگ پاش چوونە دەرەوهی سپای سوور لە ئێران و گۆڕانی بارودۆخی نێوخۆیی و دەرەکی بەپێی وەزعییەتی تازەی سیاسیی ئێران لە “نطق” یخۆی لە ڕۆژی ٣١ بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی لە بەرامبەر تەواوی سەران و سەرکردە و ژێنڕاڵەکانی کۆمار، کە لە ژمارەی ٥٠ی کوردستان بە کوردی و لە ژمارەی ٥١ بە فارسی بڵاو بۆتەوە وێڕای باسێکی دوورودرێژ لە پێوەندی لەگەڵ زوڵم و زۆری پەهلەوییەکان و سەرەڕای ئەوەی کە “ئاماژە بە سەربەخۆیی تام و تەمامی” کورد دەکا، هاوکات ئاماژە بەمەش دەکا ئەگەر ئازادی لە سەرانسەری وڵاتدا دابین بێ، هیچ بەربەستێک بۆ ژیانێکی برایانە لە چوارچێوەی ئێراندا نابینێ و لە ئەسڵدا ئەگەر سەرنجی قسەکانی بدەین بەپێی ئەو نموونانەی کە دێهێنێتەوە دەتوانین باس لەوه بکەین، پێشەوا قازی محەممەد وەکو یهکهم کەسایەتی سیاسیی لە مێژووی کوردستاندا باس لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی وڵاتێکی فیدرال و کۆنفدرال بێ هێنانی ئەم چەمکانە بەڵام نموونەکانی دەکا. پێشەوا لە بەشێک لە “نطق”ی خۆی ئاوا دەبێژێ:
… ئەگەر بێتوو ئازادی لە ئێراندا بەرقەرار بێ چ مانعێک هەیە ئەوەی لە ئێرانێدا دەژین تێکڕا دەستی برایەتی بدەن بە یەکتری. بزانن شۆڕهوی چل پەنجا میللهتن عهداڵهت کردوونیە برا، ئهمریکا چلوچەند جمهووری، سویس دوو_ سێیهکن [وهک] یەک ڕووح و گیان پێکەوە دەژین…
لە بەهاری ١٣٢٥، بە تایبەتی پاش ڕێکەوتنەکانی سۆڤییەت و ڕۆژئاوا و چوونە دەرەوەی سپای سوور لە ئێران گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت لە پێوەندی لەگەڵ تاران دێ و گوشاری ڕێبەریی سۆڤییەت بە تایبەتی لەسەر فرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بۆ پاشەکشە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ دەوڵەتی “قوام” توندتر دەبێ.
ڕێکەوتی ٥ی پووشەڕ بە بانگهێشتنی “قوام السلطنە”، پێشەوا قازی محەمەد لەگەڵ محەمەد حوسێنخانی سەیفی قازی وەزیری شەڕی کۆماری کوردستان و شاندێک لە وەزیرانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان بۆ تاران دەچێ و ماوەی نزیک بە ٢٥ ڕۆژ لەوێ دەمێنێتەوە. لەم سەفەرەدا پێشەوا بەپێی وتووێژەکانی لەگەڵ ڕۆژنامەکانی “رهبر” و “ایران ما” لەگەڵ “قوام”، “مظفر فیروز” و سەرلەشکەر “ارفع” دیدار و وتووێژی بووە. لە قسەکانی پێشەوا تا ڕادەیەکی زۆر هیوایەکی تایبەتی بە “قوام السلطنە” بۆ ڕێکەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تاران و کوردستان دەبیندرێ. وتووێژەکەی پێشەوا لەگەڵ ڕۆژنامەی”رهبر” لە لایەن نەمر مامۆستا حەسەن قزڵجی کراوەتە کوردی و لە ژمارەی ٦٩ی کوردستاندا بلاو بۆتەوە.
پێشەوا لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی “رهبر” دەربارەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ “مظفر فیروز” و “قوام السلطنە” دەڵێ:
* “دەگەڵ جهنابی سەرۆک وهزیر، ملاقاتم کردوە، نەزهری ئاغای سەرۆک وهزیرم تێکەڵ بە حوسنی زهن و چاک نییهتی دیوە… من ئاتییەیەکی زۆر چاک تێبینی دەکەم و هیوادارم دەوڵەتی مهرکهزی بتوانێ دێموکراسی بە هەموو ئێراندا بڵاو بکاتەوە”. هەروەها لە وڵامی پرسیارێک دەربارەی پێوەندییە “معنوی”یەکانی بزووتنەوەی کوردستان و ئازەربایجان ئاماژە دەکا:” هەردووک لامان بۆ ئامانجیک کە ئازادی و سەربەخۆیی حەقیقی و بەڕاستیی ئێرانە کاردەکەین”.(٩)
تاران وێرای ڕواڵەتکاریی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئازەربایجان و کوردستان، پەیتا پەیتا لەباری سیاسی و نیزامییەوە خۆی بەهێزتر و ئامادەی هێرشێکی گەورە بۆ ئەم دوو ناوچەیەی دەکرد. لە کردەوەدا ئەم چاوپێکەوتن و وتووێژانە نەیدەتوانی ئاکامێکی ئەرێنی بەشوێنەوە بێ و “قوام”یش کەسێک نەبوو بەڵێنەکانی خۆی بەجێ بهێنێ. لەم ڕەوتەدا شکستهێنانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی سۆڤییەت لە بەرامبەر ئەمریکا و بریتانیا و دانوستانی لەگەڵ دهوڵهتی “قوام” بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانی مۆسکۆ لە ئێراندا، پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی ئازەربایجان لەژێر گوشاری مۆسکۆ و خۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکوومەتە پاش دانوستانی یەک لایەنەی لەگەڵ دەوڵەتی “قوام” بهبێ ئەوەی کە ڕێبەری کۆماری کوردستان ئاگادار کرابێتەوە، بوو بە هۆی شکانەوەی هاوسەنگیی سیاسی و نیزامیی هێزەکان بە قازانجی دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوایی و ئێران و بێ پشتیوان مانەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و ئازەری لە ئاستی ژوور و دەرەوەی ئێراندا. حکوومەتی تاران پاش بێلایەن کردنی مۆسکۆ و بەرەوخۆ ڕاکێشانی بیروڕای جیهانی تەنانەت لە ئاست شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکاندا، هەروەها پشتیوانیی ئەمریکا و وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، لە ٢١ سەرماوەزی ١٣٢٥ی هەتاویی واتە ساڵڕۆژی دامەزرانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان هێرشێکی بەرفراوانی لە تەواوی بەرەکانەوە کردە سەر ئازەربایجان و کوردستان.
مخابن پاشەکشەی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و بەشوێن ئەودا کۆماری کوردستان، خۆبەدەستەوەدان و بەرەنگارنەبوونەوەیان لە بەرامبەر سپای ئێران، هەروەها نەبوونی هیچ چەشنە پشتیوانییەکی سیاسی و نیزامی لە لایەن سۆڤییەت و هێزە پیشکەوتنخوازەکانی ئێران، کۆمەڵکوژیی خەڵکی ئازەربایجان و لە سێدارەدانی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد و گرتن و دوورکردنەوەی ئازادیخوازانی کوردستانی بە شوێنەوە بوو.
کۆتایی
بێگومان بیرویادی کۆماری کوردستان وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان و شانازییەکی گەورە لە مێژووی کورد و کوردستان دەمێنێتەوە. ڕێبەریی کورد لە سەردەمێکی گەلێک ئاڵۆزی جیهانی و ناوچەییدا توانی بۆ هەوەڵین کەرەت لە مێژووی خۆیدا شێوەی دەسەڵاتداری ئەزموون بکات و ئەم شانازییە بە کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ببەخشی هەتا لە ڕەوتی بە دەوڵەت بوونی کورددا بەشداری ڕاستەوخۆیان هەبێ. حکوومەتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە بە پێچەوانەی ئازەربایجان لەباری ئاستی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی، هەروەها ئیمکاناتی ماددی و پشتیوانی تەسکی یەکیەتی سۆڤییەت گەڵێک لاوازتر بوو، بەڵام وێرای ئەوەش توانی هەنگاوی مێژوویی بۆ بەرەوپێشبردنی فەرهەنگی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی خەڵک بگرێتە بەر. گۆڕانی سیستمی پەروەردە و خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی و بەشداری کوڕ و کچی تەمەن ٦ هەتا ١٤ لە قوتابخانەکان، دامەزرانی مەدرەسەی شەوانە بۆ گەورەساڵان، چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤار، ڕۆژنامە و کتێب بە زمانی کوردی، دامەزرانی یەکەمین تئاتری کوردی، بەشداریی ژنان بۆ یەکەمجار لە کارە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە [سپای میللی] بۆ بەرگری لە کۆماری کوردستان، ناردنی لاوانی کورد بۆ خوێندن لە ئاستی باڵا بۆ باکۆ، مامەلەی ڕاستەوخۆی بازرگانی و فرۆشی توتوتن لە ڕێگای درووست کردنی “شرکت ترقی” بە یەکیەتیی سۆڤییەت و هتد لە کارە بەنرخەکانی حکوومەتی ساوای کورد لەم ماوە کورتەدایە. هەرچەند بە پێی پیلانی دوژمنانی ژوورەکی و دەرەکی و پشتیوانی نەکردنی یەکیەتیی سۆڤیەت کۆماری کوردستان ڕووخێندرا و ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تووشی لە سێ دارەدان، زیندان و هەڵاتن و هتد بوون، بەڵام ئەزموونێکی بە نرخیان لە خۆ بە جێ هێشت، لە هەمووشیان گرینکتر ئەوە ڕاستییەیە کە کێشەی نەتەوەیی کورد بێ سەربەخۆیی و پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی کورد چارەسەر ناکرێ و ڕێبەریی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کورد دەبێ ستراتێژی نەتەوەیی، توانایی هەڵسەنگاندنی بارودۆخ، ڕێکخستنی خەڵک لە دەوری دروشمی شیاو، پەرەپێدان بە ئاگایی و هەستی نەتەوەیی و لە کاتی شیاودا بوێری هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست و ڕاستبینانەی بۆ وەدی هێنانی ئامانجەکانی بێ.
***
١) لە ڕۆژی ٢٣ی ئەیاری ساڵی ١٣٢٢ی هەتاویی لە مەغارەکێو “قەڵای سارم” لە نزیکی شاری مەهاباد یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵە بە بەشداری ٢٥ کەس بەرێوە چوو و دامەرانی ئەم حیزبە ڕاگەیەندرا.
٢) ئۆلگا ئیوانۆونا ژیگالینا، بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکانی ئێران(١٩٣٧-١٩١٨)دەزگای زانست، مۆسکۆ ١٩٨٨، بە ڕووسی
٣) Fo371/401173/13978 نوسخەی یادداشتێکی خانم ئەن. ک. س. لەمبتۆن. ئاتاشە (ڕاسپێراوی) چاپەمەنیی باڵوێزخانەی بریتانیا لە تاران ١٣ی سێپتامبری ١٩٤٤، پێوەندیی کورد لەگەڵ ڕووس. سەرچاوە: ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا (وەرگێڕاوی کوردی ١٣٠بەڵگەنامە) لاپەڕەی ٦٧، ئەنوەر سوڵتانی بنکەی ژین ٢٠٠٥
٤) سێر ڕ.بوللارد، “لە تارانەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە، ٢٩ی سێپتامبری ١٩٤٤ له پێوهندی به کوردستانهوه دەنووسێ” کوردی ناوچەی ڕووس لە ئێران، بە ئاشکرا چەکیان ھەڵگرتووە و لە سەربەخۆیی دەدوێن.[…] له مهڕ مەھابادیشهوه ڕاستە و وا دیارە قازی محەممەد، ناوهندی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بێ لە کوردستان” سەرچاوەی سەرێ لاپەرەی ٧١
٥) کردها و فرقە دمکرات آذربایجان، گزارشهایی کنسولگری امریکا در تبریز دی ١٣٢٣- اسفند ١٣٢٥،صص٤١-٣٩ و ٩٤ مترجم کاوە بیات، تهران
٦) تورج اتابکی، آذربایجان در ایران معاصر، ص ١٦١، ترجمە محمد کریم اشراق، انتشارات توس، تهران ١٣٧٦
٧) جمیل حسنلی، آذربایجان ایران، آغاز جنگ سرد، صص ٢٦٤-٢٦١، ترجمە منصور صفوتی، ١٣٨٧، تهران، چاپ و صحافی: کتاب شمس
٨) کردها و فرقە دمکرات آذربایجان، گزارشهایی کنسولگری امریکا در تبریز دی ١٣٢٣- اسفند ١٣٢٥، مترجم کاوە بیات، تهران، صص ٥٤،٥٣ و ٧٨ و ٩٤
٩) کوردستان، ژمارەی ٦٩، ساڵی یەکەم، ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٢٥
***
سەرچاوەکان
بە کوردی:
١. ڕۆژنامەی کوردستان مەهاباد ١٣٢٥-١٣٢٤ هەتاویی، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح و سدیق ساڵح، بنکەی ژین، ٢٠٠٧
٢. ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا (وەرگێڕاوی کوردی ١٣٠بەڵگەنامە) ئەنوەر سوڵتانی بنکەی ژین ٢٠٠٥
٣. کامران ئەمین ئاوە، بیری چەپ و دۆزی سەربەخویی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٢٠١٧
http://www.kurdistanukurd.com/files/birawarichapp.pdf
بە فارسی:
١. یرواند آبراهامیان، ایران در بین دو انقلاب، ترجمە احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی، نشر نی، تهران ١٣٩٤
٢. کردها و فرقە دمکرات آذربایجان، گزارشهایی کنسولگری امریکا در تبریز دی ١٣٢٣- اسفند ١٣٢٥، مترجم کاوە بیات، تهران،
٣. تورج اتابکی، آذربایجان در ایران محاصر، ترجمە محمد کریم اشراق، انتشارات توس، تهران ١٣٧٦
٤. پروفسور جمیل حسنلی، آذربایجان اێران، آغاز جنگ سرد، صص ٢٦٤-٢٦١، ترجمە منصور صفوتی، ١٣٨٧، تهران، چاپ و صحافی: کتاب شمس
٥. علی گلاویژ، يادی از جنبش دوم بھمن، نشريه سياسی تئوريك “دنيا”، دی ماه 1356 ، شماره 10، سال چھارم
٦. کامران امین آوە، چپ سنتی و جنبش ملی کرد در ایران، نشر ڕوشنگری، آلمان ١٣٩٥
بە ڕووسی:
١. میکائیل سیمۆنۆیچ لازاریف، کوردستان و کێشەی کورد(١٩٤٥-١٩٢٣)، مۆسکۆ، دەزگای وێژەی ڕۆژهەڵات ٢٠٠٥
٢. ئۆلگا ئیوانۆونا ژیگالینا، بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکانی ئێران(١٩٣٧-١٩١٨)دەزگای زانست، مۆسکۆ ١٩٨٨