بەڵام بۆ من و کەسانی وەک من کە دەیان ساڵ لە نیزیکەوە هاوکاری بووین، دەیان بیرەوەریی خۆش و ناخۆشمان دەگەڵی هەیە و سەدان ڕووداوی تاڵ و شیرینمان پێکەوە تێپەڕاندوە، خەساری لەدەستچوونی ئەو تێکۆشەرە مانایەکی قووڵتری هەیە. باسی خەسڵەتە شۆرشگێڕانە و ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکانی کاک جەلیل لە وتارێک و دوو وتاردا جێی نابێتەوە. ڕابردووی خەبات و تێکۆشانیشی لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە تا دواهەناسەی ژیانی هەرچەند هەقی خۆی نەدراوەتێ و زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ بەڵام هەر ئەم ڕۆژانە زۆری لەسەر نووسراوە و گوتراوە. بۆیە لێرەدا تەنیا لە دوو لایەنی ژیانی حیزبی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەرمایە لەدەستچووەمان دەدوێم:
یەکەم، شێلگیری و پشوودرێژی و مکوڕی لەسەر بەڕێوەبردنی هەرچی زووتر و چاکتری کاروباری حیزبی¬ -جا لە هەر بوارێک¬دا- لە تایبەتمەندییە هەرە بەرچاوەکانی کاک جەلیل بوو کە بەڕاستی شیاوی ئەوەیە هەموو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕات دەرسی لێ¬وەربگرن و لێیەوە فێر بن. ئەو نەک هەر بۆخۆی نەی¬دەزانی و نەی¬دەتوانی چووکترین دەرفەتەکان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبار بەفیڕۆ بدا، بەڵکوو لە هاوڕێ و هاوکارەکانییشی قبووڵ نەدەکرد کات بە فیڕۆ بدەن و کارەکان وەدرەنگ بخەن. شاهیدم زۆرن کە دەگەڵ ئەو هەموو ڕێز و خۆشەویستییەی لەلای هەموو تێکۆشەرانی حیزب هەیبوو، زۆرجار کادرەکان بۆیان ئاسان نەبوو کاری دەگەڵ بکەن چونکە بەپانەوە دەیانگوت دەگەڵی دەرنابەین. ئەمن بێجگە لە هاوڕێیەتیمان لە دەفتەری سیاسی، دەوری ساڵێکیش لە دەفتەری سیاسیی ژمارە ١ لە ناوەندی کوردستان لە خزمەتی¬دا بووم و بەخۆشییەوە نەشم¬هێشتوە گلەییم بێتەوە سەر، بەڵام هەقە پێی لێ¬بنێم کە دوو جارم بەبیر دێن بۆخۆشم لەبەری بەزیوم:
١-ساڵی ١٣٥٨ لە ماوەی سێ مانگ¬دا دوو جار بۆ چارەسەری هێندێ گیروگرفتی نێو کۆمیتەی شاستانی بۆکان لەلایەن دەفتەری سیاسییەوە چووینە بۆکان و چونکە ڕۆژانە هاتوچۆکەر زۆر بوون کارەکەمان دەخستە دوای شێوخواردن. هەردوو جارەکە سەعات ٤ی بەیانی دەبەزیم و دەمگوت کاک جەلیل ئیزن دەخوازم بڕۆم. ئەمن دەڕۆیشتم و ئەو درێژەی بە کۆبوونەوەکە دەدا کە نازانم بۆ سەعات چەند تەواو دەبوو. با ئەوەش بڵێم کە ئەوکاتە -دوور لە ئێستا- گوڕوتینێکیشم لەبەردا بوو.
٢-ساڵی ١٣٦٢ لە دەفتەری سیاسیی ژمارە ١ لە ناوچەی مەنگوڕی مەهابادەوە بە پێیان دەچووینە دەفتەری ژمارە ٢ لە ناوچەی ئالانی سەردەشت. چونکە ناوچەی نەڵێن بە بنکە و پێگەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەنرابوو ناچار بووین لە چیای «پانەسەر و دووسەر»ەوە هەتا پشتی گوندی «ئەحمەدبریو» کە لە دەست پێشمەرگەدا بوو، بە شەو بڕۆین. مەودایەکە بەکەمەوە ٣ بۆ ٤ سەعاتە ڕێیە و لە جادەی پیرانشار-سەردەشتیشەوە تا پشتی گوندی «ئەحمەدبریو» هەورازێکی کووڕە بە ناوی «هەوارسوێسن». هاوین و گەرما و ڕێگاش کە «کاروانەڕێ» بوو هەتا گوێزینگی بنیادەم تۆزوخۆڵ بوو و ئاویش بۆ خواردنەوە نەبوو، پرزەم لێ¬بڕابوو، چەندجار داوام کرد چەند دەقیقەیەک دانیشین، بە عادەتی خۆی هەر دەیگوت نا کاکە، ورە بەرمەدە هێندەمان نەماوە. ئاخرەکەی گوتم ئەرێ کاک جەلیل منت هەر بۆ ئەم سەفەرە دەوێ یان پێت وایە بۆ وەختی دیکەش بەکەلک دێم؟ دیسان سوودی نەبوو، هەتا خواوڕاستان لە پێگەی «شێلمان» ڕا «نورافگن»ێکان هەڵدا کە دنیای کردە ڕۆژی ڕووناک و کاک جەلیل لەبەر باری ئەمنیەتی دووسێ دەقیقە دانیشت. ماڵیان -لەقەدەر ئەوەندە- ئاوەدان بێ، هەر هەستاین بڕۆین وەڕێ کەوینەوە دیکەشیان دەحەوا کرد و بە هەمووی ٦،٧ دەقیقە دانیشتین و هەناسەیەکم هاتەوە بەر.
دووەم لایەن، پتر باری ئینسانی و دەهەندەیی و کۆمەڵایەتیی هەیە. وا دیار بوو بەتەنیا نانی بە گیانی ناکەوێ. هەمیشە میوانی هەبوو، نەک هەر ئەوانە کە سەریان دەدا. بەڵکوو -بەموناسەبەت و بێ¬موناسەبەت- خەڵکی بانگهێشتن دەکرد، زۆرجار لە جێژنەکان¬دا ژمارەیەکی زۆر لە
کادر و پێشمەرگەکانی بانگهێشتن دەکرد. بە کورتی لە غەمی هەمووان¬دا بوو،و ماڵەکەی «پەنای بێ-پەنایان» و «ئەنوای بێ¬ئەنوایان» بوو.
زۆر جارم گوتوە کەلێنی کەسمان پڕ نابێتەوە، چونکە خەباتەکەمان پێویستیی بە هەوڵ و هیممەتی هەمووانە، بەڵام بەڕاستی کاک جەلیل کەلێنێکی گەورەی بەجێ هێشتوە کە پڕکردنەوەی زۆری دەوێ.
لە پەسنی ئەو پیاوەدا چەندی بگوترێ تەواو نابێ. بۆیە بۆ ئەمجارە بەوەندە واز دێنم و ئاواتەخوازم کۆڕۆنای نەفرەتی، قاتڵی کاک جەلیلی گادانی بە زوویی جارەسەری بنەڕەتیی بۆ پەیدا بێ موخلیسانی ئەو گەورەپیاوە بتوانن ڕێوڕەسمێکی شیاوی بۆ پێک بێنن تالەوێ¬دا زۆرتر یادی سەروەرییەکانی بکرێتەوە چونکە بەڕاستی زۆر بە غەریبی و بێ¬نازی بەڕێ کرا کە ئەمە غەمی هەموو هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانیەتی. ڕووحی شاد و یادی پایەدار.