هەروەک لە بەشی یەکەمی بابەتی “نابەرامبەری لە بەرنامەکانی ئابووری و گەشەیی کۆماری ئیسلامی دا!” دەستمان لەسەر چەند خاڵی گرینگ لە نابەرامبەرییە ئابوورییەکان لە ئێراندا دانا و، هەروەها ئیشارەیەکمان بە چەوساندنەوەی بە بەرنامەی کەمە نەتەوەییەکانی نێو جوگرافیای وڵاتی ئێران کرد و هەوڵمان دا بە پێی هەندێک زانیاری و ئاماری ورد، شێوەی ئەو نابەرامبەرییە دەربخەین، لەو بەشەشداو، لە درێژەی ئەو باسەدا هەوڵ دەدەین کە لایەنی تری چەوساندنەوەی بە بەرنامەی کورد لە ئیراندا باس بکەین.
لە بەرنامەی پێنجەمی گەشەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەشێکی تایبەت بۆ ئەو ناوچە بێ بەش و کەم گەشەکردووانە دانراوە کە کەوتوونەتە دەرهوەی سێگۆشەی هێز و ئابووریی ئیران. خۆرهەڵاتی کوردستانیش بەشێکە لەو ناوچانە کە ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو یاسا و رێسا ئابووری و هاوکاریبەخشینانە تەنیا لەسەر کاغهز ماونەتەوە و هیچ کات نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ چاوبەستنی خەڵک پەنایان بردۆتە بەر چاک کرد نو گەورەکردنی شار و رێگاوبانەکان، بەڵام لەراستیدا دەردی کوردەکان و ئەو ناوچانە کە دوچاری جیاوازی بوون خانوو بەرەو رێگاو بان نیە، بەڵکوو دەردی ئەو خەڵکە نەدارە بەوە چارەسەر دەکرێ کە لەو ناوچانەدا بنکە و دامەزراوەی ئابووری ساز بکرێت بۆ ئەوەی رێژەی بێکاری کەم بێتەوەو خەڵک بتوانن بە ڕەنجی شانی خۆیان بژین.
بەپێی مادەی ١٣٢ له قانوونی بەرنامەی پێنجەمی گەشەی ئێران، حکوومەت بهرعۆده دەبێ کە ٢% ی داهاتی نەوت و گاز بۆ ناوچە دواکەوتووەکانی ئێران تەرخان بکا، لەو داهاتە دەبێ یهک له سێ بۆ ئەو پارێزگایانە تەرخان بکرێ کە نەوت و گازیان هەیە و دوو له سێ بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بکرێ کە کەمترین گەشەکردنیان بەخۆیانەوە دیتوە. ئەو قانوونە چەندین ساڵە لە پەرلەمانی ئێران دێت و دەچێ و تا ئیستا هەوڵێکی جیددی بۆ جێبەجێکردنی نەدراوە.
لە کۆتایی ساڵی ١٣٨٨ دا نووسینگەی سەرکۆماری ئێران راپۆرتێکی بڵاو کردەوە و لەوێدا پارێزگاکانی (سیستان و بهلووچستان، ورمێ، ئیلام، سنە، کرماشان، بوشێهر، خوراسانی جنووبی، لوڕستان، هورموزگان و کۆهکیلویه و بویرئەحمەد) بە دواکەوتووترین پارێزگاکانی ئیران ناو براون. لەو راپۆرتەدا باس لە تایبەتمەندییەکانی پارێزگا پێشکەوتوو و دواکەوتووەکانی ئێران کراوە. خاڵی جێگای سەرنج لەو راپۆرتەدا ئەوەیە کە کرماشان، ئیلام، هورموزگان، بوشێهر و کۆهکیلویه و بویرئەحمەد لەو پارێزگایانەن کە لە نێو خاکی خۆیان دا نەوت و گازیان هەیە، بەڵام ئەوە قازانجێکی ئەوتۆی بۆ ئەو پارێزگایانە نەبووە. هەر بەپێی ئەو راپۆرتە رێژەی هیوا بە ژیان لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ئیلام کەمە و رێژەکە لە نێوان ٦٥% بۆ ٦٦% ساڵە کە بە بەراورد لەگەڵ رێژەی هیوا بەژیانی ئێران کە (٧٣.٥ )ە، % ٨ ساڵی کەمترە، ئەوەش راست بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بەتایبەتی ناوەندە دەرمانی و پزیشکییەکان لەو پارێزگایانە بە ئەندازەی پێویست نین.
نێونجیی داهاتی بنەماڵەیی لە شارەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و سیستان و بهلووچستان ١٥ میلیۆن تمەن لەساڵدایەو ئەو رێژەیە لە دێهاتەکانی ئەو پارێزگایانە کەمترە و داهاتی ساڵانەی هەر بنەماڵەیەک بۆ ٨ میلیۆن تمەن دادەبەزێ. ئەو داهاتانە لە حاڵێکدایە کە نێونجیی داهاتی بنەماڵەیی لە ئیراندا ٢٠ میلیۆن تمەن بۆ هەر بنەماڵەیەک لە شار و ١٢ میلیۆن تمەن لە دێهاتەکانە.
ئەگەر گهشتێکی خێرا بە نێو ئامارە ئابوورییەکانی ئێراندا بکەین دەبینین که لە ساڵی ١٩٩٣دا رێژەی وەبەرهێنان لە پارێزگای ئەلبورز ٢٠٠% زیادی کردوە و لە پارێزگای ئیسفەهانیش ئەو رێژەیە بۆتە ٦٠%، بەڵام بە پێچەوانەوە، رێژەی وەبەرهێنان لە پارێزگا کوردییەکان دا لەو پلانەی کە بۆی دانراوە زۆر کەمتر بۆتەوە ، لە پارێزگای ئیلام لەساڵی ٩٣ دا تەنیا ٣٥٦ کەس و لە پارێزگای سنە ٤٩٠ کەس و لە پارێزگای کرماشان ٥٣٢ کەس لە ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەو پارێزگایانە دامەزراون. ئەو رێژە کەمە ڕاست بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نەبوونی بنکە و دامەزراوەی ئابووری و پیشەسازی لەپارێزگا کوردییەکان بەشێوەیەکە کە خەڵک ناچار دەکەن کە بۆ ناوەندی وڵات کۆچ بکەن.
هەروەک پێشتر باسمان کرد ، بەپێی ماددەی ١٨٠ی قانوونی بەرنامەی پێنجەمی گەشەپێدان، حکوومەت بەرپرسیارە بەرامبەر بە تەرخانکردنی ٢% ی بودجەی وڵات بۆ گەشەپێدانی ناوچە کەم گەشەکردووەکان، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە بوودجەی ساڵی ٩١ دا بەهۆی کەمهێنانی بوودجە حکوومەت خۆی لە دانی ئەو ٢% یە پاراستوە و هەروەها لەساڵانی ٩٢ و ٩٣ دا کە کهمهێنان لە بوودجەی ساڵانەدا دووبارە بۆتەوەو، رێژەکەشی ٢٥٢٢ میلیارد تمەنە، تەنیا بۆ کاروباری بیناسازی کەڵکی لێوەرگیراوە و کەمتر گرینگی بە دامەزراوە ئابوورییەکان دراوە. سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بهرامبهر بە کوردەکان نیشاندەری ئەوەیە کە حکوومەت نایەوێ کوردستان لە ئابووری دا بکاتە ناوچەیەکی خۆژیو.
پارێزگای سنە وەک نموونەی نابەرامبەری
ئەگەر بۆ نموونە بارودۆخی پارێزگای سنە بێنینە بەرچاو دەبینین کە ئاماری بێکاری لەو پارێزگا کوردییەدا بێداد دەکا، رێژەی بێکاری لە شارەکانی پارێزگای سنە ٣١% و له دێهاتەکانیش ٢٣% ە. نوێنەری پارێزگای سنە لە پەرلەمانی ئێران، سالاری مرادی وێڕای ئاشکرا کردنی ئەو ئامارە بۆ ئاژانسی کاری ئێران دەڵێ زۆربەی بێکارەکانی پارێزگاکە ئەو کەسانەن کە لە ئاستی بەرزدا خوێندەوارییان هەیەو بەداخەوە بەهۆی نەبوونی بنکە و دامەزاوەی ئابووری، ئەو رێژەیە رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لە زیادبوونە.
بەپێی زانیارییەکان کارکردن لە کارخانە و کانگاکان دا لەو پارێزگایە ٦.٣% کە بە راوەرد لەگەڵ رێژەی هەموو ئێران کە ٣١.٣% ئەوا رێژەیەکی زۆر لە خوارەوەیە. ئەو رێژە کەمە لە حالێك دایە کە ٣٠٠ کانگا لە پارێزگای سنە کار دەکەن کە ١٨ جۆرە ماددەی جۆراوجۆریان تێدایە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کارگە و شوێنی تایبەت نەتوانراوە کە کەڵك لەو ماددانە وەربگیرێت، هەربۆیە بە خامی دەنێردرێنە دەرەوەی ئەو پارێزگایە و لە کارخانەکانی ناوەندی ئێران کاڵای جۆراوجۆریان لێ بەرهەم دەهێنرێت.
ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکەوە پارێزگای سنە لە ئێران دا لهبارهی ئەو کارگایانەوه کە ١٠ کەس زیاتر کاریان تێدا دەکەن، پلەی ٢٥ هەیە و، هەرەوەها لەو کارگایانە کە ٥٠ کەس زیاتر کاریان تێدا دەکەن پلەی ٢٧ی ههیه. ئەو ژمارانە دەرخەری ئەوەن کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگییەکی بە ئابووریی ئەو پارێزگایە نەداوە.
پارێزگای سنە بۆ پیشەسازی و وزە لە پلەی ٢٩ دایە و، هەروەها لە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی لە ئیراندا پلەی ٢٧ی هەیە. داهاتی سەرانەی ٤.٧ میلیۆن تمهن لە ساڵدایە کە بە بەراورد لەگەڵ نێونجیی ئێران کە ٨.٢ میلیۆنە، زۆر کەمە. بە واتایەکی روونتر ٥٠% کەمتر لە نێونجیی داهاتی سەرانە لە ئێرانی دا هەیە کە بەو رێژەیە سنە لە ئیراندا دهکهوێته پلەی ٢٤.
ئامارەکان نابەرابەرییە ئابوورییەکان لەو پارێزگایە بەنیسبەت ناوچەکانی دیکه نیشان دەدهن، دانیشتووانی پارێزگای سنە نزیک بە ٢ میلیۆن کەسن، کە بە بەراورد دەگەڵ ئەو پاریزگایانە کە حەشیمەتیان زۆر نیە لە ئاستێکی ئەوتۆدا نیە. پارێزگای سنە لە زۆربەی هەرە زۆری پلەکانی ئابووریدا لە خوارترین پلەکاندا جێگای گرتوە، ئەوە لە حالێکدایە کە پارێزگا ناوەندییەکان لە پلە باڵاکانی ئابووری ئیراندا جێگایان گرتوە.
ئەگەر بەکورتی لێکدانەوەیەک بۆ ئەم بابەتەی سەرهوە بکەین، دەبینین کە دەسەڵاتدارانی ئێران، هەمیشەو لەهەر بوارێکداو ئەوەندەی لە توانایاندا بووە، هەوڵیان داوە کە مافهکانی کورد لە کوردستانی ئێران زەوت بکەن، هەمیشە بە دیدێکی ئەمنییەتییەوە سەیری کوردستانیان کردوەو وایان بیر کردۆتەوە کە کوردەکان لەسەر ئەم خاکە میوانن. هەر ئەو بیرکردنەوەشە کە کوردەکانی لە پێشکەوتنی ئابووری لە ئیران بێبەش کردوە و کەمترین بەشیان لەو بوارەدا بەرکەوتوە.
لە ژماره ٦٦٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه