دوای رێککه‌وتنی ناو‌کی، به واتایه‌ک مه‌ترسیی هێرشی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێران زۆر که‌متر بۆته‌وه و ده‌توانین بڵێین که له کورتماوه دا له ئارادا نه‌ماوه.
زۆرن ئه‌و شرۆڤه‌کارانه که پێیان وایه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا له ئاسۆی داهاتووی دا ئه‌و بڕیاره‌ی داوه که له دیواری بێ‌متمانه‌یی نێوان خۆی و ئێران که‌م بکاته‌وه و له‌گه‌ڵ ئێران هاوکاری بکا. گرینگیی ئه‌و فاکته‌ره له‌وه‌دایه که ئه‌مریکا له سه‌رووی هێره‌می سیستمی نێونه‌ته‌وه‌یی جێ ده‌گرێ و جارانیش که مه‌ترسیی هێرشی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێران له ئارادا بوو، له لایه‌ن ئه‌مریکاوه یان به پشتیوانی ئه‌مریکا بووه.
یه‌کێک له‌و ئیستدلالانه‌ی له‌م پێناوه‌دا ده‌خرێنه روو ئه‌وه‌یه که ئه‌مریکا، چین به ڕکه‌به‌ری سه‌ره‌کیی داهاتووی خۆی ده‌زانێ و بۆ ئه‌مه‌ش قورسایی سه‌رنجی خۆی بۆ لای زه‌ریای هیند و ئارام ده‌گوازێته‌وه. ئه‌مریکا بۆ جێبه‌جێ‌بوونی ئیستراتیژی گواستنه‌وه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا، پێویستیی به هاوکاریی وڵاتێکی “سه‌قامگیر”ی وه‌ک ئێران هه‌یه. دوو هۆکاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت و خۆدابین‌کردنی ئه‌مریکا له رووی وزه‌وه له ساڵانی داهاتوودا، بایه‌خی رۆژئاوای ئاسیای بۆ ئه‌مریکا هێناوه‌ته خوارو پراکتیزه‌کردنی ئه‌و ستڕاتێژییه‌ی سه‌ره‌وه ئاسانتر ده‌کا.
له پاڵ گۆڕانی ستڕاتێژیی ئه‌مریکا و دوکترینه تازه‌کانی ده‌زگای “حاکمه”ی ئه‌و وڵاته، ئێران توانیویه‌تی پێگه‌یه‌کی کاریگه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی نێوڕاست بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر بکا و ته‌نانه‌ت وه‌ک هێزێکی گه‌وره ده‌جووڵێته‌وه.
له بیاڤی نێوخۆیی ئێران‌دا “ئارامی” هه‌یه و لانیکه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئه‌کتیڤی مه‌یدانی که ته‌نگی به کۆماری ئیسلامی هه‌ڵچنیبێ له‌ئارادا نیه؛ بزووتنه‌وه‌یه‌کی “بالفعل” که ئه‌و ئارامییه‌ی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ده‌کا، بشێوێنێ و تێکی بدا. هه‌مووی ئه‌مانه‌ش وایان کردوه که نه ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، به‌ڵکوو زۆر که‌سی دیکه‌ش، ئێران به دوڕگەیەکی ئارام له ده‌ریا‌ی پڕکێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین دا بزانن.
گریمانه‌ی ئه‌و وتاره ئه‌وه‌یه که سه‌قامگیری و ئارامیی ئێرانی بنده‌ستی کۆماری ئیسلامی، پته‌و و پایه‌دار نیه و کۆمه‌ڵێک ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی له به‌رده‌م دایه و به‌م پێیه‌ش نابێ ئه‌گه‌ری گۆڕان به‌دوور بزانین.
1- ره‌زایه‌تی خه‌ڵک مه‌رجی سه‌ره‌کیی به‌هێزبوونی حکوومه‌ته‌کانه. به‌شێکی گه‌وره‌ی خه‌ڵکی ئێران له سیستمی زاڵ ناڕازین و ئه‌وه که ئه‌و سیستمه تا ئێستا ده‌وامی هێناوه بۆ کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری دیکه ده‌گه‌ڕێته‌وه که جێگه‌ی باسیان ئێره نیه. له ئێران‌دا که‌لێنێکی گه‌وره له نێوان خه‌ڵک و حکوومه‌ت دا هه‌یه؛ به‌م هۆیه‌وه سیستمی زاڵ خاوه‌نی “اقتدار”ێکی راسته‌قینه نیه. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی قه‌یراناوی و ناڕازییه که هه‌ڵگری ئه‌گه‌ری رووداوی چاوه‌ڕوان‌نه‌کراوه. زه‌بروزه‌نگ و ترس ناتوانێ سه‌قامگیرییه‌کی پایه‌دار بۆ حکوومه‌ته‌کان به‌دیاری بێنێ. ئه‌و حکوومه‌تانه‌ی له رێگه‌ی ترساندنه‌وه خۆیان به سه‌ر خه‌ڵک دا فه‌رز ده‌که‌ن، له‌راستی‌دا بنه‌مایه‌کی له‌رزۆکیان هه‌یه و له ساته هه‌ستیاره‌کان‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که تووشی ئاسته‌نگی گه‌وره بن.
2- ئێران له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی ئابووری به‌ره‌وڕوویه. نامه‌ی چوار وه‌زیره‌که‌ی رووحانی که وریایی ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر داته‌پینی ئابووری چاره‌سه‌ر نه‌کرێ، ئه‌گه‌ری گۆڕانی بۆ کێشه‌یه‌کی ئه‌منییه‌تی هه‌یه، ده‌رخه‌ری قووڵایی ئه‌و قه‌یرانه‌یه. روحانی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی ده‌دا که له ماوه‌ی چه‌ند مانگ دا سه‌روسامان به دۆخی ئابووریی ئێران ده‌دا. ئێستا کە زیاتر له دوو ساڵ له هاتنەسه‌رکاری تێپه‌ڕیوه، نه ته‌نیا ئه‌و داته‌پینه چاره‌سه‌ر نه‌بووه، به‌ڵکوو قووڵتریش بۆته‌وه. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئابووری‌زانان ده‌ڵێن هاتنه‌ده‌ری ئابووریی ئێران له وه‌ستان له ساڵی 93دا، هاتنه‌ده‌رێکی راسته‌قینه نه‌بوو؛ چونکه به‌شی راسته‌قینه‌ی ئابووریی ئێران(به‌شی به‌رهه‌مهێنان) هه‌ر له راوه‌ستاوی‌دا بوو.
له‌م دواییانه دا ده‌وڵه‌ت پاکێجێکی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی “تقاضا” بۆ 5 مانگی داهاتوو پێشکه‌ش کردوه که له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی ئابووری‌زانان به‌ره‌وڕوو بۆته‌وه. ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌و پاکێجه ته‌نیا هێورکه‌ره‌وه‌یه‌کی کاتیه. ده‌وڵه‌ت به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی ئابووری نیه و هه‌ر له جێ‌دا له نێوان تیمی ئابووریی ده‌وڵه‌ت دا هه‌ماهه‌نگییه‌کی باش به‌دی ناکرێ.
ئێران پۆتانسیه‌لێکی باشی ئابووریی هه‌یه. خه‌ڵکی خوێنده‌وار، هێزی کاری هه‌رزان، سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی وزه و …له‌و فاکته‌رانه‌ن کە ده‌توانن یارمه‌تیده‌ری ئێران بن بۆ ده‌رهاتن له‌و قه‌یرانه ئابوورییه. به‌ڵام که‌ڵک‌وه‌رگرتن له‌و پۆتانسیه‌لانه پێویستیی به ناسینی دروستی نه‌خۆشییه‌کانی ئابووریی ئێران، به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه و چاکسازی پێکهاته‌یی هه‌یه و هیچکام له‌وانه‌ش به‌بێ ئیراده‌یه‌کی میللی و تیمێکی کارامه‌ی ئابووری جێبه‌جێ نابن.
3- قه‌یرانی که‌م‌ئاوی یه‌کێک له قه‌یرانه مه‌ترسیداره‌کانی ئێرانه که هه‌تا ئێستا حکوومه‌ت بایه‌خێکی شیاوی پێ نه‌داوه. هاورده‌کردنی ئاو، گۆڕینه‌وه‌ی ئاو به وزه‌ی کاره‌با، کۆچی سه‌دان گوند له‌به‌ر بێ‌ئاوی، تۆفانی خوێ و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی نێوخۆیی نێوان ناوچه جۆراوجۆره‌کان له سه‌ر پرسی ئاو، له‌و سه‌ردێڕانه‌ن که مه‌ترسیداربوونی قه‌یرانی ئاو له ئێران‌دا ده‌رده‌خه‌ن.
به هۆی خراپیی به‌ڕێوه‌بردن و لێ‌نه‌زانیی کاربه‌ده‌ستان، ئێران تووشی قه‌یرانێکی مه‌ترسیداری کەم ئاوی بووه که ئه‌گه‌ر بێت‌و به ئیراده‌یه‌کی سیاسی و میللی مودیرییه‌ت نه‌کرێ، مه‌ترسییه‌که‌ی بۆ سه‌ر ئێران له قه‌یرانی ئابوورییش زیاتره.
قسه‌ی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه که هه‌رچه‌ند مه‌ترسیی هێرشی ده‌ره‌کی لانیکه‌م له قۆناغی هه‌نووکه‌یی دا له سه‌ر ئێران نه‌ماوه، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی گه‌وره هه‌ن که ده‌توانن ئێران له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نێوخۆیی به‌ره‌وڕوو بکه‌ن.
لە ژماره ٦٦٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه