وەرگێر: مەسعود رەواندوست
نزیک بوونەوەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی رووسیە لە پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی لە نزیک نیمچە دوڕگەی کۆریا و هەروەها تێپەڕبوونی پاپۆڕی شەڕکەری ئەمریکی بە نزیک دوڕگە دەستکردەکانی چیندا لە دەریای باشووری ئەم وڵاتە و بە دوای ئەودا هۆشداریی چین بە ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا چەند رووداوێک بوون کە ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان دانی بەخۆدا نەگرتبا لەوانەبوو شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی دوو لایەنی لێ بکەوێتەوە. پەرەسەندنی ڕووداوی وەک نزیک بوونەوەی فڕۆکە و پاپۆڕ و ژێردەریاییەکانی هێزە گەورەکان لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی لایەنی بەرامبەر لە یەک دوو ساڵی رابردوودا بە هەڵکەوت نەبووە و بە دڵنیاییەوە پێوەندییەکی بە مەسەلەی ئۆکراین، سووریە و کێشمەکێشەکانی دەریای باشووری چینەوە هەیە، ئەگەرچی رادەی گرژییەکانی نێوان هێزە گەورەکان لەم ساڵانەی دواییدا زۆر کەمتر بووە لە سەردەمی شەڕی سارد، بەڵام بە وەبەرچاوگرتنی گرفت و ناکۆکییەکانی هێزە گەورەکان و سەرهەڵدانی هێزی نوێ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا دەکرێ ئەم رووداوانە بە دەسپێکی شەڕیکی ساردی نوێ و مەترسیدارتر لە شەڕی ساردی پێشوو بزانین. ئەگەرچی ئێستا ناکۆکییە ئیدئۆلۆژیکە توندەکانی وەک دژایەتیی لیبرالیزم و کۆمۆنیزم لە شەڕی ساردی پێشوودا نیە، بەڵام ئاڵوگۆڕی لەسەرەخۆی هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا و ناکۆکییە ئەرزی، نەتەوەیی، قەومی و مەزهەبییەکان دوو هۆکاری سەرەکیی پەرەسەندنی گرژییەکان لە جیهاندان کە ڕەنگە بەرەبەرە جیهان بەرەو شەڕێکی ساردی نوێ ببەن کە لە درێژەدا بە کورتی باسێکیان لێ دەکەین:
١ــ گۆڕانی هاوکێشەی هێزی وڵاتەکان:
گەشەی خێراتری ئابووریی چین و وڵاتانی جیهانی سێهەم وەک هیند، پاکستان، برازیل، تورکیە، عەرەبستان و … بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی و هەروەها لەباربوونی هەلومەرجی گەشە و پەرەسەندنی ئابووری لەم وڵاتانەدا بەرەبەرە مەودای نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و بەهێزی جیهان لەگەڵ وڵاتانی جیهانی سێهەم کەم دەکاتەوە و کەم بوونەوەی مەدوای ئابووری و تێکنۆلۆژیک و بە دوای ئەودا کەم بوونەوەی مەودای هێزی نیزامی دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوکێشەی هێز لە جیهانداو، هەتا ئەم مەودایە کەمتر بێتەوە هاوکێشەکە زیاتر تێک دەچێ و لە ئاکامدا لایەنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان یان وەدەستهێنانی پشکی زیاتر لە هێز و دەسەڵاتی جیهانی لەگەڵ یەکتر تووشی گرژی و ئاڵۆزی دەبن کە لە دوو دەیەی رابردوودا دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤییەت و گۆڕانی هەلومەرجی سیاسیی جیهان و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد لە نێوان بلۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاوادا گرژییەکان بە شێوە و هۆکاری تازەوە بەرچاو دەکەون.
ئەم ئاڵوگۆڕانە ئەگەرچی بە بەراورد لەگەڵ قەبارەی ئابووریی وڵاتەکان کەمن، بەڵام بەرەبەرە بە تێپەڕینی کات ئاڵوگۆڕەکان ئەوەندە گەورە دەبن کە دەکرێ بڵێین جێگە و پێگەی ئێستای زۆربەی وڵاتانی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی جیهانی سێهەم دەگۆڕێ، بۆ وێنە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرهەمی پوختەنەکراوی نێوخۆیی هیندوستان نزیک بە ٢٠٠٠ میلیارد دۆڵار و وڵاتی بریتانیا نزیک بە ٢٩٠٠ میلیارد دۆڵار بووە کە دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی گۆڵدمەن ساکس پێشبینیی ئەوەی کردوە هەتا ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمی پوختەنەکراوی هیند بگاتە نزیک ٢٤٩٠٠ میلیارد دۆڵار و وڵاتی بریتانیا بگاتە نزیک ٥٦٩٠ میلیارد دۆڵار. ئەم ئاڵوگۆڕە بە ڕادەیەک گەورەیە کە هەتا ساڵی ٢٠٥٠ ئابووریی هیند لە کۆی ئابووریی وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە و رووسیە گەورەتر دەبێ و ئەم پرسیارە دێتە گۆڕێ کە داخوا وڵاتی هیندوستان قەبووڵ دەکا بریتانیا و فەرانسە و رووسیە وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بمێننەوە و بەشێکی زیاتریان لە هێز و دەسەڵاتی سیاسیی جیهان پێ ببڕێ؟! نموونەیەکی دیکە وڵاتی چینە کە ساڵی ٢٠١٤ بە بەرهەمی پەختەنەکراوی نێوخۆیی نزیک بە ١٠٣٠٠ میلیارد دۆڵار دوای ئەمریکا بە ١٧٤٠٠ میلیارد دۆڵارەوە، گەورەرترین ئابووریی جیهان بوو، بەڵام بە پێی پێشبینییەکانی دامەزراوەی گۆڵدمەن ساکس لە ساڵی ٢٠٥٠دا بەرهەمی پوختەنەکراوی نێوخۆیی ئەم وڵاتە دەگاتە ٥٢٦٢٠ میلیارد دۆڵار کە لە کۆی بەرهەمی پوختەنەکراوی وڵاتانی ئەمریکا (٣٤٥٠٠ میلیارد دۆڵار) و رووسیە (٨١٠٠ میلیارد دۆڵار) و ژاپۆن (٧٣٧٠ میلیارد دۆڵار) زیاتر دەبێ و بە دڵنیاییەوە چین هێزی ئابووری و نیزامیی خۆی بۆ زیادکردنی پێگەی سیاسی و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان بەکاردێنێ و ئەم مەسەلەیە بۆتە هۆی ترس و نیگەرانیی هێزە گەورەکان.
پێویستە بگوترێ کە هێزی نیزامی و ئابووریی پێوەندیی راستەوخۆیان دەگەڵ یەکتر هەیەو هەر وڵاتێک ئابوورییەکی بەهێزتری هەبێ، دەتوانێ سەرمایەی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵ بکا (دیارە دەبێ لەسەرتربوونی تێکنۆلۆژیش وەبەرچاو بگیرێ). وڵاتی چین لە چەند دەیەی رابردوودا وێڕای گەشەی ئابووری، بودجەی نیزامیی خۆشی زیاد کردوە و ئێستا دوای ئەمریکا بە ٥٢٧ میلیارد دۆڵارەوە (سەرچاوە: دامەزراوەی گلۆبال فایر پاوەر، ساڵی ٢٠١٤) بە بودجەی نیزامیی ١٤٥ میلیارد دۆڵار لە پلەی دووهەم و وڵاتی رووسیە بە بودجەی ٦٠ میلیارد دۆڵار لە پلەی سێهەمدایە. دیارە ئەگەرچی رووسیە بودجەی نیزامیی زۆر لە چین کەمترە، بەڵام بەهۆی تێکنۆلۆژیی نیزامیی لەسەرتر بە بەراورد لەگەڵ چین زۆر بەهێزترە، بەڵام بێگومان هەروەک لە ساڵانی رابردوودا مەودای تێکنۆلۆژیکی نێوان چین لەگەڵ ئەمریکا و رووسیە کەمتر بۆتەوە، لە ساڵانی داهاتووشدا بە هۆی تەرخانکردنی سەرمایەی زیاتر لە بەشی لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیدا ئەم مەودایە کەمتر دەبێتەوە و چین بەرەبەرە جێگەی رووسیە دەگرێتەوە، بەڵام زۆربەی کارناسانی نیزامی ئەوە بە دوور دەزانن کە چین هەتا ساڵی ٢٠٥٠ لەباری نیزامییەوە وەپێش ئەمریکا بکەوێتەوە، بەڵام هەروەک گوترا ئەم ئاڵوگۆڕانە لە پێگەی ئابووری و نیزامیدا دەبێتە هۆی گۆڕان لە هەڵسوکەوت و سیاسەتی وڵاتەکاندا.
٢ــ ناکۆکییە عەرزی، نەتەوەیی، قەومی و مەزهەبییەکان: ئەگەرچی بوونی ناکۆکیی عەرزی بە تەنیایی هۆکاری شەڕ و کێشمەکێشەکان نەبووە، بەڵام هەمیشە وەک یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕ و هێندێک جار بیانووی سەرەکیی شەڕەکان بووە. دوای شەڕی دووهەمی جیهانی، شەڕەکانی پاکستان و هیند، ئارژانتین و ئینگلستان، ئەرمەنستان و ئازەربایجان و … زیاتر بە هۆی ناکۆکییە عەرزییەکان بووە و لە زۆربەی نموونەکاندا ئەگەر ناکۆکیی عەرزی نەبا هیچ شەڕێک رووی نەدەدا. لێرەدا تەنیا ئاماژە بە ناکۆکییە عەرزییەکانی چین لەگەڵ دراوسێیەکانی لەسەر دەریای باشووری چین دەکەین کە بێگومان بەهۆی گرنگیی ئەم دەریایە و هەروەها بوونی چین وەک لایەنی سەرەکیی ناکۆکییەکە، یەکێک لە گەورەترین و مەترسیدارترین ناکۆکییە عەرزییەکانی جیهانە کە ئەگەر چارەسەر نەکرێو گرژییەکان زیاتر بن، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرین هەیە کە رەنگە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەموو جیهان بگرێتەوە. دەریای باشووری چین لە دوای ئۆقیانووسەکان گەورەرین ناوچەی ئاویی جیهانە کە بەهۆی ئابووری و ئەمنییەتییەوە گرنگییەکی لەڕادەبەری هەیە. ناکۆکییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی وییەتنام، فیلیپین و مالێزی لەسەر ئەم دەریایە رۆژ لە دوای رۆژ پەرەدەستێنێ و ئەمریکاش بە بیانووی پارێزگاری لە مافی پاپۆڕەوانیی ئازاد و دابینکردنی ئەمنییەتی ناوچەکە هاتۆتە نێو کێشەکەو هێندێک گرژیی لە پێوەندییەکانی چین و ئەمریکادا پێک هێناوە کە نموونەکەی لە چەند رۆژی رابردوودا تێپەڕبوونی پاپۆڕێکی نیزامیی ئەمریکا لەم ناوچەیە بوو کە لە راستیدا مەبەستی ئەمریکا کۆنترۆڵ کردنی ناڕاستەوخۆی چین لە رێگەی هاوسەنگیی هێزەوەیە و بە پشتیوانیی نیزامی لە وڵاتانی دراوسێی چین دەیهەوێ چین بە کێشە ناوچەییەکانەوە سەرقاڵ بکا بۆ ئەوەی نەتوانێ زۆر دەست لە کاروباری نێونەتەوەیی وەربدا و هەروەها بە بەئەمنییەتی کردنی ناوچەکە تا رادەیەک زیان بە ئابووریی چین بگەیەنێ، لەبەر ئەوەکە وڵاتانی دراوسێی چین خوازیاری ئەوەن پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ چین پەرەپێ بدەن، چونکە ئەوە بە قازانجی ئەوانیشە، لە لایەکی دیکەشەوە لە زیاتربوونی هێزی نیزامی و ئابووریی چین نیگەرانن و ئەوە بۆ ئابووریی چین باش نیە.
نموونەی بەرچاوی ناکۆکییە نەتەوەییو قەومی و مەزهەبییەکان، وڵاتی سووریەیە کە بۆتە شوێنێک بۆ خۆتاقیکردنەوە و شەڕی هێزە جیهانی و ناوچەییەکانو، بێگومان ئەگەر هەر لە سەرەتاوە سنوورەکانی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمایەکی دیکە داڕێژرابا یان لە چەند دەیەی رابردوودا دێموکراسی لەم وڵاتەدا سەقامگیر ببا، ئێستا دەوڵەت و خەڵکی سووریە باجی ناکۆکییەکانی هێزە گەورەکانیان نەدەدا. وێککەوتنە بچووکەکانی هێزی نیزامیی وڵاتە گەورەکان بۆیە جێگەی نیگەرانین چونکە ناکۆکییە عەرزی، میللی و قەومییە چارەسەر نەکراوەکان لە جیهاندا وەک بۆشکەیەکی باڕووتن کە تێکهەڵچوونێکی بچووک دەتوانێ ببێتە هۆی تەقینەوە و لە کۆنترۆڵ چوونەدەرێی بارودۆخەکە.
بە گوێرەی نیشانەکان ئەمریکا نایهەوێ جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی لە جیهاندا لەدەست بدا و لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتانی رووسیە، چین، هیندوستان، پاکستان، برازیل، ژاپۆن و ئاڵمان و … یش لەدوای دەستەبەرکردنی پێگەیەکی ئابووری و نیزامیی باشترن. هەروەها بەرژەوەندی وڵاتانی جیهان ئەوەندە بە یەکەوە بەستراوەتەوە کە ناکرێ زۆربەی وڵاتانی جیهان بخەینە دوو دەستەی دۆست و دوژمنەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئاڵۆزتربوونی کێشەکە و، بە گۆڕانی بەرەبەرەی هاوکێشەی هێز لە جیهاندا شاهیدی پەرەسەندنی گرژی و تەنانەت سەرهەڵدانی دەستەبەندیی گەورە دەبین کە روودانی شەڕێکی ساردی دیکە یان تەنانەت شەڕی سێهەمی جیهانیی زۆر دوور لە عاقل نەیێتە بەرچاو، مەگەر ئەوەیکە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و پێکهاتەی سیاسیی جیهان و بنیاتە نێودەوڵەتییەکان سەر لە نوێ و لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی هەموو ئینسانەکان و میللییەت و ئایینەکان دابڕێژرێتەوە، نەک لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵاتی چەند وڵاتێک.
(سەرچاوە: ئامارە ئابوورییەکانی ساڵی ٢٠١٤ی بانکی جیهانی)
لە ژماره ٦٦٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه