دوێنی ١ی نوامبەری ساڵی ٢٠١٥، هەڵبژاردنی پارڵمانیی سێ مانگی پێشووی تورکیە دووبارە کرایهوە. حیزبی داد و گەشەپێدان (AKP) که لە ساڵی ٢٠٠٢وه حیزبی دەسەڵاتداری تورکیەیه بە هۆی سەرکەوتن لەو هەڵبژاردنەدا دەتوانێ بۆ ٥ ساڵی دیکە حیزبی دەسەڵاتدار بێ. حیزبی دێموکراتیکی گەلان (HDP) کە حیزبێکی نزیک لە کوردەکانە، بە بهراورد لهگهڵ هەڵبژاردنی پێشوو، نزیکهی ٢٠ کورسیی پارلمانی لەدەست دا و لە ٨٠ کورسییهوه بۆ ٥٩ کورسی دابەزی. لەم وتارەدا ههوڵ دهدهین باس لە کاریگەریی ئەو هەڵبژاردنە لە داهاتووی پرسی کورد لە تورکیە و هەروەها کاریگەری لەسەر پێگەی تورکیە بکەین.
پرسی کورد و هەڵبژاردنی پارڵمانی
دوای دابەزینی کورسییهکانی هەدەپە، رەنگە له دوو ڕوانگهوه لێکدانەوە بۆ داهاتووی ئەو حیزبە بکرێ. ڕوانگەیەک خەستتربوونی شوناسی کوردیی هەدەپە بە ڕێگای چارەسەر دەزانێ. واتە کەسانێک باس لەوە دهکەن کە باشترە هەدەپە زیاتر جەخت لەسەر کوردستانی و کوردبوونی خۆی لە تورکیە بکاتهوه و زیاتر وەک حیزبێکی لۆکاڵی رۆل بگیڕێ،نه وەک حیزبێکی کورد ــ تورک و سەراسەری. ئەو ڕوانگەیە ڕاست بوو ئەگەر دەنگی هەدەپە لە پارێزگا کوردنشینەکانی وەک دیاربەکر، وان، مێردین، ئاگری و … کەمی نەکردبا. بە پێی ماڵپەڕی حورییەت، هەدەپە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە دیاربەکر زیاتر لە ٧٩%ی دەنگەکان بەڵام ئەمجارە دهوری ٧٣%ی دەنگەکان؛ لە وان جاری پێشوو زیاتر لە ٧٨%ی دەنگەکان بەڵام ئەمجارە دهوری ٦٦%ی دەنگەکان و لە مێردین جاری پێشوو زیاتر لە ٧٤%ی دەنگەکان و ئەمجارە تەنیا ٦٨%ی دەنگەکانی هێناوەتهوه.
ڕوانگەی دووهەم ئەوەیە کە پێویستە هەدەپە بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر ببێ بە حیزبێکی سەراسەری. دەنگەکانی هەدەپە لە زۆر لە پارێزگاکانیش کە زۆرینەی تورکیان هەیە دابەزیوە. بۆ نموونە دەنگەکانی هەدەپە لە ئیستانبۆل بە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو نزیک لە ١.٥ % کەمی کردوە. هەروەها دەنگەکانی هەدەپە لە ئانکارا نزیک 1% کەمی کردوە.
کەوایە دەنگەکانی هەدەپە لە سێ مانگی ڕابردوودا بە هۆی هەلومەرجی ئەمنییەتی لە زۆرینەی پارێزگاکانی تورکیە دابەزیون. ئەوەش واتای ئەوەیە که ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی هەدەپە ئامادەن لە هەلومەرجی جیاوازدا لایەنگری و دەنگیان بگۆڕن. بەشێکی ئەو بارودۆخە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەدەپە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی نیە هەتا پێوەندی و بەستراوەییەکی ریشەییتر لە نێوان خۆی و لایەنگرانیدا دروست بکا. بەشێکی دیکەشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە هەدەپە لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکان و میدیاکاندا زیاتر بە دژایەتی دهگهڵ حیزبی دەسەڵاتدار بۆ خەڵک ناسراوە. هەدەپە دەتوانێ لە چەند ساڵی داهاتوودا بە پرۆژەی جۆراوجۆر و بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی یاسایی و سیاسیی خۆی لایەنگر پەیدا بکا.
بردنەوەی جاری پێشووی هەدەپە بۆ زۆربەی خەڵک چاوەرواننەکراو بوو، هەڵبەت دابەزینی ئەمجارەی دەنگەکانیشی هەر چاوەروانکراو نەبوو. هەدەپە پێویستە حیزبێک بێ کە بە چالاکیی زیاتر ئاسۆی سیاسیی خۆی سەقامگیرتر بکا و زیاتر لەوەی کاردانەوەی سیاسەتی حیزبەکانی دیکە بێ، خۆی بەرهەمهێنەری جیهانبینی، هەڵسوکەوت و رێگەچارەی سیاسیی نوێ لە تورکیە بێ. بوێربوونی دهمیرتاش و هەدەپە بۆ زۆر لە خەڵکی تورکیە دڵخۆشکەرە، بەڵام زیاتر لە کەسێکی بوێر، خەڵکی تورکیە پێویستییان بە کەسانێکە که بەڵێنی قازانجی ماددی و داهاتووی باشتر بدهن.
حیزبی دەسەڵاتدار و تورکیە
نە خەڵک و نە خودی ئەندامانی ئاکەپەش، دۆڕاندنی جاری پێشووی ئەو حیزبە لە یاد ناکەن. حیزبی دەسەڵاتدار هەوڵ دەدا گەرانتیی ئەوە بکا کە ئەو حیزبە بۆ جارێکی دیکە و ٥ ساڵی داهاتوو زۆرینەی پارڵمان لەدەست نهدا. لە لایەکی دیکە ئۆپۆزیسیۆنیش چالاکتر دەبێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاکەپە شکست بدا. دهگهڵ ئهوهی وا وێدهچێ که کۆمەڵگەی تورکیە و سیاسەتی تورکیە بەرەو پلووڕالیزەبوونی زیاتر بچێ، بهڵام سیاسەت لهو وڵاته جگە لە بابەتی هەڵبژاردنی ئەو حیزبە یان ئەو کەسە، بۆته دژایەتی و ڕق لە فلانە حیزب و فڵانە کەس. لە بریتانیا ئەگەر کەسانێک دەنگیان بە دێڤید کامێرۆن نەدابێ نەفرەتیان له کامێڕۆن نیە و تەنیا ئەویان بۆ ئەو پۆستە پێ باش نەبووە. بەڵام لە تورکیە ئەگەر کەسێک دەنگی بە ئاکەپە نەدابێ بە ئەگەری زۆر ئەو کەسە نەفرەتی لە ئەردۆغان و داوودئۆغڵوو هەیە. هەروەک تورکیە بەسەر بەشی ئاسیا و بەشی ئورووپا، بەرەی ئیسلامییەکان و بەرەی سیکۆلارەکاندا دابەش بووە ، کۆمهڵی تورکیەش پلووڕالیزە دەبێ و حیزبایەتی دەبێ بە بەشێک لە شوناسی هاونیشتمانێکی تورکیە.
هۆکاری پلووڕالیزەبوونی کۆمەڵگە و سیاسەتی تورکیە زۆرن، بەڵام یەک لەوان ئەوەیە ئاکەپە ئاڵتێڕناتیوی سیاسی نیە و حیزبەکانی دیکە زیاتر لەوە ئاڵتێرناتیو بن (بە واتای هەبوونی بەرنامەی جیاواز)، دژبەری ئاکەپەن. بۆ نموونە سیاسەتی دوو حیزبی گەورەی دیکە، مەهەپە و جەهەپە، بەنیسبەت پرسی کورد چی بووە؟ ئەو دوو حیزبە بە شێوەی گشتی جگە لە دژایەتیی سیاسەتی ئاکەپە بە نیسبەت کورد، خۆیان هیچ ئاڵتێرناتیو و رێگەچارەیەکیان بۆ مهسهلهی کورد نەبووە.
ئەکەپەش ئەگەرچی ١٤ کورسیی کەمە بۆ ئەوەی بتوانێ بە تەنیایی رێفراندۆم بەڕێوە بەرێ و سیستمی سیاسیی تورکیە لە پارڵمانیڕا بۆ سەرکۆماری بگۆرێ، بەڵام نەبوونی دەسەڵاتی یاسایی پێویست، نابێتە هۆی ئەوە که ئەو حیزبە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بۆ خزمەت بە ئایدیاکانی خۆی تەرخان نەکا.
ئاکام گیری
هەدەپە پێویستە بە کەڵکوەرگرتن لە دەرهتانی یاسایی و پێگەی پارڵمانیی خۆی زیاتر لە نێو کۆمەڵگەی تورکیە جێی خۆی بکاتەوە و ببێ به وهزنهیهکی سیاسی له کۆمهڵگهی تورکیەدا. ئاکەپە بە بێ دهستبهرداربوون له ئهردۆغان زۆر دژوارە به سیاسەتی نێوخۆیی خۆیدا بچێتهوهو، کۆمەڵگەی تورکیە زیاتر چەند جەمسەری دەکا. ئاکەپە چەند ساڵە ئیتر به مۆدێلی سەرکەوتووی حیزبێکی ئیسلامی لە ناوچە لەقەڵەم نادرێ و هەر بۆیە لەمەودواش بۆ گارانتیکردنی دەسەڵاتداریی خۆی زیاتر پشت بە ئیمکاناتی ئابووری و سیاسی دەبەستێ.
سەرچاوە:
http://www.hurriyetdailynews.com/reelection/results
لە ژماره ٦٦٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه