ڕۆژی سێزدەی خەزەڵوەری ١٣٥٨ی هەتاوی ڕێکهوتی ٤ی نوامبری١٩٧٩، دەستەیەک لە بەناو خوێندکارانی پەیرەوی خەتی ئیمام! هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و ئەو شوێنەیان داگیرکرد. ههرچهند بە پێی هەموو یاسایەک باڵوێزخانەی هەر وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکە پارێزراوەو دەبێ وەک خاک و نوێنەرایەتیی سیاسیی ئەو وڵاتە ڕێزی لێبگیرێ، خومەینی وەک دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، ئەو هێرش و داگیرکردنەی وەک”شۆڕشێکی مەزنتر لە شۆڕشی یەکەم” لەقەڵەم داو ئەو کردەوەیەی بەرز نرخاند. بەم شێوەیە ڕێژیمی تازەبەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی بەڕاشکاوی بە کۆمەلگهی جیهانیی ڕاگەیاند کە لە بنەڕەتڕا پابەندی تەنانەت سەرەتاییترین یاساکانی باو لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا نیە. ئەو قەیرانە کە بە “قەیرانی بارمتەکان” ناوی دەرکرد و ٤٤٤ ڕۆژی خایاند، لە ٣٠ی بەفرانباری ١٣٥٩(٢٠ژانویەی١٩٨١)دا بە دهرچوونی پەیماننامەیەک کە لە ئەلجەزایر لە لایەن کۆماری ئیسلامی و ئەمریکاوە ئیمزا کرا، کۆتایی پێهات.
لەڕاستیدا ئەوقەیرانە ململانهی و دژایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی خستە قۆناغێکی تازەوە کە تا ئێستا زەرەو و زیانێکی لەئەژمارنەهاتووی لە هەموو بوارەکاندا لە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران داوە. داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەگەڵ مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیە لەلایەن کۆمەڵگهی جیهانییەوە بەرەوروو بوو. دەوڵەتی ئهمریکاش لە یەکەم کاردانەوەدا باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتەکەی وەدەرناو دەستی بەسەرهەموو داراییەکانی ئێراندا گرت کە وەک دەڵێن زیاتر لە ١٢٠میلیارد دۆڵار بووە.
پاش تێپەرینی ٣٦ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، هەروەک دیتمان و دەبینین، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی زۆر بە چڕی و پێداگرتر لە ڕابردوو سیاسەتی دژایەتی دەگەڵ ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی درێژە پێدەداو لەوپێناوەدا لەهیچ چەشنە کردەوەیەک، تەنانەت ئەگەر بە زیانی خەڵکی ئێرانیش بێ، خۆ نابوێرێ. ئەو ڕێژیمە، مانو بوونی خۆی لە سازکردنی شەڕو قەیران و ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردان لە کێشەی وڵاتاندا دەبینێتەوە و لە ڕاستی دا بۆ سەرپۆشدانان لەسەر گیروگرفتە نێوخۆییەکانی، هەمیشە پێویستیی بە دوژمنی دەرەکی بووە و لەوسۆنگەیەوە دژایەتیی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردوە. جگە لە شەڕی ئێران و عێڕاق کە لەسەر پێداگریی ناماقووڵانەی ڕێژیم زیاتر لە ٨ساڵی خایاند و نیزیکەی میلیۆنێک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و بە سەدان میلیارد دۆڵار خەسارەتی لەسەر دەستی کۆماری ئیسلامی دانا، ئەو ڕێژیمە لەچوارچێوهی سیاسەتی پەرەپێدانی نفووز و دەسەڵاتی خۆی لە جیهانو بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا، لە سهر شەڕ و دەستتێوەردانی کاروباری وڵاتانی دیکە بەردەوام بووە. بەشداریی چالاکانەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕە نێوخۆییەکانی وڵاتانی یەمەن و عێراق و سووریە و هەوڵدان بۆ پشێوینانەوە لە وڵاتانی ناوچە، نموونەیهکه لە سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە.
لە چەند ڕۆژەی ڕابردوودا و لەپاش پەسند کرانی گەڵاڵەی “بەرجام” لە لایەن مەجلیس و شووڕای نیگابانی رێژیمەوە، بۆجارێکی دیکە خامنەیی دژایەتیی خۆی و ڕێژیمەکەی لەگەڵ ئەمریکا و سیاسەتەکانی دووپات کردەوە. خامەنەیی بەڕاشکاوی ڕایگەیاند کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هی ئهمریکا دژبەیەکن و ئەوان واتە کۆماری ئیسلامی”سیاسەتی شۆرشگێڕانە” ڕەچاو دەکەن. ئەو هەروەها هۆشداریی دا کە ئهمریکا بەتەمایە لە ڕێگای نفووزی سیاسی و فەرهەنگییهوه، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆدا لەرزۆک بکا و لە نیهایەت دا لەبەینی بەرێ. قسەکانی خامهنەیی چراسهوزێکی ئاشکرا بوو بۆ هێزه سەرکوتکەرە سەرەڕۆکانی سەربە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم، هەربۆیە شەپۆلێکی دیکەی گرتنی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان دەستی پێکرد. سپای پاسداران و بە گشتی باڵی توندڕەوی ڕێژیم کە هەر لەجێدا دژی ڕێککەوتنی ناوکیی نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی١+٥ بوون و ئەو ڕێککەوتنەیان وەک شکستێک بۆ خۆیان و سەرکەوتنێک بۆ ڕووحانی و باڵی چاکسازیخوازەکان دەزانی، ئەوهەلەیان قۆستەوەو بەبیانووی “کشف شبکە نفوذ” دەستیان دایە زیندانیکردنی ڕۆژنامە نووسان.
لەوپێوەندییەدا چند کەس لە ڕۆژنامەنووسانی نیزیک لە باڵی چاکسازیخواز و سەرۆک کۆمار حەسەن ڕووحانی، وەک ئافەرینچیتساز، سامانسەفەرزایی، عیسام سهحەرخیز و ئێحسان مازەندارانی، بەتاوانی ئەندامبوون لە تۆڕی نفووزی سەربە وڵاتانی ئەمریکا و ئینگلستاندا دەسبەسەرکراون. دیارە زیندانیکرانی ئەو ڕۆژنامەنووسانە، کە ڕهنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەیان بەرەو زیادبوون بڕوا، کردەوەیەکی چاوەڕواننەکراو نەبوو، ئەو شەپۆلەش ڕێک لە درێژەی ئەوسەرکوت و زەبرو زەنگانەدایە کە لەماوەی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوەچوون. بەوحاڵە تەنانەت حەسەنی ڕووحانییش لەئاست دەسبەسەرکرانی ڕۆژنامەنووساندا بێدەنگیی شکاند و ڕەخنەی لەو کردەوەیە گرت. ناوبراو لە دانیشتنی دەوڵەت دا گوتی ناکرێ هەر کەس و دەستەیەک کە لەگەڵی موخالیف بووین، ناوی نفووزیی لەسەر دابنێین.
شک لەوەدا نیە کە کۆماری ئیسلامی لەژێر گۆشاری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و گەمارۆی ئابووری و تەریککەوتنەوەی نێونەتەوەییدا لەچاو ساڵەکانی سەرەتای شۆرش و هاتنەسەرکاری، زۆر پاشەکشەی پێکراوەو بەکردەوە ناتوانێ وەک ڕابردوو لەسهر دەسەڵاتە سەرەڕۆیانەکەی بەردەوام بێ؛ بەڵام ئەگەر ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی پێیان وابێ گۆڕانێکی زۆر لەو ڕێژیمەدا پێکهاتوە و لەپاش جێبهجێکرانی گەڵاڵەی بەرجام و هەڵگیرانی گەمارۆی ئابووری، سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو “تەعامول” لەگەڵ کۆمەڵگهی نێونەتەوەیی دەڕوا، زۆر لە هەڵەدان. ڕاستە کۆماری ئیسلامی ناچار بە قەبووڵی مەرجەکانی وڵاتانی١+ ٥ بووە، بەڵام لەبەرانبەردا زۆر بەهێزتر لە جاران لە ئاست ناوچەدا خۆدەنوێنێ و بەتایبەت لە پاش هاوبەندی لەگەڵ رووسیە لە کێشە ناوچەییەکاندا، ئهمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی ناچارکردوە کە بۆ کۆبوونەوەکان بانگهێشتی بکەن و وەک یاریکەرێکی سەرەکی حیسابی لەسەر بکەن. ئەو ڕاستییانە ئەوەمان پێدەڵێن کە هەتا کۆماری ئیسلامی لەسەر حوکم بێ، زنجیرەی سەرکوت و زەبرو زەنگ و کوشتارو لەسێدارەدان لە نێوخۆ و دستتێوەردان و ئاژاوە نانەوە لە وڵاتانی ناوچە و بە گشتی دنیای دەرەوەدا بەردەوام دەبێ.
لە ژماره ٦٦٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه