وەرگێران: ڕێبوار مەعرووف زادە
لە ولاتێک کە ئاماری ورد و بەلگەمەند بووە بە شتێکی نایاب، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوەی بی کە ئامارێکی جێگەی متمانە لە ئێعدامی هاووڵاتیان بە هۆکاری سیاسی و عەقیدەتی دەست بکەوێ. حیزبەکان، گروپگەڵی سیاسی، ڕێکخراوە مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە پشتبەستن به هەواڵەکان و سەرچاوە نافەرمی یەکان، ئاماری جیاواز لە ڕێژەی ئێعدامی سیاسی-عەقیدەتی بڵاو دەکەنەوە. لەو بارودۆخەدا دانی ڕاپۆرتێکی ئاماری لە ئێعدامی خەڵکی سیاسی-عەقیدەتی وەک هەنگاوهەڵێنان لە تاریکی دایە.
کۆماری ئیسلامی لهگهڵ ئێعدام لەدایکبووە، لهگهڵ ئێعدام گەورە بووە و ئێستا ئەوەندە خووی بە ئێعدام گرتووە کە زەحمەتە بتوانێ بە ئاسانی دەستبەرداری بێ. قوربانییەکانی ئێعدام، توێژگەلی جۆراوجۆر لە هاووڵاتیانن هەر لە ڕەخنەگران، دژبەران یا ئەوانەی تهنانهت “جیاوازن”، دەگرێتەوە. ئەو سیستمە ئایین تەوەرە، ڕەخنەگران و دژبەران بە دوژمنی لەگەڵ خودا تاوانبار دەکا و دوژمنانی خوداش به پێی یاساکانی رژیم، بە “موحاریب” دەناسرێن، سزای مردنیان بهسهردا دهسهپێ.
دەزگای دادوەری و دەزگا ئەمنیەتی و تەبلیغاتییەکانی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا هەزاران کەس لە هاووڵاتیانی ئێرانیان بە موحاریبە بوون تاوانبار کردوە و زۆرێک لە تاوانبارانە ئێعدام کراون.
لەو ڕاپۆرتەدا، بە چاولێکردنێک لە ڕەوتی ئێعدامی هاووڵاتیانی سەر بە کەمینە ئیتنیکی و ئایینییەکان، هەوڵ دەدرێ وێنەیەکی گشتی هەرچەند تاڕادەیەک ناروون لە ڕەوتی ئەو ئێعدامانە نیشان بدرێ.
شەپۆلی یەکەم، ئێعدامهکان له ساڵهکانی سەقامگیری
ئێعدامی ئەوانەی لە نێو ڕێژیمی پێشووی پاشایەتی دابوون، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، تەنیا پێنچ ڕۆژ لە دوای ئەو ڕۆژەی لە ئەدەبیاتی فەرمی ئیڕان بۆ رۆژی سەرکەوتنی شۆڕش دەناسرێ، دەستی پێکرد. تا کۆتایی بەهاری ساڵی ١٣٥٨، سەدان کەس لەوانەی لە بەشی ئیداری و نیزامی رێژیمی پەهلەویدا پۆستیان هەبوو، بە تاوانێک کە “مفسد فی الارض” ناوی دەبەن، ئێعدام کران. بەڵام شەپۆلی یەکەمی ئێعدامەکان کە لە ڕێبەندانی١٣٥٧ تا جۆزەردانی ١٣٦٠ بوو، تەنیا تایبەت بە بەرپرسانی ڕێژیمی پاشایەتی نەبوو. لەو قۆناغەدا، جگە هیندێک ئێعدامی کەمی لایەنگران و کادرەکانی گرووپە سیاسییەکانی چەپ، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامەکانی کەمینە ئیتنیکی و مەزهەبییەکان، چ هاووڵاتیانی ئاسایی و چ کادری حیزبی و کەسایەتییە مەزهەبییەکان، بە تاوانی جۆراوجۆر ئێعدام کران. کوردەکان، تورکمەنەکان و بەهاییەکان، ئەو کەمینانەن کە لەو قۆناغەدا بە تووندی سەرکوت کران و ژمارەیەکی بەرچاویان ئێعدام کران.
بەهاییەکان: ئەزموونی سەرکوتی بەهاییەکان، ئەزموونێکی تایبەتە، چونکە سەرکۆنەکردنی کەمینەی عەرەب، بەلووچ، یەهوودی و ئەرمەنی بە بەراورد لەگەڵ سەرکوتی کوردەکان و تورکمەنەکان ، نیشان دەدا کە لەو قۆناغەدا کەمینەکان (بەدەر لە بەهاییەکان) تەنیا کاتێک سەرکوت کران کە کردەوەگەلێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتیان ڕێکدەخست کە لە دژ یا جیاواز لە فەزایەکی گشتی بوو کە جێی رەزامەندی دەسەلاتدارانی نوێنهر بوو. بەڵام ئەندامانی کۆمەڵگەی بەهایی ئێران کە سیستمی سیاسی، ئەوانی وەک کەمینەیەکی ئایینی بەفەرمی نەدەناسی، لەو قۆناغەدا تایبەت بوون، چونکە تەنیا بە هۆی بەهایی بوونیان ڕووبەروی ئازار و سەرکوت بوون و ژمارەیەکیان ئێعدام کران. بەو پێی دەکرێ بلێین کە تەنیا بەهایی بوون بە واتای نکۆلی و هەڕەشەیەک بوو کە دەسەڵاتداران و زانایانی شیعەی والێدەکرد بۆ لەنێوبردنی بەهاییەکان هەوڵ بدەن.
لەو قۆناغەدا، ٤١ هاووڵاتی بەهایی بە فەرمی ئێعدام کران و نزیک ٢٥ بەهایی دیکەش بێسەروشوێن یان تێرور کران کە لە نێو ئەو کەسانەدا جگە لە ٩ ئەندامی گرووپی بەهاییان و دوو ڕاوێژکاری ئەو گرووپە، ئەوانی دیکە هاووڵاتی ئاسایی بەهایی بوون و هیچ بەرپرسیارەتییەکیان لە نێو کۆمەڵگەی ئایینی بەهاییەکاندا نەبوو. زۆرێک لە بەهاییەکان ناچار کران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراو لە رۆژنامەکانی سەراسەری، بێبەری بوونی خۆیان لە ئایینی بەهاییەت ڕابگەیەنن تا گیان و مالی خۆیان لە دەستدرێژی حکوومەت و هێندێک خەڵکی دەمارگرژ بپارێزن. بێ دەنگییەکی رەزامەندانە و لە هێندێک حالەتیش دا هاوکاری هێندێک ڕەوت و حیزبی سکۆلار بە نیسبەت سەرکوتی بەهاییەکان، کاری سەرکوتی بۆ رێژیمی شۆرشگێر ئاسانتر کرد.
عەڕەبەکان: تاوانی جیایی خوازی و هاوکاری لەگەڵ ئیدارەی ئەمنیەتی عێراق چەند هەفتە پێش و دوای دەستپیکردنی شەری ئێران و عێراق (ههرهک شاهیدهکان له ناوەندی بەڵگەکانی مافی مرۆڤی ئێران راپۆرتیان داوە) بووە هۆی ئەوەی بەلانیکەم لە دوو حالەتدا ژمارەیەک هاووڵاتی عەڕەب بە شێوەیەکی خێرا و هەرەمەکی لە دێزفوول و سووسەنگرد ئێعدام بکرێن.
خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨، هەشت شارۆمەندی عەرەبی شاری دێزفوول دەستبەسەر و دوای تاوانبار بوون بە جیایی خوازی، یەکسەر ئێعدام کران. لە رۆژانی دەستپێکی شەڕیش، ١٧ شارۆمەندی عەڕەبی شاری سووسەنگرد دوای گیران لەبەرچاوی هاوشاریانی خۆیان و لە باخی پارێزگاری ئەو شارە، تیرباران کران. قسەی یەکێک لە شاهیدانی ئەو ڕووداوە: خەڵخالی کە لە لایەن خومەینییەوە وەک حاکمی شەرع دیاری کرا و حوکمی ئێعدامی ئەو ١٧ کەسەی دا لە وڵامی داوای پێداچوونەوەی یەکێک لەو ١٧ کەسەدا، وڵامی بەناوبانگی خۆی دا: “ئەگەر بێ تاوان بن، ئەوە شەهید دەبن و ئەگەر تاوانبار بن، ئەوە بە سزای کارەکەتان دەگەن’’.
تورکمەنەکان: دامەزرانی شوورای گەڵی تورکمەن لە کۆتایی ساڵی ١٣٥٧، سەرەتای هەستیاربوونی “دەسەڵاتدارانی شۆڕشگێری” تاران لەهەمبەر کەمینەی تورکمەنەن لە ئێراندا بوو. ڕووبەرووبوونەوەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی پێشوو، کۆمیتەکانی شۆڕش و هێزەکانی بەستراوە بە خان و یاخاکانی خۆمالی (کە لە دابەشکردنی زەوییەکانیان لە نێو وەرزێران دا تووڕە بوون) لەگەڵ شوورای گەڵی تورکمەن، لە نەوروزی ساڵی ١٣٥٨ دەستی پێ کرد و بە خێرایی پەڕەی سەند. هەیئەتی نێردراوی دەوڵەتی کاتی توانی پێش کۆتایی نەورۆز لە نێو لایەنەکان دا ئاگربەس پێکبێنی، بەڵام دواجار بەردەوامی چالاکی شوورای گەڵی تورکمەن کە بە واتای چەشنێک لە خۆبەرێوەبەری جیاواز لە رێژیمی دەسەڵاتدار بوو، تەحەمول نەکرا. هێرشی بەرفراوانی ئەرتەش و سپای پاسداران بۆ سەر تورکمەن سەحرا کۆتایی ڕێبهندان ساڵی ١٣٥٨ دەستی پێ کرد و تا کۆتایی مانگی ڕهشهممه، کە تەوای ناوچەکانی تورکمەن سەحرا لە لایەن هێزەکانی ناوەند کونترۆل کرانهوه، بەردەوام بوو.
سادقی خەڵخاڵی لە تورکمەن سەحرا، بە پێی ئەو قسانەی بۆ خۆی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی “صبح” کردنی، ٩٤ هاووڵاتی تورکمەن، لەوانە توماج، واحیدی، مەختووم و جورجانی (لە ڕێبەرانی شوورای گەڵی تورکمەن)ی ئێعدام کرد. هۆکاری کوشتنی تورکمەنەکان لە زمان خەڵخالی ئەوە بوو: “… من ئێعدامم کرد. ٩٤ کەسم ئێعدام کرد نەک تەنیا کەسێک … من بە لێبڕاوەیی ئیسلامی تەواو چوومە نێو گونبەد و گەڵی تورکەمەنم لەوێ سەرکوت کرد. دەلێن کوشتنی رێبەرانی تورکمەن بە ئەنقەست بوو، بەلێ بە ئەنقەست بوو. من توماج، واحیدی، مەختووم و جورجانی زیندوو بێڵمەوە کە چ بێ؟”
کوردەکان: چاڵاکبوونی حیزبەکانی کوردستان پاش شۆڕشی ١٣٥٧ و داخوازی کوردەکان بۆ خودموختاری جێی پەسندی شۆڕشگێرانی دەسەڵاتدار لە تاران نەبوو، هەر بۆیە گرژی نێوان ناوەند و کوردستان زۆر زوو پەرەی سەند. بایکۆتی رێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی لە لایەن کوردەکان و زیاتربوونی نفووزی حیزبە کوردییەکان لە کوردستان و دانیشتوانی کوردی ئازەربایجانی رۆژئاوا و دواجار ئەوەی خومەینی “بە ترس لە یاساکانی ئیسلام” و ئەوەی کە “لە سەر بابەتی ئیسلام و بەرژەوەندی موسلمانان سازان ناکەن” ناوی دەبرد، بووە هۆی دەرکردنی فتوای جیهاد کە خومەینی لە کۆتایی گەڵاوێژی ١٣٥٨ دەریکرد و شەری فەرمی حکوومەتی ناوەندی لەگەڵ کوردستان کە ماوەیەک پێشتر بە کردەوە دەستی پێکردبوو، چووە نێو قۆناغێکی نوێ. لە کۆتایی گەلاوێژ و چەند هەفتەی یەکەمی مانگی خەرمانانی ١٣٥٨، ئێعدامەکانی سادقی خەڵخالی دەستی پێکرد و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان خەڵکانێک ئێعدام کران. ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لە ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران نیشان دەدا کە لە ماوەی سێ هەفتەدا، بە لانیکەم ٨٠ کەس لە کوردستان ئێعدام کران. ئەو ئێعدامانە لە پاوە دەستی پێکرد و لە کرمانشان، مەریوان، سنە، سەقز، بانە و مەهاباد درێژەی کێشا. دادگایی خێرای چەند سەعاتی، ئێعدامی مندالان (لەوانە دوو منداڵی ١٢ و ١٥ ساڵان لە سەقز)، ژنان و هاووڵاتیانی مەدەنی و ئێعدام بە کۆمەڵ لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شەپۆلە لە ئێعدامەکانی خەلخالی لە کوردستاندا بوون.
ئێعدامەکان تەنانەت دوای لابردنی خەڵخالی و لە نەبوونی ئەویش دا لە تەواوی ساڵەکانی ١٣٥٨، ١٣٥٩ و بەهاری ساڵی ١٣٦٠ هەر بەردەوام بوو. بەڵام پاش سەردەمی خەڵخالی زۆربەی ئێعدام کراوەکان تایبەت بە ئەندام و کادرەکانی دوو حیزبی دێموکرات و کۆمەلە یا کەسانێک بوو کە بە ئەندامی حیزبە کوردییەکان وەک خەبات تاوانبار دهکران. لەسەر یەک لە ڕەزبەری ١٣٥٨ تا بەهاری ١٣٦٠، زیاتر لە ١٠٠ کەسی دیکەش لە گرتووخانەکانی سنە، مەهاباد، سەقز، بانە، کامیاران، دیواندەرە، قوروە و چەند شارێکی دیکەی کوردستان ئێعدام کران. جگە لەو ئێعدامانە، پاسدار و بەسیجەکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەندیش لەو بهینهدا بە شیوەی تایبەت بە خۆیان، هاووڵاتیانی مەدەنیان لە دێهاتەکانی کوردستان دەکوشتو کۆمەڵکۆژیان دەکرد.
لە سالەکانی ٥٨ و ٥٩، هەر وەک لە راپۆرتی “٣٠ ساڵ کوشتن و ئێعدامی سیاسی لە کوردستان” لە نووسینی شەهابەددینی شێخیدا هاتووە، ٦٨ کەس لە گوندی قارنا، ٣٥ کەس لە گوندی ئیندرقاش، ١٣ کەس لە گوند سوفیان و ١٣ کەس لە گوند قەڵاتان کۆمەڵکوژ کران. هەموو کۆژراوەکان خەڵکی مەدەنی بوون. هەڵبەت ئەو کۆمهڵ کوژییانه دوای ئەو قۆناغەش هەر بەردەوام بوو.
شەپۆلی دووهەمی ئێعدامەکان، ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠ تا سەرەتای دەیەی ٧٠
ڕووداوەکانی رۆژی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠ کە دەستپێکی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوان و خوێناوی کۆماری ئسلامی لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بوو، قۆناخێکی نوێی لە سەرکوت و ئێعدام پێکهێنا. ئاکامی ڕووبەرووبوونەی نیزامی موجاهیدینی خەڵق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی تەنیا سەرکوتی موجاهیدین نەبوو. لە هەفتەکان، مانگەکان و ساڵەکانی دوای ٣٠ی جۆزەردانەوە بەرەبەرە و بە نۆرە هەموو ئۆپۆزیسۆن لە چەپەوە هەتا ڕاست لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی بە دوژمن لەقەڵەم دران. بە پێی لیستێک کە ئێران تریبۆنال بڵاوی کردەوە، لە دەیەی ٦٠ وە هەتا پێش کۆمەڵکۆژی ساڵی ١٣٦٧، نزیک بە ١١ هەزار کەس لە ئێران ئێعدام کران و لە کۆمەڵکۆژی ساڵی ١٣٦٧ نزیکهی ٥ هەزار کەس تەنیا لە ماوەی دوو مانگ دا ئێعدام کران. سەرکوتی کەمینەکانیش لەو قۆناغەدا زیاتر بوو و ئێعدامی کوردەکان و بەهاییەکانیش ڕەوتێکی خێراتری پەیدا کرد، بەڵام هیچ ئامارێکی ورد لە ژمارەی زیندانییە ئێعدامییەکانی عەرەب، بەلووچ، تورکمەن و کەمینە ئایینییەکانی ئەندامی هێزە سیاسییە سەرانسەرییەکان لەبەردەست دا نیە.
بەهاییەکان: لەو قۆناغەدا (٣٠ی جۆزەردانی ٦٠ هەتا سەرەتای دەیەی ٧٠)، ١٤١ هاووڵاتی بەهایی ئێعدام و شەش کەسی دیکهش تیرۆر کران. ئەو بەهاییانە زۆرتر بە سیخۆری بۆ ئیسرائیل، “افساد فی الارض” یا داهێنان لە ئایین تاوانبار کران و هەروەک قۆناخی پێشوو، تەنیا بە هۆی بەهایی بوون ئێعدام کران یان کۆژران. بەڵام بە کۆتایی ئەو قۆناغە، کوشتن و ئێعدامی بەرفراوانی بەهاییەکان جگە لە چەند حالەتدا (دوو نموونەی ئێعدام و کوشتنی هەشت کەس) ڕاوەستا. هەڵبەت گۆشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ سەر کۆمەڵگەی بەهاییەکان بەردەوامە و زیندانی کردنی ڕێبەران و چاڵاکانی بەهایی، ڕێگریی لە خوێندن، زەوتکردنی مال و خرابکردنی خانوو و گوڕستانی ئەوان هەروا درێژەی هەیە.
کوردەکان: بە گشتی تووندتربوونی سەرکوتی هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ئێران و بەردەوامی خۆراگری چەکدارانە لە کوردستان بووبە هۆی ئەوە کە ڕەوتی ئێعدامەکان و کوشتنەکان لە کوردستانی ئێران لەو قۆناغەدا زیاتر بێ. کۆشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی گووندەکان لە لایەن پاسدار و بەسیجەکان لەو قۆناغەدا بە کوشتنی ١٢ کەس لە خەڵکی گوندی باییزئاوا لە نەغەدە لە خەزەڵوەری ساڵی ٦٠ دەستی پێکرد و بە کوشتنی ١٨ کەس لە کرێکارانی کوورەخانەی سارووقامیشی مهاباد، ١٨ کەس لە گوندی قەرەگولی مەهاباد، ٩ کەس لە دێی سەوزی مەهاباد، ٤٠ کەس لە گووندەکانی کۆیکان، دیلانچەرخ، حەڵبێ، کەرێزەی شکاکان و یونسڵیانی نەغەدە، ٩ کەس لە دێهاتەکانی دێمەسوور، جەعفەرئاوا و مەرجان ئاوێی مەهاباد، ١٣ کەس لە دێهاتەکانی هەڵقووش و گێجەی ورمێ، ٢١ کەس لە دێهاتەکانی چەقەڵ مستەفا، خەلیفەلیان و گوورخانە و ٦ کەس لە گووندەکانی سریلئاوا، گوندەوێلە و دوانی شنۆیە لە خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ هەر بەردەوام بوو (بە پێی راپۆرتێک لە نووسینی شەهابەددینی شێخی کە لە “روز آنلاین” بڵاوی کردۆتەوە).
لەو قۆناغەدا بە گشتی نزیک بە ٧٠٠ کەس لە هاووڵاتیانی کورد ئێعدام کران کە نزیک بە ٣٥٠ کەسیان وەک لایەنگر یا کادری حیزبی دێموکرات و ٢٠٠ کەسیان وەک لایەنگر یا کادری کۆمەڵە ناسران و ١٥٠ کەسەکەی دیکەش لایەنگری حیزبەکانی دیکە یان هاووڵاتیانی بێ لایەن و ناحیزبی بوون.
تەنیا لە ساڵی ١٣٦٢، زیاتر لە ١٦٠ کەس لە زیندانیانی سیاسی کورد ئێعدام کران. ئێعدامی ٥٩ هاووڵاتی مەهابادی لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ دا روویدا. ئەو ٥٩ کەسە کە لە مانگەکانی خاکەلێوە و گوڵانی ساڵی ٦٢ لە سەردەمێک دا کە محەممەدرەزا جەلایی پوور فەرمانداری مەهاباد بوو دەسبەسەر کرابوون، بۆ تەورێز بەرێ کران و دوای دادگاییەکی کۆرت هەموویان تیرباران کران.
لە ڕەوتی ڕەشەکۆژی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧دا جگە لە ژمارەیەکی نادیار لە کوردەکانی زیندانی سەربەخۆ یا تاوانبار بە ئەندامەتی لە هێزە سیاسییە سەرانسەرییەکان، بەگشتی زیاتر لە ٦٠ کەس لە زیندانیانی سەر بە حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە گرتووخانەکانی شارەکانی کوردستان ئێعدام کران.
لە ساڵی ١٣٦٩ هەشت زیندانی سیاسی کورد کە لانیکەم ٣ کەسیان تاوانبار بە ئەندامەتی حیزبی دێموکرات بوون، لە زیندانەکانی کوردستان ئێعدام کران.
شەپۆلی سێهەمی ئێعدامەکان، لە سەرەتای دەیەی ٧٠ وە تا ئێستا
لە سەرەتای دەیەی ٧٠ تا سەرەتای دەیەی ٨٠، بەو پاکسازییەی لە دژبەرانی سیاسی لە ڕەوتی کۆمەلکۆژی ساڵی ١٢٦٧ ڕوویدا، جگە لە ئێعدامی چەند زیندانی سیاسی کورد بە شێوەیەکی گشتی ئێعدامی سیاسی رووی نەدا. بەڵام لە ساڵی ١٣٧٠ نزیک ٢٥ زیندانی سیاسی کورد ئێعدام کران کە تەنیا ٣ کەسیان زانراوە کە سەر بە کۆمەڵە بن. جگە لە چوار حالەتی دیکە لە ئێعدامی زیندانیانی نزیک لە کۆمەڵە لە چەند ساڵی سەرەتای دەیەی ٧٠، تا ساڵی ١٣٨٣ هیچ ئێعدامێکی سیاسی یان ڕانەگەیەندراوە کە بە واتای ڕاگرتنی ئێعدامی سیاسی لە نێو کۆماری ئیسلامی لەو سهردهمه دایە یان ئەوە کە ئێعدامی سیاسی بە شێوەیەکی نهێنی ڕووی داوە.
لە ساڵی ١٣٨٣ بەملاوە دیسان ژمارەیەکی بەرچاو ئێعدام کران کە جگە لە چەند کەسێکی سەر بە چاڵاکانی سەلتەنەت خواز، موجاهیدینی خەڵق یا تاوانباران بە سیخۆری، ئێعدام کراوەکان سەر بە کەمینەکانی کورد، بەلووچ و عەرەب بوون.
بەلووچەکان: ئێعدامی بەلووچەکان ساڵانێکە کە بە تاوانی بەشداری لە قاچاخی ماددە سڕکەرەکان بەرێوە دەچی. جگە لە دادپەروەرانە نەبوونی ڕەوتی بەرێوەچوونی دادگای تاوانبارانی قاچاخی ماددە سرکەرەکان، کەسانێک لە چاڵاکانی سیاسی دژبەر یا کەسانێک کە سەر بە هێزە چەکدارە ئیسلامییهکانی بەلووچ بوون، لە ژێر ناوی قاچاخچی ماددە سڕکەر ئێعدام کران.
بەڵام لە ساڵی ١٣٨٨ بەمڵاوە ئێعدامی چاڵاکانی سیاسی بەلووچ بە ئاشکرا و بە تاوانی هاوکاری/ ئەندامەتی لە هێزە چەکدارەکانی بەلووچ، زیاتر بووە و هەروا بەردەوامە. بەگشتی لە ساڵی ١٣٨٨ دا نزیک بە ٥٠ چالاکی سیاسی بەلووچ لەوانە وێبلاگنووسێکی ناسراو لە بەڵووچستان، بە تاوانی ئەندامەتی یا هاوکاری لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی بەڵووچ ئێعدام کراون.
عەڕەبەکان: لە قۆناغی دووهەمی ئێعدامەکان دا، عەڕەبەکانی باشووری ئێران لە ئێعدام بەدوور بوون، بەڵام بە ڕوودانی چەند تەقینەوە کە بە وتەی هێندێک لە چاوەدێران بە ئامانجی دروستکردنی پاساو بۆ سەرکوتی چاڵاکانی بەشدار لە خۆپێشاندانی بەرفراوانی عەرەبەکان لە خاکەڵێوەی ساڵی ١٣٨٤ ئەنجام درا، سەرکوت و ئێعدامی چالاکانی عەڕەب دەستی پێکرد. هێندێک لەو کەسانە لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجە ناچار کران لە دژی خۆیان قسە بکەن و دواتر لەبەرچاوی خەڵک یان بە نهێنی ئێعدام کران. تا ساڵی ١٣٨٦ نزیک بە ١٩ کەس لە چاڵاکانی عەڕەبی دەسبەسەرکراو، بە ئێعدام مەحکووم کران. لە ساڵی ١٣٨٦ بەملاوەش هەموو سالێک هێندێک چالاکوان ئێعدام کراون کە لەوانە دەکرێ ئاماژە بە ئێعدامی پێنچ کەس لە دامەزرێنەرانی “مؤسسە الحوار” کە گرووپێکی کولتووری عەڕەبە بکەین. لەو قۆناغەدا بەگشتی نزیک بە ٦٠ کەس لە عەڕەبەکانی ئەهواز بە تاوانی هاوشێوە و پێوەندیدار بە تەقینەوە، ئێعدام کران.
کوردەکان: کرانەوەیەکی ڕێژەیی لەسەردەمی رێفورمخوازان و مەیلی دەسەڵات بۆ کۆنترۆلی دووبارەی کاروبارەکان، لە تەنیشت چالاکی چەکداری پڕشوبڵاوی پەژاک، کوشتنی کوردەکان بۆ ترساندنی چالاکان لە ناوچەکانی دیکە، بووە هۆی ئەوە کە شەپۆلێکی تازە لە ئێعدامی کوردەکان دەست پێ بکاتەوە.
ئێعدامی کوردەکان لەو قۆناغەدا لە خاکەلێوەی ٨٣ و بە ئێعدامی شەش کەس لە زیندانیانی گرتووخانەی سەقز کە سەر بە حیزبی دێموکرات لەقەڵەم دەدران دەستی پێکرد و بە ئێعدامی دوو زیندانی دیکە لە ساڵی ١٣٨٤ لە زیندانەکانی ورمێ و سنە، زیندانی یەک لە ساڵی ١٣٨٦ و دوو زیندانی دیکە لە ساڵی ١٣٨٨ دڕێژەی کێشا.
ئەو ئێعدامانە لە سێ زیندانی سەقز، سنە و ورمێ ڕوویاندا، بەڵام ڵووتکەی ئەو ئێعدامانە کە نارەزایەتی بەرینی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە، ئێعدامی فەرزادی کەمانگەر و هاورێیانی لە بانەمەڕی ١٣٨٩ بوو.
بهرهبەیانی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩، دوای بڕینی خەتی تەلەیفون و دیداری گرتووخانەی ئەوین، پێنچ زیندانی سیاسی بە ناوەکانی فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان، شیرین عەلەم هولی و مەهدی ئیسلامیان لەسێدارە دران.
بەڵام ئێعدامی کوردەکان لە دوای نارەزایەتی بەرفراوانیش هەر بەردەوام بوو. سێ کەس لە ساڵی ٩٢، شەش زیندانی کوردی سوننی لە ساڵی ٩٣ و شەش زیندانی لە ساڵی ٩٤ ئێعدام کران و واپێدەچی ئەو رەوتە هەر بەردەوام بێ.
وەرگیراو لە سایتی رادیۆ زەمانە: http://www.radiozamaneh.com/240767
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه