رۆژی شەممە ٢٥ی ڕەزبەر(١٧ی ئۆکتۆبر)، فرانک واڵتێر شتان مایێر، وەزیری کار و باری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان لە چوارچێوەی بەشداری لە دانیشتنی سەرەتایی” کۆنفرانسی ئەمنیەتی مونیخ” کە لە تاران بەرێوەچوو، سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ محەممەد جهوادی زهریف، وەزیری دەرەوە و رووحانی سەرۆک کۆمار و لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی رێژیم کۆبۆوە و کێشەی شەری ناوخۆیی سووریە و گرژییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتی عەڕەبستانی سعوودی و دەرئەنجامەکانی هێنایە بەرباس و گفتوگۆ.
کێشە و شەری نێوخۆیی سووریە کە ئەوە بۆ نیزیکەی پێنج ساڵ دەچێ ئەو وڵاتە تێوەیگلاوە، بۆتە قەیڕانێک کە لە ڕاستی دا لە هەموو ڕوویەکەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە وڵاتانی ڕوژئاوایی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە و هەتا دێ ئەو قەیرانە مەترسیدارتر و ئاڵۆزتر و رێگا و ئەگەرەکانی چارەسەر کرانی لاوازتر دەبێ. ئەو کێشەیە بە دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچە، بەتایبەت ئێران و تورکیه و عەڕەبستانی سعوودی کە بە هەموو شێوەیەک لە قووڵبوونەوەی ئەو قەیرانەدا ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان هەیە، لە کێشە و شەرێکی ناوخۆیی هاتۆتە دەرێ و بە کردەوە سووریە بۆتە مەیدانی ململانی ئەو وڵاتانە. کۆماری ئیسلامی وەک ئاڵاهەڵگری ئیسلامی شیعە لەهەموو روویەکەوە پشتیوانی لە مانەوەی ڕێژیمی زاڵ بەسەر سووریەدا دەکات کە لە کەمینەی عەلەوی پێکهاتوە، و تورکیه و عەڕەبستانی سعوودیش بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی بەشارئەسەد، چ لە باری مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و چ بە دانی چەک و چۆڵ و یارمەتی لۆجێستیکی، لە بەناو”ئۆپۆزیسیونی میانەرەو”ی ئەو وڵاتە پشتیوانی دەکەن.
لەو بەینەدا ئامریکاو هاوپەیمانەکانی کە لەسەرەتادا لەبەرانبەر کوشتار و بەکارهێنانی چەکی شیمیایی بە دژی خەڵکی نارازی ئهو وڵاته و جینایەتە لە ئەژمارنەهاتوەکانی ڕێژیمی سووریە، بە توندی خوازیاری لەسەرکارلادانی بەشارئەسەد و رێژیمەکەی بوون، ئێستا وەک دیار و بەرچاوە، کەلێن لەبۆچوون و سیاسەتەکانیاندا کەوتوە و وێدەچێ لە سەر داهاتووی سیاسی سووریە و رێگەچارەی دەرباز بوون لەو قەیرانە، زۆریش لەگەڵ یەک هاوڕا نەبن. لەڕاستی دا ئەوە کە دانیشتنی سەرەتایی کۆنفڕانسی ئەمنیەتی مونیخ لە تاران دەبەسترێ و وڵاتی ئاڵمان وەک گەورەترین وڵاتی ئورووپایی ئامادە بووە لەگەڵ رێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو قەیرانە تاووتوێ بکات، هەڵگری ئەو ڕاستیەیە. جگە لە فەرانسە کە ئێستاش ڕژدە لەسەر سیاسەتی سووریە بەبێ بوونی بەشارئەسەد، زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی و تەنانەت ئامریکاش هاتوونەتە سەر ئەو باوەرە کە رووخاندنی ڕێژیمی سووریە، لانی کەم لە کورتخایەن و لەو بارودۆخەدا، ئەگەر نامومکین نەبێ، زۆر ئاستەمە.
دیارە ئەگەر لەسەرەتادا، ئەوە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بوو کە بە ناردنی چەک و چۆڵ و تەقەمەنی و هێزی پسپۆر و شارەزا، وێڕای قوڵەچۆماغە دەسکردەکەی خۆی، واتە حیزبوڵڵای لوبنان، پشتیوانی لە رژێمی بەشار ئەسەد دەکرد، ماوەیەکە دەبینین کۆماری ئیسلامی بە ناردنی هێزێکی زۆر و کۆک و پوشتە لە سپای بە نێو “قودس” و میلیشیا شیعەکانی پاکستان و ئەفغانستان و تەنانەت عێراق، بەکردەوە هاتۆتە ناو جەرگەی شەرەکە و ڕاشکاوانە ڕایگەیاندوە بە هەموو توانایەوە بۆ مانەوەی ڕێژیمی بەشارئەسەد تێدەکۆشێ و لەو پێناوەدا ئامادەی هەر چەشنە بەربەرەکانییەکە لەگەڵ نەیارانی ڕێژیمی سووریە. هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژ نییە نەبینین و نەبیسین چەند کەس لە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی لە شەری سووریە دا کوژراون و تەنانەت لەو ماوەیەدا سێ سەرکردەی گەورەی سەربازی رێژیم بە ناوەکانی، حوسێن هەمەدانی و حسونیزادە و حەمید موختار بەند کوژراون.
جگە لەوەش، دەبینین لەپاش هاتنە مەیدانی بەکردەوەی ڕووسیه بۆ نێو قەیرانی سووریە، لەلایەک کێشەکەی لە چوارچێوەی نێو ناوچەیی هێناوەتە دەرێ و قەیرانەکەی زۆر ئاڵوزتر و مەترسیدارتر کردوە و لەلایەکی دیکەش باڵانسی هێزی بە روونی بە قازەنجی بەشار ئەسەد و کۆماری ئیسلامی ئێراندا شکاندۆتەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیه بۆ سەر داعەش و بەتایبەت بۆسەر ئۆپۆزیسیونی سووریه کە بەشێکیان لەلایەن توورکیه و ئامریکاوە پشتیوانی دەکرێن، نیشانی داوە ڕووسیه لێبڕاوە وێڕای کۆماری ئیسلامی، نەهێڵن سێناریوی دژبەرەکانیان لە ناوچە(تورکیه و عەڕەبستان…) و لەئاستی جیهانیشدا، ئامریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بە دژی ڕێژیمی بەشار ئەسەد سەربگرێ. هەر ئێستا دەبینین هێزە هاوبەشەکانی بەشارئەسەد و کۆماری ئیسلامی و حیزبوللای لوبنان کە لەو ماوەیەدا هێزێکی زۆری بۆ سووریه ناردوە، بە پشتیوانی فرۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیه، هێرشی بەرین و بەربڵاویان لە بەرەکانی شەر لە دەوروو بەری شاری”حەڵەب” وەک گەورەترین شاری ئەو وڵاتە دەستپێکردوە و توانیویانە چەند ناوچەیەک کونترۆڵ بکەنەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا و بەتایبەت لەپاش سەردانی قاسم سولەیمانی وەک نوێنەری خامەنەیی و سپای پاسداران بۆ موسکۆ و دیدار لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە، دەبینین بەکردەوە “دیوی شەر” لە لایەن ڕووسیه و کۆماری ئیسلامی ئێران و سووریه و عێراق بۆ شەر بە دژی هەموو نەیارانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە و داعەش لە عێراق پێکهاتوە. دیارە دەوڵەتی عێراق کە بۆخۆی سەرقاڵە بەدەست شەری داعەشەوە، سەرەڕای پشتیوانی سیاسی لە رژێمی بەشار ئەسەد، بەشێوەی فەڕمیی هێزی بۆ ئەو وڵاتە نەناردوە، بەڵام لەو ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە بەشێک لە ملیشیا شێعەکانی عێراق، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێکهێندراون و چەک و پێداویستییان بۆ دابین کراوە، لە بەرەکانی شەر بە دژی داعەشەوە لە عێراق، بۆ سووریە و بۆ شەری دژ بە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ڕاگوێزڕاون.
شک لەوەدانییە وڵاتی سووریە و ڕێژیمی بەشارئەسەد وەک دوایین پێگەی ڕووسەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای مەدیتەرانە گرینگی تایبەتی لە سیاسەتی ئێستراتێژیکی ئەو زلهێزەدا هەیە و ڕووسیە بەباشی دەزانێ بۆ ڕاگرتنی بەرژەوەندییەکانی و پاوان کردنەوەی سووریە، دەبێ بەهەموو شێوەیەک، تەنانەت بەشێوەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ، پشتیوانی لە بەشارئەسەد بکات. لەڕاستی دا ڕووسیه لەپاش داگیرکردنی شێوهدوڕگهی “کریمە” و دەستێوەردانی ئاشکرا لە شەڕ و نائارامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکڕاین، کە لەگەڵ نارەزایەتی و گەمارۆی ئابووری ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەوروو بوو، نیشانی داوە چیدی لە ئاست گوشارەکانی “ناتۆ” و پێشرەوییەکانی ئەو رێکخراوە بۆ سنوورەکانی بێدەنگ نابێ و ئەو پۆتانسیێلە بەهێزەی سەردەمی سٶڤیەتی پێشووی بۆ پاراستنی پەرژەوەندییەکانی هەر ماوە و ئامادەیە تەنانەت لە سووریەش حزووری هەبێ. هەر لەو پێناوەدایە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، لانیکەم لە قەیرانی سووریەدا پەیمانی بەستووە و هاوتەریب بوون.
دیارە هەر لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی رووسیە لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست و پشتیوانی لێبڕاوانەی ئەو وڵاتە لە ڕێژیمی زاڵ بەسەر سووریە دایە کە دەبینین، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕەزبەر(٢٠ی ئۆکتۆبر)، لە سەردانێکی کوتوپڕ و نەهێنیدا بەشارئەسەد، سەردانی ڕووسیە دهکات و بۆ ماوەی سێ سەعات لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، پۆتین لە پێوەندی لەگەڵ چۆنییەتی درێژەدان و بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکانی رووسیە، مژوولی ئاخاوتن دەبێ. ئەوە یەکەم سەردانی بەشار ئەسەد بۆ دەرەوەی سووریەیە، لەپاش هەڵگیرسانی ئاگری شەری نێوخۆیی لەو وڵاتەدا و چاوەڕوان دەکرێ لە چەند ڕۆژ و حەوتووی داهاتوودا، ڕووسەکان نەک هەر بە چڕکردنەوەی هێرشە مووشەکی و بۆمبارانە ئاسمانییەکانیان، بەڵکوو بە ناردنی هێزی سەربازی و بەشداری ڕاستەوخۆ لە شەڕەکان بە دژی نەیارانی ئەسەددا، یارمەتی مانەوەی ئەو ڕێژیمە لەسەر دەسەڵات بدەن. دیارە هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج سەربازی ڕووسیە لە شەرەکاندا کوژراون و ئەوەش دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە ڕووسەکان بە هاوکاری هەمەلایەنە و چڕوپڕی کۆماری ئیسلامی، بە تەواوی خۆیان ئامادەی شەرێکی یەکلاکەرەوە لەگەڵ نەیاران و دژبەرانی بەشارئەسەد لە نێو سووریە و تێکشکاندنی هەیمەنەی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەدا کردوە.
ههڵبهت ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە و لە دەرەوە، ڕخنەی تووندیان لە هێرشە مووشەکی و بۆمبارانە ئاسمانییەکانی ڕووسیه گرتوە و داوایان لێکردوە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنێ و هێزەکانی سپای ئازادی سووریە و ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو نەپێکێ، بەڵام روسەکان هەتا ئێستا بێگوێدان بەو ڕخنە و بانگەوازانە، ڕایانگەیاندوە کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر تێڕۆڕیستەکاندا بەردەوام دەبن. کۆماری ئیسلامیش لەو بەینە دا باش دەزانێ کە لەبەر هاتنە مەیدانی بەکردەوەی ڕووسیە، بەرەی ئێران، سووریە و عێراق(شێعەکان کە زۆرینەن) زۆر بەهێز بووە و ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی بەشارئەسەد بە دەستی ئۆپۆزیسیۆن و بە هاوکاری ئامریکا و هاوپەیمانە ناوچەیی و دەرەکییەکانی زۆر کەم بۆتەوە. هەروەها کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ وڵاتانی ئۆرووپاییش(تائێستا جگە لە فەڕانسە) لەلایەک لەبەر هۆکاری هاتنە کایەی ڕووسیه و گۆرانی باڵانسی شەر بە قازانجی بەرەی سووریە و ئێران و لەلایەکی دیکە، نادێمۆکڕاتیک بوونی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، کەتەنانەت”بەرەی نوسرەت”ی سەربە رێکخراوی تێڕۆڕیستی ئەلقاعیدەشی تێدایە، بۆڕووخانی ڕێژیمی بەشارئەسەد لانی کەم وەک چەند مانگی ڕابردوو مکوور نین. جگەلەوەش ئورووپا بەگشتی و بەتایبەتی ئاڵمان و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەو قارەیە، هەر ئێستا لەگەڵ کێشەی کۆچی بەکۆمەڵی سەدان هەزار پەنابەری سووریە و وڵاتانی دیکە بەرەوروون کە دەیانهەوێ بەهەر جۆرێک بێ خۆیان بگەێێننە ئەو وڵاتانە. هەربۆیەش خوازیارن بەهەرشێوەیەک بێ، شەرو ئاژاوە لە سووریە نەمێنی و لەو سۆنگەیەوە تەنانەت بە بوونی بەشار ئەسەدیش لە داهاتووی سیاسی ئەو وڵاتە ڕازین.
داهاتووی سیاسی وڵاتی شەرلێدراوی سووریە ناڕوونە و هەرکام لە وڵاتانی تێگڵاو لەو قەیرانە لە ڕوانگەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆیان داهاتووی سیاسی سووریە دیاری دەکهن و تێدەکۆشن بۆ وەدیهێنانی. کۆماری ئیسلامی و ڕووسیه و بەشارئەسەد و ڕێژیمەکەی تێدەکۆشن بەهەرشێوەیەک و بەهەر نرخێک بێ، دۆخەکە بگەرێننەوە پیش ڕاپەرینی نارەزایەتی خەڵکی و وەک پێشوو کەمینەی عەلەوییەکان کە تەنیا ١٣لەسەدی حەشیمەتی ئەو وڵاتەن، دەسەڵاتی ڕەهایان بەدەستەوە بێ. بەپێچەوانە، لە ناوچە، تورکیه و عەرەبستان سعوودی و باقی وڵاتانی عەڕەبی، جگە لە عێڕاق، ڕژدن لەسەر ڕووخاندنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاندەری سەرەکی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایین بۆ دەستێوەردان و پڕاکتیزە کردنی سیاسەتەکەیان. لەدەرەوەش هەر وەک ئاماژەی پێکرا کۆدەنگییەکی پتەو نییە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوشێوە لە ئاست ئەو قەیرانەو، وادیارە ئاڵمان و ئۆتریش و بەگشتی ئەو وڵاتانەی کەوتوونەتە بەر تەوژمی پەناخوازان، چیتر چاوەروانی هەنگاوەکانی سەرۆک کۆماری دێمۆکڕاتی ئامریکا، باڕاک ئۆباما ناکەن.
سەرەڕای ئەوەی قەیرانی خوێناوی سووریە، کە شیرازەی ئەو وڵاتەی هەڵتەکاندوە و زۆر تراژێدی مرۆیی لێکەوتۆتەوە کە کۆمەڵگای بەشەری پێتاسەبار بووە، ناکرێ ئەو ڕاستییەش چاوپۆشی لێبکرێ کە ئەو قەیرانە خوێناوییە دەرفەتێکی سیاسی لەباری بۆ ئەو بەشە لە کوردستان ڕەخساند کە وەک گەلێکی ستەملێکراو و تەنانەت حاشالێکراو، بوونی خۆی بسەلمێنێ و لە مەیدانی بەربەرەکانی لە هەموو بوارەکاندا لێهاتوویی خۆی نیشان بدات. ڕاستە کوردەکان کەوتنە بەر هێرشی درندەترین ڕێکخراوی شێوە دەوڵەتی داعەش کە لە باری چەکی قورس و ئامرازەکانی شەرەوە، زۆریش تەیار و کۆک و پۆشتەیە و لەو سۆنگەیەوە، زەرەرو زیانێکی لەڕادەبەدەری ماڵی و گیانیان لێکەوت، بەڵام توانیان بە بەرخۆدان و لەخۆبردوویی بێوێنە، بەتایبەت لە شەرە بەناوبانگەکانی کۆبانێ، بیرو ڕا و هاوخەمی و هاودەردی تەواوی خەڵکی جیهان و هاوکاری سەربازی و مرۆیی ئامریکاو هاوپەیمانەکانی بۆلای خۆیان و ڕەوا بوونی بەرخۆدانیان ڕابکێشن و نیشان بدەن شیاوی ئەوەن لە داهاتوو و لە هاتنەکایەی هەر سێناریۆیەک دا حیسابیان بۆبکرێ. سەرەڕای پێناخۆشبوون و نارەزایەتی تووندی تورکیه؛ ئامریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئامادەن لەشەر بەدژی داعەش ڕۆڵی سەرەکی بدەن بە شۆرشگێرەکانی” یەپەگە و یەپەژە” و هاوکاری نیزامییان بکەن. شک لەوەدانییە قەیرانی سووریە بەهەرلایەک دا بکەوێتەوە، ڕۆژئاوای کوردستان ناگەرێتەوە بۆ سەردەمی حاشالێکرانی لە کاتی دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی “ئەسەدەکان”.
لە کۆتاییدا جێی وەبیر هێنانەوەیە کە بڵێن لە ئاکامی ئەو شەرە خوێناوییەدا، جگە لە لایەنە بەرهەڵستکارەکان کە بە هەزاران چەکداریان لێکوژڕاوە، وەک ناوەندە هەواڵگرییەکان دەڵێن، نیزیکەی سێسەد هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی سووریە کوژراون و بە میلیونان کەسیش لە ترسی گیان لەدەست دان، لە ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە بوون و بە ناچاری ڕوویان لە وڵاتانی دراوسێی سووریە کردوە. ئەو رێژەیە لە کوژرانی خەلکی بێتاوان و ئەو ئاوارە بوونە بەکۆمەڵە، نیشان دەدات کە ڕێژیمە سەرەرۆیەکانی وەک ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاوپەیمانە دژی گەڵییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەیان لەسەر دەسەڵات لە هیچ چەشنە کۆمەڵکوژیی و جینایەتێک خۆنابوێرن. هەربۆیەش وڵاتانی رۆژئاوایی، بەتایبەت بریتانیا و فەرانسە کە لەڕاستیدا لەسەر ئەساسی ڕێککەوتنی”سایکس پیکۆ” لە ساڵی ١٩١٦ و لەپاش کۆتایی شەری جیهانی یەکەم، وڵاتی سووریەیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە ئایینی و ئەتنیکییەکان دامەزراندوە و هەروەها باقی زلهێزەکان، دەبێ بۆ نەهێشتنی شەر و کوشتاری بەکۆمەڵ و بەرگری کردن لە دووبارە بوونەوەی تراژیدیای وەک ئەوەی لە سووریە ڕووی دەدات؛ لەڕیگای ئاشتیخوازانە و بەدوور لە بەربەرەکانی سیاسی و شەر و لە مەترسیهاویشتنی کۆمەڵگای بەشەری، تێبکۆشن کێشە ناوچەییەکان بەشێوەیەک چارەسەر بکەن کە لە قازانج و بەرژەوەندی نەتەوە مافخوراوەکاندا بێ و بۆ قازانج و بەرژەوەندی ئابووری کورتخایەن، دەرفەت و دەرەتان بە ڕێژیمە دژی گەڵی و سەرەرۆکانی وەک کۆماری ئیسلامی نەدەن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە مەیدانی تەراتێنی خۆیان.
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه