وەرگێر: مەسعوود ڕەواندووست
تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئەم دواییانەی ئێران رەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لە راگەیەنە ناوچەیی و جیهانییەکاندا هەبوو و، ئەمریکا ئەم تاقیکردنەوەی بە بەرنامەی پەرەپێدانی مووشەکە بالستیکەکان بە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی بەستەوە و بە پێشێلکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی زانی، ئەگەرچی سەلماندنی ئەو ئیدیعایە کە مووشەکی “عماد” بە مەبەستی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی دروست کراوە و تاقیکراوەتەوە زۆر سەختە، چونکە تەنیا جیاوازیی مووشەکە بالستیکە دوورهاوێژ و نێوەندهاوێژە ناوکی و ئاساییەکان لە جۆری کڵاوەکەیاندایە نەک لە مووشەکەکان، بەڵام چونکە بە گشتی مووشەکە نێوەندهاوێژ و دوورهاوێژەکان کە لە پێکانی ئامانجەکاندا ورد و دەقیقن زیاتر بۆ هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی بەکاردەهێنرێن، ئەم تاقیکردنەوەیە بووە هۆی نیگەرانیی زیاتر لە بەرنامە نیزامییەکانی ئێران.
بۆ تاوتوێ کردنی ئەوەی کە بۆچی بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران هەم بۆ خۆی و هەم بۆ وڵاتانی ناوچە و ئەمریکا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، پێویستە ئاوڕێک لە پڕۆژە و هێز و ستراتێژیی مووشەکیی ئێران بدەینەوە.
پڕۆژە مووشەکییەکانی ئێران: هەوڵی ئێران بۆ داڕشتن و دروستکردنی مووشەک بۆ سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە لەگەڵ عێراق دەگەڕێتەوە کە بەهۆی لاوازیی زۆر لە هێزی هەواییدا دەستیدایە کڕینی مووشەک بۆ هێرش کردنە سەر بەغدا لە شەڕی وێرانکردنی شارەکاندا. رێژیمی ئێران دوای شەڕ هەوڵێکی زۆری بۆ داڕشتن و دروستکردنی مووشەک دەست پێکرد. پسپۆڕانی نیزامیی ئێران بە یارمەتیی ئەو تێکنۆلۆژییەی لە وڵاتانی وەک کۆریای باکووریان کڕی، لە سەرتاکانی دەیەی 70ی هەتاوییەوە توانیان لە زۆربەی نموونەکاندا لە مووشەکە بالستیکەکان کۆپی هەڵگرنەوە و رێژیم بەردەوام بۆ مەبەستە سیاسی و پروپاگەندەییەکانی، تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی وەک پرۆژە و دەسکەوتی نەتەوەیی لە بواری تێکنۆلۆژیدا ناو بردوە، بەڵام وێکچوونی لەڕادەبەدەری مووشەکە ئێرانییەکان لەگەڵ نموونە چینی و کۆرەیی و رووسییەکان پێچەوانەی ئەم ئیدیعایانەی رێژیم پێشان دەدا. بۆ نموونە یەکێک لە سەرکەوتووترین مووشەکەکانی وشکانی بۆ درەیای ئێران مووشەکی “خلیج فارس”ـە کە بە سووتەمەنیی رەق و خێرایی سەرووی دەنگ و مەودای ٣٠٠ کیلۆمەتر، مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر هێزی دەریایی وڵاتانی عەرەبی دەوری کەنداوی فارس و تەنانەت تەنانەی کەشتییە ئەمریکییەکان و، لە ٧ ساڵ لەوە پێشەوە دوای تاقیکردنەوە کەوتۆتە بواری بەرهەمهێناوە. بەڵام ئەم مووشەکە لەسەر بنەمای مووشەکی “فاتح ١١٠” دروستکراوە کە ئەمریکا چینی بە هاوکاری لەگەڵ ئێران بۆ دروستکردنی ئەم مووشەکە تاوانبار کردوە! ئێران ساڵی ١٣٨٥ خێراترین ئەژدەری جیهانی بەناوی “حوت” تاقیکردەوە و ئیدیعای کرد کە ئەم مووشەکە بە تەواوی خۆجێییە و بە دەستی پسپۆڕانی نێوخۆیی دروستکراوە، بەڵام ئەو زانیارییانەی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رۆژئاواوە بڵاوبوونەوە نیشانیاندا کە ئەم مووشەکە زۆر شێوەی مووشەکی “اشکوال”ی رووسی دەدا کە ساڵی ١٩٧٧ی زایینی واتە ٢٩ ساڵ پێش ئێران بەرهەمی هاتوە!
زنجیرە مووشەکەکانی شەهاب کە بەناوبەنگترین مووشەکە زەمین بە زەمینەکانی ئێرانە و گرینگترینیان مووشەکی “شهاب 3” یە بە سووتەمەنیی شل و مەودای ١٣٠٠ بۆ ١٧٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێ (بە گوێرەی قورسایی کڵاوەکەی) کە لەسەر بنەمای مووشەکی نۆدۆنگی کۆریای باکوور داڕێژراوە و ساڵی ١٣٧٧ تاقیکرایەوە و دواتر نموونە پێشکەوتووترەکانی وەک “قدر” تاقی کرانەوە و بەرهەمهاتن و زۆربەی کارناسان مووشەکی “عماد” کە چەند رۆژ لەوەپێش تاقیکرایەوە بە نموونەی پێشکەوتووتری “شهاب 3” دەزانن. مووشەکی “سجیل 2” یەکێک لە باشترین مووشەکەکان بە سووتەمەنیی رەقە کە مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێ و لە ساڵی ١٣٨٨ەوە دوای تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانە کەوتە بواری بەرهەمهێناوە و بەهۆی کەڵک وەرگرتن لە سووتەمەنیی رەق زۆر خێرا ئامادەی عەمەلیات دەبێ و هەربۆیەش یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە مووشەکییەکانی ئێرانە.
هێزی مووشەکی: بۆ تاوتوێ کردنی هێزی مووشەکیی هەر وڵاتێک دەبێ چەندێتی و چۆنیەتیی و هەروەها هێزی ئیتلاعاتیی و شناسایی وەبەرچاو بگیرێ. ئاماری وردی زمارەی مووشەکە کورت هاوێژ و نێوەندهاوێژەکانی ئێران لەبەردەست نیە و رێکخراوە ئیتلاعاتییە رۆژئاوایی و ناوچەییەکان هەڵسەنگاندنی جیاوازیان بۆی هەیە و ئاماری لە نێوان ١٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ مووشەک بڵاو دەکەنەوە کە کەم بوونی سەکۆی هاویشتنی مووشەک، رێگە بە کەڵک وەرگرتنی هاوکات لە بڕێکی زۆری ئەم مووشەکانە نادا. لەباری چۆنیەتییەوە بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی رێژیم، مووشەکە ئێرانییەکان تێکنۆلۆژییەکی پێشکەوتوویان نیە و ناتوانن ئامانجە لە پێشڕا دیاریکراوەکان بپێکن. بۆ وێنە نموونە سەرەتاییەکانی مووشەکی “شهاب ٣” نزیک ١٩٠ مەتر هەڵەی پێکانیان هەبوو کە ئەم ڕادەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە نیزامییەکان یەکجار زۆرە. تاقیکردنەوەی “عماد” چەند رۆژ لەوەپێش نیشاندەری باشتربوونی تێکنۆلۆژیی مووشەکیی ئێرانە لە بواری هیدایەت کردن و کۆنترۆڵی مووشەکدا، بەڵام بۆ بەرهەمهێنانی زۆری ئەم مووشەکە کاتێکی زۆر پێویستە. هەروەها ئێران بەهۆی نەبوونی ماهوارەی جاسوسی و هەروەها پەهباد و فرۆکەی پێشکەوتووی سیخوڕی توانای دۆزینەوە ناسینی وردی ناوچە نیزامییەکانی لایەنی بەرامبەری نیە کە ئەوە رێگرە لە کەڵک وەرگرتنی باشی مووشەکەکان لەدژی ئامانجە نیزامییەکان دەگرێ، بە تایبەت کە لە کاتی شەڕدا دوو لایەن بەردەوام لە هەوڵی جێگۆرکێ بە ئامێر و کەلوپەلەکانی خۆیاندان بۆ ئەوە شوێنەکەیان نەناسرێ و هەر ئەوە دۆزینەوەی پێشوەختی کەلوپەلی نیزامیی لایەنی بەرامبەر بێ سوود دەکا. بۆ وێنە بێ ئاگایی لە شوێنی راگرتنی فرۆکە شەڕکەرەکان و نەبوونی مووشەکی ورد و دەقیق، دەستی ئێران لە هێرشکردنە سەر پێگە هەواییەکانی لایەنی بەرامبەر دەبەستێ و ژمارەی مووشەکەکانی ئێرانیش ئەوەندە نیە کە بە مووشەک هاوێژی و بارانی مووشەک مەسەلەی کەمبوونی زانیاری و لاوازیی تێکنۆلۆژیکی خۆی قەرەبوو بکاتەوە و پێگە هەواییەکانی دوژمن لەنێوبەرێ. مووشەکە وشکانی بۆ دەریاکانی ئێران بە تایبەت “خلیج فارس” هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر کەشتییەکانی لایەنی بەرامبەر. بەڵام بەوەبەرچاوگرتنی باڵادەستیی هەوایی ئەمریکا و لەسەرتربوونی رێژەیی عەرەبستان، کەنارەکانی ئێران زیاتر لە چەند رۆژ ناتوانن بۆ هاویشتنی مووشەک بۆ دەریا بەکاربهێنرێن و بە کردەوە مووشەکە وشکانی بۆ دەریاکانی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکادا کاراییان نابێ. چونکە سیستمە دژە مووشەکەکانی ئیسرائیل، عەرەبستان و وڵاتانی دەوری کەنداو و ئامریکا زۆربەی مووشەکەکانی ئێران لە ئاسماندا دەتەقێننەوە.
ستراتێژیی مووشەکیی ئێران: ئێران بەهۆی لاوازیی زۆر لە هێزی ئاسمانیدا بەهۆی گەمارۆکان و بێ توانایی لە بەرهەمهێنانی فرۆکەی مودێرنی نیزامیدا هەوڵ دەدا هێزی مووشەکی وەک جێگرەوە یان تەواوکەری هێزی ئاسمانی بۆ هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی لایەنی بەرامبەر بەکاربێنێ، بەڵام بەهۆی کەمبوونی ژمارە و دەقیق نەبوونی مووشەکەکانی لە هێرش بۆ سەر ئامانجە دیاریکراوەکاندا و هەروەها لاوازیی زانیاری و شناسایی ناتوانێ کەڵکی دڵخواز لە هێزی مووشەکی بۆ هێرش بۆ سەر ئامانجە نیزامییەکان وەرگرێ، هەربۆیە لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕدا مووشەکەکان زیاتر بۆ هێرش بۆسەر شارەکان و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بەکاردێنێ و زۆر کەم دەست دەبا بۆ هێرش بۆ سەر ناوەندە نیزامی و ئابوورییەکان. هەروەک فەرماندە و کارناسە نیزامییەکانی ئێران چەندین جار لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکاندا رایانگەیاندوە کە لێدانی مووشەکێک لە تێلاویو دەبێتە هۆی کۆچ کردنی پێچەوانە و هەڵاتنی جوولەکەکان لە ئیسرائیل. دیارە ئەگەر لە نێوان ئێران و ئەمریکا یان عەرەبستان شەڕ هەڵگیرسێ لە مووشەکەکانیان بۆ زەبر وەشاندن لە دامەزراوە نەوتییەکان و بردنەسەری نرخی نەوت و زیان گەیاندن بە ئابووریی جیهان و بردنەسەری تێچووی لایەنی بەرامبەر کەڵک وەردەگرن.
بەوەبەرچاوگرتنی لاوازیی هێزی ئاسمانیی ئێران و لەبەردەستدا نەبوونی بۆمهاوێژی پێشکەوتوو، مووشەک تەنیا ئامرازی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییە بۆ رێژیم و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکیی نیگەرانی لە بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا بووە و درێژەدان بە تاقیکردنەوەکان و هەوڵی ئێران بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی جبەخانە مووشەکییەکەی بۆتە هۆی نیگەرانی لە لادانی ئێران لە رێککەوتنە ناوکییەکان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئەگەر ئیمکاناتەکەی لەبەردستدابێ. چ لە ساڵانی پێشوودا و چ ئێستاش کاریگەرییە دەروونی و رەوانییەکانی مووشەکەکانی ئێران لە هێزی راستەقینەیان زیاتر بووە کە هۆکارەکەی شەڕی رەوانیی رێژیمی ئێران و گەورە کردنەوەی هێزی مووشەکی بۆ دروتکردنی ترس و دڵەراوکێ بووە.
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه