تورکیە ١ی نوامبر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاڕڵمانیی بەڕێوە دەبات. سەپاندنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بۆ قەیرانی پێک نەهاتنی حکوومەتی ئیعتلافی لە پاش هەڵبژاردنەکەی ٧ی حوزەیران لەو وڵاتە دایە. دەزانین لە ئاکامی ئەو هەڵبژاردنەدا، ئاپەکە ٢٥٨، جەهەپە ١٣٢، مەهەپە ٨٠ و هەدەپە ٨٠ کورسیان وەدەست هێنا. بە پێی ئاکامی ئەو هەڵبژاردنە، دەبوو بە بەشداری پارتە براوەکانی هەڵبژاردن، حکومەتێکی هاوبەش پێکهێنرابا. خۆ ئەگەر ئاکەپە تخوونی وەها پێویستی و ڕاستییەک نەبوو، بە لایەنی کەمەوە دەکرا لەگەڵ یەکێک لە سێ پارتەکەی دیکە حکومەت پێکبهێنێ. نە تەنیا ئەوە، بەڵکو ئاکەپە بە ڕێنوێنی و چاوساغی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار، بە چەشنێک وڵاتی تووشی قەیران کرد و ڕێی بۆ شەرو تێکهەڵچوون خۆش کرد، کە بژاردەیەک جیا لە بژاردەی هەڵبژاردنەوەی سەر لە نوێ نەمێنیتەوە.
وەک ئاماژەی پێکرا، ئاکاپە خۆی لە قەرەی حکومەتی هاوپەیمان نەدا، چونکە؛ لە لایەک بۆ ئەو پارتە، لە پێش هەموویان دا بۆ ئەردۆغان سەخت بوو مل بۆ ئاکامی هەڵبژاردنەکان ڕاکێشێ کە هەوراز لە ١٠ ساڵ دەسەڵاتداری یەکەمی تورکیە بوو، لە لایەکی دیکەش هەدەپە بە سەر تیغی ڕێژەی ١٠٪ دا سەرکەوتبوو. بەڵام ئاخۆ هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە دەتوانێ مزگێنی وەها سەرکەوتنێک بۆ ئەردۆغان و ئەحمەد داووئۆغڵوو و بە گشتی بۆ پارتەکەیان وەدی بێنێ کە ئارەزووی بۆ دەکەن؟ بۆ ئەوەی کورتە وڵامێکی یەکلاکەرەوەمان بێتە دەست، بەرهەمی شیتەڵی چەند دەهۆ و پیلانی ئەردۆغان و داودئۆغڵوو دەردەخەین؛
تەقاندنەوەی متینگەکانی هەدەپە
٥ی حوزەیران، دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردن، لە متینگی هەدەپە لە دیاربەکر لە ئاپۆڕای سەدان هەزار کەسی دا، ڕاست لەو کاتەدا سەلاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە پێ دەخاتە سەکۆی بانگەشەی متینگ، تەقینەوەی خۆ کوژیی ڕووی دەدا، بەو هۆیەوە ٤ کەس گیانی خۆیان لەدەستدا. ٢٢ی تەموز لە پرسوس، خاڵی پێکەوە بەسترانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە نێو لاوانی سۆسیالیست دا کە خەریکی خۆ ڕێکخستن و کاردروستایی بە مەبەستی هەڵگرتنی فیلمێکی بەڵگەیی لە سەر وێرانەکانی کۆبانی بوون، تەقینەوەیەکی خۆ کوژیی ڕووی داو ٣٢ کوڕ و کچی ئازادیخواز تێدا بوون بە قوربانی. دوایین تەقینەوە، تەقینەوەی خۆکوژیی لە دڵی ئانکارا، لە « متینگی ئاشتی» هەدەپە ڕووی دا، لەو کارەساتە تاڵەدا ١٠٢ کەس کە زۆربەی زۆریان لە ئەندامانی هەدەپە بوون، کران بە سووتمانی سیاسەتی خۆ دزینەوەی ئاکەپە لەو شکستە یەک لە دووا یەکانەی تووشی بووە. ڕەنگە بە جێ بێ وەبیر بێنینەوە کە هەموو پارتەکانی دیکەش، وەک هەدەپە متینگ دەگرن، کەچی تەنیا متینگ و ئاپۆڕای هەدەپە دەکرێنە ئامانج، چونکە جیا لەوەی پارتی دەسەڵاتدار و تەواوەتی سیستمی تورکیە لە ئاست شۆڕش و پێشەوەچوونی خەباتی باکوری کوردستان دۆش داماون، لایەنێکی ڕوون و ئاشکراشی ئەوەیە ڕێ لە پێشەنگی ڕێبەرانی نێوخۆی ئەو شۆڕشە لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی خۆیان و متینگەکان ببەستن، تەنانەت دەکرێ ئەو کردوە قێزەونانە بە رێخۆشکردن بۆ هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر گیان و سڵامەتی ئەو رێبەرانە چاو لێ بکەین. ڕەنگە ئەو هۆیە وایکردبێ، هەدەپە متینگی هەڵبژاردنەکانی هەڵپەساردبێ. لە هەر سێکی تەقینەوەکاندا، پەنجەی تومەت و تێرۆرەکان بۆ داعش ڕادەکێشرێ، ئیدی حاشای لێ ناکرێ بکەرانی تێرۆرەکان هاوڵاتی تورکیە و ئەندامی داعشن. هەر وێڕای ئەوەش خۆکوژەکان بۆ دەزگای پۆلیس و سیخوری تورکیە ناسراون، بۆیە پاساو هەڵناگرێ تورکیە وا بە ئاسانی چاو لە کار و تێرۆرەکانی ریکخراوی ترۆریستی داعش دەرحەق بە کورد بنووقێنێ و لێگەرێ وا بە ئاسانی ئەو رێکخراوە تێرۆریستە متینگ و لێک کۆبوونەوەی کوردەکان خەڵتانی خوێن بکات.
پرۆسەی ئاشتی!
ئەگەرچی لە پشت پردەوە هاندانێکی بەهێز هەبوو کە هەدەپە، بۆ هەڵبژرادنە پاڕڵمانییەکەی سەرەتای هاوین، بە لیستی پارت بەشداری هەڵبژاردنەکان بێ، بەڵام ئەو هاندانە زۆری نەخایاند. لە سەرۆککۆمار ڕا بگرە هەتا سەرۆک وەزیران، وەزیر و ڕاوێژکارانی حکومەت و دەسەڵات بە پانەوە کەوتنە چاندنی تۆوی ناهومێدی و پرینگاندنەوەی جەماوەری باکوری کوردستان لە هەدەپە! یەکێک لە گەورە ڕاویژکارانی سەرۆک وەزیر، ئەو کات کووتی چ خۆش دەبێ ئەگەر هەدەپە لە ژێر بەربەستی ١٠٪ بمێنێتەوە، هەروەها ئەگەر هەدەپە ئەو ڕێژەیە تێپەڕێنێ ئەوا ئاسەوارێک لە پرۆسەی ئاشتی نامێنێ. هەر ئەو کات، ئەردۆغان داوای لە خەڵکی تورکیە کرد ٤٠٠ نوێنەر لە پارتەکەی نابراو ساغ بکەنەوە تاکوو پرۆسەی ئاشتی ڕەوتی ڕاستەقینەی! خۆی بپێوێ. لە پاش تەقینەوەی متینگی هەپەدەش دا بە ئاشکرا کوتی ئەگەر ٤٠٠ نوێنەرمان نادەنێ ئەو تەقینەوە و شەڕ و ئاڵۆزیانە ڕوو دەدەن.
شەڕی پەکەکە ــ ئەرتەشی تورکیە
بە دوای تەقینەوەکەی پرسوس دا، شەڕ و تێکهەڵچوونێکی کەم وێنە لە نێوان هێزەکانی پەکەکە و ئەرتەشی تورکیە هاتۆتەوە گوڕێ. بیانووی دەوڵەت ئەوەیە دەڵێ، پەکەکە دوو پۆلیسی دەوڵەتیی کوشتوون، بیانووی پەکەکەش بۆ کوشتنیان ئەوە بوو کە ئەو دوو پۆلیسە هاوکاری و چاوساغییان بۆ داعش کردوە. لە ئاکامی ئەو شەڕ تێکهەچوونانەدا کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستانی تەنیوەتەوە تاکو ئێستا زیاتر لە ٧٠٠ کەس بوونەتە قوربانی و شەهید بوونی دەیان پارتیزانی پەکەکەشی بە دواوەوە بووە. لە درێژەی شەڕ و ڕووداوەکانی ٣-٢ مانگی ڕابردوودا، کوردستان بە چەشنێکی کەم وێنە میلیتاریزە کراوە، مەترسی جۆراوجۆر هەڕەشە لە چارەنووس و ماڵ و ژیانی خەڵک دەکات، تەنانەت بە بیانووی شەڕ و نائارامی کەشێکی ئەمنییەتی و دۆخی کودەتایی بۆ ڕێگرتنی کوردەکان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان هەڕەشە لە چارەنووسی دەنگەکانی هەدەپە دەکات. لە لایەکی دیکەش، بێزاری لە سیاسەتی ئەردۆغان بۆ دیزە بەدەرخۆنە کردنی ئاکامی هەڵبژاردن و پێک نەهێنانی حکومەتی ئیعتلاف و دەست پێکرانەوەی شەڕ، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و تەنانەت هێندێک چینی نێو ئەرتەش و بنەماڵەی کوژراوانی شەڕەکانیشی گرتۆتەوە. هەڵەی ئەردۆغان و دارو دەستەکەی لەو دۆخەدا ئەوەندە گەوەریە، بە هەڵەی پەکەکە لە کوشتنی دوو پۆلیسەکەی ڕوحا تێ هەڵناهێنرێتەوە. لێ ئاکەپە بۆ دەست پێکردنەوەی دەورێکی دیکە لە قەڵاچۆ کردنی کورد و گۆڕەوشار دانی خەباتی سیاسی و شەقامی کورد لە هۆیەک دەگەڕا بیانوو بداتە دەست پەکەکە تاکوو شەڕ و شۆڕ هەڵبگیرسێتەوە.
حاكم کردنەوەی دۆخی شەڕ و کۆشتار، میلیتاریزە کردنی کوردستان، ڕێ خۆش کردن بۆ تەقاندنەوەی متینگەکانی هەدەپە، بە کارەسات دانانی سەرکەوتنی بەرەی سیاسی کوردو، خۆ دزینەوە لە پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی، هەموویان بۆ سەپاندنەوەی هەڵبژاردنەوەی پێشوەختەن. ئەو هەڵبژاردنەی دەکرێ بە تاقیکردنەوەی ئەزموونی تاقیکراوی دابنێین. هەڵبژرادنەوەیەک کە لە بنەڕەت دا بۆ خۆبواردنی ئاکەپە، ئەردۆغان و دەسەڵاتی تورکیە بۆ کێشەی ڕەوای کورد دەگەڕێتەوە بە دووای دوو مەبەست دا وێڵە؛ یەکەم، ئاکەپە ڕێژەی پێویست بۆ وەدەست گرتنەوەی حکومەت وەدەست بێنێ، بۆ ئەمەش بە حاکم کردنی سەناریۆیەکانی سەرەوە، هەدەپە لە ژێر ڕێژەی ١٠٪ بهێڵێتەوە. هەروەها لە بەرامبەر ئەوەشدا بە تووند کردنی گوتاری ڕەگەزپەرستانە، مەهەپە لە ژێر ئەو ڕیژەیەدا بهێڵێتەوە. دووهەم، لە هەمووی گرینگتر، ئەردۆغان و پارتەکەی لەو حاڵەتەدا، دەیانهەوێ درێژە بە سیاسەتی پرۆسەی ئاشتی بدەن، پرۆسەیەک کە وتووێژو ئاکامەکانی لە ژوورە تاریکەکان دا بکەن بە ئەمری واقع بە سەر کێشەی کورد لە باکوری کوردستان دا.
ئامارەکانی پاش هەڵبژاردنی هاوین نیشانیان دا، ئاکەپە کەمترین دەنگی لە چینی لاو و کەم تەمەنی تورکیەدا هێناوەتەوە. ئابووری تورکیە، بەرەو داکشانێکی زۆر چووە، بێکاری، نەبوونی و گرانی بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی گرتووە. شەڕ و تێکهەڵچوون و ئاڵۆزی هەڕەشە لە دانیشتوانەکەی دەکات و نیگەرانێکی زۆر کۆمەڵگاکەی داگرتووە، ڕەنگە تەنیا چارەیەک کە بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە بەژانە شک دەبەن ئەوە بێ کە لە ١ی نوامبر ئاکاپە وەها بێننە خوارێ کە تەسلیمی ئیرادەی خەڵکی بکەن، بە دووری دەزانم تکاو داوای ئەردۆغان، داودئوغڵوو و ئاکەپە بێتە دی.
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه