به‌شداریی ئێران و رووسیه له شه‌ڕی سووریه‌دا تا ئێستا لوتکه‌ی هاوکارییه‌کانی ئه‌م دوو وڵاته له هاوکێشه سیاسی و ململانێکانی ناوچه دایه. هه‌رکام له‌م دوو وڵاته به مه‌به‌ست و هۆکاری جیا هاتوونه‌ته نێو شه‌ڕ و کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته‌وه. به‌ڵام له یه‌ک خاڵدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه: به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ حوزووری ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌م ناوچه‌یه‌دا.
پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی ئێران و رووسیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆتاییه‌کانی ته‌مه‌نی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت که هێشتا ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له ژیاندابوو. ره‌نگه شه‌ڕی ئێران و عێڕاق کاریگه‌ریی له‌سه‌ر که‌مڕه‌نگ‌کردنه‌وه‌ی دروشمی “نه شه‌رقی نه غه‌رب”ی کۆماری ئیسلامی دانابێ که له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی زۆر پڕڕه‌نگ بوو. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه بوو که کۆماری ئیسلامی نه‌ده‌کرا له کاتێکدا شه‌ڕی له دژی ئه‌مریکا ڕاگه‌یاندبوو و ئه‌مریکای به “شه‌یتانی گه‌وره“ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا و سیاسه‌تی دژی سۆڤیه‌تییش به‌ڕێوه به‌رێ و هه‌ر له‌و کاته‌شدا درێژه به شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێڕاقیش بدا. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دروشمی “نه شه‌رقی نه غه‌ربی” جێگای خۆی دا به “خه‌بات له دژی ئیستیکباری جیهانی به رێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریکا” و ئاسه‌وارێک له دروشمی “مه‌رگ بۆ شوڕه‌و‌ی” نه‌ما که له‌سه‌ره‌تادا هاوکات له‌گه‌ڵ دروشمی “مه‌رگ بۆ ئه‌مریکا” ده‌گوترایه‌وه.
بۆ یه‌که‌تیی سۆڤیه‌تی ئه‌وکات و رووسیه‌ی ئێستا که له مێژووی هاوچه‌رخدا ئێران مه‌یدانی ته‌راتێنی بریتانیا و پاشان ئه‌مریکا بووه، چ درفه‌تێک له‌وه باشتر که خۆ له رێژیمێک نزیک بکه‌نه‌وه که رق و قینێکی سه‌یری له رۆژئاوا به تایبه‌تی ئه‌مریکا هه‌یه. ته‌نانه‌ت یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته وه‌فادارترین دۆستی خۆی له ئێران‌دا واته حیزبی تووده‌ی کرده قوربانی. له کاتێکدا ئه‌م حیزبه له‌وپه‌ڕی بێڕه‌حمی دا سه‌رکوت و پرش و بڵاو کرا، یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت به‌ردی بناخه‌ی دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی دژ به ئه‌مریکای داڕشت. ئه‌م دیپڵۆماسییه دوای هه‌ڵوه‌شانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت بۆ فیدراتیڤی رووسیه به میرات مایه‌وه و ئێستا له هه‌ر قۆناغێکی دیکه گه‌رم و گوڕتره.
ئه‌گه‌ر دژایه‌تیی رۆژئاوا به تایبه‌تی ئه‌مریکا خاڵی کۆکه‌ره‌وه‌ی ئیران و رووسیه‌ن، هاوکاری و هاوهه‌ڵوێستییان له ده‌ستێوه‌ردان له شه‌ڕ و کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا بۆ هه‌ر کامیان ئامانج و مه‌به‌ستی جیای له پشته.
رووسیه سیاسه‌تێکی به‌رزه‌فڕانه‌ی له به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا گرتۆته به‌ر؛ پێی وایه گه‌یشتۆته‌وه قۆناغی شه‌ڕی سارد یانی ئه‌وکات که بلووکی کۆمۆنیستی به رێبه‌رایه‌تیی سۆڤیه‌ت و بلووکی سه‌رمایه‌داری به رێبه‌رایه‌تیی ئه‌مریکا له به‌رامبه‌ر یه‌کدا بوون. به‌ڵام رووسیه‌ی ئه‌و کات جگه له‌وه‌ی که چه‌ندین کۆماری دیکه‌ی له‌گه‌ڵ بوون، وڵاتی چین و چه‌ندین وڵاتی کمۆنیستی و سۆسیالیستیی دیکه‌ی له ئورووپای شه‌رقی و ناوچه‌کانی دیکه‌ی جیهان له‌گه‌ڵ بوون، هه‌ڵگری ئیدئۆلۆژییه‌کی به‌هێزی وه‌ک مارکسیزم ــ لێنینیزم بوو، به‌ڵام ئێستا وڵاتێکی لیبڕاڵی له‌سه‌ر بنه‌مای بازاری ئازاده. له هه‌لومه‌رجی ئێستادا رووسیه دیه‌وێ ناوچه ژێرنفووزه‌کانی خۆی په‌ره‌پێ‌بدا. داگیرکردنی دوڕگه‌ی کریمه و هێرش بۆ سه‌ر ئۆکراین و ده‌ستێوه‌ردان له شه‌ڕی سووریه‌دا له ریزی ئه‌و هه‌وڵانه‌دان. یارمه‌تی به ئێران و پشتیوانی له رێژیمی ئێرانیش هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌ی له پشته. سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی رووسیه له شه‌ڕ و کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا هاوکات و هه‌ماهه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ئێران له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ. به‌ڵام ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی ئێران ــ جگه له سیاسه‌ته دژه رۆژئاواییه‌کانی ــ جیاوازن له ئامانج و مه‌به‌سته‌کانی رووسیه.
کۆماری ئیسلامی له ده‌ستێوه‌ردان له شه‌ڕو کێشه‌کانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ رووسیه‌دا به دوای چه‌ند ئامانجێکدا ده‌گه‌ڕێ؛ یه‌که‌م، دیه‌وێ خۆی وه‌ک زلهێزێکی ناوچه له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا نیشان بدا‌و رۆڵی رێبه‌رایه‌تیکردنی جیهانی ئیسلام بگێڕێ. دووه‌م، له نفووزی وڵاتانی سوننی مه‌زهه‌ب له ناوچه‌دا که‌م بکاته‌وه، به تایبه‌تی نفووزی عه‌ره‌بستانی سعوودی. هه‌ر بۆیه‌ش رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆته مه‌یدانی ململانێی نێوان ئه‌م دوو وڵاته. سێیه‌م، به‌هێزکردنی گرووپ و لایه‌نه شیعه مه‌زهه‌به‌کان له ناوچه‌دا. چواره‌م و گرنگترین خاڵ، سه‌رپۆشدانان له‌سه‌ر قه‌یرانه نێوخۆییه‌کانی؛ رێژیمی کۆماری ئیسلامی وه‌ک هه‌ر رێژیمێکی قه‌یرانخوڵقێن له رێگای هه‌ڵایساندنی شه‌ڕو کێشه ده‌ره‌کییه‌کانه‌وه ده‌رفه‌تی سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی نێوخۆ به‌ده‌ست دێنێ. هه‌روه‌ها بیانووی پشتگوێخستنی ویست و داخوازه‌کانی خه‌ڵکی ده‌ست ده‌که‌وێ و له جیاتی کێشه نێوخۆییه‌کان سه‌ر‌نجی خه‌ڵکی بۆ لای “دوژمن”ی ده‌ره‌کی راده‌کێشێ.که‌وابوو له هاوپه‌یمانه‌تیی ئێران و رووسیه‌دا و هاوهه‌ڵوێستییان له شه‌ڕ و کێشه‌کانی ناوچه‌دا جگه له دژایه‌تی و ململانێ له‌گه‌ڵ رۆژئاوا‌و ئه‌مریکا هه‌ر کامیان ئامانج و مه‌به‌ستی جیایان هه‌یه. ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تی و هاوهه‌ڵوێستییه له‌گه‌ڵ رووسیه‌دا ته‌نانه‌ت ئێرانی تا ڕاده‌ی له‌ده‌ستدانی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ئابووری بردۆته پێش؛ ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه وایکردوه که ئێران به قازانجی رووسیه پاشه‌کشه له‌و سامانه گه‌وره‌یه بکا که له ده‌ریای خه‌زه‌ردا هه‌یه. ئێران له کاتێکدا خۆی به رێبه‌ری مسوڵمانانی جیهان له قه‌ڵه‌م ده‌دا به‌ڵام، چاوپۆشی له سه‌رکوتی مسوڵمانانی چێچێنی و تاجیکی و …هتد ده‌کا. ته‌نانه‌ت کار گه‌یشتۆته جێگایه‌ک که چه‌ند رۆژ له‌وه پێش له کاتی مووشه‌کبارانی دژبه‌رانی رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌ددا له لایه‌ن رووسیه‌وه 4 مووشه‌ک له خاکی ئێران که‌وتن، ئێران نه‌ک هه‌ر ئیعتیرازێکی نه‌کرد، به‌ڵکوو حاشای لێکرد.
رێژیمێک که به دروشمی “استقلال، آزادی، جمهوری اسلامی” هاته سه‌رکار، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پشتی له “ئازادی”کرد. جۆری هاوپه‌یمانه‌تیی له‌گه‌ڵ رووسیه‌دا ‘استقلال’ه‌که‌شی بردۆته ژێر پرسیاره‌وه. ئه‌و هاوپه‌یمانه‌تییه به‌ستراوه‌یی رێژیمی پێشوو به ئه‌مریکاوه وه‌بیر دێنێته‌وه که گه‌لێک ئه‌زموونی تاڵی له مێژووی ئێران‌دا تۆمار کردن.
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه