بەشی پارێزگا کوردییەکان و ناوچە دووردەستەکانی تری ئێران لە بەرنامە ئابووری و گەشەییەکانی کۆماری ئێسلامی چ بوو؟ لەو بابەتەدا هەوڵ دەدەین کە وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە.
لە سەردەمی پاشایەتی ڕا تا ئێستا واتە سەردەمی کۆماری ئیسلامی، ئێران ١٠ بەرنامەی گەشە پێدانی تاقیکردۆتەوە. لە گرینگترین ئامانجەکانی ئەو بەرنامانه کەمکردنەوەی جیاوازی لە نێوان ناوچەکانی کەمتر گەشەکردوو لەگەڵ ئەوانەی کە بەردەوام لە گەشەکردن دا بوه.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان، بەرنامەی گەشەپێدانی رێژیمی پەهلەوی نەیتوانیوە کەلێنی نێوان ناوەند و دەوربەر پڕبکاتەوە. لەدوای شۆرشی گەلانی ئیران و هاتنەسەرکاری حکومەتی ئێسلامی، بەرپرسانی ئەو حکومەتە لە رۆژەکانی سەرەتای شۆرشەوە دەستیان لەسەر ئەو خاڵه دانا کە دەبێ گەشەکردن لە ئێراندا لە هەموو ناوچەکان وەک یەک بێت و حکومەت دەبێ و لەسەرییەتی کە ئەو نابەرانبەرییە کەم بکاتەوە. هەرچەندە شەڕی ئێران و عێراق بەهانەیەکی باش بوو کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرنامەی گەشە پێدانی ناوچەیی خۆیان پەرە پێنهدەن و بە بەهانەی شەڕ ئەو دواکەتوویی و بێ ئیمکاناتییەی کە لە پارێزگاکانی پێش شۆرشی ٥٧ هەبوو، هەر وەک خۆی مایەوە و کۆماری ئیسلامی هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی لە شێوە و رەفتاری خۆی سهبارهت به ناوچە دوورەدەستەکان لە ناوەندەوە نەکرد. لە دوای شەڕ، ئێران بەرنامەیەکی ٥ ساڵەی گەشە پێدانی لە دەستوری کاری خۆیدا دانا، بە درووشمی کەمکردنەوەی هەژاری لە ناوچە بێبەشەکاندا و گەشەپێدانی یەکسان.
ئەگەر بەرنامەی یەکەمی گەشەپێدان تایبەت بوو بە ئاوەدان کردنەوە و نۆژهنکردنهوهی ناوچە زەرەروێکەوتووەکانی شەڕ، ئەوا بەرنامەکانی تری کە بەدوای ئەو داهاتن نەک لە نابەرانبەری لە ئێراندا کەم نەکردوە بەڵکو زۆر زیاتریشیکرد تهنانهت له چاو سهردهمی ئەوەی پێش شۆرشی ٥٧ ش.
ناوەندگەرایی لە بەرنامەکانی گەشە پێدان دا
لە کتێبی «ئێران لە نێوان دوو ئینقلاب»دا هاتووە کە لە دەورانی پەهلەوی لە تاران بۆ هەر ٩٧٤ کەس دکتۆرێک هەبوو، بەڵام لە بەرامبەردا لە کوردستان بۆ ههر ٦٤٧٧ کەس یەک پزیشک و لە سیستان و بلوچستان بۆ ههر ٥٣١١ کەس یەک پزیشک هەبووە.
ئەگەر ئەو بەراوردەی سەرەوەی کتێبی «ئێران لە نێوان دوو ئینقلاب»ی یراواند ئابراهامیان بکەینە بنەمایەک بۆ خوێندنەوەی گەشە لە ئێراندا، دەبینین کە لە ساڵی ١٣٥٤ دا تەنیا لە تاران ٦٠% لەسەدی پیشەسازی و هەروەها قەرزی بانکی ئێران تایبەت بووە بەو ناوچەیە کە ٢٢% هێزی کاری ئیرانی تیدا بووە، ئەوە لە حالێکدایه کە کوردستان و سیستان و بلوچستان کە زیاتر لە ٣٠ % هێزی کاری تێدا بووە، تەنها ٥% پیشەسازی و قەرزی بانکی لەو ناوچانەدا چالاک بووە! ئەمە لە لایەکەوە، لەلایەکی ترەوە حکومەتی ئەوکات لە بواری پەروەردە و راهێنان دا ئەوەندەی له بیری ناوەنددا بووە، کەمتر پڕژاوەتە سەر ناوچەکانیتر، تەنها لە تاران دا ٦٢% خەڵک خوێندەوار بوون لە بەرامبەردا له کوردستان ٢٦% و سیستان وبلوچستاندا ٢٥%ی خهڵک خوێندەوار بوون!
بەڵام لە ئێستادا، نەک جیاوازیەکان کەم نەبوونەتهوە، بەڵکو لەهەندێک جێگادا زیاتریش بوون. بەپێ ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵانی ١٣٧٩ تا ١٣٨٨ ئەنجام دراوە و لە ژمارەی ٧ی گۆڤاری ئابوری و گەشەدا بڵاوبۆتەوە، دەبینین کە ناوەندگەرایی روو لە زیادبوونە، ئەویش لەسەر دەستی حکومەتێک کە شیعاری عەدالەت و یەکسانی کردبووە سەرمەشقی کاری خۆی.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی تر کە لە لایەن عەلیرەزا بێگزادەوە لەبارەی پیشەسازی پارێزگاکان و ناوچەکانی ئێران دا کراوه دەریدەخات کە پارێزگاکانی تاران، ناوەندی، ئیسفەهان و کرمان بەتەنها ٤٩% کارخانە و کەرتی پیشەسازی ئێرانیان تێدا هەڵکەوتوە، هەروەها پارێزگاکانی بوشێهر، هۆرموزگان و خوزستان نزیک بە ٢٠% و پارێزگاکانی قەزوین، فارس و ئازەربایجانی شەرقی ١٤% لە پیشەسازی ئێرانی تیدا جێگر کراوە. بەڵام جێگای سەرسورمانە کە لە ١٩ پارێزگاکەی تر کە ٤٥% خەڵکی ئێرانی تێدا دەژین (پارێزگا کوردییەکانیش لەو ١٩ دانەیەدا جێگایان گرتووە) تەنها ١٧% پیشەسازی و بنکەگەورەکانی ئابوورییان تێدا هەڵکەوتوە. تەنیا لە سێ پارێزگای تاران، ئیسفەهان و خوزستان ٥٠% بەرهەم و ناوچە پیشەسازییەکانیان تێدا هەڵکەوتوە. بۆ زانیاری، پارێزگاکانی خوزستان، بوشێهر و هۆرموزگان له بهر ئهوهی که ناوچەی نەوتین، ئەگەر داهات و دەرکەوتی نەوتیان لێ کەم بکرێتەوە، ئەوانیش دەچنە پاڵ پارێزگا فەقیرەکانەوە.
بۆ ئەوەی هاوکێشەکان روونتر ببینهوه بەرچاومان، ٥ پارێزگای گەشەکردوو، گەشە نەکردوو دەخەینە بەردیدی خوێنەران کە بەراوردێکە لە نێوان ساڵی ١٣٧٩ و ١٣٨٨ هەتاو لە ئێراندا.
پێرستی پارێزگاکانی گەشەنەکردوو پارێزگاکانی گەشەکردوو
ساڵ پێنج (٥) پارێزگای گەشەکردوو پێنج (٥) پارێزگای گەشەنەکردوو
۱۳۷۹ تاران، ناوهوندی، قهزوین، هورموزگان، ئیسفههان کرمانشان، ئیلام، کۆهکیلویه و بویرئەحمەد، پارێزگای سنە، سیستان و بلوچستان
۱۳۸۸ تاران، ناوهندی، بوشێر، سمنان، یهزد پارێزگایی ورمێ، لۆرستان، پارێزگای سنە، کۆهکیلویه و بویرئهحمد، سیستان و بلوچستان
سەرچاوە گۆڤاری ئابووری و گەشەی ناوچەیی، نیوەی ساڵی ١٣٩٣
لە تازەترین ئاماردا رێژەی بێکاری لە پارێزگا کوردییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، بەپێ سەرچاوە حکومەتییەکان لە پارێزگای کرماشان ٢٠% و لە پارێزگای سنە ١٩% و پارێزگایی ورمێ ١٦.٥% و لورستان و ئیلامیش هەریەکە ١٩% و ٢١ % رێژەی بێکارییان تێدا بەرز بۆتەوە، بەڵام ئەو رێژەیە بەپێی سەرچاوە نا حکومەتییەکان بەرێژەیەکی بەرچاو بەربۆتەوە بۆ نموونە لە پارێزگای کرماشان ٢٨% و لە پارێزگای سنە ٢٦% و پارێزگایی ورمێ ٢٤% و لورستان و ئیلامیش هەریەکە و بە ٢٨% و ٢٤ % رێژەی بێکارییان تێدا بەرز بۆتەوە. حکومەتی کۆماری ئیسلامی به ئانقەست ئامارەکان بەوشێوەیە بلاودەکاتەوە کە دەنگی خەڵکی نارازی کپ کات و هەمیش بە دنیای دەرەوە بلێت کە لەوڵاتەکەی من دا یەکسانی هەیە، ئەگەر ئەو یەکسانییە بێکاریش بێت! ئەو رێژانەی کە لەسەرەوە هاتوون بەشی زۆری بەهۆی نەبوونی بنکە و دامەزراوەی ئابووری لەو ناوچانەدا پەیدا بوون.
لە کوردستان هیچ کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنان نیە، ئەگەر چاوێکی خێرا بە سەر نەخشەی ئێراندا بخشێنن دەبینن کە زۆربەی کارگهکانی بەرهەمهێنانو هەروەها بناغەکانی ئابووری لە ئێران لە سێگۆشەیەکی فارسنیشنی ناوەندی ئێران کۆبۆتەوەو، هیچ کارگەیەکی گەورەو بەرهەمهێن ناکەوێتە درەوەی ئەم سێگۆشەیەوە. ئەو بەرنامەیهی حکوومەتی ناوەندی بەشێوەیهکی بەرنامەبۆدارێژراو، حکوومەت دوای حکوومەت لە ناوچە کوردنشینەکان دووبارە بۆتەوە. لە زۆربەی بنەماڵەکانی ٤ پارێزگای کورد تەنیا یەک کەس کار دەکاو چەند کەسی بێکار لە سەر داهاتی ئەو دەژین. ئەمە وای کردوە کە کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر سەر هەڵبدەن. تەڵاق، ئیعتیاد بەمادە هۆشبەرەکان، قاچاغی کەلو پەلو بێکاری، وایکردوە کە کێشەو ئاژاوە زیاد بکا. هەر بۆیە خەڵکێکی زۆر بە هۆی بوونی کێشەوە ڕێگایان کەوتۆتە زیندانەکان. بێکاری وای لە خەڵک کردوە کە بۆ پەیدا کردنی پارووهنانێک بۆ ژیانی خۆیانو بنەماڵەکانیان، پهنا بۆ کاری پڕمهترسییش بهرن. بۆیە زۆر لەوانه ئێستا خەریکی کۆڵبەریو کاری قاچاغی کەلو پەل لە سەر سنوورەکانی رۆژئاوای ئێرانن، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی منداڵانی کرێکار زیادی کردوەو زۆربەیان وازیان له خوێندن هێناوهو روویان کردۆتە ناوەندەکانی کار، چونکە ژمارەیەکی زۆر لەوانەی خوێندنیان تەواو کردوە، کاریان دهست ناکهوێ.
بە چاولێکردنێکی خێرا به نەخشەی ئابووری ئێران دەتوانین تیبینی چەند خاڵ بکەین هەموو کارگەو ناوەندەکانی بەرهەمهێنان لە ئیراندا کەوتوونەتە سێگۆشەیەکی فارسنشینو سەری سێگۆشەکە لە تارانو لایهکانی دیکه لە شیرازو ئیسفههانە، ئەمە بە کردهوه وای کردوە کە زۆر له ناوچەکانی دیکهی ئێران لە بوونی کارگەو ناوەندی بەرهەمهێنان بێ بەش بن. ئەمە لەحالێکدایە کە کەرەستە سەرەتاییەکانی ئەم کارگانە لە ناوچەکانی دەرەوەی ناوچەی فارسنشینهوه دێنو لە کارگەکانی ناوەندی ئێراندا کەرەستە خاوەکانی ناوچە کوردنشینەکان دەکرێن بە کاڵاو خێرو داهاتەکەی بۆ گیرفانی حکوومەتی ناوەندی دەبێو لە کاتی دابەشکردنی داهاتی سەرانەشدا کوردەکان وەک پله دوو حیسابیان بۆ دەکرێ. وەک نموونە دەکرێ ئاماژه بەشی بەرهەمهێنانی شەکر لە چەوەندەری قەند باسی بکەین، بەپێی ئاماری ساڵی ١٣٨٥ پارێزگای ورمێ لە چاندنی چەوەندەری قەنددا، بە ٢٩٦٥٠ دۆنم کە دەکاتە ٢٢% لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی دووههم دێو، هەروەها پارێزگای کرماشان به١٣١٤٦ دۆنم کە دەکاتە ١١% لەسەر ئاستی ئێرانو پارێزگای ئیلام بە ٥٠٠ دۆنمو پارێزگای کوردستان بە ١٢٠ دۆنم لە بەرهەمهێنانی چەوەندەری قەنددا بەشدارن. ئەگەر چاو بەو ئامارانەدا بخشێنین دەبیننین کە ٣٨% تا ٤٠% (کە دەکاتە ١٦١٩٣٣٥ تۆن) لە چەوەندەری ئێران لە ناوچە کوردنشینەکان بەرهەم دێ، ئەمە لەحالێکدایە که کوردستان بەوهەموو چەوەندەرەوە تەنیا یەک کارگەی بەرهەمهێنانی قەندو شەکری لێیه، ئەویش کارگەی قەندی میاندواوە، کە هیچ پێوەندییهکی بە کوردەکانەوە نیە. لەم ساڵانەی دواییدا چەندین هەوڵ بۆ دروستکردنی کارگەی شەکر لە پیرانشارو نەغەدە دراوە کە بەهۆی ئەوەی حکوومەت پشتیوانییەکی ئەوتۆی لێ نەکردوە، ئەو هەوڵانە ئەگەر جێ بەجێش کراون، زۆر لاواز بوونو نەتوانراوە وەک کارگەیەکی بەرهەمهێن چاوی لێبکرێ.
ئەو ئامارانەی سەرەوە پێمان دەلێن کە بەرنامەکانی گەشەی ئابووری لە حکومەتی کۆماری ئسیلامی ئێران و هەرەوەها رێژیمی پەهلەویش دا هیچ کات بە قازانجی کوردەکان و کەمە نەتەوایەتیهکانی تر نەبووە، ئەوەی کە ئێستا لە ئێراندا دەبیبین لە کاتی ئیستادا دیکتاتۆرییەکی نیزامی و ئابووریە کە جلەکەوەی لەتاران بەدەست فارسه شۆنیستەکانەوەیە. ئەوە لە بواری بناغەکانی ئابووری و پیشەسازیەوە، بەڵام ئەگەر سهیری لایەنەکانی تری ژیانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بکەین دەبین کە بەرنامەکانی گەشەپێدانی پەروەردەو فێرکردنیش هیچ قازانجێکیان بۆ ئەو ناوچانە نەبووە. بە پێی راپۆرتی رەسمی (سازمان نهضت سواد آموزی)، پارێزگاکانی سنە و ورمێ و سیستان و بلوچستان، نەخوێندەوارترین پارێزگاکانی ئێرانن.
لە خشتەی خوارەوەدا هەوڵ دراوە کە هەڵسەنگاندنێک بکرێت لە نێوان پارێزگاکانی ئێران لە ستاندارتەکانی ژیان دا( ئومێد بە ژیان، پەروەردە و گەشەی مرۆڤی و پێوهری داهات) سەرچاوەی ئەو خشتەیە راپۆرتی رەسمی (معاونت مدیریت و برنامهریزی)ە لە نێوان ساڵی ٨١ بۆ ٨٨.
سەرچاوە: راپۆرتی رەسمی (سازمان مدیریت و برنامهریزی)
وەزعیەتی ئیستا لە ئیراندا راست بەپێچەوانەی ئەو بەرنامە و پلانەیە له لایهن کۆماری ئسیلامی ئێرانهوه بۆ ناوچە دوورە دەستەکان دانراوە. ئەو نابەرامبەرییهی کە لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە بە نیسبەتی کەمە نەتەوەکانی وەک کورد و بلوچ و ئەوانی تر بە درێژایی ٣٦ ساڵی حکومەتی کۆماری ئێسلامی بەردەوامی هەبووە.
لە ژماره ٦٦٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه