هەرچەند دەکرێ پێناسەی جۆراوجۆر بۆ چەمکی گەندەڵی بخەینە ڕوو _ڕەنگبێ ئەم بابەتە کورتیی زمانی بێ کە لە گەندەڵیی بیۆلۆژیک و گنخاوەوە بگرە هەتا ڕابواردن و گەمە و قومار و خراویی دژە ئەخلاقی و ڕامیاری لەخۆ بگرێ- بەڵام لەبەر ئامانجی ئەم نووسراوەیە دەتوانین ڕزاوی و گەندەڵی بە گۆشە نیگای زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو لە بەرچاو نەگرتنی ڕێسا و نەریتەکان و بە مەبەستی کەڵکاژۆی نابەجێ دابنێین، کە خۆیا بوونەوەی دەرەکییەکەی بۆ کردەوەی تاکەکان دەگەڕێتەوە؛ هەر لە درۆوە بگرە هەتا بەرتیل و دەورلێدانەوە لە یاسا بۆ وەدەستهێنانی سامان و هێز و زۆری. ڕاستە گەندەڵی لە هەموو کۆمەڵگەکان بوونی هەیە و هیچ وڵات و حکوومەتێک نابینی کەم یان زۆر کرمۆڵی و گەندەڵیی تێدا نەبینرێ، بەڵام ئاخۆ بۆچی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئێمە بەردەوام دەبینین کە ئەم دیاردەیە ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکا و نەک هەر لێی بەرگەشت نین بەڵکوو خێرا سەرجەم بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوودا تێوەی دەگلێن؟ بە دڵنیاییەوە لەم چەند دەساڵەی دواییا خەڵکی وڵاتی ئێران لە بواری بیۆلۆژیکییەوە بە بەروارد دەگەڵ پێش دامەزرانی ئەم ڕێژیمە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا نەهاتوە، کەوابوو ناکرێ بڵێین ئەو گۆڕانی ئاکارە بخرێتە پاڵ قەڵەمبازی ژێنێتیکی. ئەدی باشە دەبێ چ ڕووی دابێ کە ئیمڕۆکانە دەبینین نەک هەر لە ئاستی بەرپرسان و حاکمانی ئەو وڵاتە بەڵکوو خەڵکی ئاساییش لە ئاستی جۆربەجۆردا تووشی ڕزان و گەندەڵی بوونە؟ بێگومان دەبێ هۆکاری سەرەکی لە شێوازی دەسەڵاتداری و حاکمیەت لەو چەند دەساڵەی دواییدا ببینینەوە، بەڵام دەبێ بەرپرسانی ئێران چ جۆرە هەڵسوکەوتێکیان هەبێ کە ئاکامەکە ئەوها ڕۆچوون بەنێو گەندەڵی بێ؟ بەڕواڵەت کۆماری ئیسلامیی ئێران داواکاریی بڕەودان بە دینداری و ئاکاری ئۆلییە کە دەبێ خەڵک وەها هان بدا کە نەک لەبەر ترسی بەرپرسانی قەزایی و ڕاسپێردراوانی کۆنترۆڵی دروستی یاسا؛ بەڵکوو لەبەر باوەڕ بە پاراستنی ڕێساگەلی ئیسلامی و ئیلاهی خۆیان بەدوور بگرن لە هەر چەشنە گەندەڵی و سووچێک و بە پێی یاسای بنەڕەتیی نووسراوە و دەسەڵاتیش دەبێ بوارێک بخولقێنێ کە کەرامەتی مرۆڤ لە کۆمەڵگە بپارێزرێ (بنەمای ٢ لە یاسای بنەڕەتی)، بەڵام بە کردەوە ڕەوتی گوورانی ئاکاری کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە بەجۆرێک بووە کە نەک تەنیا ناتوانرێ بەرپرسان بەو پێوانانە هەڵسەنگێنی، تەنانەت خەڵکی ئاساییش باوەڕەکانیان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتوە و شاهیدی پەرەئەستاندنی فەساد لە ئاستی ژێرەوەی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشین.
دەزانین کە لە سادەترین جۆری پێناسەی ئاکار (اخلاق) چ لە بواری پەروەردەی ئۆلی چ بە ڕوانینی فەلسەفی؛ ئەو کردەوەیە ئەخلاقییە کە ئەگە ببێتە یاسا، پێی ڕازی بین و پەسەندی بکەین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە بەشی هەرەزۆری ئەو خاڵانە ئاکاری ئەو خەڵکە، ئەگە کردەوەکە بۆخۆی گەڕاوە و لەوی بقەومێ، پێی ڕازی نییە و بەباشی نابینێ! ئەی بۆچی ئەو باوەڕە هەتا ئەو ڕادەیە لە پەرەسەندن چۆتە نێو کۆمەڵگەوە؟
هەرچەند دەتوانین هۆکارگەلێک باس بکەین بەڵام یەکێ لە گرنگترین هۆکارەکانی کە بەداخەوە کەمتر بایەخی پێ دراوە ئەوەیە کە یاسا کەوتۆتە لێژی و کەس شتی باشی بۆ نابێژی! ڕەوشی تەنگانە و لە یاسا قەومان بە شێوەیەکی گشتی، ئەو دۆخەیە کە تاک تووشی ڕەوشێکی ناسروشتی دەبێ کە تێدا هەڵکەوتنی بۆ تاک بەرئەنجامی نەرێنیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سڵامەتییشی لێ دەکەوێتەوە و تێپەڕین لێی بەبێ تێچوو نییە و کاریگەرییەکانی هەتا ماوەیەکی زۆر هەر دەمێنێتەوە. بۆمیناک ئەگە کەسێک دە سەرما و سەخڵەتییەکی دژواردا بمێنێتەوە یان لە بواری خواردنەوە دەستی وە خواردن و خواردنەوە ڕانەگا تووشی تەنگانە و لێقەومان دەبێ و ئەگە ماوە و دژوارییەکە درێژ ببێتەوە؛ دەتوانێ کەسەکە لەنێو و لە ئاستێکی نزمتریشدا دەتوانێ سەدەمەی کاریگەر لە جەستەی بدا کە هەتا کۆتایی ژیان دەگەڵی دەمێنێتەوە و لە نەستی بیرەوەرییەکانیدا تاڵ و تووش دەمێنێتەوە.
بە دڵنیایەوە ئاوەزی ساغ وا حوکم دەکا کە مرۆ خۆی لەو ڕەوشەدا نەبینێتەوە، بەڵام پرسیار ئەمەیە کە گرووپێک بە ناوی دەسەڵات هەوڵ بدەن ڕەوشی تەنگانە و قەومان بە شێوەیەکی سیستماتیک لێبکەن، تەکلیف چییە؟ وای دابنێن کە بۆ کەلکوەرگرتن لە خاترانە و هەڤیازیی ماڵی و ئابووری لە وڵاتێک لەسەریەتی کە پرەنسیپێکی تایبەت بپارێزێ کە باوەڕمان پێی نییە، ئەدی چارە چییە؟ واتە بۆ میناک بۆ دامەزراندن، وەرگرتنی جەوازی کار، درێژەپێدان بە خوێندن و … دەبێ بە گەز و پێوانەی ئایدۆلۆژیا هەڵسەنگێندرێین و بە پێچەوانەی ئەمە ئەگە ئەو باوەڕەمان تێدا نەبوو و لەو هەڤیازییانە بێبەش بووین [کە دەبین]، دەبێ چ بکەین؟
ئایا ڕەوشێکی ئاوا خەڵک تووشی تەنگانە ناکا؟ ئایا دۆخی ئاستی یەکەمی پەرەسەندنی گەندەڵی نابێتە باو؟ ئایا کەسانێک بیر لەوە ناکەنەوە کە هەرچەند ئیمانیان بەو شەرت و مەرجانە نەبێ، خۆیان وا پێشان بدەن کە دەگەڵی هاوڕێن؟! بەداخەوە ئەم نەریتە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەو پاساوە کە ئێمە دەمانهەوێ جگە لە کەلکوەرگرتن لە خەڵکانی بەتواناتر بە شێوەیەکی هێور خەڵک هان بدەین باوەڕە بایەخدارەکانیان جێگیر بکەن بەتوندی کەلکی لێ وەرگیرا و هیچ کەسێکیش نەیدەتوانی ئەمە وەبیر حاکمان بێنیتەوە کە ئەم شێوازە نەک هەر بە ئاکام ناگات بەڵکوو بە بوونی ڕەوشی تەنگانە دەبێتە هۆی ئەوەیکە گرووپێک لە خەڵک ئەگە بە ناچاریش بێ دانی پیا بنێن بەڵام قینی چۆنیەتیی دەرکەوتن لەم شێوازە پڕ لە قەیرانەیان لە بیر دەمێنێتەوە و دەسەڵاتداران بیریان لەوە نەکردبۆوە ئەم جۆرە ڕەوشت و ئاکارە بە کوێ دەگا و ئاکامەکەی چیی بەسەر دێ کە تەنانەت ڕۆژێک دەقڕوقاپی خۆیشیان داڵێ.
ئەوانەی کە هێزی دانانی یاسایان هەبوو لە یەکەم هەنگاودا بنەمای ئاکاریان لە بیر چۆوە و بە خوێندنەوەی جۆرواجۆر لە ئیسلام، هەموو جۆرە یاساگەلێکی سنووردار کە دەبێتە هۆی ڕەخسانی ڕەوشی تەنگانە لە خەڵکدا پەسەند کرد؛ وەک، زیادکردنی هەڵاوێژی دامەزراندن (گزینش استخدام) بە پێوانەی ناڕوون کە ئامانجەکەی گەشە و کەلکوەرگرتنی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەی جێباوەڕی خۆیان بوو، هەڵبەت دواتر زانیان کە بە هاسانی زۆریەک لە خەڵک بە ڕواڵەت و دەغەڵکاری و چەواشە دەتوانن ئەو ڕێسایانە دەور لێدەنەوە و بە شێوەیەکی نەخوازراو چوونە بازنەی خەڵکی ئەوان، جا ئەو خەڵکانە کە بە فێڵ و ساختەکاری چووبوونە نێو ڕیزیان بوونە هۆکاری کێشە و سەرئێشە بۆیان. نموونەی سادەی ئەم جۆرە یاسایانە دەتوانین باس لە پێناسەی ماڵیاتی گومرگی کاڵا و دیاریکردنی نرخ وەک میناک لە ماشێندا بکەین. هەمیسان پاساوی جوان و مرۆڤانەکەی پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی بوو بەڵام بە کردەوە بووە هۆی بەرهەمهێنانی مافیای ماشین کە لەوێدا بە سامانی خەڵک ماشینی بە کوالێتیی نزم بە نرخی بەرز بەرهەم دەهات و قازانجەکەشی چ بە ڕێگەی هاوردەکردنی ماشین چ وەک کڕینەوەی ماشینی نێوخۆیی دەچووە گیرفانی کەسانێک کە بە دڵنیاییەوە ناتوانین ئەوانە وەک خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگە بناسین و بەداخەوە لە ئاستێکی زۆر، تەنانەت فەرمانبەرانی ئەو پیشەیەش هەر ئەو گرووپە هەڵدەبژێردرێن کە لەو کۆلیدۆرە سەقەتەی هەڵاوێژی دامەزراندن تێپەڕیون و لە ڕاستییا لە خەڵکی نین و یان لەو دەستە لە دەغەڵکارانەن کە ئەو سیستمەیان دەور لێداوەتەوە. بەشی هەرە زۆری یاساکان لەم وڵاتە ئا بەم شێوەیە ڕۆنڕاوان کە باس کردنی تەنانەت بەشێکی کەمیشیان لێرەدا دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئێمە لە بابەتەکەمان دوور بکەوینەوە و تەنیا بە شێوەی تیتروار ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەم کە خوێنەر بە هەندێک بیرکردنەوە دەتوانێ بزانێ ئەو ڕەوشە تەنگانەیەی باسی دەکەم چۆنە و چییە.
بۆ وێنە، قۆرغکاریی ڕاگەیاندن و دانانی یاسای قەدەغەی کەلکوەرگرتن لە سەتەلایت یان تێپەڕین لە فیلتێرینگی ئینتێرنێت؛ هەڵاواردنی ماڵیاتی، دووچاوەکی لە دانی بوودجە چ لە بواری جوغرافیاییەوە چ لەبواری ڕێکخراوەیی-وەک نەبوونی هاوسەنگیی نێوان ناوەندە فەرهەنگی و ئایینییەکان لە هەمبەر کەرتی ساخڵەمی- هەڵاواردنی پەروەردەیی، جیاوازی دانان لە بەشی دەرمانی و … .
هەر هەموو ئەم هەڵاواردنانە ڕەوشی تەنگانە بۆ خەڵک دەخولقێنێ، جا سەیر ئەوەیە ئەم دۆخە نەک دوژمنی دەرەکی و گەمارۆکان بەڵکوو بە پشتیوانیی یاسای ڕۆنڕاوی دەسەڵات دەخولقێ. ئاکامی سەرهەڵدانی ئەم ڕەوشە پڕ لە تەنگانە و قەیرانە بە شێوەیەکی زەوینی؛ دان پێدانانی خەڵک بە دۆخی ناچارەکی و بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە هەموو کارێک بکا، وەک کۆڵبەری ئەویش لەلایەن کەسانی خوێندەوار کە هیچ شانسێکیان نییە کە ئاکاری شەرافەتمەندانەی خۆیان بۆ دەور لێدانەوەی یاسا بخەنە ژێر پێ. ژمارەی ئەو کەسە شیاوانەی کە کەوتوونەتە نێو ڕەوشی تەنگانە و تووشی گرفت و ناحەقی بوونە کەم نین. ڕەنگبێ سەرجەم ئەو ناخۆییانە (غیرخودی) تووشی دۆخی کۆڵبەری نەبن بەڵام ناچار دەکرێن کە بە دوای کەمتر لە مافی خۆیان بن و ئەگە ڕێگەی لانیکەمی گەشەیان پێ بدەن، لێرەیە کە دەسەڵاتداران بە ڕواڵەتیش بێ و بە ناوی چاکە پێویستیان بە ڕەعیەت هەیە! ئەو مەزنایەتییەی مرۆڤ کە بڕیار بوو یاسا پشتگیریی بکا و بۆ گەشە و پێشکەوتنی، پێوانە “کردەوە” بێ، لە نێو چووە و زۆریەک لەو تاکانە بە کردەوە کەوتوونەتە دۆخێک کە حەز دەکەن تەرکەوڵات بن و لە کۆمەڵگەیەکی تردا کە بۆخۆیشیان دەزانن ڕەنگبێ گیروگرفتی زۆر و تەنانەت وەک شارۆمەندی پلە دوو بیانڕوانن، بژین.
لەم نێوەدا گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە کەلکوەرگرتن لە هێزی پەتی بۆ ڕۆنانی یاسا کە ئەو ڕەوشە تەنگانەیە دەستەبەر دەکا، تەنیا ڕێکارێک نییە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بەڕێوە ببرێ. زۆر کەس هەر بەو لۆژیکەی دەورلێدانەوەی هەڵاوێژی دامەزراندن و چوونە نێو بازنەی خاوەن بڕیارات کەلکیان وەرگرتوە -واتە خۆنوێنی بەو شتەی کە هەر باوەڕیان پێ نییە، ئەمەش یەکەم هەنگاوی گەندەڵییە- دەست دەکەن بە شرۆڤەی ئاستێکی نوێ لە ڕەوشی تەنگانە لە نێو کۆمەڵگە. زاراوەی وەک “پاوان” (احتکار)، قاچاخ و شتی لەم چەشنە ئاکامی ئەو شێوە ڕوانین و بۆچوونەیە کە ڕەوشی تەنگانە دروستی دەکا، جیا لەو ئاکارە ئاشکرایانەی کە لەلایەن پاوانچی و قاچاخچییەوە دەکرێن. لە ئاستی بە قەول شارستانییانەتر، ئایا ئاکاری پزیشکێک کە بۆ دەرمانی نەخۆشێک داوای کارانەی زیادەی بێمەنتق دەکا، تشتێک جگە لە ئاکامی خولقانی ڕەوشی تەنگانەیە؟ ئەو نەخۆش و دەردەدارەی کە بڕیار بوو هاوکاری و پشتیوانیی یاسایی لێ بکرێ و گەورەیی ئینسانیی بپارێزرێ، ناچارە بە هەڵبژاردنی لە نێوان مان و نەمان بە ڕازی بوون بەو نادادپەروەرییەی بۆتە باو! ئەو کرێکارەی کە هەڵاواردنەکان وای کردوە گەشە نەکا و بەهرەکانی سەرکوت کراون و هیچ پشتیوانییەک لە کەرامەتی ئینسانییەکەی ناکرێ کاتێک دەکەوێتە بەر شاڵاوی گرانییەکان کە دەوڵەت بۆ خۆدەرباز کردن لە گەندەڵییە ئابوورییەکانی و بێسەروبەری سیستم تووشی بووە، ناچارە لە نێوان مردن و هەرزان فرۆش کردنی هێزی کاری خۆی دانەیەکیان هەڵبژێرێ، تەنانەت ئێستا بەو ئێپیدێمییەی کە هاتوە و کۆرۆناڤیرووس تەنگی بە خەڵک هەڵچنییەوە، کرێکاری بەستەزمان بە ناچاری لەم دۆخەشدا بۆ بژیوی ژیانی ماڵ و منداڵی هەوڵ دەدا.
مەخابن لە نێو دەسەڵاتدا نەک هەر هیچ بایەخ و گرنگییەک بەوە نادەن کە وەک داڕێژەرانی یاسا، کەلکوەرگرتنی نابەجێ و زیادە تووشی کارەساتی ڕەوشی تەنگانەیان دەکا بەڵکوو بە جۆرێ بە دەستکاریی یاساکان و دەور لێدانەوەی و لانیکەمی بێنەوبەرەی بڕۆکراتیکی نیوەچڵیش، بەستێن بۆ برەودان بەو ڕەوشە خۆشتر دەکەن و هەر گوێشیان لێ نییە چونکە قازانجیان لەوەدایە و خەڵکیش کەیفی خۆیەتی با بمرێ! میناکی هەرە زیندووی ئەو بێ سەروبەری و تەنگانەیە بەرزکردنەوەی لەنکاوی نرخی بێنزین لەلایەن سەرۆکانی سێ هێزەکە، پێشگرتن بە کاردانەوەی پارلمان لەم بابەتە، پەسەند کردنی بوودجە بەبێ دەستێوەردان و ئاگاداریی مەجلیس و لەم دواییەشدا لانیکەم هەقدەستی کرێکاران بەبێ بوونی نوێنەرانی کرێکارەکان و … .
هەرچەند بەردەنگی سەرەکیی ئەم نووسراوەیە، ئەو کەسانەی کە هەتا ئێستا بە خولقاندنی ڕەوشی تەنگانە بە شێوەیەکی سیستماتیک هیچ گرنگییەکیان نەداوە بەڵام نووسەری ئەم دەقانە هیوادارە کە لایەنی بەرامبەریش واتە دەسەڵاتداران ئەمە بزانن کە پەرەسەندنی ڕەوشی تەنگانە هەروەک چۆن هەتا ئێستاش وەدیار کەوتوە هەموو کات لە بەرژەوەندیی ئەواندا نابێ و ئیتر خەڵک چیی دی لە نێوان مردن و مافی کەم دەستەوەستان نامێنن و هەڵبژاردەی سێهەمیشیان لە بەردەستدا دەبێ کە دەتوانێ ئاهـ و ناڵەی بەکردەوەی ئەو خەڵکە هەموو حاکم و زاڵمان پێوە ئاگر تێبەردا.
لێرەدا دەبێ زۆر وریا بین چونکە ئەگە کار بگاتە ئەو جێگایە هەر بە تەنیا دەسەڵاتداران گڕ ناگرن و مەترسیی ئەوە هەیە دەسەڵاتی دوای ئەمانەش بکەوێتە دەست کەسانی لەوانە بەدتر کە ئاکامەکەی هەر هەموومان پێکەوە ئاور بگرین.