پاش نزیکەی ٢٠ ساڵ دیارنەمانی تێکۆشانی هێزی پێشمەرگە لە نێو خەڵک، حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم ساڵانەی دوایی دا ئەم هیوا لە مێژینەیەی خەڵکی هەتا ڕادەیەک هێنایەوە دی.
هەتا نێوەراستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی، هێزی پێشمەرگەی دیموکرات، هەموو ساڵێ و هەر ساڵێک زۆربەی مانگەکانی بەهار، هاوین و پاییز، لە زۆربەی ناوچەکانی چوار پارێزگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو خەڵک دا دەبوون. ئەم ئامادەبوونەی هێزی پێشمەرگەی دیموکرات لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆمەڵێک ئامانجی هەبوو. هەم بۆ بەرگری لە خەڵک و پاراستنیان لە بەرامبەر هێرش و دەستدرێژیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، هەم بۆ پشتوانیی کادرەکانی حیزب کە بە کاری سیاسی، تەشکیلاتی، کۆمەلایەتی و ماڵییەوە خەریک بوون. نەریتی حوزووری ساڵانە و بەردەوامی پێشمەرگە لە نێو خەڵک دا، کولتوورێکی شۆڕشگێرانە و خەباتگێرانەی بەرهەم هێنابوو.
کۆمەڵانی خەڵک، بە تایبەتی ئەو توێژ و کەسانەی کە بە دڵەوە و بە کردەوە پشتیوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و هیزی پێشمەرگە بوون، هەستیان بە بوونی پشتیوانێکی بە هێز لە تەنیشت خۆیان دەکرد. ئەو خەڵکە زەحمەتکێشەی بە هاسانی دەبوونە ئامانجی دەستدرێژی و بێحورمەتی و ڕاورووتی دەستوپێوەند و بەکرێگیراوانی ڕێژیم، پەنا و هومێدێکیان بۆ بەرگری لە خۆیان شک دەبرد. ئەو لاوانەی دەکەوتنە ژێرچاوەدێری و ئیتلاعات و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە دوایانەوە بوون تا بیانگرن، هەر کە هەستیان بە مەترسی دەکرد، خۆیان دەگەیاندە پێشمەرگەکان و چەکی بەرگری لە کەرامەتی خۆیان و نەتەوەکەیان هەڵ دەگرت. کەسانێکی هەلپەرستیش کە مرخی خۆیان لە هاوکاریی دەزگای جاسووسی و سەرکوتی ڕێژیم خۆش کردبوو یا هاودەستی لە گەڵ ئەودام ودەزگایانەیان دەست پێکردبوو، نەیان دەوێرا سەر لە زۆر گوند و ناوچە و شوێن وەدەر بنێن و سام و هەیبەتی پێشمەرگەیان وەک مۆتەیەک بە دوای خۆیانەوە دەدی.
تەنانەت تاقمەکانی زەربەت و هێزە چەکدارەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، نەیان دەوێرا بە ڕاحەتی خۆ لە قەرەی هێزی پێشمەرگە بدەن. لە ترسی بەرەوڕووبوون لە گەڵ هێزی پێشمەرگە، یا ڕوویان لە زۆر گوند و ناوچە نەدەکرد، یا ئەگەر دەچوونە گوند و هەوارگە و شوێنێکیش، بە پەلە تێپەڕ دەبوون و ئەوەندە فریا نەدەکەوتن بکەونە ڕاورووت و ئەزیەت و ئازاری خەڵک. لە شەڕی ٣مانگەی ساڵی ١٣٥٨ەوە هەتا نێوەراستەکانی دەیەی حەفتای هەتاوی، بۆ ماوەی نزیک ٢٠ ساڵ هێزی پێشمەرگە، لەمپەرێک بوو لە بەرامبەر لەشکرکێشی وداپڵۆسین و کوشتوبڕ و ڕاوڕووتی هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەدەبیاتی زارەکی و قسە و باسی ڕۆژانەی خەڵک، ئاوێتەی شەڕ و بەرەنگاریی قارەمانانەی هیزی پێشمەرگە بوو.
هەرێمی کوردستان بە شوێن راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی١٩٩١ لە ژێر دەسەلاتی ڕێژیمی بەعس هاتە دەر و بوو بە خاوەنی حکوومەت و پارلمانی خۆی. ئەم هەرێمە ئەگەر لە لایەکەوە جۆرێک پشتیوانیی سیاسی و ئینسانیی وڵاتانی ڕۆژاوای هەبوو، لە لایەکی دیکەوە بەردەوام لە گەڵ دژایەتیی سێ قۆڵێی وڵاتانی ئێران، تورکیە و سوریە بەرەوڕوو بوو. ئەمەش لە هەلومەرجێک دابوو کە دەوڵەتی عێراق گەمارۆییەکی ئابووریی توندی خستبووە سەر هەرێمی کوردستان. پێویستیی هەرێمی کوردستان بە پێوەندیی ئابووری و بازرگانی لە گەڵ وڵاتی ئێران، هەر وەها پێویستیی ئەو هەرێمە بە جۆرێک سەقامگیری و پێوەندیی سیاسیی دوور لە گرژی و هاڵۆزی لە گەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بۆ مانەوە و جێگیربوونی ئەزموونی ساوای هەرێم، وەکوو زەروورەتێک بەرجەستە ببۆوە. حیزبی دیموکرات، لە لایەن حکوومەت و هێزە سیاسییەکان و خەڵکی هەرێمەوە، بەرەوڕووی چاوەڕوانییەکی قورس و گران ببۆوە. ئەو چاوەڕوانییە ئەوە بوو کە لە پێناوی مانەوە و جێگیربوونی ئەو هەرێمە، حیزبی دیموکرات، چالاکیی پێشمەرگانەی خۆی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوەستێنێ . حیزبی دیموکرات بۆ ماوەی چەند ساڵێک ڕەچاوی بارودۆخی سنوورە هاوبەشەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کرد و هێزەکانی پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە شەڕ و تێکهەڵچوون لە گەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکان خۆیان پاراست. بەڵام بەو هۆیەوە کە کۆماری ئیسلامی شەڕێ خۆی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی حیزبی دیموکرات، لە قالبی کردەوە و بەرنامەی تیرۆریستی دا هێنابووە نێو خاکی هەرێم، هێزەکانی حیزبی دیموکراتیش لە قووڵایی ناوچەکانی ڕۆژهەڵات دا، لە سەر تێکۆشان و چالاکیی خۆیان و دەستوەشاندن لە هیزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بوون.
هەرێمی کوردستان لە ئاکامی ململانێ و شەڕێ نێوخۆیی هیزە سەرەکییەکانی دا، بووە مەیدانی تەراتێنی دەوڵەتانی دراوسێ. وای لێ هات کۆماری ئیسلامی هەر بە تیرۆری تێکۆشەرانی ڕۆژهەلاتی بە هۆی دەستو پێوەندەکانی خۆی لەم هەرێمە، نەوەستێ و بە لەشکر و ستوونی نیزامیی هەزاران کەسییەوە هێرش بێنێتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە قووڵایی خاکی هەرێم دا.
بارودۆخی تایبەتیی هەرێمی کوردستان لە لایەک و پێکهاتنی هەلومەرجێکی سیاسیی تا ڕادەیەک نوێ لە نێوخۆی ئێران، هاندەری حیزبی دیموکرات بوون بۆ ئەوەی لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوییەوە، چالاکیی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەی ساڵانی ڕابردوو لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات دا ڕابگرێ. ئەم بڕیارە ئەگەر لە سوود و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانیش دا بووبێ ، بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی حیزبی دیموکرات و بزووتنەوەی سۆڕشگیڕانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا نەبوو. کاریگەریی درێژخایەنی ئەم بڕیارە، دەرهاتنی بەرەبەرەی هێزەکانی پێشمەرگە لە حاڵەتی ڕەزمی و کەمبوونەوەی ئامادەیی بۆ هەڵسووران و چالاکیی پێشمەرگانە بوو. بەڵام کاریگەریی نەرێنی و خراپتری ئەم بڕیارە، ڕووی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. بە دیارنەمان و غایب بوونی هێزی پێشمەرگە لە گۆڕەپانی نێوخۆی ڕۆژهەڵات دا، کۆماری ئیسلامی هەلێکی زێڕێنی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە وپیلانەکانی بەرامبەر بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست کەوت. سوپای پاسداران و ئیتلاعات کەوتنە خۆ بۆ ئەوەی بە گوشار و بە تەماح وەبەرنان، زۆرترین دەست و پێوەند بۆ خۆیان پەیدا بکەن. بە ڕاوەدوونان و بەندکردن لایەنگرانی حیزب و ڕیکخراوە سیاسییە خەباتکارەکان وئێعدام یا کوشتنیان لە ژێر ئەشکەنجەی جیسمی و رووحی، کەشوهەوایەکی بە تەواوی ئەمنیەتی و خنکێنەریان لە کوردستان زاڵ کرد. بە ئاسوودەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردە بازاڕ و تاقیگەی ماددە سڕکەرەکان و مەیدانی تەراتێن و جێبەجێکردنی نەخشە و پیلانی دژی گەلیی خۆیان.
حیزبی دیموکرات،وەک هێزێکی سیاسیی خاوەن ڕابڕوو و وەک ئەکتەرێکی حاشالێنەکراوی گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، سەرەڕای دیارنەبوونی هێزەکانی پێشمەرگەشی، لە بیروباوەڕ و قەزاوەت و بڕیاری سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵات دا، هەر مایەوە. لە گەڵ ئەوەش چالاکیی پێشمەرگە گەیشتبووە لانیکەمی خۆی، بەڵام بزووتنەوەیەکی بەرینی ڕۆشنبیری کە بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازیی ئێرانیش دەرفەتێکی بۆ هەناسەدان بۆ پێک هێنابوو،لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەری هەلدا و گەشەی کرد. ئەم بزووتنەوەیە و تێکۆشەرانی نیو بزووتنەکە، ئامانجی نەتەوەیی و ئازادیخوازانەیان هەبوو، دەیانەویست لەوەندە دەرفەتە تەسکە کە ڕەخسابوو، زۆرترین سوود وەربگرن. لە ژێر کاریگەریی گەشە و بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لە ناوچەکە وهەر وەها لە سەر بەستێنی باودۆخی سیاسیی ئەو کاتی ئێران، نوێنەرانی کورد لە مەجلیس لەو قۆناغە دا،بە ڕەنگ و دەنگێکی تا ڕادیەک نەتەوەیی و لە چوارچێوەی فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی ئێران هاتنە مەیدان. حیزبی دیموکرات هاندەر و پشتیوانی ئەم جۆرە حەرەکەتە سیاسیانە بوو. کۆنەپارێزانی نێو دەسەڵات سەرئەنجام کرانەوەی ڕێژەیی سەردەمی خاتەمی و مەجلیسی شەشەمیان تەحەممول نەکرد و جارێکی دیکە ئەم ناوەندانەی دەسەڵات و قانووندانیان خستەوە دەست خۆیان. بەم جۆرە جارێکی دیکە دەرفەت و مەیدان بۆ خەبات و تێکۆشانی مەدەنی لە خەڵک وەرگیرایەوە. لە ڕۆژهەلاتی کوردستان هەم کەمترین دەرفەت بۆ تێکۆشانی مەدەنی لە خەڵک وەرگیرایەوە، هەم چالاکی و تێکۆشانی هیزی پێشمەرگە لە نیو خەڵک و لە سەر خاکی ڕۆژهەڵات، هەر وا غایب بوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستان،لەم ساڵانەی دوایی دا بە ئاگاداری لە خەسارەکانی دیارنەبوونی درێژخایەنی هێزی پێشمەرگە لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، قۆڵی لە زیندووکردنەوەی نەریتی شۆڕشگێڕانەی حوزووری هێزی پێشمەرگە لە نیو خەڵک هەڵماڵی. جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە گرنگە ئەگەر چی لە سەرەتاوە زۆر سەخت دژوار دەهاتە بەرچاو، بەڵام بە هیممەت و ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و بڕوای پتەوی فەرماندەران و پێشمەرگە قارەمانەکانی، هەر وەها بە پێشوازی، هاندان و هاوکاریی گەرمی خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تێکۆشەرانی دیموکرات، ئەم بڕیارەی خستە واری جێبەجێکردنەوە. جار بە جار و ساڵ بە ساڵیش هەم ڕووبەری ئەو ناوچانەی خانەخوێی پێشمەرگەی دیموکرات بوون، زیادی کردوە، هەم ژمارەی تیمەکان و بەشدارانی ئەم حەرەکەتە پیرۆز و شۆڕشگێڕانەیە، زیاتر بووە. تێکۆشان و چالاکیی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دیدارنوێکردنەوەیان لە گەڵ خەڵکی تامەزرۆ و تینووی دیداری پێشمەرگە، تروسکەی هیوای لە نیو ئەوخەڵکە دا زیندوو کردوەتەوە. حیزبی دیموکراتی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێ ئەم تروسکاییە بە هێز بکا. چونکە پێی وایە یەک لە پێویستییە سەرەکییەکانی گەشانەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانە لە نیوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامادەبوونی هیزی پێشمەرگە لە سەرخاکی ڕۆژهەڵات و لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە.
لە ژماره ٦٦٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه