ئاغای رۆحانی رۆژی دووشه‌ممه “٦ی ره‌زبه‌ر” له کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا به‌شداری کرد و له کاتی نۆبه‌ی وتاردانیدا له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئێران و جیهان بۆ به‌شداربوان قسه‌ی کرد و له قسه‌کانیدا ئیشاره‌ی به‌وه کرد که خه‌ڵکی ئێران دوو ساڵ له‌وه‌پێش له کاری هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا ده‌نگیان دا به شوعاری “تعامل سازنده با جهان” که هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی پشتگیری لە وتوێژه‌کانی ئه‌تومی ئێران لە گەڵ زلهێزه‌کانی جیهان. به‌ڵام ئاغای رۆحانی خۆی له‌و راستیه بوارد که ئه‌وه پاڵنه‌ره ده‌ره‌کییه‌کان به تایبه‌تی ئابلۆقه‌ی ئابووری بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی هێنا سه‌ر میزی وتووێژ نه‌ک داوا‌و ویستی خه‌ڵکی ئێران .گەلانی ئیران بێجگه له فشاره ده‌ره‌کییه‌کان کە ژیانی پێ تاڵ کردبوون به دهستنهبوونی ئازادی و په‌ره‌گرتنی هه‌ژاری و بێ‌کاری و ده‌یان دیارده‌ی ناله‌باری کۆمه‌ڵایه‌تی که کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی خوڵقاندوویانه.
ئاغای روحانی و ده‌وڵه‌ته‌که‌شی که بهشوعاری “تدبیر و امید” هاته مه‌یدان و نه‌یتوانیوه بهشێکئ بچووکیش له داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی ئێران بێنێته دی و به پێچه‌وانه‌وه ره‌وتی گرتن و ئه‌شکه‌نجه و ئیعدام لە سەردەمی روحانیدا په‌ره‌ی ئه‌ستاندووه.
له قسه‌کانی روحانیدا ئه‌وه زیاتر ده‌بێ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێ ئه‌و به‌شه‌یه که باس له ئاماده‌یی کۆماری ئیسلامی ده‌کا بۆ به‌ربه‌ره‌کانی تیرۆریزم له ناوچه‌که‌دا و هۆکاری شه‌ڕ و کوشتار و په‌ره‌گرتنی تیرۆریزم له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و باکووری ئه‌فریقا، به ده‌ستتێوه‌ردانی نیزامی وڵاته زلهێزه‌کان دەزانێ کەله ساڵانی پێشوودا له‌و ناوچانه‌دا کردوویانه و ئاماده‌یی ئیرانی ده‌ربڕی که چۆن بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی عێراق و ئه‌فغانستان یارمەتیدەردهبێ بۆ جێگیرکردنی ئەمنیەت وئاسایش، هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ش له سووریه و یه‌مه‌ن بۆ دابین کردنی ئه‌منیه‌ت و ئاسایش وبنبڕکردنی تیروریزم هاوکار دەبن.
ئه‌و قسانه‌ی روحانی له کاتێک دایه که کۆماری ئیسلامی له روانگه‌ی خه‌ڵکی ناوچه و جیهانەوە تاوانباره به ده‌ستتێوه‌ردان له کار و باری ناوخۆی ئه‌و وڵاتانه “سوریه و یه‌مه‌ن و عێراق” و هه‌رلە سه‌ره‌تای به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی کۆماری ئیسلامی له ژێر شوعاری هه‌نارده‌کردنی شۆرش ئه‌و دهستتیوهردانه له کار و باری وڵاتانی ناوچه‌که‌دا ده‌ستی پێکردوه له یارمه‌تی دان وپه‌روه‌رده کردنی تاقم و گرووپی تیرۆریستی ده‌ستی نه‌پاراستووه و هه‌موو کاتێک به دوو مه‌به‌ست خوڵقێنه‌ری قه‌یران بووه له ناوچه‌که‌دا، یه‌که‌م بۆئەوەی توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆی وه‌ک رێبه‌ری شیعه‌کانی دنیای ئیسلام به تایبه‌تی و هه‌موو جیهانی ئیسلام به گشتی له ناوچه‌که‌دا بسه‌لمێنێ و له رێگای دروست کردنی قه‌یران و کێشە له ناوچه‌که زۆر جاران توانیویەتی له ململانێیه جیهانیه‌کاندا ئیمتیاز لە دەوڵەتە زلهیزەکان وه‌ربگرێ و زۆر کاری تیرۆریستی خۆی که به دژی ئۆپۆزسیون ئه‌نجامی داوه لەو ریگایەوە په‌رده‌پۆشی بکا. دووهه‌م به خوڵقاندنی ئه‌و قه‌یرانانه هه‌موو کات هه‌وڵی داوه کێشه ناوخۆیه‌کان بچووک نیشان بدا و به شوعاری ئه‌وه که “امت اسلام” له لایەن دنیای رۆژئاوا و خۆفرۆشه‌کانی ناوچه له مه‌ترسیدایه خۆی له چاره‌سه‌ری قه‌یرانه ناوخۆیه‌کان بواردووه.
ئه‌گه‌ر چاو به پێناسه‌ی تیروریزمدا بخشێنین ده‌بینین بەکورتی بەوشێوە باسی دەکا “ده‌وڵەت یا رێکخراوێک که باوه‌ری به ڕه‌شه‌کوژی و ترساندن و تۆقاندن له نێو خه‌ڵک دا هه‌بێ بۆ گه‌یشتن به ئامانجێکی سیاسی یا گەیشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی یا پاراستنی دەسەلاتی سیاسی کردارەکەی دەبیتە تیرۆر.” له‌و نێوه‌دا مێژووی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ که دەسه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ داسه‌پاندنی خۆیان و مانه‌وه‌یان له سه‌ر ده‌سه‌ڵات له تیرۆری جیابیرانی خۆیان وه‌ک ئامراز که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و له راستی دا ده‌توانین بڵێین؛ له په‌ره گرتنی تیرۆریزم ناوخۆی و ده‌وڵه‌تیدا ده‌ستی باڵای هه‌بووه، و ته‌نانه‌ت له چه‌ندین دادگای ئه‌و وڵاتانه‌ی که تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی کرداری تیروریستیان تێدا ئه‌نجام داوه کاربه‌ده‌ستانی به‌رزی کۆماری ئیسلامی وه‌ک تاوانبار ده‌ست نیشان کراون بۆ وینە دادگای میکۆنۆس. به‌ڵام هه‌ر وه‌کی پێشتر باسمان کرد کۆماری ئیسلامی له رێگای خوڵقاندنی قه‌یران و که‌ڵک وه‌رگرتن له کێبه‌رکێ ئابووری وڵاته‌کان توانیویەتی کرداره تیرۆریستیەکانی خۆی په‌رده‌پۆش بکا.
پێویسته وه‌بیر ئاغای روحانی بێنینه‌وه کۆماری ئیسلامی کاتێک ده‌توانێ یارمه‌تی دەربێت بۆ بنبڕ کردنی تیروریزم له ناوچه‌که‌دا کە پێش هه‌موو شتێک باوه‌ڕی به مافی خه‌ڵک له ناوخۆی وڵات‌دا هەبێ و له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆیدا جێگایه‌ک بۆ بیروڕای گه‌لانی ئێران بکاته‌وه و له ستراتیژی هه‌نارده کردنی شۆڕش بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان ده‌ست هه‌ڵگرێ. چونکه ئه‌وه سه‌لمێندراوه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له تیرۆر و ڕه‌شه‌کوژی و توندوتیژی دژی خه‌ڵکی خۆیان بۆ داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ت که‌ڵک وه‌رده‌گرن نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی که مه‌شروعییه‌تیان نییه. ئه‌گه‌ر شه‌رعییه‌تیان هه‌بوایه و اته جێگای په‌سه‌ندی خه‌ڵک بان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه و گرفته‌کانی ناوخۆیان به جێگای په‌نا بردن بۆ تیرۆر و ڕه‌شه‌کوژی، په‌نایان بۆ قانوون ده‌برد و هه‌وڵیان ده‌دا یاسا له خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی کۆمه‌ڵگا بێ نه‌ک له خزمه‌ت تاقمێکی بچووک و تایبه‌ت.
له کۆتاییدا پێویستە ئیشاره‌ی دووبار به‌وه بکه‌مه‌وه که کۆماری ئیسلامی و ئاغای ڕوحانی ناتوانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ کۆتایی هێنان به تیرۆریزم له ناوچه‌که‌دا مه‌گه‌ر شێوه بیرکردنه‌وه و ستراتیژی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیداره ناخۆی ئێران و هه‌ڵکردن له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ئاڵۆگۆڕی به سه‌ردابێ که ئه‌وه‌ش له ناخ و ناوه‌ڕۆکی کۆماری ئیسلامی‌دا نییه، به‌ڵام به دڵنیایه‌وه سیاسه‌تی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێران‌دا تووشی شکان ده‌بێ چونکه ئه‌گه‌ر تیرۆریزم له قۆناغێکدا سه‌رکه‌وتنیش به ده‌ست بهێنێ له درێژخایه‌ندا هه‌ر تووشی شکان و تێدا چوون ده‌بێ..
لە ژماره ٦٦٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه