کوژرانی ٤٦٥ حاجیی ئێرانی له رێوره‌سمی حه‌جدا له رۆژی ٢ی حهزهڵوهر(٢٥ی سێپتا‌مبر)دا لاپه‌ڕێکی دیکه‌ی خسته سه‌ر مێژووی پڕ له ململانێی نێوان ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی شیعه (ئێران) و ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سوننی (عه‌ره‌بستان) له ناوچه‌دا. ئه‌م ململانێیه که له هاوکێشه سیاسی و ته‌نانه‌ت نیزامییه‌کانی ناوچه‌دا به روونی دیاره به کوشتاری ٢٧٥ حاجیی ئێرانی له هاوینی ١٣٦٦دا پێی نایه قۆناغێکی مه‌ترسیداره‌وه. بهرهوڕووببونهوهی ئه‌م دوو وڵاته ئێستا له هه‌ر کات زیاتر خه‌بات بۆ دێموکراسی و پێشکه‌وتن له رۆژهه‌ڵاتی نێوهڕستیدا خستۆته ژێر کاریگه‌ریی خۆیه‌وه و ناوچه‌ی به‌ره‌و ده‌مارگرژیی مه‌زهه‌بی و مه‌ترسییه چاوهڕونکراوهکانی بردوه.
عه‌لیی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی له دژکردوه به رووداوی 2ی خه‌زه‌ڵوه‌ردا به توندی هێرشی کرده سه‌ر حکوومه‌تی ئالی سه‌عوودی و و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی له‌و وڵاته کرد. فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانیش پێشتر ئاماده‌یی هێزه چه‌کداره‌کانی ئێرانی بۆ تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه راگه‌یاندبوو.
رێبه‌رانی حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی سه‌ڵاحییه‌ت و لیاقه‌تی حکوومه‌تی سه‌عوودییان به توندی برۆته ژێر پرسیار و خوازیاری ئه‌وه‌ن که به‌ڕێوه‌چوونی رێوڕه‌سمه‌کانی حه‌ج بدرێته ده‌ست شوورایهک یان ناوه‌ندێک پێکهاتوو له وڵاتانی ئیسلامی. ئێران له کاتێکدا بابه‌تێکی وا دێنێته گؤڕێ له به میلیۆن سوننیی نیشته‌جێی تاران مافی دانانی مزگه‌وتێکی سوننیان نیه و سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌یان میلیۆن سوننی له ئێران‌دا سوننی له ئاستی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌شدار نیه و ته‌نانه‌ت له ئاستی مامناوهندییشدا حزوورێکی ئه‌وتۆی نیه. ناوچه سوننی نشینه‌کان له ناوچه هه‌ره دواخراوو پشتگوێ خراوه‌کانن.
رووداوی حه‌ج و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م دوو وڵاته له شه‌ڕی نێوخۆی یه‌مه‌ن، سووریه و کێشه نێوخۆییه‌کانی به‌حره‌ین، پاکستان و ئه‌فغانستان، کێشه‌ی سنووریی ئێران و ئیمارات و ده‌ستێوردانی عه‌ره‌بستان، به کرده‌وه ئه‌م دوو وڵاته‌ی له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردا راگرتوه. ئه‌م دوو وڵاته له ناوچه‌دا یان له ململانێی سیاسی دان یان له‌و جێگایانه‌دا که شه‌ڕه له رووی نیزامییه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی شه‌ڕن. ئێران و عه‌ره‌بستان له وڵاتی یه‌مه‌ن به کرده‌وه له شه‌ڕ دان.
هاوکێشه سیاسییه‌کان به‌م جۆره‌یه که؛ ئێران توانا ئابووری و نیزامییه‌کانی خۆی بۆ یارمه‌تیدان و به‌هێزکردنی هێز و ده‌سه‌ڵاته شیعییه‌کان و عهربستانیش ئه‌و توانا ئابووری و نیزامییانه بۆ هێز و ده‌سه‌ڵاته سوننییه‌کان به کار دێنن.
له مێژوودا زۆر شه‌ڕی گه‌وره‌و خوێنایی مه‌زهه‌بی له ناوچه دا روویان داوه. لووتکه‌ی ئه‌م شه‌ڕانه شه‌ڕی نێوان ئیمپراتۆریی سه‌فه‌وی و عوسمانی بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ بووه، که ره‌نگه له گرنگترین هۆکاری داواکهوتوویی و وێرانی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا بووبێ ـ که ئێستاش هه‌روا ماوه‌ته‌وه ـ. ئه‌م شه‌ڕه ئێستا له شێوه‌ی (ئێران ـ عه‌ره‌بستان)دا خۆی ده‌نوێنێ.
مه‌ترسیی ئه‌م ململانێیه کاتێک زیاتر ده‌رده‌که‌وێ که بزانین پێکهاته‌ی حه‌شیمه‌ت یان پێڕه‌وانی ئه‌م دوو مه‌زهه‌به له ناوچه‌دا زۆر چڕ‌و پڕ و تێکئاڵاوه. کاره‌ساتی ته‌قینه‌وه‌کان له عێڕاق و له پاکستان، کوشتاری بێ به‌زه‌ییانه له‌م دوو وڵاته، ته‌نانه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی داعیش مه‌ترسییه‌که‌ی له هه‌ر کات زیاتر کردوه. له راستیدا شه‌ڕی مه‌زهه‌بی له ترسناکترین و بێ به‌زه‌ییانه‌ترین جۆره‌کانی شه‌ڕن که ئێستا ئه‌م دوو وڵاته په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن.
له کاتێدا که ئێران و عه‌ره‌بستان خه‌ریکی کێشه و ململانێن له ناوچه‌دا، له جیاتی ئه‌وه‌ی وزه‌و توانای خۆیان له به‌ره‌وپێشبردنی وڵات و رێفۆرم و رێگاوبان و بردنه‌سه‌ری ئاستی ژیانی خه‌ڵکدا به‌کار بێنن له شه‌ڕ و توانای نیزامی و یارمه‌تیدانی تاقم و گرووپه چه‌کدار ـ دیاره تێرۆریستییه‌کان ـ دا به فیڕۆ ده‌ده‌ن.
له دۆخێکی وا دا گیانی مه‌ده‌نی و بیرکردنه‌وه له ژیانێکی هێمن و ئارام جێگای خۆی ده‌دا به بیری توندڕه‌وانه و قووڵبوونه‌وه‌ی ده‌مارگرژیی ئاینی و په‌ره‌گرتنی گرووپ و هێزه مه‌زهه‌بییه‌کان.
به قووڵبوونه‌وه کێشه‌ی ئێران و عه‌ره‌بستان که هه‌ڵگری دوو ئیدئۆلۆژیی جیاوازی مه‌زهه‌بین، ده‌سه‌ڵات له هه‌ردوو وڵات چڕتر و به‌هێزتر ده‌بنه‌وه و مه‌سه‌له نێۆخۆییهکانی هه‌ردوولا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کانیانه‌وه به بیانووی دوژمنی دهرهکهییهوه پشتگوێ ده‌خرێن و بزووتنه‌وه مه‌ده‌نی و ئازادیخوازه‌کان نه‌ک هه‌ر گوێیان پێ نادرێ به‌ڵکوو سه‌رکوت ده‌کرێن. له دۆخێکی وادا بیری دیموکراسی‌خوازی جێگای خۆی ده‌دا به بیری توندڕه‌وانه‌ی مه‌زهه‌بی و بزوونه‌وه‌ی دێموکراسیخوازانه و هێزه دێموکراته‌کان جگه له‌وه‌ی که له ژێر سه‌رکوتی به‌رده‌وام دان، زه‌مینه‌ی گه‌شه‌کردن و به‌هێزبوونیان زۆر به‌رته‌سک ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌ی له باره‌ی کوردستانه‌وه ده‌بێ بگوترێ: به قووڵبوونه‌وه‌ی کێشه‌ی نێوان ئێران و عه‌ره‌بستان که له راستیدا کێشه‌ی دوو به‌ره‌ی جیاوازی مه‌زهه‌بین،ئه‌م کێشه‌یه ته‌نانه‌ت کار ده‌کاته سه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه و ناوچانه‌ی که هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کیان له‌و کێشه‌یه‌دا نیه. نه‌ته‌وه‌ی کورد نموونه‌ی هه‌ر به‌رچاوه له‌م باره‌یه‌وه؛ له شه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌کاندا جگه له‌وه‌ی که کوردستان بۆته شه‌ڕگه‌ی ئه‌م دوو لایه‌نه، به‌ڵکوو به هۆی هه‌ستی ئایینی به‌شێک له هێزو وزه‌ی کورد له خزمه‌تی لایه‌نێک به تایبه‌تی لایه‌نی سووننی دابووه. له ئاکامدا کوردستان وێران بووه و کورد خوێنێکی زۆری داوه، به‌ڵام کورد هیچ کات له ده‌سکه‌وته‌کاندا به‌شدار نه‌بووه، ئینجا پاش هه‌ر شه‌ڕێک لایه‌نی سه‌رکه‌وتوو له جیاتی پاداش، ته‌نیا سه‌باره‌ت به کوردبوون کوردستان وێران و کوردی قه‌ڵاچۆ کردوه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کورد له ئێرندا له پێڕه‌وانی هه‌ردوو مه‌زهه‌ب پێک هاتوه، و سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که حکوومه‌تی ئێران دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و سوننی‌دا هه‌یه، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌ڕه‌شه له یه‌که‌تیی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌کا. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی و بزووتنه‌وه‌ی دیموکرسیخوازیی کورد که له راستیدا زیندووترین بزووتنه‌وه و پتهترین سه‌نگه‌ری دیموکراسی له ئێران‌دا بووه. ئه‌گه‌ر دوژمنایه‌تی و ململانێی ئه‌م دوو وڵاته زیاتر په‌ره بگرێ و بگاته قۆناغی شه‌ڕی راسته‌وخۆ، له‌وانه‌یه ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێز بوونی ئه‌و گرووپه ئیسلامییانه‌ی که بیری دێموکراسی و نه‌ته‌وه‌یی به نیشانه‌یه‌ک له کوفر ده‌زانن.
لە ژماره ٦٦٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه