باڵی چه‌پ له دوای مه‌رگی خومه‌ینی له ساڵی ١٣٦٨ه‌وه و، دوای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی هه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ کردن و یاسادانان له لایه‌ن باڵی راسته‌وه، شێوه‌گۆڕینێک له گوتاری دا پێک دێنێ و له ساڵی 1376ه‌وه له ژێر ناوی ریفۆرمخواز دا خۆی فۆرموله و پێناسه ده‌کا. تا هه‌نووکه ریفۆرمخوازه‌کان به چه‌ند قۆناغ دا تێپه‌ڕیون، که به ئاماژه‌یه‌کی کورت به دوو قۆناغی ده‌وڵه‌تی ئیسلاحات و دۆخی ریفۆرمخوازان له سه‌رده‌می ٨ ساڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌حمه‌دی نژاد، له سه‌ر قۆناغی هه‌نووکه‌ییان هه‌ڵوێسته ده‌که‌م؛ ئه‌وه‌ی که چۆن خۆیان پێناسه ده‌که‌نه‌وه، چ چاوه‌ڕوانییه‌کیان له ده‌سه‌ڵات هه‌یه، داخوازییه‌کانیان له چ ئاستێک دا فۆرمولبه‌ندی ده‌که‌ن، فه‌زای سیاسیی هه‌نووکه‌یی ئێران چ کاریگه‌رییه‌کی له سه‌ر تێکۆشانیان هه‌یه و چۆن به‌ره‌وپیری هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی ره‌شه‌مه ده‌چن.
به هۆی کۆسپگه‌لی پێکهاته‌یی، کۆسپ نانه‌وه‌ی ناو‌کی سه‌ره‌کی هێز و به‌سه‌رداکه‌وتن و بێ ئه‌زموونی و بێ به‌رنامه‌یی خۆیان، ریفۆرمخوازه‌کان نه‌یانتوانی له سه‌رده‌می ئیسلاحات دا ئامانجی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی وه‌دی بێنن و ئه‌و کرانه‌وه رێژه‌ییه سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌ی که دروست ببوو، یاسامه‌ندی بکه‌ن که دوای خۆیان به ئاسانی له‌بار نه‌چێ.
له دوای هاتنه سه‌ر کاری ئه‌حمه‌دی نژاد له ساڵی ١٣٨٤ دا فه‌زای سیاسیی ئێران به‌ره‌و داخران(ی زیاتر) ده‌چێ و ده‌ره‌تانی تێکۆشان و چالاکیی سیاسیی به‌رده‌م ریفۆرمخوازه‌کان که‌متر ده‌بێته‌وه؛ تا ئه‌وه‌ی که له دوای هه‌ڵبژارنه‌کانی سه‌رکۆماریی ١٣٨٨، ده‌کرێنه سووژه‌یه‌کی ئه‌منییه‌تی و به توندی ده‌خرێنه په‌راوێزه‌وه. به هاتنه سه‌ر کاری روحانی، تا راده‌یه‌ک ده‌ره‌تانی چالاکییان بۆ دێته‌وه پێش. له‌م قۆناغه دایه که ریفۆرمخوازه‌کان ده‌یانه‌وێ به له‌به‌رچاو گرتنی راستینه‌ی فه‌زای سیاسیی ئێران و هێزی ره‌وتی به‌رامبه‌ریان، خۆیان سه‌ر له نوێ پێناسه بکه‌نه‌وه و ئاستی داخوازییه‌کانیان به پێی ئه‌و فه‌زایه دیاری بکه‌ن. له‌م باره‌وه پێویسته ئه‌م خاڵانه ئاماژه پێ بکه‌م:
1)ره‌وتی ریفۆرمخواز، ره‌وتێکی فره‌چه‌شنه. ئه‌م ره‌وته روانینێکی روون و یه‌کگرتووی سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت نییه. باڵی ریفۆرمخواز “ته‌یف”ێکه که له نێوان ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری ته‌یفه‌که دا مه‌ودایه‌کی واتادار له رووی تێڕوانین و پێناسه‌کردنی چه‌مکی ریفۆرمخوازیی به‌دی ده‌کرێ. ئه‌م ره‌وته زیاتر له ٢٠ حیزب و رێکخراوی سیاسی و چه‌ندین حیزبی به نایاسایی راگه‌یه‌ندراو له خۆ ده‌گرێ. به هۆی داخراویی فه‌زای سیاسیی ئێران، ئه‌و به‌شه له ریفۆرمخوازان ده‌ره‌تانی چالاکییان هه‌یه و خۆیان ده‌نوێنن که میانه‌ڕۆن و به له‌به‌رچاوگرتنی فه‌زاکه خۆیان پێناسه ده‌که‌ن.
2)له نه‌بوونی حیزبه‌کانی “موشارکت” و “موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی” و به هۆی تازه‌دامه‌زراو بوونی حیزبی “یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی ئێران” و “نه‌دای ئێرانییه‌کان”، له نێو ره‌وتی ریفۆرمخواز دا حیزبی “کارگوزارانی سازندگی” کاریگه‌رییه‌کی زۆری هه‌یه. حیزبێک که له سه‌رده‌می ئیسلاحات دا له مابه‌ینی دوو ره‌وتی ریفۆرمخواز و موحافزه‌کار دا جێی ده‌گرت. حیزبێک که خاوه‌ن ئاخێزگه‌یه‌کی ریفۆرمخوازیی نییه و زیاتر له چوارچێوه‌ی راستی مۆدێرن دا جێ ده‌گرێ.
3)له روانگه‌ی چالاکانی ریفۆرمخوازه‌وه، ئه‌وان له رابردوودا هه‌ڵه و توندڕه‌وییان هه‌بووه. به هۆی کێبه‌رکێی نێو گرووپیی له ساڵی ٨٤ دا، زه‌برێکی گه‌وره‌یان له په‌ره‌سه‌ندنی ئێران له هه‌موو بواره‌کان دا وه‌شاند. له پێکهاتنی فه‌زای داخراویی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٨٨یش بێ گوناح نه‌بوون. مه‌جلیسی نۆیه‌م ته‌نیا مه‌جلیسێکه که ریفۆرمخوازه‌کان نه‌یانتوانیوه فه‌راکسیۆن پێک بێنن و ئه‌وه‌ش نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که چه‌نده تووشی هه‌ڵه بوون. به گوته‌ی خۆیان به خه‌سارناسی و پێداچوونه‌وه به رابردوودا، خۆیان سه‌ر له نوێ پێناسه ده‌که‌نه‌وه، متمانه‌سازیی ده‌که‌ن، له رێگه‌ی ته‌عامول و راوێژکاری له‌گه‌ڵ بنیاتگه‌لی وه‌ک شۆرای نیگابانه‌وه، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی خراپ لێکتێگه‌یشتنه‌کان ده‌ده‌ن و کار بۆ ده‌رچوونی پاڵێوراوه‌کانیان له فیلتێری شۆرای نیگابان ده‌ده‌ن. به‌م خوێندنه‌وه‌یه که ئاستی داخوازییه‌کانیان زۆر هێناوه‌ته خوار و به گوته‌ی خۆیان، خۆیان “ریالیزه” کردووه.
4)بۆچوونی زاڵ ئه‌وه‌یه که نایانه‌وێ سۆنامی خۆپاڵاوتن دروست بکه‌ن و ئه‌گه‌ر که‌سانێک ده‌زانن حه‌تمه‌ن ره‌دی سه‌لاحییه‌ت ده‌کرێن، خۆیان نه‌پاڵێون. ئه‌مه‌ش له‌م پێناوه‌دا شی ده‌کرێته‌وه که نایانه‌وێ تێچووی ره‌دی سه‌لاحییه‌ته‌کان بۆ شۆرای نیگابان به‌رنه سه‌رێ و له‌مه‌ش وه‌ک ئامرازی فشار بۆ سه‌ر شۆرای نیگابان که‌ڵک وه‌ربگرن. بۆ نموونه موحسین ره‌هامی به‌رپرسی کومیته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی شۆرای هاوئاهه‌نگیی ریفۆرمخوازه‌کان ده‌ڵێ: ته‌عامول له‌گه‌ڵ شۆرای نیگابان درێژه ده‌ده‌ین. شۆرای نیگابان نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه که که‌سانی توندڕه‌و بچنه مه‌جلیس. ئێمه ده‌مانه‌وێ نیگه‌رانیه‌کانیان بڕه‌وێنینه‌وه؛ چونکه ده‌مانه‌وێ له که‌سانی میانه‌ڕۆ که‌ڵک وه‌ربگرین.(قسه‌کانی ره‌هامی ته‌واو).
ریفۆرمخوازه‌کان زیاتر له‌وه‌ی که له سه‌ر شوناسی ریفۆرمخوازیی پێداگریی بکه‌ن له بیری ئه‌وه دان که چۆن بگه‌ڕێنه‌وه نێو سیستم و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی که ئوسوولگه‌راکان و ناو‌کی سه‌ره‌کی هێز، ترسیان رێ نه‌نیشێت، زیاتر باس له دووباره بوونه‌وه‌ی مۆدێلی مه‌جلیسی پێنجه‌م ده‌که‌ن، مه‌جلیسێک که تێیدا ریفۆرمخوازه‌کان که‌مایه‌تییه‌کی به‌هێز بوون. به گشتی وه‌ک به‌رچاو ده‌که‌وێ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به شێوه‌یه‌کی فابیانیستی بگه‌ڕێنه‌وه نێو سیستم و سه‌قفی داخوازییه‌کانیان ئه‌وه‌نده به‌رز دانه‌نێن که له لایه‌ن چه‌قی قورسایی هێز له کۆماری ئیسلامی دا به ئاسانی وه‌ک پێکهاته‌شکێنی لێک بدرێته‌وه. رویکه‌ردێک که له‌لایه‌ن دژبه‌رانی رادیکاڵی کۆماری ئیسلامییه‌وه وه‌ک کۆنسێرڤاتیزه بوونی ریفۆرمخوازه‌کان لێک ده‌درێته‌وه.
لە ژماره ٦٦٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه