هەر لە دوای سەرهەڵدانی بەناو “بەهاری عەرەبی” بەملاوە، زۆربەی وڵاتانی باکوری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەورووی شەری ناوخۆیی و کێشە و نائارامی بوونەوە. شەرو کێشە و نائارامییەک کە ریشەی لە مێژووی دروست بوونی ئەو وڵاتانە لە لایەک و لەڵایەکی دیکەش لە فرە نەتەوەیی و فرە ئایینی و فەرهەنگیاندا هەیە. دەکڕ بلێین، هەنووکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت وڵاتانی وەک سوورییە و عێراق و یەمەن بوونەتە مەیدانی ململانێی هێزە دژبەرە ناوخۆیییەکان و وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکانی جیهان. هێزە ناوخۆیییەکان لەو وڵاتانە دا زۆر بێبەزەیانە خەریکی کوشتار و جینوسایدی یەکترن و لەو سۆنگەیەوە هەموو یاساو ڕیساکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت یاساکانی شەریان لەژێر پێناوە. هێز و دەوڵەتە ناوچەیییەکانیش وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکییە و عەرەبستانی سعوودی و ……..وێڕای دژایەتی نەیارانیان لە ئاستی ناوچەکەدا، چالاکانە لەو شەر و نائارامییانەدا بەشدارن و لەڕاستی دا کێشەو گرفتە ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتانەیان هەتادێ ئاڵۆزتر کردو. زلهێزە جیهانییەکانیش و لە سەرووی هەموویانەوە ئامریکا و رووسیە، لەو بەینەدا بەبێ ڕەچاوکردنی سیاسەتێک و ئیستراتیژییەکی وردبینانە کە لەگەڵ پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی ئەو وڵاتانەدا بگونجێ و بە بێلەبەرچاو گرتنی ریشەی کێشەکان، لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە و تاڕادەی دژایەتی ئاشکرا لەگەڵ یەکتر، هەر جارە و بەپێی ئاڵوگۆرە سیاسیی و سەربازییەکان، بەتەمای داسەپاندنی تەرح و گەڵاڵەی دڵخوازی خۆیانن.
لەیەمەن شەر و توندو تیژییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە و بەکردەوە عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو لە شەری ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەدژی حوسییەکاندا چالاکانە بەشدارن و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە لە هەموو کێشە ناوچەیییەکان دەستی باڵای لە ئاژاوە نانەوە و دەستێوەرداندا هەیە بە ناردنی چەک و تەقەمەنیی و تەنانەت هێزی نیزامی، لایەنگری لە حوسییەکان دەکات. لە ڕاستی دا ئەو وڵاتە شەرلێدراوە بۆتە گۆڕەپانی ململانێی توندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی. دیارە لەو بەینەدا ئەوەی باجی ئەو شەرە ماڵوێرانکەرە دادات، خەڵکی وەزاڵەهاتووی یەمەنە.
لە سووریە و عێراقیش بارودۆخەکە لەڕادەبەدەر دژوار و خراپ و خوێناوییە و لەڕاستی دا ئەو دوو وڵاتە بوون بە دوو گۆمی خوێن و ڕۆژ نییە بەسەدان کەس نەبنە قوربانی و بەهەزاران و بگرە دەیان هەزار کەس لەماڵ و شار و گوندەکانیان دەرنەکرێن و بەناچاری روو لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی رۆژئاوایی نەکەن. پەتای”داعش” و”ئەلقاعیدە” و دەستەو تاقمە توندرەوە ئیسلامییەکان، کە لە هیچ چەشنە جینایەت و ئینسانکوژییەک خۆنابوێرن لە لایەک و لەلایەکی دیکەش دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچە وەک ئێران و تورکییە و…… کە هەرکام بەکردەوە و زۆر بە چڕی لایەنگری لە لایەنێک دەکەن، کێشەی ئەو دوو وڵاتەیان گەیاندۆتە ئاستێک کە پێشبینی ناکرێ چارەسەر بکرێ. تەنانەت ئەگەری لێکهەڵوەشانەوەی سووریە و عێڕاق و بگرە وڵاتی یەمەنیش زۆر زۆرترە لە مانەوەیان بە یەکپارچەیی. دیارە هەرچەند لە عێڕاق دەوڵەتی ناوەندی هەیە و لەلایەن زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە بەفەرمیی دانی پێدانراوە؛ بەڵام بوونی بەهێزی داعەش لە ناوچە عەرەبە سونییەکان لەو وڵاتە و پێوەندی نەزۆر باش و تەنانەت گرژی دەوڵەتی بەغدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکانەوە؛ سەرەڕای هەول و تێکۆشانی ئامریکا و گوشار خستنە سەر لایەنەکان، بەتایبەت لایەنی کوردی، پێناچێ ئەو وڵاتەش لە دابەشبوون بێبەری بکات. لەڕاستی دا هەر لەدوای ڕاپەرینی باشوور لە ساڵی ١٩٩١ و بەتایبەت لەپاش هێرشی ئامریکا و ڕووخانی رژێمی بەعسی عێراق، ئەو وڵاتە بەکردەوە دابەش بووە بەسەر سێ دەسەڵاتی لەیەک جوودا، لەسەر بناغەی سێ پێکهاتەی ئەتنیکی و ئایینی جوودا کە بەرێوەی دەبەن.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ تەشەنەی شەر و نائارامییەکانی سووریە و عێڕاق دا دەبینین لەلایەک هاوکێشە نێو نەتەوەیییەکان و لەلایەکی دیکە، رێکارە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن زلهێزەکانەوە پەیرەو دەکرێ، هەتا دێ کێشەکانی ئەو دوو وڵاتە، بەتایبەت سووریە ئاڵۆزتر و ئەگەر و رێگا چارەکان لاوازتر دەکات. بۆوێنە، ئەگەر لە پێوەندی لەگەڵ لەسەر کار لادانی بەشار ئەسەد و دەستەو تاقمەکەی لەسەرەتادا وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ ئامریکا هاوڕا بوون، ئێستا بەلەبەرچاوگرتنی بەربەرەکانی سەختی هێزەکانی بەشار ئەسەد کە لەلایەن ئێران و رووسیەوە پشتیوانیان لێدەکرێ و هەروەها نادێمۆکرات بوونی ئۆپۆزسیۆنی ئەو رێژیمە سەرەڕۆیە کە باوەری بە هیچکام لە پرەنسیپە دێمۆکراتیکەکان نییە و تەنانەت بەشێکی وەک”بەرەی نووسرەت” سەر بە رێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدەن؛ ئەو وڵاتانە هاتوونە سەرئەو باوەڕە کە دەکرێ بۆ هێوەرکردنەوەی بارودۆخەکە”تەعامول” لەگەڵ بەشار ئەسەد بکرێ و لەداهاتووی سیاسیی ئەو وڵاتە دا هەمیسان ڕۆڵی پێبدرێ. تەنانەت ئامریکاش ڕایگەیاندوە دەکرێ پرۆسەی لادانی ناوبراو، ماوەی چەند مانگ بۆ ساڵێک بخایێنێ. ئەوە لەحالێک دایە رووسیە هەر ئێستا بەکردەوە چۆتە بەرەی شەرەوە و هەرچەند فڕۆکە شەرکەرەکانی بە خەستی ناوەندە سەربازی و ئابوورییەکانی داعەشیان پێکاوە، بەڵام لەهەمان کاتدا زەبری کوشەندەشیان لە ئۆپۆزیسیۆن و نەیارانی ئەسەد وەشاندوە کە بۆتە هۆی نارەزایەتی ئامریکا و تورکییە و ڕخنەیان لێگرتوە. دەوڵەتانی ئامریکاو تورکییە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا زۆریان هەول داوە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەهێز بکەن و سروشتییە بە هاتنی رووسەکان بۆ ناو ئەو یارییە و زەبرلێدان لەو هێزانە توورە بن.
سیاسەتە دژبەرەکانی زلهێزەکان لە پێوەندی لەگەڵ کێشە ناوچەیییەکان؛ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و توورکیە و سعوودی لە کێشەی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە؛ رۆڵی حاشاهەڵنەگری نەتەوەی کورد لە هەر دوو بەشی باشوور و لەم چەند ساڵەی دواییش دا لە رۆژئاوای کوردستان کە سەرەڕای پێناخۆش بوونی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بوونەتە “ئەمری واقع” و لە هاوکێشەکانی ناوچەدا دەبێ جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان پێبدرێ؛ پەرەسەندنی خێرای رێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک داعەش و ئەلقاعیدە لە ناوچەکەدا و هاتنی بەهەزاران سەلەفی و توندرەوی ئیسلامی بۆ ناو ریزەکانی ئەم رێکخراوانە و کوچ و ئاوارە بوونی میلیۆنان مرۆڤی ئەو وڵاتە شەرلێدراوانە؛ دەربڕی ئەو ڕاستییانەن کە بەڕوونی پێمان دڵێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە کورتخایەندا، وڵاتانی یەمەن و عێراق و سووریە بەرەو لێکترازان و هەڵوەشانەوە دەڕۆن و چند وڵات و قەوارەی سیاسیی نوێ پێک دێن. دیارە ئەوە کۆتایی ئەو سێناریۆیە نییە و لە درێژ خایەندا هەتا کێشە نەتەوەیی و ئایینییەکان وەک کێشەی نەتەوەی کورد لە هەمووبەشەکانی کوردستان و کێشەی نەتەوەی فەلەستین و …. بە شێوەیەک لە شێوەکان چارەسەر نەکرێن ئەگەری شەر و ئاژاوە و کۆچ و ئاوارە بوون هەر دەمێنێ و بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرێ. لە ڕاستیدا وڵاتە دەسکردەکان کە تێکهەڵکێشی چەند ئەتنیک و ئایینێکن و زۆربەیان لە دوای شەری جیهانی یەکەمەوە لەلایەن زلهێزەکانەوە پێکهاتوون، یان دەبێ بەرەو دێمۆکراتیزاسیۆن بڕۆن و ماف و ئازادییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەکردەوە پیادە بکەن، یان بەرەو هەڵوەشانەوە هەنگاو بنێن. بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ توند و تیژی و شەر و ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ ریشە و ناوەڕۆکی هەموو کێشەکان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، زۆر زانستییانە تاو وتوێ و هۆکارە سەلبییەکانی دەستنیشان بکرێن و رێگا چارەی گونجاویان بۆ ببیندرێتەوە. دەکرێ بەشەر و بەربەرەکانی سەربازی بۆ وێنە، داعەش یان ئەلقاعیدە بۆ ماوەیەک لاواز یان سەرکوت بکرێن، بەڵام بۆ ویشک کردنی ریشەکانی تێرۆڕیزم و ئەو رێژیمانەی وەک کۆماری ئیسلامی هانی دەستەو تاقمە تێرۆڕیستییەکان دەدەن، بۆ نەهێشتنی کارەساتە خوێناوییەکانی ئەو بەڵایە کە خۆی لە سەلەفیەت و ئیسلامی ڕادیکاڵی تێکەڵاو بە توندترین شێوەکانی سەرەڕۆیی دەبینێتەوە، پێویستی بە خەباتێکی هەمەلایەنەی جیهانییە و ئەوەش رێگایەکە لە داڵانی بەرین و دورو درێژی دێمۆکراتیزاسیٶنی کۆمەڵگاکان و دابیین کردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دا تێپەر دەبێ.
لە ژماره ٦٦٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه