وتەكانی دوایین رۆژی مامۆستایەكی وانەی رۆژنامەنووسی)
وەرگێران لە فارسییەوە: وریا
قوتابییە خۆشەویستەكانم!
ئەمڕۆ دوا رۆژی كۆبوونەوەی ئێمەیە. ماڵاوایی لێك دەكەین و هەر كام لە ئێوە بە رێگایەك دا دەڕۆن كە ئەگەر سەرەتاكەی روون نیە، كۆتایییەكەی بۆ هەموومان ئاشكرایە. دەمەویست بۆ دوایین رۆژی كلاس، قسەیەكتان لەگەڵ بێنمە گۆڕێ، نەك لەو قسانەی تا ئێستا كردوومن و لێتان بیستووم. كلاسی تاڵی ئێوە زۆر درەنگ بەلامەوە شیرین بوو و، هەزار مخابن كە هێندێك لە ئێوە لەوانەیە وێنەیەكی ئەوتۆی من لە زەینی خۆتان دا هەتا ساڵانی زۆردوور هەڵ بگرن كە هیچ شێوەیەكی ئەو كەسە نەدا كە منم.
لەوە كە ئامۆژگاریتان بكەم و رێتان بۆ دەست نیشان بكەم بە تەواوی بێزارم. چونكە بۆخۆم چ ئەو كاتەی هەوای لاوەتیم لە كەللەی دابووو، چ ئێستا كە بەفری پیریم لە سەر نیشتوە، لەوانە كە دڵیان پێم دەسووتاو هەروەها لەوانەی نهێنی و رەمزی سەركەوتن و بەرەوپێشچوونیان بەگوێ هەڵ دێنام، زۆر بێزار بووم. ئێوەش وابن. كەوابوو با بە زمانێك كە تا ئێستا پێی نەدواوین، پێكەوە بدوێین.
ئازیزانم!
بیر لە مرۆڤ بكەنەوە كە لە ئاست بەرزی و بڵیندیی ئەودا، چیاكان نزمن؛ لە دلۆڤانی و میهرەبانی، كە سەرسەوزی و فێنكایی دەبەخشێ بە گەرووی زەوی.
تاقە كەسێك هەمیشە بە هەموو شتێك مەزانن، چونكە سەردەمی ئێمە، رۆژگاری پێوەندی و تێك ئاڵقانی هەموو دەستەكانە لە هەموو بەستێنەكان دا.
خۆشەویستانم!
لە ئەزموون و تاقیكردنەوە مەسڵەمێنەوە. ترسنۆك و بودەڵەكان پێتان دەڵێن بەردە «سماتە» لە شكان نایە، جارێ بە نینۆك و جارێ بە چنگورك تاقی بكەنەوە، بزانن وایە؟
بە وەسوەسەی بۆنی عەترو چێژی ماچان، چڵك و كێم و زووخاوتان لەبیر نەچێتەوە. لە تابووتی سیسركان دا، نوێژی مردوو بۆ باڵای بەرزی داران دامەبەستن. بڕواتان بێ بە جەنگەڵ و دەریاو رووەك. ئەگەر دارێك بەلادا هات و كەوت، هەموو دارو چی بەهارە خۆنەمردوون.
ئازیزانم!
بە رۆڵەكانی خۆتان بڵێن بە رۆڵەكانی خۆیان بڵێن: لەم خاكە ورشەدارەدا، دڵ و گیانی سەوزی داران، هەموو كات لە لێدان دابووەو، ماڵی داربڕو بیوربەدەستان هەمیشە وێران.
وەك گزینگی بەربەیانان بێئەمان و دنیاگربن، با چێژی باوێشكەكانی شەپۆلەكان، لە ژێر مەچەكی زەردەی بەیانی دا، هەست پێبكەن.
لەوانەیە ساڵێكی دی، چەكی دەستتان كە قەڵەمێكی بچووكە، ببێتە خەنجەرێكی دەبان. وشەكانتان، با وەك ئاوی ئەفسووناوی، رووی دزێویی بشواتەوە. لەگەڵ وشەكانتان، هەڤاڵ و هاوڕێ و برا بن، وەك بڵیتی شانس و بەخت دوانیوەڕۆی هەموو رۆژانی چوارشەممۆ، نەچن سووكێ بیانفرۆشن.
بە دەنگتان كە كاتێ بڕژێنە نێویەك، دەبن بە هەورە تریشقەیەك، ئاوازێ بڵێن كەلەودا لەرەی خوماری چاوەكان نەبنە هەموو وردە خەمی گۆرانییەك، ئاوازێ بڵێن كە مرۆڤ لەودا لە گوڵی «ئەقاقیا» بۆن و بەرامەی خۆشترو، لە دەمی كێردی ئاشپەزخانە تیژترو بە برشتتر بێ.
كاتێك كە چوونە سەر شەقام وەكوو دارە سەرسەوزەكان، چراكانی «ترافیك لایت» لەئامێز مەگرن. ئەوان، ئەو رێیانەتان نیشان دەدەن كە دەبێ پێیان دا بڕۆن، لە چوون بۆ جێیەكیش كە «بڤە»یەو نابێ پێی لێ دابنێن، دەتانگێڕنەوە. چەندە خۆشە ونبوون لە نێو جەنگەڵێك دا كە دارەكانی سەمیمانە نامۆو وەحشین، رێ دیتنەوەو سەرەدەركردن لە شارێك دا كە شەقامەكانی لە چەشنی شەقڵی شەڵواری رەنگ خۆڵەمێشیی «فلانێل»ی ئوتووكراو، رێك و راستن، چێژێكی نیە.
كاتێك ژیانی ئاسوودە بە دەمی زل و هەراشیەوە، بەو دەمە كە كەڵپەكانیان لە تووڕەیی و شەهوەت بۆكردوە، بەرامبەرتان وەستاو ویستی وەك پاروویەك هەڵتان لووشێ، تەنیا ئەوەندەی پێ بڵێن:
“ئەگەر من خۆم بەگەرووی رسواییدا بكەم، كۆترەكان لە ماڵێم دا دەمرن و لەیلووپەر بە دیواری حەوش و حەسارم دا هەڵ ناچێ”.
ئازیزانم!
لە دوورترین رۆژەكان دا، درندەیی برسیەتی، بە رەزای قورسی كاوێژ هێنانەوەیەك مەفرۆشن.
ددانەكانتان لە لای سەرتاشی گەڕەك مەكێشن و لۆكەی لەجێ مەچێنن.
(*) ئەمە دەقی وتەیەكی «صدرالدین الهی» شاعیرو رۆژنامەنووسی ئێرانی لە دوایین رۆژی وانەتنەوەی لە مەدرەسەی رۆژنامەنووسی دایە كە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٣ لە تاران پێشكێشی كردوە. «صدرالدین الهی» ئێستا لە «بێركلی»ی كالیفورنیای ئەمریكا دەژی.
سەرچاوە: گۆڤاری «روزگار نو» بانەمەڕی ١٣٧٦
لە ژماره ٦٦٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه