ڕه‌گه‌زپه‌رستی، په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش به نێوچاوانی مرۆڤایه‌تییه‌وه
(له په‌راوێزی كوشتنی ڕهشپێستهكهی ئه‌مریكا)
كوژرانی ڕهشپێستێكی ئه‌مریكایی له لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه شه‌پۆلێك له ناڕه‌زایه‌تی و كاردانه‌وه‌ی له نێوخۆی ئه‌مریكا و له‌سه‌ر ئاستی جیهانییش لێكهوتهوه. ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له ئه‌مریكا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، به شێوه‌یه‌ك ده‌گوترێ له دوای كوژرانی مارتین لۆتهركینگی ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی مافه مه‌ده‌نییه‌كان، گه‌وره‌ترین ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینی خه‌ڵكی ئەمریكایه دژی ڕه‌گه‌زپه‌رستی. ڕۆڵی میدیای ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و له‌سه‌ر هه‌ست بوونی كۆمه‌ڵگەی ئه‌مریكایی له باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و به‌هێزبوونی ژێرخانه‌كانی كۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی له‌و وڵاته له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و كاردانه‌وه به‌رینه‌ن له‌و وڵاته.
شه‌پۆله‌كانی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه ئێرانیشی گرته‌وه به‌ڵام به ئامانج و شێوازی جیا. به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی وێڕای شه‌رمه‌زار كردنی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و تاوانبار كردنی به ڕه‌گه‌زپه‌رستی و، هه‌روه‌ها وه‌ڕێخستنی شانۆی جۆراوجۆری وه‌ك ئه‌كسیۆنی مه‌ده‌نی به به‌شداریی ژماره‌یه‌ك له كه‌سانی نزیك له خۆی، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ هێرشكردنه سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و به‌تایبه‌ت ئیداره‌ی ترامپ قۆستۆته‌وه.
ڕه‌گه‌زپه‌رستی دیارده‌یه‌كی مێژووییه كه به درێژایی مێژوو هۆكاری پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ بووه و، به‌ستێنی هێژمۆنی و باڵاده‌ستیی هەندێك له گرووپه مرۆییه‌كان به‌سه‌ر گرووپه مرۆییه‌كانی تر و ته‌نانه‌ت هەندێك له ده‌وڵه‌تان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی تر خۆش كردوه و له ئه‌نجامی ئه‌و مهزنیخوازییەدا، ناكۆكی و شه‌ڕی به‌رده‌وام له كۆمه‌ڵگەكاندا سه‌ری هه‌ڵداوه. ڕه‌گه‌زپه‌رستیی نازیستی كه به‌رهه‌می مه‌زنیخوازیی ژێرمهنهكان به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگە به‌شه‌رییه‌كان بوو، گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی مرۆیی مێژووی هاوچه‌رخی لێكهوتهوه. هه‌رچه‌ند ده‌ره‌نجامه كاره‌ساتباره‌كانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی له نازیسمدا كورت نابێته‌وه و مێژوو شاهیدی شه‌ڕ و ململانێی خوێناویی نێوان كۆمه‌ڵگە جیاوازه‌كان له ئه‌نجامی بیری مه‌زنیخوازانه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستان بۆته‌وه، به‌ڵام مرۆڤایه‌تی له دوای جه‌نگی جیهانیی دووهه‌م بوو كه به جیدی بیری له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه كرده‌وه و به كرده‌وه له‌و پێناوه‌دا هه‌نگاوی نا. جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ به یه‌كه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ی وشیاریی گه‌لان به‌رامبه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ده‌مارگرژی داده‌نرێ، كه به ڕوونی و پێداگرییه‌وه داوای ئازادی و یه‌كسانیی نێوان هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌كا و هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵاواردنێك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. كۆنوانسیۆنی نه‌هێشتنی هه‌موو شێوازه‌كانی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و هه‌روه‌ها كۆنوانسیۆنی نه‌هێشتن و سزادانی جینایه‌تی ئاپارتاید كه له لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانەوە له ساڵانی 1965 و 1973 ده‌رچوون، پته‌وترین هه‌نگاوی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تین بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستی.
كۆنوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌هێشتنی هه‌موو شێوازه‌كانی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی وه‌ك ڕاشكاوترین و وردترین ڕێككه‌وتننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌ری بیرۆكه‌ی یه‌كسانیی ڕه‌گه‌زی به‌و شێوه‌یه ئامانجه‌كانی ده‌رده‌بڕێ:
له ماده‌ی (1)ـی كۆنوانسیۆنهكهدا، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی به واتای هه‌ر چه‌شنه هه‌ڵاواردن، سنووردار كردن یان بێبه‌شكردن له ئیمتیازه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێناسه كراوه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگی پێست ڕوو ده‌دا و، زیان به ده‌سه‌به‌ری یه‌كسانیی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له بواره جیاوازه‌كانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری و هه‌موو بواره‌كانی ژیانی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێ.
له ماده‌ی (2)ی هه‌مان كۆنوانسیۆندا ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام به‌رپرسیار كراون كه هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی شه‌رمه‌زار بكه‌ن و، بەبێ دواكه‌وتن سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جۆره هه‌ڵاواردنێك جێبه‌جێ بكه‌ن و پشتگیری له هیچ یاسا یان كردارێك نه‌كه‌ن كه هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی دژی تاكه‌كان یان گرووپه‌كانی لێ بكه‌وێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تان نه ته‌نیا ده‌بێ خۆیان ده‌ست بۆ هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی نه‌به‌ن، به‌ڵكوو ده‌بێ به هه‌نگاوی گونجاو وه‌ك ده‌ركردنی یاسا به‌ر به هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی دژی هه‌ر تاك یان گرووپێكی مرۆیی بگرێ. هه‌روه‌ها له بڕگه‌ی دووه‌می هه‌مان ماده‌دا هاتوه: “ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له كاتی پێویستدا له بوارگه‌لی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتووری و هتد ڕێوشوێنی تایبه‌ت و دیاریكراودا به مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ری گه‌شه (توسعه)ی پێویستی هەندێك له گرووپه ڕه‌گه‌زییه‌كان یان كه‌سانی سه‌ر به‌و ڕگهزانه و پشتگیری له‌و گرووپ و كه‌سانه ده‌گرنه به‌ر […]”.
له مادده‌كانی (3) و (4)ی ئه‌و كۆنوانسیۆنهدا ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام به‌رپرسیار كراون كه هه‌ر چه‌شنه پرۆپاگه‌نده یان ڕێكخراوی بیناكراو له‌سه‌ر هزر و تیۆریی مه‌زنیخوازی ڕه‌گه‌ز یان مرۆڤه‌كانی سه‌ر به ڕه‌نگ یان ئیتنیكێكی تایبه‌ت قه‌ده‌غه بكه‌ن.
هه‌روه‌ها له كۆنوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌هێشتن و سزادانی جینایه‌تی ئاپارتاید، وڵاتانی ئه‌ندامی كۆنوانسیۆن ئه‌و تاوانه به تاوانی دژه‌مرۆیی و كرداری دژه‌مرۆیی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیدین له‌سه‌ر ئاشتی و ئه‌منیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی. واته ئاپارتاید یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی چیی تر وه‌ك پرسێكی نێوخۆیی سه‌یر ناكرێن و بكه‌رانی له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌رپرسیار كراون. له ڕوانگه‌ی ئه‌و كۆنوانسیۆنهوه ده‌سته‌واژه‌ی “ئاپارتاید” بریتییه له سیاسه‌ت و ڕێكاره‌كانی هاوشێوه‌ی جیایی ڕه‌گه‌زی و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی كه له سه‌رده‌می ڕێژیمی پێشووی ئه‌فریقای باشوور جێبه‌جێ ده‌كران و هه‌موو ئه‌و كرداره دژه‌مرۆییانه ده‌گرێته‌وه كه به ئامانجی سه‌پاندنی هێژمۆنیی گرووپێكی ڕه‌گه‌زی به‌سه‌ر گرووپێكی ڕه‌گه‌زیی تر ئه‌نجام ده‌درێن و به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك سته‌میان لێده‌كه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌وڵانه و زۆر هه‌وڵی تری كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر قه‌ده‌غه كردنی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ده‌مارگرژیی ئایینی، ئیتنیكی، نه‌ته‌وه‌یی، فه‌رهه‌نگی و … تا ئێستاش ئه‌و دیارده‌یه هه‌ڕه‌شه له مرۆڤایه‌تی ده‌كا و له زۆر وێستگه‌ی مێژوویی‌دا ده‌ره‌نجامی كاره‌ساتباری لێ كه‌وتۆته‌وه.
پرسیاری بنه‌ڕه‌تی لێره‌دا ئه‌وه‌یه شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگە و ده‌وڵه‌تان چ جیاوازییه‌كیان هه‌یه و ئه‌و پێوه‌رانه چین كه ئه‌و جیاوازییانه دروست ده‌كه‌ن؟
بۆ وێنه كوژرانی ڕه‌شپێستێك له ئه‌مریكا، ئه‌و وڵاته تا لێواری شۆڕشێكی جه‌ماوه‌ری ده‌با و فشارێكی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر دامه‌زراوه دەوڵەتییەکان دروست ده‌كا و ئاراسته‌ی ڕای گشتی به‌ره‌و (تقبیح)ـی ئه‌و كاره‌ساته هان ده‌دا.
وێنه‌یه‌كی تر له ڕه‌گه‌زپه‌رستی و مه‌زنیخوازی له ئێران به شێوه‌یه‌كی ڕۆژانه و به‌رده‌وام ده‌بینرێ، كه له لایه‌ن دامه‌زراوه ڕه‌سمییه‌كانی وڵاته‌وه نه ته‌نیا شه‌رمه‌زار ناكرێ به‌ڵكوو پاساوی بۆ ده‌هێنرێته‌وه و ته‌نانه‌ت پشتگیریی لێ ده‌كرێ و ژێرخانه فكری و تیۆرییه‌كانی بۆ بنیات ده‌نرێ.
ده‌وڵه‌تی ئێران كه كۆنوانسیۆنی نه‌هێشتنی هه‌موو شێوازه‌كانی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و هه‌روه‌ها كۆنوانسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌هێشتن و سزادانی جینایه‌تی ئاپارتایدی واژۆ كردوه و پێبه‌ندیی خۆی به نێوهرۆكهكهیان ده‌ربڕیوه، به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك په‌ره به بیر و كرده‌ی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه دژی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان ده‌دا و وێڕای پێشێلكردنی پێبه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی، هه‌موو سنووره ئه‌خلاقی و مرۆییه‌كان له نێوخۆی ئێران‌دا ده‌به‌زێنێ و له هه‌مان كاتدا وڵاتانی تر به ڕه‌گه‌زپه‌رستی تۆمه‌تبار ده‌كا.
كورد له ئێران‌دا وه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی لانیكه‌م له سه‌رده‌می هه‌ر دوو حكوومه‌تی په‌هله‌وی و كۆماری ئیسلامییدا له‌گه‌ڵ نامرۆڤانه‌ترین شێوازه‌كانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌ره‌وڕوویه. كورده‌كان له‌و وڵاته‌دا له مافی خوێندن به زمانی زگماك بێبه‌ش كراون، كۆڵبه‌رانی كورد به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران ده‌كوژرێن، لاوانی كورد به تاوانی نیشتمانپه‌روه‌ری ئەشكەنجه ده‌درێن و ئێعدام ده‌كرێن، سامانی ژێرزه‌وی و سه‌رزه‌ویی كوردستان به تاڵان ده‌برێ و كه‌مترین سوودی بۆ كورده‌كان نییه، هه‌ڵاواردن له هه‌موو بواره‌كانی په‌روه‌رده‌یی، كولتووری، ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی دژی كورده‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێ و به گشتی ده‌كرێ بڵێین ڕه‌گه‌زپه‌رستی به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك و له لایه‌ن دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ڕێوه ده‌چێ. له هه‌مان كاتدا هه‌موو ئه‌و جینایه‌تانه به هۆی نه‌بوونی كۆمه‌ڵگەیه‌كی مه‌ده‌نیی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و هه‌روه‌ها نه‌بوونی میدیای ئازاد، تێچووی ڕێژیم به لانیكهمی خۆی گه‌یشتوه.
كرده‌یه‌كی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی پۆلیسێكی ئه‌مریكا كه ده‌سبه‌جێ ده‌سبه‌سه‌ر كراوه و ته‌حویلی یاسا دراوه، كرده‌یه‌ك كه نه‌ته‌نیا سۆزی ڕای گشتیی كۆمه‌ڵگەی ئه‌مریكای ڕاكێشاوه به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له به‌رزترین ئاستدا هێناوه‌ته سه‌ر خه‌ت، بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێكی گه‌وره له ئاستی ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت په‌لی كێشاوه‌ته ژماره‌یه‌كی زۆر له وڵاتان له گۆشه و كه‌ناری جیهان. هه‌موو داموده‌زگا ده‌ستوورییه‌كانی ئه‌مریكا كه‌وتوونه‌ته هه‌وڵ تا دڵنیایی بده‌نه هاووڵاتییان كه به‌ره‌نگاری ڕه‌گه‌زپه‌رستی ده‌بنه‌وه و ئیزن ناده‌ن بۆ جارێكی دیكه ئه‌و دیارده‌یه ئاسایشی مرۆڤ بخاته مه‌ترسییه‌وه.
له گۆشه‌یه‌كی دیكه‌ی جیهان و له كرماشان هه‌ڵسوكه‌وتی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی دامه‌زراوه‌ی شاره‌وانی، گیانله‌ده‌ستدانی دڵته‌زێنی ژنێكی كوردی لێكهوتهوه. ئه‌و كاره‌ساته كه درێژكراوه‌ی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی زیاتر له چوار ده‌یه ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامییه دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد، نه له ئاستی ڕای گشتی و نه له ئاستی دامه‌زراوه ڕه‌سمییه‌كان كه‌مترین كاردانه‌وه‌ی لێ كه‌وته‌وه و هه‌روه‌ك بابه‌تی كوژرانی ڕۆژانه‌ی كۆڵبه‌ران وه‌ك ڕووداوێكی ئاسایی و ڕووتین سه‌یری كرا.