نزیکه‌ی دوو مانگ ده‌بێ کۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایه‌تە یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا ڕێکه‌وتنامه‌ی ناوه‌کیان مۆر کردوه. دیاره له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا ئه‌م بڕیاری ڕێکه‌وتنه له لایه‌ن ئێران و شه‌ش زلهێزی دنیا له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویانه‌وه وڵاتی ئه‌مریکا پێناسه ده‌کرێ. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا یه‌که‌م وڵاتی به‌هێزی دنیایه دژبه چالاکیه ئه‌تۆمیه نهێنیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئیران هه‌ڵوێستی فه‌رمی ده‌ربڕی.
هۆکاری سه‌ره‌کی بوونی ئه‌مریکا، له دژایه‌تی کردنی ئێران له بواری ئه‌تۆمیدا، په‌یوه‌سته به ڕابردووی دیپلۆماسی ئه‌م دوو وڵاته له ساڵی 1979ی زایینی به‌دواوه… له‌م ساڵه‌دا ڕێژیمی شاهه‌نشاهی له ئێران‌دا به شۆڕشی خه‌ڵک هه‌ڵوه‌شاوه و کۆماری ئیسلامی به سه‌رۆکایه‌تی خۆمه‌ینی وه‌ک پیاوێکی ئایینی /ئیسلامی، له‌م وڵاته‌دا دامه‌زرا و ئه‌م کەسە له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه دروشمی دژه ئه‌مریکایی و دژە ئسراییلی به‌رزکرده‌وه و گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی کۆنسولخانه‌ی ئیسراییل له تاران داخراو درایه ده‌ستی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فه‌له‌ستین وا دژ به ئیسراییل چالاکی چەکداریی ده‌کرد و هه‌روه‌ها باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له تاران له لایه‌ن که‌سانی هه‌واداری خۆمه‌ینی وا ئاماده بوون به بڕیاری خومه‌ینی ته‌نانه‌ت خۆیان به کوشتن بده‌ن که‌وته به‌ر په‌لامار و ده‌یان کارمه‌ند و دیپلۆماتی ئه‌م وڵاته له باڵیۆزخانهکەدا بۆ ماوه‌ی ٤٤٤ ڕۆژ به بارمته بگرن…
ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا هه‌وڵی زۆری بۆ ڕزگار کردنی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا و له ئێران قه‌تیس و ده‌سته‌سه‌ر کرا بوون و له ئاکامدا چی بۆ ئێران مایه‌وه: بڕیاری دادگای فێدێڕاڵی ئه‌مریکا به بلۆک کردنی دارایییه‌کانی ئێران له ئه‌مریکا وا زیاتر له چه‌ندین میلیار دۆلار بوون. هه‌روه‌ها ئه‌مریکا له ڕێگه‌ی جۆراوجۆری سیاسییه‌وه چه‌ند جۆر ئابلۆقه و گه‌مارۆی ئابووری و دارایی و سیاسی به سه‌ر ئێران‌دا داسه‌پاند و هه‌تا ئێستاش بۆ ماوه‌ی ٣٥ ساڵه به‌رده‌وامن.
ده‌مار گرژی ئێرانیه‌کان هه‌مووکات ته‌نگانه و به‌دبه‌ختی بۆ وڵاته‌که‌یان دروست کردوه له‌وانه تووش بوون به شه‌ڕی 8 ساڵه‌ی نێوان ئه‌وان و عێراقه‌وه و خۆمه‌ینی ئه‌م شه‌ڕه‌ی به هۆکاری “خه‌ڵات و براتی یه‌زدان” بۆ خه‌ڵکی ئێران له قه‌ڵه‌مدا، کەچی دوای 8 ساڵ شه‌ڕ ئه‌م خه‌لات و به‌راته یه‌زدانیه به خواردنه‌وه‌ی ژه‌هری کوشه‌نده له لایه‌ن خومهینییهوه کۆتایی پێهات به‌ڵام ئاسه‌واری جۆراوجۆری ماڵوێرانکه‌ری شه‌ڕی ئێران و عێراق هه‌تا ساڵانێکی دوور و درێژ به‌رۆکی ئه‌م وڵاته‌ی به‌ر نه‌دا… ئه‌وه‌ی دیاره هه‌تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی دەوڵەتی ئه‌مریکا به هه‌ڵگرسێنه‌ری ئه‌م شه‌ڕه ده‌زانێ…
به‌هه‌رحاڵ دوای چالاکیه ئه‌تۆمیه‌کانی ئێران له 2003 به دواوه ئه‌مریکا، ئاژانسی نێو ده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم، ئیسراییل وڵاتانی عه‌ربی، تورکیا و وڵاتانی ڕۆژاوا له ڕیزبه‌ندییه‌کی بێوێنه‌دا که‌وتنه به‌رانبه‌رکێی ئێران و ئەم وڵاتە خرایه ئاویلکهوه تا ئه‌و ڕاده‌ی که له هاوینی 2012دا له دوای چوار بڕیارنامه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان له دژی چالاکیه ئه‌تۆمیه گوماناویه‌کانی ئێران بۆ یه‌که‌م جار ئه‌مریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی و یه‌کێتی ئه‌وروپا کۆمه‌ڵێ گه‌مارۆی قورسی دراوی و بانکی و ئابووری یان به سه‌ر که‌سانی به‌شدار له پرۆسه‌ی ئه‌تۆمی ئێرانه‌وه و هه‌روه‌ها خودی ده‌وڵه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران داسه‌پاند.
له ڕواڵه‌تدا ئه‌م بابه‌ته پرۆسه‌یه‌کی سیاسی یاسایییه به‌ڵام کاتێ ده‌ڕوانینه کۆنڤانسێونه یاسایییه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو ئه‌و قه‌رار و بڕیارانه‌ی وا له ناو سیسته‌می ناوخۆیی وڵاتانی جۆراوجۆر به‌تایبه‌تی زلهێزه‌کان دروست کراون یان له بڕیارنامه و په‌یمانه ناو ده‌وڵه‌تیه‌کاندا ڕێکه‌وتنی له سه‌ر کراوه، مرۆڤ بەو ڕاستییه ده‌گات که ئه‌م بابه‌ته زۆر قورس و ئالۆزه و هه‌روه‌ها له کاتی ههڵوهشاندنهوەیاندا ده‌بێ ده‌وره‌یه‌کی زه‌مانی دوور و درێژ بخایێنی تاکوو ڕه‌وشه‌که بگاته‌وه خاڵی سفر، پاشان دروست کردنه‌وه و ساخ کردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شته خراپانه که به هۆی چالاکی ئه‌تۆمی و دژایه‌تی کردنی جیهان له گه‌ڵیدا، به سه‌ر گه‌ردونه‌ی ئابووری وڵاتی ئێران‌دا هاتوه چه‌نده وزه و هێز و زه‌حمه‌تی ده‌وێ و له کۆتاییدا ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه بۆ؟ بۆ ئه‌م نه‌هامه‌تیه ده‌بێ به سه‌ر ئێرانیه‌کاندا ڕووبدا؟
له دوای ئه‌وه‌ی چالاکیه نهێنییه ئه‌تۆمیه‌کانی ئیران ئاشکرا بوون زۆر ده‌سته‌واژه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره که‌وتنه ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه وه‌ک: چالاکی ئه‌تۆمی به مه‌به‌ستی کار بۆ ئاشتی، لابیگەری ئێرانی له ئه‌مریکا، نه‌رمی نواندنی قاره‌مانانه، دۆستایه‌تی نێوان گه‌لی ئه‌مریکا و گه‌لی ئێران، قاچاخی که‌ره‌سته و که‌ل و په‌لی دروست کردنی بۆمبی ئه‌تۆمی، عهبدولغهدیرخان باوکی بۆمبی ئه‌تۆمی پاکستان، ڕکابه‌ریی ئه‌تۆمی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به درۆ داخستنه‌وه‌ی مه‌رگه‌ساتی” هۆڵۆکاست” یان جوله‌که قڕان، که‌یکی زه‌رد، ئۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاتر له 4% و دروست بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه پچراوهکانی ئێران و ئه‌مریکا له دوای 30 ساڵ …
له‌م سه‌ر و به‌نده‌دا، زۆر لایه‌نی (حه‌قیقی) و (حقوقی) قازانجیان کرد، ده‌ڵاڵه‌کان، بازه‌رگانه‌کان، سهڕافهکان و زۆر که‌سی دیکه که سه‌ودای ناوبانگ و ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌سه‌ریاندا بوو.
چه‌ند دەوڵەتی وه‌ک ڕوسیا و چین و… پێگه‌ی خۆیان به هێز کرد. که‌سانی وه‌ک (مرتضی امیراحمدی) و (تریتا پارسی) وا کەس نەیدەزانی چۆناوچۆن زەق کرانەوە، بوون به ناوبژیوانی ئاشتی بۆ ئێران و ئه‌مریکا… ئه‌وان به ڕه‌گه‌ز ئێرانی بوون به‌ڵام گوایه ساڵانێکی زۆر له ئه‌مریکادا ژیابوون و گوایه خێرخوازی ئێران و ئه‌مریکا بوون… له‌م نێوه‌نده‌دا تۆێژی مامناوه‌ند و فه‌قیری ئێرانی ماڵکاول کران و ئه‌وی دیاره زه‌ختێکی هه‌ره زۆری ئابووری له‌سه‌ر شانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێرانه‌وه که‌ڵه‌که کرا. به‌هه‌ر حاڵ دوای هاتنی باراک ئۆباما سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا، ئێرانیه‌کان به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتن بۆ مانه‌وه‌یان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوغرافیای سیاسی جیهان ده‌بێ ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی له بۆچووهکانیان سه‌باره‌ت به خۆیان و دنیای ده‌ره‌وه‌ی ئێران بکه‌ن. دیاره هه‌مان دروشمه‌کانی دژ به ئه‌مریکا له کوچه و کۆڵان و شه‌قامه‌کان دهدرایە ده‌رخواردی ڕای گشتی به‌ڵام “دیپلۆماسی نهێنی” کۆماری ئیسلامی، که‌وته جووڵه و به ده‌یان جار ده‌یان شاند (هیئت)ی دیپلۆماتیک له شۆێنه جیاوازه‌کانی دنیا دوور له چاوی دوربینی ئاژانسه هه‌واڵه‌کان و په‌یامنێره‌کان و رۆژنامه‌نووسه‌کان له هه‌ردوو وڵاتی ئێران و ئه‌مریکا کۆده‌بنه‌وه و خه‌ریکی سیاسه‌ت کردن بوون.
به‌هه‌رحاڵ دوای زیاتر له ١٠ ساڵ له‌م گه‌مه سیاسیانه دوو مانگ پێش ئێستا ڕاگهێینرا ئێران و ئه‌مریکا ڕێکهوتنامەی ئەتۆمی یان مۆر کردوه.
هه‌رچه‌ند ڕای جیاواز له ناو هه‌ر دوو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران و ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و ڕابردووی هه‌ڵسوکه‌وتی کۆماری ئیسلامی و ئه‌مریکا له ئارادا هه‌بوو، ته‌نانه‌ت چه‌ند سێناتۆری کۆماریخوازی ئه‌مریکایی وه‌ک” تام کاتێن” به ئاشکرا نامه‌یه‌کیان ئاراسته‌ی عه‌لی خامنه‌یی سه‌رۆکی ئایینی/سیاسی ئێران کرد و ڕایانگه‌یاند به‌م ڕێکه‌وتنامه زۆر دڵخۆش نه‌بێ، به‌ڵام له کۆتاییدا به چه‌پڵه‌ڕێزانی حیزبی دێموکڕاتی ئه‌مریکا و دار و ده‌سته‌ی حه‌سه‌ن روحانی و راگه‌یاندنی عه‌لی خامنه‌یی سه‌باره‌ت به “بێ لایەن بوون” له‌م پرۆسه‌دا، قۆناغێکی دیپلۆماتیک له نێوان ئێران و ئه‌مریکا ده‌ستی پێکردوه.
دیاره عه‌لی خامنه‌یی وه‌ک “ولی امرمسلمین” یان خاوه‌نی هه‌موو کار و باری موسڵمانان کە لایەنگرەکانی ئەو نازناوەیان پێبەخشیوە، قه‌ت له کێشه‌ی ئه‌تومی دا و گه‌یشتن به رتێکهوتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ناتوانێ بێ لایەن بێ و داهاتووی فه‌رمانڕه‌وایی خۆی بخاته تارکایی چاره‌نووسێکی نادیارهوە. به‌ڵام یه‌ک شت ئاشکرایه لێدوانه‌کانی ئه‌م رۆژانه‌ی عه‌لی خامنه‌یی، سه‌باره‌ت به له‌ناوچوونی ئیسرائیل هه‌تا 25 ساڵی داهاتوو یان دژایه‌تی کردنی ئه‌مریکا ئه‌و ڕاستیه ناشارێته‌وه که شه‌ڕی سه‌رەکی کۆماری ئیسلامی بۆمانهوهیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ماجەرای بارمته‌گرتنی دیپلۆماته ئهمریکایییهکان له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له تاران و پاشان ووتووێژه‌کان سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ئەم ئاڵۆزییە، مەرجی سەرەکی ئێران بۆ ڕادەست کردنی ئەو گیراوانە بۆ ئەمریکا ئەوە بوو ئەمریکا گەرەنتی ئەوە بدات هیچ کات نەکەوێتە شەڕەوە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی‌دا و دوای ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری ئەوەی دا هەتا ٢٥ ساڵ لەگەڵ ئێران‌دا هیچ شەڕێک بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەست پێ نەکات، بارامتەکان سەربەست کران.
بەلام ئێستا دوای کۆتایی هاتنی ئەم ٢٥ ساڵە و ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ چەک و ئاگری ئەمریکا هەموو ئەم گەمە سیاسیانە خرانە گەڕبەڵکوو گەرەنتیەکە نوێ بکرێتەوە.
ئەوەی لە ڕاگەیاندن سەبارەت بە بڕگە و مادەکان ئاشکرا کران دەڵێ دەیانەوێ ئێران ئەو ئرکانە پێویستە بە جێ بهێنێ تاکوو بڕوای پێبکەن و گەمارۆکان هەڵبوەشێننەوە بەڵام لەوانەیە ٣٠ یان ٥٠ ساڵی دیکە بەڵگەی نوێ ئاشکرابکرێن وڕاستیەکان دەربخەن یان “ویکی لیکس”ێکی دیکە بکەوێتە کار بۆ ئاشکرا کردنی نهێنیە سیاسییەکان. بەڵام دیارە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی بمێنیتەوە هەموو جۆرە خەرج و باجێک دەدات و بەڕاستی مرۆڤی بیرمەند پێکەنینی بەو جۆرە حکومەت کردنە دێ … کۆماری ئیسلامی سیستمێکی فەرمانڕەوایی دۆڕاوە… لەبەر ئەوەی دڵی خەڵکی خۆی ڕانەگرتوە و هەموو کات ئازاری داوە … کۆماری ئیسلامی چاوەڕێیە نەوە و نەسلی نوێی ئێرانیەکان لە دایک ببن و پشتی بگرن چونکە دەزانێ ئەم دووسێ نسڵەی دوای ساڵی ١٣٥٧ی هەتا ئێستا بوغزاندوە و کەس دڵی لەگەڵیدا نیە هەر بۆیە ٢٥ ساڵ بۆ لە ناوبردنی ئیسراییل شیمانە دەکا تاکوو خەڵکێ لە ئێران پەیدا ببن کە لە بیریاندا نەمابێ کۆماری ئیسلامی چی بەسەر دوو نەسڵی پێش ئەوان هێناوە.