ئاماژه:
“كاریگه‌ری بیری چه‌پ له‌سه‌ر بزاڤی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان [حیزبی دێموكراتی كوردستان وه‌ك نموونە (١٣٢٤_١٣٧٠)]، ئه‌مه ناونیشانی تێزی دوكتورای كاك سمایلی بازیاره كه ئه‌م ڕۆژانه به‌سه‌ری كردمه‌وه و بۆی ناردبووم. بۆ نووسینی ئه‌م چه‌ند دێڕه جگه له ده‌قی تێزه‌كه، بیروبۆچوونه‌كانی كاك سمایل له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قی تێزهكهش یارمه‌تیده‌رم بوون. با ئه‌و ڕاستییه‌ش بدركێنم كه ئه‌م یادداشته ته‌نیا و ته‌نیا دێته‌ی خانه سپاس و پێزانینه‌وه، چون دڵنیام كاره‌كه‌ی كاك سمایل هه‌ڵده‌گرێ زۆر زیاتری له‌سه‌ر بدوێی و ئه‌مه به‌س بۆ ناساندنی ئه‌م توێژینه‌وه به پێزهیە.
***
ڕه‌نگه هیچ لقێك له ده‌ڤه‌ری زانسته مرۆییه‌كاندا وه‌ك مێژوو لێڵ و ته‌ماوی نه‌بێ، ده‌ڤه‌رێكی پڕ له گرێپووچكه و ئاڵۆز و هه‌ندێ جار پڕ له مه‌ترسی، به‌تایبه‌تی كاتێ مێژوو له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست و براوه‌كانی گۆڕه‌پانی شه‌ڕ ده‌نووسرێته‌وه، ئادار به‌سه‌ر پاداری نه‌ته‌وه‌ی بنده‌سته‌وه ناهێڵێ.
له لایه‌كی تریشه‌وه له‌نێوخۆشیدا به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌سی و گرێوگوڵه ده‌روونییه‌كان، زۆر جاران مێژووه‌كه‌ی به لاڕێدا بردووه و بۆته هۆی سه‌رلێشێواوی، به‌تایبه‌تی له مێژووی هاوچه‌رخدا كه‌م نین نموونه‌ی له‌م چه‌شنه.
دیاره زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌سه‌ر مێژووی هاوچه‌رخی كورد تۆمار كراون و دێنه خانه‌ی بیره‌وه‌ری، تووشی ئه‌م په‌تایه بوون و پێویستیان به خه‌سارناسی جیددی هه‌یه. ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له لقی مێژووی زاره‌كی (Oral History)دا جێده‌گرن و بۆ ئه‌وه‌ی بكرێ متمانه‌یان پێبكه‌ی، ده‌بێ له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی هاوشێوه‌ی خۆیان پێكیان بگری و تۆزی برا گه‌وره‌ییان لێ بتكهێنی و دواجار به كهلكوهرگرتن له به‌ڵگه و دێكیوومێنتهكان پشتڕاستیان كه‌یه‌وه.
خه‌سارێكی تر، نه‌بوونی شرۆڤه و ئانالیزه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی، چون له ڕاستیدا به هه‌موو پێوه‌رێك مێژوو دێته خانه‌ی زانسته‌وه كه كورد كه‌متر له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه بۆ مێژووی ڕوانیوه. مێژوو وه‌ك زانست بریتییه له ناسین و شرۆڤه‌ی سه‌رده‌می تاریك و ڕابردووی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای تیشك و ڕووناكایی ئێستا، به كهلكوهرگرتن له شێواز و مێتۆدی گونجاو و شیاو.
بێگومان نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی و كیانێكی سه‌ربه‌خۆ یه‌كێ له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی فه‌وتاندن و شێواندن و به‌لاڕێدا بردنی مێژووی كورد بووه، بۆیه هه‌ر چه‌شنه حهولێك بۆ ساغكردنه‌وه و شرۆڤه‌ی ئه‌م مێژووه بێنازه ده‌بێ به هه‌ند وه‌رگیرێ. كه وا بوو ئه‌وه زۆر گرینگه كاتێ شرۆڤه‌كارێك به ڕه‌چاوكردنی ئه‌م خه‌سارانه‌ی باسم كرد، حه‌ول ده‌دا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی مێژووی هاوچه‌رخ شرۆڤه بكا، به‌تایبه‌تی كه بۆخۆشی له پێكهاته‌ی ئه‌م قۆناغه مێژووییه‌دا بووه چ وه‌ك بیرمه‌ند و چ به شێوه‌ی پراکتیك له مه‌یدانی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ستدا.
مێژووی حیزبی دێموكرات له سه‌ره‌تای دامه‌زرانه‌وه وه‌ك حیزب دێموكراتی كوردستان و دواتر وه‌ك حیزب دێموكراتی كوردستانی ئێران، ڕاستگۆیانه له لایه‌ن دوكتور سمایلی بازیارهوه ده‌گێڕدرێته‌وه. گرینگی ئه‌م ڕیوایه‌ته له‌وه‌دایه كه گێڕانه‌وه‌كه ته‌نیا له چوارچێوه و قابی حیزبی دێموكرات‌دا نامێنێته‌وه و په‌لكێشی ده‌كا بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه تا دواجار بتوانێ ڕه‌وتی پێكهاتنی ئاڵوگۆڕهگان نیشان بدا و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه بكا كه به‌شێك له‌م ئاڵۆگۆڕانه كه هه‌ندێ جار ڕادیكالیزمێكی بهحهقیشی پێوه دیاره، به‌رهه‌می گوشاره ده‌ره‌كییه‌كان و زه‌خته نێوخۆییه‌كانه. له ڕاستیدا ئه‌م دژكرده‌وه‌یه – بۆ وێنه له دوای كۆنگره‌ی چواری حیزب – به‌رهه‌می گوشاره‌كانی كۆماری ئیسلامی، حیزبی تووده، هه‌ندێ جه‌ره‌یانی چه‌پی كوردی و غهیرهكوردی و هه‌روه‌ها ڕه‌وته نێوخۆییه‌كه‌ی سه‌ر به حیزبی تووده‌ی نێو كۆنگره بوو. ئیتر ئه‌مه حیزبی دێموكراتی كوردستانی سه‌رده‌می كۆماری كوردستان نییه كه خۆی تاقانه‌ی مه‌یدانی خه‌بات بێ، به‌ڵكوو حیزب، له پاش شۆڕشی گه‌لانی ئێران ده‌بێ به‌رهه‌ڵستی زۆر لایه‌نان بێ. بۆیه له ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا بازیار هه‌ر له‌نگه‌ر له‌سه‌ر دژایه‌تییه‌كانی نێوخۆ ناگرێ و سه‌رجه‌م ساحهكان له كوردستانه‌وه بگره تا ئێران و ته‌نانه‌ت ڕووداوه‌كان و كارتێكه‌رییه‌كانی جیهانیش ده‌خوێنێته‌وه.
واوێژی مێژووی حیزبی دێموكراتی كوردستان، نه‌وه‌ك كادرێكی باڵای حیزب، به‌ڵكوو وه‌ك چاوه‌دێرێكی ده‌ره‌كی و بێلایه‌ن كه هه‌ندێ جار تێبینییهكانی له قه‌رائه‌تی فه‌رمی سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌شی لاده‌دا، له حیزبی ئازادی كوردستان و كۆمهڵهێ ژێكافه‌وه ده‌ست پێده‌كا تا ده‌گاته كۆماری كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستان، بێ ئێران و به ئێرانه‌وه!
به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساكار نییه، به‌ڵكوو چه‌مكه تیۆریكهكان به‌رده‌وام له نێو دێڕه‌كانی مێژوودا دێن و ده‌چن، واته ئه‌گه‌رچی لێكۆڵینه‌وه‌كه پشت ئه‌ستووره به زیاتر له چوارسه‌د سه‌رچاوه‌ی ههمهجۆر وه‌ك كتێب، ڕۆژنامه، گۆڤار، ماڵپه‌ڕ، یادداشت، بیره‌وه‌ری، چاوپێكه‌وتن، میدیا، ئاڕشیو و… به‌ڵام توێژه‌ر به ئانالیز و لێكدانه‌وه‌كانی خۆی له “تاریخ نقلی” و گێڕانه‌وه تێده‌په‌ڕێ و به‌ره‌و تاریخی زانستی و شرۆڤه‌یی هه‌نگاو ده‌نێ. بۆ وێنه به ته‌سه‌لی له‌سه‌ر جیاوازییه‌كانی “سۆسیالیزمی دێموكراتیك” و “سۆسیال دێموكراسی” و هه‌روه‌ها “سۆسیالیزمی مه‌وجوود” له‌نگه‌ر ده‌گرێ و ده‌وه‌ستێ بۆ ئه‌وه‌ی لێزانی و چازانیی سكرتێره‌كه‌ی نیشانی خوێنه‌ری وردبین بدا.
بازیار زیره‌كانه باس له دوو هێڵی هاوته‌ریبی نێو حیزب ده‌كا، دوو هێڵ كه هه‌ر له زه‌مانی حیزبی ئازادی كوردستان و كۆمهڵهێ ژێكافه‌وه تا ده‌گاته كۆماری كوردستان و حزبی دێموكراتی كوردستان، به‌جۆرێ وه‌ك ده‌ق و په‌راوێز بوونیان هه‌یه: هێڵی چه‌پ ئاژۆ و هێڵی په‌لكێشی ڕاست. خاڵی سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی ڕووداوه‌كان له تێك هه‌ڵه‌نگوتنی ئه‌م دوو هێڵه‌دا خویا ده‌بن.
مێتۆدی سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه‌كه ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر مێژووی زاره‌كی دامه‌زراوه، له بیره‌وه‌رییه‌وه بگره تا شرۆڤه، له خۆجێییه‌وه بگره تا بیانی، له نه‌خوێنده‌واره‌وه بگره تا مامۆستای زانكۆ. هه‌روه‌ها ڕاسته‌وخۆ پشت ده‌به‌ستێ به سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، به‌ڵام كه فاكتیان لێ دێنێته‌وه و قسه و بۆچوونیان باس ده‌كا، هه‌ر یه‌كه‌وڕێ قسه و شرۆڤه‌ی خۆشی ده‌خاته پاڵ قسه‌ی ئه‌وان، تا ده‌قی تێزه‌كه ببێ به ده‌قێكی به‌رهه‌مهێنه‌رانه و ئۆرجیناڵ.
له‌م نێوه‌شدا ئه‌وه‌ی وه‌ك هونه‌ری نووسینی توێژه‌ر خۆی ده‌رده‌خا پێكه‌وه‌لكاویی فاكتهكانه، چون هه‌ست به سه‌كته و گرێ ناكه‌ی و هه‌ست ناكه‌ی كه یه‌كیەتیی بابه‌ته‌كه تووشی پچڕان و دابڕان بووبێ.
شابه‌یتی غه‌زه‌لی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه دوكتور قاسملوویه. چه‌ق و ناوه‌ندی ئه‌م تێزه دوكتور قاسملوویه. بازیار به‌رده‌وام له حه‌ولی ئه‌وه‌دایه كه پێداگری شه‌هید دوكتور قاسملوو له‌سه‌ر پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی حیزب بۆ خوێنه‌ره‌كه‌ی باس بكا، ده‌ڵێی هه‌ستی به‌مه كردوه كه له نه‌بوونی ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه، حیزب تووشی چ خه‌سارێكی مه‌زن ده‌بێ. پێمخۆشه سووكهلهنگهرێك له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه و گرینگی ئه‌م چه‌مكه بگرم:
شەهید دوکتور قاسملوو ساڵی ١٣٥٠ بەر لە کۆنفرانسی سێیەمی حیزب، بە گەڕاندنەوەی چەمکی سەربەخۆیی بۆ نێو حیزبی دێموکرات و سەربەخۆیی لە بڕیارداندا بناغە تیۆری و فیکرییەکانی ئەم حیزبەی سەرلەنوێ داڕشتەوە، ئەمە لە هەمان کاتدا کە پرستیژی حیزبی دێموکراتی لەنێو ئێران و لە خودی کوردستاندا بردە سەر، شۆکێکی بەهێزی ڕەوانی بوو بۆ ئەو کەس و لایانانەی دڵیان بۆ حیزبی توودەی ئێران لێیدەدا یان ته‌نانه‌ت دڵبەستەی پارتی بوون. ئێستا حیزبی دێموکرات، حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە و تەنیا هێز و پاڵپشتی حیزب، خودی گەلە.
ئەمە سەرەتای بنیاتنانەوەی فۆنداسیۆنێکی بەهێز و مەنتقی بوو بۆ حیزبێک کە دەیەوێ خۆی لەنێو بازنەی خەڵکەکەیدا ببینێتەوە و بێ منەت لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر (بە مانا سەربەخۆیی سیاسییەکەی) بەرنامە و پڕۆگرامی خۆی بەڕێوەببا و دواجار بە هۆی شۆڕشی گەلانی ئێران و سازبوونی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ببێتە گەورەترین حیزبی هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەمە قۆناغی قاسملوو بوو، ئەم قۆناغە لە پاش شۆڕش لە ساڵی ١٣٥٨ تا ١٣٦٨ درێژەی دەبێ و سەرەڕای هەموو کێشە ناوخۆییەکانی ناو حیزب، چەمکی سەربەخۆیی وەها لەناو پێکهاتەی حیزب و کۆمەڵانی هەراوی خەڵکدا پراکتیزە ببوو کە نەیدەهێشت پەراوێز بە دژی دەق قوت بێتەوە.
ڕه‌نگه یه‌كێ تر له تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م تێزه ئه‌وه بێ كه بازیار له مرخێش مرخێشهكانی نێو حیزب‌دا، زیاتر سه‌رنجی داوه‌ته‌وه بیروبۆچوونه‌كان نه‌ك ناوی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕه‌كان و، نه‌ك كێشه تاكه‌كه‌سییه‌كان! ئه‌مه‌ش ڕێك تایبه‌تمه‌ندی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی و ئاكادیمیكه. كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی كردبا زۆر شتێكی ئاسایی بوو چون باسی مێژوویه و مێژووش به‌بێ كارگێڕ مانا نادا!
دوكتور بازیار بۆخۆی ده‌ڵێ من ئه‌و تێزه‌م به‌ر له‌وه‌ی بۆ زانكۆ نووسیبێ بۆ حیزبی دێموكرات نووسیوه، بۆیه به باوه‌ڕی من ده‌بێ كادر و پێشمه‌رگه و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكرات، ئه‌م ئه‌مه‌گناسی و وه‌فادارییه به خوێندنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كه بقۆزنه‌وه.
هه‌رچه‌ند ئاواتی ئه‌وه‌م ده‌خواست كه ئه‌م توێژینه‌وه‌یه سنووری ساڵی ١٣٧٠یشی بهزاندبا و گه‌یشتبا سه‌رده‌می ئێستا و به‌تایبه‌تی ئه‌م ڕوانینه كڕۆنۆلۆژیكه، دۆخی بیری چه‌پ و پێگه‌كه‌ی له‌سه‌ر وه‌چه‌ی نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و حیزبی دێموكرات شهونوكهو كردبا، به‌ڵام كه دۆخی حیزبه‌كان ده‌بینم، ڕه‌نگه منیش وه‌باڵی بۆ بكێشم كه بڵێم هه‌ر له‌م ساڵه‌دا بمێنه‌وه.
***
په‌راوێز:
١. بێ هیچ شك و گومانێك ئه‌م تێزه بۆ ئه‌وه‌ی له زانكۆ تۆزی فه‌رامۆشی له‌سه‌ر نه‌نیشێ، ده‌بێ بخرێته دووتوێیی كتێبه‌وه.
٢. واوێژ پێشنیاری مامۆستا سه‌لاحی ئاشتی بوو بۆ ڕاوی، به‌ڵام بۆخۆم گێڕهوهشم به‌لا په‌سند بوو. بۆ وێنه قسه‌گێڕه‌وه یان چیرۆکگێڕەوە=”ڕاوی داستان” له زمانی كوردیدا هه‌یه.
٣. ئه‌گه‌ر هات و بڕیاری به كتێبكردنی تێزه‌كه درا، سه‌رجه‌م په‌راوێزه‌كان ده‌بێ ببن به پاشكۆی هه‌ر به‌شێك، چون سه‌رنجی خوێنه‌ر له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌ره‌كی لاده‌به‌ن.