نەتەوەی کورد خاوەن خسڵەتێکی دەروونی تایبەت بە خۆیەتی. یەکێک لەو خسلەتانە وەفاداری و ریزگرتن و دڵسۆزییە بۆ خەباتکارانی کۆچکردوو و شەهیدان و رێبوارانی رێگای ئازادی، کە دەکرێ وەک خسلەتێکی جوان و پۆزێتیڤ چاوی لێ بکرێ. بەڵام ئەم هەستی وەفاداری و دڵسۆزییە هەروەک چۆن خەبات و غەمەکانمان، بیرکردنەوە و پرۆژەکانمان و…. هەموو شتێکمان دابەش کراوە بەسەر حیزبدا پرش و بڵاو و بەش بەش کراوە !
لە نێو حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا زۆر کەسایەتی هەڵکوتوو و بلیمەت و رێبەر هەبوون کاتێک لەدەستچوون، نەک هەر بۆ حیزبەکەیان بەڵکوو بۆ نەتەوەکەشیان خەسارێکی گەورە و قەرەبوونەکراو بوون، بەڵام دەبینین تەنیا لە چوارچیوەی “حیزب”دا رێزیان لێگیراوە و یادیان کراوەوتەوە و خاوەندارێتی لە کەیسەکەیان کراوە . بۆ نموونە دوکتور سادقی شەرەفکەندی یان کاک فوادی موستەفا سوڵتانی، هەریەک لەوان کەسایەتیی تێکۆشەر و بلیمەت و هەڵکەوتەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بەڵام دەبینین تەنیا لە چوارچیوەی ئەو حیزبەدا یادیان لێ دەکرێتەوە و خەباتەکەیان هەڵدەسەنگێندرێ، کە خەباتی نەتەوەیی و ئینسانییان تێیدا بەرەوپێش بردوە. بۆ نموونە دیموکرات کەمتر باسی کەسێکی وەک کاک فوادی مستەفا سوڵتانی و کاریگەریی خەباتەکەی لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی دەکا، یان کۆمەلە زۆر بە کەمی باسی کەسایەتیی و تایبەتمەندییە بەرزەکانی وەک دوکتور شەرەفکەندی دەکا. راستە ئەوانە هەریەک لە حیزبێکدا بوون و بیروبۆچوونیان جیاواز بووە، بەڵام چوارچێوەی کارو تێکۆشان و خەباتەکەیان بۆ کوردستان، سنووری حیزبایەتیی بڕیوە. یا بۆ نموونە ئەگەر باسی کەیسی تیرۆری دوکتور قاسملوو دەکرێ، تەنیا حیزبی دیموکرات خۆ بە خاوەنی ئەو کەیسە دەزانێ، لە حاڵێکدا قاسملوو زۆر لەوە گەورەتر و کاریگەرتر بووە بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان کە تەنیا حیزبی دیموکرات خۆ بەخاوەنی کەیسەکەی بزانێ.
ئەوە لە کاتێک دایە دوژمنی نەتەوەی کورد یەک لەوان کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو جیاوازییەی دانانەناوە و هەوڵی داوە بژاردەکانی ئەم نەتەوەیە بەهەرشێوەیەک بووە لەناو بەرێ یان بایەخیان کەم بکاتەوە. قەزیەی تیرۆرە سیاسییەکانی رێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە نموونەی ئاشکرای ئەم ئەو هەوڵانە بووە دژی ئەم نەتەوەیە. رێژیمێک بە مەبەستی بەهێز بوونی خۆی لە کوردستان، گەورەترین جینایەتی خوڵقاندوە و بە تیرۆر کردنی کەسایەتیی و لەناوبردنی بژاردە سیاسییەکانی ئەم گەلە، نیشانی داوە کە لە لای ئەو دوژمن یەکێکە، ئەویش گەلی خەباتکار و ئازادیخواز ی کوردە. بەڵام ئەم گەلە بە هۆی حیزب حیزبێن و بەرژەوەندییی تەسکی حیزبایەتییەوە، پێگە و هەلومەرجی خۆی لاواز کردوە و لە ئاکامدا دەسکەوتە مێژوویەکانی زۆر جار لەبار براوە. لە راستیدا بەرژەوەندی حیزب و ئەم بەحیزبیکردنەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی، زیانی گەورەی لەمێژووی ئەم گەلە چەوساوەیە داوە و تەنانەت لاپەرە و تابلۆی مێژووی خەباتی کەسایەتییە ناودارەکانی کوردستانیش وەک خۆیان و بە ئەندازەی قورسایی خۆیان نەڕازاونەتەوە.
چونکە هەر حیزبەی لە راستای سیاسەتی حیزبەکەی خۆیدا باس لە کاریگەریی و رۆڵی ئەم کەسایەتییانە دەکا، نەک لە راستای قورسایی و گەورەیی و کاریگەربوونی ئەوان . واتە چوارچێوەی تەنگەبەری حیزبایەتیی سیمبولەکانیشی سنووردار یان سانسۆر کردوە. بێگومان ئەوە زیانی گەورەی لە پێگە و ئێعتباری سیاسیی نەتەوەیی کورد داوە .
ئایا ئەم سەکۆی دژایەتی کردنەی حیزبەکان لەگەڵ یەکتر کەی دەرووخێندرێ؟ کورد کەی دەگات بەو قۆناغە کە حیزبایەتی نەخاتە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندییەکی نەتەوەییەوە؟ ئەم چارەسەرە لە کوێوە دەست پێ دەکا؟
کاتی ئەوە هاتووە روحی نەتەوەیی بوون بکرێتە هەوێنی یەکگرتوویی و نیشاندانی هەڵوێستی نەتەوەیی و ئازادیخوازنەی حیزبەکان و، بۆ رێزگرتن و یادکردنەوەی ئەو شەهیدانەی کوردستان بەتایبەتی ئەم کاسایەتییە کاریگەر و ناودارانە کە بیر و ئەندیشەیان موڵکی نەتەوەیەکە، باشترە ئەم هێلەحیزبایەتییە لاببرێن و گەورەتر لەوە چاویان لێ بکرێ کە حیزب دەیکات. کارکردی ئەحزابە دەتوانی پێگەی کورد لە جیهاندا بەرز بکاتەوە و بە پێچەوانەکەشی دەکرێ لاوازیشی بکا!
ئایا دەکرێ لەناو ئەو هەموو کوشتن و تیرۆر و وێرانکارییەدا کە چواردەوری کوردستانیان داوە، ئومێدێک هەبێ کە حیزبەکان بیر لە بەرژەوەندییەکی گەورەتر بکەنەوە و ناکۆکی و دڕدۆنگییەکان وەلا بنێن؟ بە ململانێی حیزبایەتی قسەکردن لە بەرژەوەندیی نەتەوە، خەوێکی وەدیی نەهاتووە.
لە ژماره ٦٦٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه