دیاردەی کۆچکردنی مرۆڤەکان بە گشتی و بە تایبەتی لاوەکان لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیایی بۆ ئورووپا و بە گشتی ڕۆژاوا، نە شتێکی نوێیە و نە تایبەتە بە چەند وڵاتێک. هۆیەکانی ئەم کۆچکردنەش زیاتر لە یەک و دوانن. بەڵام هۆیەک کە وای کردوە لەم چەند ساڵەی دوایی دا خەڵکی هێندێک وڵات بە شێوەی کۆڕەو لە وڵاتەکەیان ڕابکەن و ڕێگای وڵاتانی رۆژاوایی بگرنە بەر، شەڕی نێوخۆییە. شەڕی نێوان دەوڵەتی سوورییە و خەڵکەکەی و، شەڕی تاقمی دڕندەی داعش لە گەڵ گرووپەکانی دیکە و لە گەڵ دەوڵەتی ئەو وڵاتە، وای کردوە سوورییە ببێتە جەهەننەمێک بۆ خەڵکەکەی. لە لایەکی دیکە داعش هەر هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی سووریە نەبووە بەڵکوو بووە بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر بەشێکی گەورە لە خەڵکی عێراقیش. خەڵکی کوردستانیش چ لە خۆراوای نیشتمانەکەیان و چ لە باشوور لە گەڵ شەڕفرۆشیی داعش بەرەوڕوون. ئەو ڕاستییەش لە بیر نەکەین کە کورد هەتا ئێستاش لە باکوور و ڕۆژهەڵات و خۆراوا، هێشتا لە گەڵ سەرکوت و زۆرداریی دەسەڵاتی دژە کورد بەرەوڕوویە و لە سەر خاکەکەی خۆی خۆی بە خاوەنی زۆر شتی خۆی نازانێ.
دیارە وڵاتانی دیکەی ئەو ناوچەیەش وەک یەمەن و لیبی لە گەڵ شەڕی نیوخۆیی بەرەوڕوون. خەڵکی ئەو وڵاتانە ئەو کاتەش کە شەڕی نیوخۆییان لە نێو دا نەبوو هەم لە گەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەرەوروو بوون هەم لە گەڵ هەژاری و بێکاری و بێداهاتوویی. لە بارودۆخێک دا کە هیچ کۆتاییەک بۆ ئەم شەڕە نێوخۆییانە نابینرێ و هومێد بە گەڕانەوەی هێمنی و پەیدابوونی ئاشتی و ئاساییش و باشتر بوونی بارودۆخەکە نییە، خەڵک چی دیکە تەحەممول ناکەن و خۆ بە ئاو و ئاگر دادەن بۆ ئەوەی بگەنە شوێنێکی ئەمنتر کە لانیکەم منداڵەکانیان داهاتوویەکیان هەبێ. کۆچکردن وڕۆێستن لەو وڵاتانە بە شێوەی شەپۆلی گەورەی ئینسانی و ئەو کارەساتە دڵتەزێنانەی لێیان دەکەوێتەوە، وای کردوە ڕۆژاوا و بیرورای گشتی بەرەوڕووی کێشەیەکی گەورە ببنەوە. ناکڕی هەر بە سنوور داخستن لەو خەڵکە، خۆیان دەرباز بکەن. ئەو بایەخدانەی ئەم دوایانەی وڵاتانی ئورووپا بەم کێشەیە، و دروستبوونی هومێد بۆ وەرگیرانی پەنابەر وای کردوە خەڵکێکی زۆری دیکەش لە وڵاتانی ناوچە، ئەم هەلە بقۆزنەوە و بە پەلە پەل بارگە و بنە بپێچنەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ئورووپا و لەم دەرفەتە بۆ وەرگیران وەک پەنابەر سوود وەر بگرن.
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش و بە تایبەتی لاوەکان، لەم کاریگەرییە بەدەر نەبوون و بەدەر نین. دیارە لاوانی ئێران بە گشتی و بە تایبەتی لاوانی کوردستان لە مێژساڵە سەرەڕای بێبەشیان لە ماف و ئازادییەکانیان وەک تاکێک، لە گەڵ کۆمەڵێک کێشەی دیکە بەرەو روون. بۆ وێنە بێکاری، نەبوونی توانای پێکەوەنانی ژیانی هاوبەش، دانەمەزران و زۆر گرفتی دیکە. کە وایە زەمینەکە لە پێشداش بۆ کۆچکردن لە نیویان دا بە هێز بووە. ئێستا کە دەبینن وڵاتانی ئورووپایی لە وەرگرتنی ئەو شەپۆلە ئینسانییە دا کە وەک پەنابەر روویان تێ کردوون خەریکی پێکهێنانی هاسانکارین، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتوون ڕێژەیەکی بەرچاو لەوانیش هەوڵ دەدەن لەم دەرفەتە سوود وەر بگرن.
لە ڕوانگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دروست ئەوەیە لاوی کورد لە ولاتەکەی خۆی و لە نێو نەتەوەکەی خۆیدا بێ. لە گەڵ خەم و ئازارەکانی خەڵکەکەی دا بژی و لە کوردستان بمێنێتەوە و بە ڕێگای جۆراوجۆر دا بۆ نەهێشتنی ستەم و هەڵاواردن لە سەر نەتەوەکەی خەبات بکا . بەڵام دەزانین حیزبی دیموکرات پێی خۆش بێ یان نا، بەشێک لە لاوانی کوردستانیش وەک لاوانی وڵاتانی دیکە، لە جیاتی خەبات بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی باشتر لە نیشتمانەکەی خۆیان، بە دوای ژیانێکی باشتر لە سووچێکی دیکەی دنیا دا دەگەڕێن. چونکە ئەوەی وڵاتەکەی خۆیان مەعلووم نییە کەی دێتە دی ، لەوانەشە هەتا گەیشتن بەم ئامانجە، تووشی زیندان و کێشە و زۆر گرفتی دیکە ببن. بەڵام پێیان وایە لە دەرەوەی وڵات ئەگەر وەک پەنابەر وەربگیرێن، زۆر زیاتر لە وڵاتەکەی خۆیان هەست بە ئەمنیەت و هەبوونی ماف و ئازادی و ژیانێکی باشتر دەکەن.
بەو ڕەوتەی دەستی پێکردوە زۆر ناخایەنێ هەم وڵاتانی ناوچە تووشی قەیرانێکی ئینسانیی گەورە دەبن – چونکە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە خەڵکەکەیان و لاوانیان وڵاتی خۆیان بە جێ دێڵن- هەم وڵاتانی رۆژاوا تووشی کێشەی جیددی دەبن، چونکە لە پڕ و بێ ئەوەی پێشتر بەرنامەیان بۆ وەها وەزعێک دانابێ لە نێو وڵاتەکەی خۆیان دا، دەبنە خانەخوێی ڕێژەیەکی زۆر لە پەناخوازان. هەتا کەنگێ ئەم ڕەوتە درێژەی دەبێ؟ و چۆن دەکرێ ئەم ڕەوتە بوەستێندرێ؟و تەنانەت ڕەوتی گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتی خۆیان دەست پێ بکاتەوە؟ ئەوە پرسیارێکە کە دەبێ لە ئاستی جیهانی دا وڵامی بۆ بدۆزرێتەوە. گومانی تێدا نییە هەتا ئەو کاتەی وڵاتانی ناوچەی ئێمەش و بە گشتی وڵاتانی جیهانی سێهەم لە رووی سیاسی و دەسەڵاتداری و دابین بوونی مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و لە ڕووی ژیان و گوزەران و باری ئابووری و هەست کردنی تاکەکان بە ئەمنیەت و ئاسوودەیی، لە ستانداردەکانی دنیای پێشکەوتووی ئەمڕۆ نزیک نەبنەوە، ئەم ڕەوتە هەر بەردەوام دەبێ و ئەو کێشەیە ڕوو لە زیادبوون دەکا. بۆیە دەبێ هەوڵێکی نیودەولەتی دەست پێ بکرێ بۆ ئەوەی ئەو بەشانەی جیهانیش کە بۆ خەڵکەکەیان بوون بە جەهەننەم، ڕووی ئاشتی و ئازادی و ئاسوودەیی بە خۆیانەوە ببینن.
لە ژماره ٦٦٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه