کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کان هه‌موو ساڵێک ده‌گه‌ڵ لێدرانی زه‌نگی قوتابخانه و خوێندنگه‌کان، خوێنێکی گه‌ش و گه‌رم به ده‌ماری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه و داهاتووی خۆیاندا ده‌گێڕن، ته‌زوویه‌ک که ئه‌گه‌ر به پێی پرنسیپی دروست زانستی و تاقیکراوه، به‌رۆژ بکرێته‌وه، جه‌سته‌یه‌کی گه‌ش و روومەتێکی رووسوور بۆ داهاتووی کۆمه‌ڵگه بنیات ده‌نێ. هه‌ر بۆیه هه‌موو کۆمه‌ڵگه مرۆییه‌کان، به‌رده‌وام له هه‌وڵی داڕشتن و بهرۆژکردنهوهی بەرنامه و پروگرامی خوێندنن و وڵاتانی جۆراوجۆر و به تایبه‌ت پێشکه‌وتوو، بێپسانهوه به قرتاندنی ههڵهوپهڵهکانی سیستمی په‌روه‌رده و چاره‌سه‌ری کێشه و ئارێشە و کردنه‌وه‌ی گرێوگۆڵی سیستمهکەوەن و هه‌موو ساڵێک ده‌گه‌ڵ ده‌ستپێک و کۆتاییهاتنی خوێندن، که‌سانێکی شاره‌زا و ناوه‌ند و دامه‌زراوی جۆراوجۆر کار له سه‌ر چۆنێتی بهکهڵکهاتوویی سیستمی په‌روه‌رده و گونجاوی و نه‌گونجاوی به‌رنامه و پرۆگرامه‌کانی ده‌که‌ن و به هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاکام و ئاستی گه‌یاندنی زانیاری و مه‌عریفه به نەوە یەک له داوای یه‌که‌کانی کۆمه‌ڵگه، به گشتی سیستمی ئاریایی له مه‌حه‌ک دهن.
ئیرانیش وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مرۆیی، که خاوه‌ن حهشیمهتیکی به‌رچاو و گه‌نجه، ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتی خه‌ریک هه‌ڵه‌وپه‌ڵه برینن له سیستمی پەروەردەییەکەیدا!؟ به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی گشت دنیا و کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی. دیاره ده‌بێ ئه‌مه‌ش له‌به‌رچاو بێ که هه‌رکام له وڵاتان فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیاریکراوی په‌روه‌ده‌یی بۆخۆی هه‌یه. بۆ وێنه وڵاتانی ئوروپایی، ئه‌مریکا و… فه‌لسه‌فه‌ی خوێندنیان بنیاتنانی وڵات و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی دێموکڕاتیکە، وڵاتێکی وه‌ک کۆریای باکوور ئامانجی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یی میلیتاریستییه و فه‌لسه‌فه‌ی خوێندنی له سه‌ر ئه‌م بابه‌ت ده‌خولێته‌وه.
هه‌ر بۆیه ئێرانی به‌ناوی ئیسلامیش، له په‌نا شه‌رع و ئایینه‌وه، هه‌وڵی بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئایینی چه‌قبه‌ستوو و به‌تایبه‌تیش ئایدیۆلۆژیک ده‌دا؛ ئایدیۆلۆژییەک که بە ئاراسته‌ی ویست و داخوازی ده‌سه‌ڵاتدارانه. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامییه‌وه که به‌رهه‌می به تاڵان بردنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران بوو، ده‌سه‌ڵاتداره تئوکراتهکانی کۆماری ئیسلامی ده‌ستیان کردن به ده‌ستکاری سیستمی خوێندن و جۆرێک پاکسازی وانه و مامۆستایانی خوێندنگه و زانکۆکان و له ژێر ناوی «شۆرشی فه‌رهه‌نگی»دا سیستمی سه‌قه‌تی خوێندنیان له‌و وڵاته هێنده‌ی دیکه سه‌قه‌تتر کرد. ده‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوون له سەقەتکردنی خوێندن له ژێر ئه‌و ناوه‌دا که هه‌ر سه‌رده‌مه و به چه‌شنێک، سیستمی په‌روه‌رده‌ی خسته به‌ر تیڤی هه‌ڵپاچ و داپاچ، سیستمی په‌روه‌رده به‌رده‌وام دەستەویەخی ده‌یان کێشه‌ی دیکه بووە. سه‌ره‌ڕای تاک زمانه بوونی خوێندن له ئێران، که وڵاتانێکی فره نه‌ته‌وه‌یه و ئه‌وه‌ش راشکاوانە پێشێلکردنی سه‌ره‌تاییترین مافی مرۆڤه، کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی به هۆی سه‌رقاڵبوون به ده‌ستوەردان له وڵاتانی ناوچه و دابینکردنی چه‌ک و جبه‌خانه و ململانیی بێ جێی دەگەڵ هێندێک وڵات و خۆشکردنی ئاگری شه‌ڕی ئایینی و ئایینزایی، ناپڕژینه بواره‌کانی دیکه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵگه و هه‌ر بۆیه سیستمی په‌روه‌رده که ده‌بێ زیاترین گرینگی پێ بدرێ له باری رێوشوێن و دابینی پێداویستییەوە، نه‌ک هه‌ر پشتگۆی خراوه، به‌ڵکو به ئاراسته‌ی بیر و هزری پاوانخوازانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌نگاو ده‌نێ، که نه‌ک به‌ره‌و پێشه‌وه‌یه؛ به‌ڵکو پێکوته و تەنانهت پاشڤهڕۆییشه.
ئه‌گه‌رچی له قانوونی بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا ئاماژه به خوێندن به زمانی زگماکی کراوه و به‌نده‌کانی 15 و 19ی قانوونی بنه‌ڕه‌تی باس له‌وه ده‌کەن نه‌ته‌وه جۆراوجۆره‌کان له پاڵ زمانی فارسییه‌وه که زمانی فه‌ڕمی وڵاته، ده‌توانن به زمانی زگماکی خۆیان بخوێنن، به‌ڵام ئه‌وه بۆ زیاتر لە سێ دەیە دەچێ ئەو بەندەی قانوونی بنەڕەتی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی رێژیم گوێی خۆیان لێخەواندوە، ئەوە له کاتێکدایه که بە گوێرەی هەموو قانوون و مافی مرۆڤ و لێکۆڵینەوە زانستی و مەیدانییەکان، خوێندن به زمانی زگماکی یه‌کێکە لە هۆکاره‌کانی سه‌رکه‌وتوویی سیستمی په‌روه‌رده و، فێرخوازی به زمانی زگماکی خۆی باشتر ده‌توانێ فێری زانست و زانیاری بێ و ئاسانتر رێگه به‌ره‌و مه‌عریفه‌ی دیاریکراو ببرێ، که دیاره ئه‌م بابه‌ته خۆی هه‌ڵگری نووسینێکی دوورودرێژه.
کاره‌ساتی سووتان و داته‌پین و رووخانی بینا و قوتابی و خوێندنه‌کان له ئێران و به تایبه‌ت ناوچه بێبه‌شه‌کانی وه‌ک کوردستان و بلوچستان، به‌ڵگه‌یه‌کن بۆ بێبه‌رنامه‌یی و بەهێند نه‌گرتنی سیستمی په‌روه‌رده‌یی و به‌تایبه‌ت گرینگی نه‌دان به‌و ناوچانه‌ی خه‌ڵکه‌که‌یان به نامه‌حره‌م ده‌بیندرێن، کاره‌ساتی شیناوێ یه‌کێک له به‌رچاوترینی ئه‌م کاره‌ساتانه بوو که له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، سووتانی به ده‌یان منداڵی کوردی له پیرانشار لێکه‌وته‌وه.
خوێندن له هه‌موو وڵاتانی دنیا، به تایبه‌ت خوێندن له ئاسته‌کانی سه‌ره‌تایی هه‌تا زانکۆ خۆڕایی و ته‌نانه‌ت له وڵاتی پێشکه‌وتوو زۆره‌ملییه. زۆره‌ملی بوون به‌و مانایه‌ی ئه‌و کۆمهڵگهیانە نایانه‌وێ به‌ره‌ی دواڕۆژیان نه‌خوێنده‌وار بێ و، بەڵکو ئەوان ئاواتی نه‌وه‌یه‌کی خوێندەوار و تێکنۆکرات بۆ داهاتووی خۆیان ده‌خوازن، هه‌تا کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ساخ و سه‌لیم و پێشکه‌وتوو بنیات بنێن. به‌ڵام له سیستمی خوێندنی کۆماری ئیسلامی‌دا ساڵانه به ده‌یان و سه‌دان و بگره زیاتریش منداڵی هه‌ژار و نه‌دار به هۆی خه‌رج و تێچووی خوێندن له وڵاتیک که به هۆی سیاسه‌تی چەوتی دهسهڵاتدارانییهوه تووشی ده‌یان گه‌مارۆ بووتهوە و، دواجاریش ئه‌و گه‌مارۆیانه ته‌نگیان به خه‌ڵک هەڵچنیوه، بێبه‌ش ده‌بن و هه‌روا بهکرچۆکاڵی ده‌خرێنه بازاری کاره‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و کێشانه‌ی باس کران و به ده‌یان کێشه دیکەش، کۆماری ئیسلامی خۆی تەگەرە بۆ خوێندنی بۆ ئه‌و که‌سانه دروست ده‌کا، که جیابیرن و به ئاراسته‌ی هزر و بیری دڵخوازی پاوانخوازان تێنافکرن، له سه‌ردەمی ده‌وڵه‌تی ئهحمهدینژاد به سه‌دان که‌س له زانکۆ و خوێندنگه‌کان به بیانووی جۆراوجۆر ده‌رکران و به هه‌زاران مامۆستا و خوێندکار نه‌ک هه‌ر له خوێندن بێبه‌ش کران به‌ڵکوو وڵاتیان جێهێشت و سه‌ره‌کیترین سه‌رمایه‌ی وڵات، رێگه‌ی ئاوه‌دان کردنه‌وه و پێشخستنی هه‌نده‌رانیان گرته به‌ر.
لە ژماره ٦٦٤ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه