باس لە هەر قوناغێکی دەسەڵاتداریی رێژیم لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵ دا بکرێ، وێنای رێژیمێکی قەیران خوڵقێن و گیرۆده‌ی قه‌یران له زه‌یندا فۆڕم ده‌گرێ، لێره‌دا هەوڵ دەدەین حکومەتداریی ئێستای رێژیم یان دۆخی هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی تاوتوێ بکه‌ین. بابه‌تێک که به‌پێویستی ده‌زانین له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین چه‌مکی”رەوایی سیاسی”یان به واتایه‌كی دیکه پێوەندیی خەڵك لەگەڵ حکوومەتە. بەرپرسانی رێژیم بەردەوام و لە حاڵێکدا باسی پشتیوانیی گشتیی کۆمەڵگا لە کۆماری ئیسلامی دەکەن کە لە حەوزەی سیاسەت دانان و جێبەجێ کردنی ئەو سیاسەتە، رێژیم ناتوانێ سه‌رنجی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێران یان پشتیوانیی زۆرینەی خەڵك بۆ لای خۆی رابکێشێ. بەتاڵبوونی بەشێکی بەرچاو لە کۆڵەکەی کۆمەڵایەتیی سیاسەت دانان لە کۆماری ئیسلامی‌دا زیاتر دەگەڕێتەوە سەر بێبەرنامەیی رێژیم لە هەمبەر پێداویستیی واقیعیی خەڵک و دوورکەوتنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا لە پڕۆسەکانی سیاسەتدانانی گشتی، ئه‌مه‌ش بە تێپەڕبوونی کات بێغمتمانەیی خەڵک لە هەمبەر سیاسەتەکانی رێژیمی پێک هێناوە و ئەو بێمتمانەیی و مەودایه له‌نێوان رێژیمی ئاخوندی و زۆرینەی خەڵکی ئێران تا دێ فرەتر دەبێ. به‌م چه‌شنه رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ یەکێک لە ئاڵۆزترین گرفت و ئارێشەکانی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارێتیی خۆی به‌ره‌وڕوو بۆته‌وه هەرچەند بە بڕوای هێندێک کۆمەڵناسی سیاسیی ئێرانی رێژیم ناچارە گۆڕانی جددی لە به‌ستێنه جۆراوجۆرەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و که‌لتووری پێک‌بێنێ، دەنا لەگەڵ ئاڵوزیی زۆر له‌وه زیاتریش به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه.
بە سەرنجدان بە ئەزموونی روووخان و لێکهەڵوەشانی چەندین رێژیم و سیستمی سیاسی لەم ناوچەیە بەو ئاکامە دەگەین کە بهپێچەوانەی پێشنیار یان چاوەڕوانیی ئەو چالاکوان و سیاسییانەی ئێران کە پێیان وایە دەکرێ رێفۆرم لە ئێرانی ئێستادا بکرێ، به لەبەرچاوگرتنی جۆری سیستمی سیاسی لە ئێران کە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقێ دامەزراوە، ئەو سیستمە سیاسییە له‌به‌رئه‌وه‌ی چوارچێوەیەکی دیاریکراوی هەیە هیچ توانای خۆگونجاندبت لەگەڵ بەها سەردەمییەکاندا نیە، واتە ناتوانێ ئازادیی ده‌رکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن بە هیچ رەوتێکی هزری و سیاسی بدا که بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ته‌سکی فه‌لسه‌فه‌ی خۆی و روانگەی جیاوازی لە خوێندنەوەی ویلایەتی فەقێ بۆ بابەتەکانی نێو کۆمەڵگا هەبێ هەربۆیه کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرچەند بەرهەمی ئینقلابێك بوو له ساڵی ١٣٥٧ که به‌ڕاستی ئینقلابێکی خه‌ڵكی و شۆڕشی گه‌لانی ئه‌و وڵاته بوو و دواتریش له ئاکامی چه‌ند به‌ناو هه‌ڵبژاردندا شه‌رعیه‌تێکی رواڵه‌تیی بۆخۆی وه‌رگرت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دەبێ وەک رێژیمێکی خۆسەپێن پێناسە بکرێ کە بە زه‌بر و زه‌نگ ده‌سه‌ڵاتی خۆی راگرتووە.
پرسیاری گرنگ لە سەر ئەو بابەتە ئەوەیە کە رێژیمێکی ئاوا خۆسەپێن دوای زیاتر لە چوار دەیە توانیویەتی کۆدەنگییەک لە نێوان خۆی و خەڵک ساز بکا؟ شارەزایانی کۆمەڵناسیی سیاسی چه‌مکی کۆده‌نگی سازی به‌م جۆره پێناسه ده‌که‌ن که بریتییە لە پرۆسەی وەرگرتنی ره‌وایی و مه‌قبولیه‌تی سیاسەتەکانی حکومەت لە لایەن خەڵک و کۆمەڵگاوه بۆ ئه‌وه‌ی یاساکانی حکومەت جێگای پەسەندی خەڵک و له ئاکامدا هۆکاری متمانه‌ی خه‌ڵك به حکومه‌ت بێ. ئه‌گه‌ر ته‌نیا ئاوڕێک له چەند رووداوی نیوه‌ی دووه‌می ساڵی ١٣٩٨ بده‌ینه‌وه، بە ئاسانی به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین که رێژیم تا هاتووە قەیرانێک چارەسەر بکا، لەگەڵ قەیرانێکی دیکە بەرەوڕوو بۆته‌وه.
بۆ نموونه، رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوو نرخێکی نوێ بۆ سووته‌مه‌نیی بێنزین دیاری کرا. گرانبوونی سووته‌مه‌نی بوو به جەرەقەی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگای ئێران، نارەزایەتییەک کە له‌چاو ئیعترازاتی پێشووتر به‌ربڵاوتر ده‌هاته به‌رچاو. قەیرانی قووڵی ئابووری له ئێران وەک ژیلەمۆیەک وا بوو که گڕی ناڕەزایەتی به‌رینتری به‌ردایه زۆربه‌ی شار و ناوچه‌کانی ئێران. به‌ڵام هەر زوو ده‌رکه‌وت که ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە ته‌نیا ویست و داواکاریی ئابوورییان نیە بەڵکوو دروشمگەلێک کە بە ئاشکرا کۆی حکومه‌تی ده‌کرده ئامانج و له‌ڕاستیدا نیشانه‌ی خواستی رووخانی حکومه‌ت بوونی تێدا گوترانه‌وه. پەرچەکرداری رێژیم وەک هه‌میشه سەرکوت بوو، بەو جیاوازییەوه کە زۆر بەربڵاوتر بوو و توندوتیژیی ئه‌مجاره لە ماوەی تەنیا چەند رۆژدا بە هەزاران کەس له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی کرده قوربانی و زۆر زیاتریشی راپێچی زیندانه‌کان کرد. هەر چەند رێژیم لە کردەوەیەکی کەم وێنەدا هەموو هێڵەکانی ئینتێرنێتی لە هەموو ئێران پچڕاند بەڵام بەوەشەوە خەڵک درێژەیان بە خۆپێشاندان دا.
له ١٣ی بەفرانبار قاسم سلێمانی لەلایەن ئامریکاوە لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا، رووداوێک کە رێژیم هەرگیز چاوەڕوانیی روودانی نەدەکرد چونکە بەردەوام باسی هێزی ناوچەیی و جیهانیی خۆی دەکرد، هێزێک کە قاسم سلێمانی جێبەجێکەری ئەو سیاسەتانە بوو، بەڵام ئامریکا توانی زۆر به ئاسانی کۆتایی بە چێرۆکی ئه‌و یاغیگه‌رییه ناوچه‌ییه که له‌پشت ئه‌فسانه‌ی قاسم سوله‌یمانی بۆخۆی دروست کردبوو بێنێ. رێژیمی ئاخوندی کە رەوایی سیاسیی بە هۆی کوشتاری بەربڵاوی خەڵکی نارازی لە خەزەڵوەر کەوتبووە ژێر پرسیار و رووبەڕووی ناڕەزایەتی نێونەتەوەیی ببۆوه، ئه‌وجار به‌هۆی کوژرانی قاسم سلێمانی هێز و هەیمەنەی نێونەتەوەیی خه‌وشدار بوو. بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌م زیانانه که وه توانا و ئیعتباری سیاسی و ئه‌منیه‌تیی رێژیم که‌وتبوو، رێوڕەسمی بەربڵاو لە هەموو ئێران بۆ قاسم سلێمانی بەڕێوەچوو و لە نێوخۆ راگەیاندنەکانی رێژیمیش بە شێوەیەکی بەربڵاو و بە مەبەستی شاردنەوەی قەیرانەکانی دیکەی نێوخۆیی رێوڕەسمەکانیان زۆر به خه‌ستی رووماڵ کرد. رێبەرانی سیاسی و مەزهەبیی رێژیم باسیان لە تۆڵە سەندنەوە لە ئامریکا دەکرد و چەند رۆژ دوای کوشتنی قاسم سلێمانی سوپای پاسدارانی رێژیم رایگەیاند کە بە دەیان مووشەکی لە دوو پایه‌گای ئامریکا لە عیراق داوە. ئه‌وجار هەواڵی موشەکبارانی بنکه سه‌ربازییه‌کانی ئامریکا لە عێراق که شانۆسازییهک زیاتر نه‌بوو به‌هۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکه‌ی ئۆکراینی کە لە تارانەوه به‌ره‌و کییه‌ف هەستابوو که‌وته په‌راوێز. به‌ردانه‌وه‌ی ئه‌م فڕۆکەیە به‌هۆی موشه‌کی سوپا له ئاسمانی تاران‌دا بووە هۆی کوسشتنی ١٧٦ موسافری ئێرانی و غەیری ئێرانی. رێژیم کە هەرگیز لەگەڵ خەڵکی ئێران و دنیای دەرەوە راستبێژ نەبووە، بۆ ماوەی سێ رۆژ حاشای لە رووداوەکە کرد، به‌ڵام دواتر له‌ژێر ته‌وژمی دنیا و به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان، ناچار بوو دان به‌و جینایه‌ته دابنێ. ئه‌وه‌ش بووه هۆی وه‌ڕێکه‌وتنی شثۆلێكی دیکه له ناڕه‌زایه‌تی و بێزاریی گشتی له ڕیژیم.
هەڵبژاردنی دووی رەشەمەی ١٣٩٨ کە رێژیم بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو خۆی بۆ ئامادە دەکرد، ئەگەر خەڵک هەر بەو شێوەیە کە رێژیم دەیهەویست بەشداریان تێدا کردبا دەبوو بە بەڵگەیەک بۆ رێژیم کە ئیدیعا بکا زۆرینەی خەڵک هێشتا قبووڵیانە و سەرکەوتوو بووە لە دروست کردنی کۆدەنگی لە نیوان خۆی و خەڵکدا. به‌رپرسانی رێژیم له ترسی به‌شدارینه‌کردنی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردندا راگه‌یاندنه‌كه‌یان وه‌دوا خست، به‌ڵام دواتر هه‌ر ناچار بوون ئاکامی هەڵبژاردنەکان رابگەیه‌نن که هه‌ر به وته‌ی خۆیان ٤٢٪ و نیو بوو، رێژه‌یه‌ک کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیی رێژیم له نزمیدا بێوێنە بووە. کاتی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی لایەنگرانی رێژیم له‌پاش کوژرانی قاسم سلێمانی و رۆژی قودس واتە ٢٢ی رێبەندان و بانگەشەی هەڵبژاردنی دووی رەشەممە، دەنگۆی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووهانی چین هەبوو، هاوکات باسی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بە تایبەت لە شاری قومیش هەبوو، بەڵام رێژیم لەبەر بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی دووی رەشەممەدا راستیی هەبوونی کۆرۆنای لە ئێرانی دەشاردەوە یان وەک پرسێکی زۆر بێ بایەخ باسێ دەکرد. ئێستا رێژیم ماوە و قەیرانی مودیریەتی کۆرۆنا!
هەر بەو شێوە کە باس کرا هەر قەیرانێک پیش هاتبێ، رێژیم کە ویستوویە چارەسەری بکا، زۆر خێرا رووداوێک یان قەیرانێکی دیکە لە لایەن سپای پاسداران یان ناوەندێکی رێژیمەوە خوڵقاوە بۆ شاردنەوەی قەیرانی پێشوو. ژماره‌ی ئەو کەسانەی له ئێران بوونه قوربانیی کۆرۆنا زۆر لەوە زیاترە کە رێژیم باسی دەکا، چونکه تەنانەت کەسانی نزیک لە دەسەڵاتیش باسی ئاماری زۆر لەوە زیاتر دەکه‌ن.
پرسیارێکی گرنگ و بنەمایی بۆ ئەم قوناغە لە دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە دۆمینەی رووداوەکان لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ه‌وه تا ئێستا بە کۆتایی گەیشتووە؟ یان ئەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆناش ته‌نیا ئەڵقەیەک بووە لە زنجیرە رووداوە یەک لەدوای یەکەکانی خەزڵوەر تا ئێستا کە ناکارامەیی رێژیم و بێ متمانەیی ویلایەتی فەقێ لای زۆرینەی خەڵک نیشان دەدا؟
به کورتی قەیران لە دوای قەیران، بێ متمانەیی خەڵك بە رێژیم و نەبوونی کۆدەنگی لە نێوان خەڵک و حکوومەت هه‌ر دێت و به ئه‌وپه‌ڕی خۆی ده‌گا. کاتێک باسی ئەو گشتە کێشەی نێوخۆیی و دەرەکیی رێژیم دەکرێ، پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌ی که‌واته بۆ چی رێژیم نارووخێ؟ بۆ چی خەڵکی ئێران تا ئێستا توانایی رووخانی رێژیمیان وه‌ده‌ست نه‌هێناوه؟ قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگای ئێران به‌تایبه‌تی له ساڵی ١٣٩٦ به‌ولاوه ئاکامه‌که‌ی ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵک لە تەواوەتیی رێژیمە. بەردەنگی دروشمەکانی خەڵک هەموو رێژیم دەگرێتەوە و شتێک ناگه‌یه‌نێ جگه له خواستی گشتی بۆ رووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی. بابەتێک کە لە فەزای سیاسیی ئێران و لە کاتی روودانی خۆپێشاندانەکان نادیار و زۆر لاواز بووە، ئوپۆزسیۆنی سەراسەری بووە کە دەیتوانی بۆ پێکانی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لەم قوناغە وەک کاتالیزۆر لە رووداوەکان کەڵک وه‌ربگرێ، بەڵام هێزێکی سەرتاسەریی شوێندانەر کە بتوانێ ببێتە بەدیل یان ئالترناتێڤێکی دێموکراتیک لەم قوناغە دا بوونی نیە و هەرجارەو رێژیم بە سەرکوتی بەربڵاوی خه‌ڵکی ناڕازی توانیویەتی خۆپێشاندان وناڕەزایەتییەکان بۆ ماوه‌یه‌ک دامركێنێته‌وه. هاوکات و لەم قوناغە کە باس لە هاتنی شەپۆلی دووەمی هاتنی کۆرۆنا بۆ هێندێک لە پارێزگاکانی ئێران دەکرێ و هاتنە خواری بێ وێنەی نرخی نەوتیش به قەیرانەکانی دیکەی ئێرانه‌وه زیاد بووه (هه‌رچه‌ند پێش کۆرۆنا و دابه‌زینی جیهانیی نرخی نهوتتیش که‌رتی وزه‌ی ئێران به‌هۆی ئابلۆقه‌کانه‌وه فه‌له‌ج ببوو)، ئه‌گه‌ر کۆرۆنا بۆ ماوەیەک شەقامەکانی بە خەڵکی ئێران چۆڵ کردبوو، شەپۆلی نوێی کۆرۆنا لە چەند شوێنی ئێران و که‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و هه‌موو فشاره له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک و بێهیوا بوونیان له ئاینده ئەگەری ئەوە به‌هێز ده‌کا که جارێكی دیکە شەقامەکانی ئێران ببێتە گۆڕەپانی رووبەرووبوونەوەی خەڵک و رێژیم، ئه‌مجاره بۆ ناشتنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی..؟