ڕۆژی یازدەی سێپتامبری ٢٠٠١ی زایینی(٢٠ی خەرمانانی ١٣٨٠)، سێ فڕۆکەی مسافیر هەڵگر کە لە لایەن تێرۆیستەکانی ڕێکخراوی تێرۆریستی ئەلقاعیدەوە ڕفێندرابوون، خۆیان بە دوو تاوەری ناوەندی بازرگانی جیهانی لە شاری نیۆیۆرک و ناوەندی فەرماندەیی وەزارەتی بەرگری ئامریکا «پێنتاگۆن»دا کێشا و بەمجۆرە، گەورەترین و کارەساتبارترین کردەوەی تێرۆریستییان لە ناو وڵاتی ئامریکا و لە ئاست جیهاندا خوڵقاند. لە ئاکامی ئەو کردەوە تێرۆریستییە، جگە لە ١٩ تێڕۆریستەکە، ٢٩٧٤ کەس لە خەڵکی بێتاوان کوژران و بە دەیان میلیارد دۆڵار زەرەرو زیانی ماڵیی لێکەوتەوە. دوابەدوای ئەو کردەوە ترۆریستییە، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئامریکا، جۆرج واکێر بوش، شەڕی دژ بە تێڕوری لە ئاستی جیهانیدا ڕاگەیاند و لەیەکەم هەنگاودا، هاورێ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، هێرشی بەربڵاوی بۆسەر ئەفغانستان دەستپێکرد و رێژیمی کۆنەپەرست و دژی گەلیی تالیبانی کە رێکخراوی ئەلقاعیدەی لەو وڵاتەدا داڵدە دابوو، بە هاوکاری لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەی ئەفغانستان، رووخاند.
هەر چەند بەر لە یازدەی سێپتامبریش زۆر کردەوەی تێرۆریستی لە لایەن دەستەو تاقمە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە جیهان دا ڕووی داوە، بەڵام هێرش بۆ سەر گەورەترین ناوەندە سەربازیی و بازرگانییەکانی ئەمریکا لە ناو دڵی ئەو وڵاتە، لە لایەک کردەوەیەکی چاوەڕوان نەکراو و زۆر سەرسوڕهێنەر بۆ هەموو خەڵکی جیهان بوو و لە لایەکی دیکەش، کاردانەوەیەکی زۆری سیاسیی و نیزامیی و ئابووری و ئەمنییەتی لە ئاستی جیهان دا لێکەوتەوە. ئامریکا و وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان تووشی کێشە و شەرێک بوون کە تا ئێستاش بە سەدان میلیون کەس لەگەڵی بەرەوروون و بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوەی دەناڵێنن. لە ماوەی ١٤ساڵی ڕابردوو دا گرووپ و دەستەو تاقمە سەلەفی و بناژۆ ئیسلامییەکان لە تەواوی وڵاتە عەرەب و موسوڵماننشینەکان بوونی خۆیان سەلماندوەو نیشانیان داوە کە لە شەڕ بە دژی دێمۆکراسی و بنەماکانی شارستانیەت و وڵاتانی رۆژئاوایی و لەسەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا دا، چەندە مکوورن. بەوحاڵەش ئەو پرسیارە دێتە گۆرێ، ئایا ئەلقاعیدە و تالیبان و بە گشتی دەستە و تاقمە توندڕەوە ئیسلامییەکان کە هەتا دێ زیاتر خەڵکی وڵاتە هەژار و بن دەستەکانی ئەفغانستان، پاکستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوور و شاخی ئەفریقا، بەرەو شەڕو ماڵوێرانی و دواکەوتوویی دەبەن، لە دوای یازدەی سێپتامبر بەملاوە سەریان هەڵداوە؟
لەپاش داگیرکرانی وڵاتی ئەفغانستان لە لایەن هێزەکانی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی ١٩٧٩دا، ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی کەنداو و چین و پاکستان ……، بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ پەرەسەندنی نفووزی سۆڤیەت، دەستیان کرد بە چەکدار کردنی دەستەو تاقمە ئیسلامییە ئەفغانییەکان و ئەو سەلەفییانە کە لە وڵاتانی دیکە را بۆ بە ناو جیهاد بە دژی داگیرکەران و دەوڵەتی سەر بە سۆڤییەت، ڕژابوونە ئەفغانستان. لەو پێوەندییەدا ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەو مەبەستە بیریان لە پێکهێنانی هێڵێک کردبۆوە لە وڵاتانی ئیسلامی کە بە «کەمەربەندی سەوز»ناسرابوو؛ بەو واتایە کە، بۆ بەرگری کردن لە تەشەنەسەندنی بیری چەپ و کومۆنیستی، نیزامە دیکتاتۆر و سەرەڕۆکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەگشتی وڵاتانی ئیسلامی، بە دژی نفووزی یەکێتیی سۆڤییەت هان بدەن. هەر بۆیەش بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئاکامە مەترسیدارەکانی ئەو سیاسەتە، بە ڕژدی کەوتبوونە بەهێز کردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان و دەستەو تاقمە توندرەوە ئیسلامییەکانی ناوچە و ڕێخۆشکەر بوون بۆ بڵاو بوونەوەی بیروبۆچوونی سەلەفی و ئیسلامی سیاسی لە جیهاندا.
ڕاستە لە دوای هێرشەکانی یازدەی سێپتامبر، ئامریکا و هاوپەیمانەکانی توانیان رێژیمی تالیبان لە ئەفغانستان ڕاماڵن، بەڵام هەروەک دەبینین سەرەڕای تێپەربوونی نیزیکەی ١٤ ساڵ لەو ڕووداوە، تالیبان لە ناو چووە و ئارامیی و ئاسایشیش نەگەڕاوەتەوە ئەو وڵاتە. لەوماوەیەدا هەزاران سەربازی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان کوژران و بریندار بوون و ئەو شەڕە و نۆژەن کردنەوەی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە، بە دەیان و بگرە سەدان میلیارد دۆڵاری تێچووی بۆ ئەمریکا هەبووە. هێزە ئامریکایییەکان توانیان لە ساڵی ٢٠١١ ئۆسامە بێن لادەن، دامەزرێنەری ڕێکخراوی تێڕۆڕیستی ئەلقاعیدە بکوژن، بەڵام نەیانتوانی بەر بە پەرەسەندن و بەرفراوان بوونی ئەو ڕێکخراوە لە جیهاندا بگرن. هەروەک دەبینین، هەر لە ڕێکخراوی ئیسلامی ئەبوو سەییاف لە فیلیپینەوەڕا بگرە کە لە ئەلقاعیدە نیزیکە، هەتا تاقمی»جەماعەتی ئیسلامی» لە ئەندۆنێزی کە لە ساڵی ٢٠٠٥لە دووڕگەی «بالی»، لە تەقینەوەیەکدا زیاتر لە ٢٠٠ کەسیان کوشت و هەروەها لە پاکستان، دەستەو تاقمی وەک»لەشکەری تەییبە» و «لەشکەری جەنگوی» و «تالیبانی پاکستان» هەر هەموویان یان دەسکردی ئەلقاعیدەن و یان هاو فکرو هاوکارن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە.
جگەلەوەش ئەلقاعیدە لە ئاسیای ناوەند و بەتایبەت لە ئۆزبەکستان و هەروەها لە یەمەن، عێراق، ئۆردۆن و بەگشتی لەهەموو وڵاتانی عەرەب و ئیسلامی چالاکی هەبووە و ڕێکخستنی بەهێزی لە ژێر ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامیی و….پێک هێناوە و هەر ئێستاش بە توندترین و تۆقێنەرترین شێوەکان لەو وڵات و ناوچانەی ژێر دەسەڵاتیان، خەریکی داسەپاندنی بە ناو شەریعەت و کوشت و بڕ و ئازارو ئەشکەنجەی خەڵکی بێتاوانن. لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە درێژەی شەر لەگەڵ تێڕۆڕ لە جیهاندا، هێرشیان کردە سەر عێراق و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا رێژیمی»سەددام حوسێن» یان رووخاند و کەسێک بە ناوی «پۆل بریمێر»یان وەک حاکمی نیزامی بۆ ئەو وڵاتە دیاری کرد. شەر و نائارمییەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت نارەزایەتی کەمینەی عەرەبی سووننە، کە لەسەرەتای دامەزرانی دەۆڵەتی عێراقەوە هەتا ڕووخانی رێژێمی بەعس، هەمیشە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە، بەستێن و هەلومەرجێکی لەباری بۆ ئەلقاعیدە ئامادە کرد کە نفووزی خۆی لەو وڵاتە برەو پێبداو بە کردەوە شەرێکی خوێناوی لەدژی هێزە ئامریکایییەکان و میلیشیا شێعەکان دەست پێبکات. دیارە هەر لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ی کوردەکانی باشوور بە دژی دەوڵەتی عێراق، دەستە و تاقمە سەلەفی و توندڕەوە ئیسلامییەکان لەو بەشە لە کوردستان لە ژێر ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبوڵلا و جوندئەلاسلام و ئەنسارئەلاسلام، کە لە سەرەتا دا بە»کوردە ئەفغانییەکان» ناویان دەرکردبوو، بوونیان هەبووە و تەنانەت بو چەند ساڵێکیش لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێی کوردەکان لەشەر دابوون. لە ساڵی ٢٠٠٤دا»کۆمەڵەی تەوحید و جیهاد» بە سەرۆکایەتیی ئەبو مەسعەب زەرقاوی، پێوەست بوونی خۆیان بە ئەلقاعیدە ڕاگەیاندو لە ناوچە سووننە نشینەکانی عێراق شەرێکی خوێناوییان بە دژی هێزەکانی ئامریکا و دەوڵەتی زۆرینەی شێعە لەو وڵاتە دەستپێکرد. هەر چەند ئامریکایییەکان توانیان زەرقاوی بکوژن، بەڵام کوشتنی ناوبراو نەیتوانی ئاگری شەر و پێکدادان لەو وڵاتە کز بکاتەوە.
لە ساڵی ٢٠١٠نائارامییەکانی بەناو «بەهاری عەرەبی» لە باکووری ئافریقا و لە وڵاتی توونس را دەستی پێکردو زۆربەی وڵاتانی عەرەبی گرتەوە. ئەو توندوتیژییانە نەک هەر جێگە و پێگەی ئەلقاعیدەی بەرفراوانتر و سەقامگیرتر کرد، بەڵکوو بوو بەهۆی لەدایک بوون و سەرهەڵدانی «سەرەتانی داعەش» لە عێراق و سووریە. ئەو تاقمە لەڕادە بەدەر هار و دژی مرۆڤایەتییە، لە ساڵی ٢٠١٣بە سەرۆکایەتی «ئەبووبەکر بەغدادی» لە ئەلقاعیدە جودا بوونەوە و پاش نائارامییەکانی سووریە، رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بەڵالێدراوەیان خستە ژێر رکێفی خۆیان و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام «داعەش» یان دامەزراند و ساڵێک دواتر هێرشیان کردە سەر پارێزگای موسڵ و گەورەترین سەرکەوتنی مێژووی خۆیان تۆمار کرد. هەر ئیستا داعەش لە عێراق و سووریە لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بە کوردەکانەیشەوە و تەنانەت لەگەڵ»بەرەی نووسرەی»سەر بە ئەلقاعیدەش، لەشەڕ دایەو سەرەڕای بۆمبارانی خەستی فرۆکە جەنگییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی، توانیویەتی بەهاوکاری سەلەفی و جیهادییەکانی سەرانسەری جیهان کە بە لێشاو ڕووی تێدەکەن، زۆر پتەوتر لە پێشوو لەهەموو بەرەکاندا شەڕ بکات.
ئامریکاو هاوپەیمانەکانی وەک دەڵێن، ئەوەی چاندویانە، ئێستا دەیدروونەوە. بێگومان تاوانباری سەرەکی لە سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعەش و ئەو دەستەو تاقمە کۆنەپەرستانەی کە ئەورۆکە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوور و شاخی ئافریقایان کردۆتە مەیدانی ڕمبازێنی خۆیان، ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت بریتانیایە. ئەوان بوون کە بەبێ گوێدان بە ناوەرۆکی ئیسلامی سیاسیی و ئەو مەترسییانەی کە لە سەرهەڵدانی دەستەو تاقمە جیهادییەکان دا بەرەورووی کۆمەڵگای بەشەریی و شارستانیەت و پێشکەوتن و دێمۆکراسیدا دەبێتەوە، بۆ دژایەتی لەگەڵ ئۆردووگای بەرەی سۆڤییەت، بەستێن و بەستەری سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی ئەو بیرو و باوەرە چەوتەیان رەخساند. هەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بوون کە بە بێ لەبەرچاو گرتنی ڕەوایی و ناڕەوایی کێشە ئاڵۆزەکانی وەک، کێشەی لەمێژینەی ئیسراییل و فەلەستینییەکان، تاک لایەنانە بریاریان بە قازانج و بەرژەوەندی ئیسراییلیەکان دەر دەکرد و هەموو بڕیارەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیان کە بە سوودی لایەنی عەرەب و فەلەستینی بوو، ڤێتۆ دەکرد. لە دوای شەڕی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧بەم لاوە بە دەیان جار رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە ئیسراییل کردوە بگەڕێتەوە سنوورەکانی پێش ئەو شەڕە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و سووریە و ئۆردۆن چۆل بکات، بەڵام ئیسراییل وەپشت گۆێی خستوە و ئامریکا و بریتانیا و باقی زلهێزەڕۆژئاوایییەکان، بێدەنگییان نواندوە. ئەمانە و زۆر نموونەی دیکە هەموو بوون بەهەوێنی ناڕەزایەتی کۆمەڵگای عەرەبی و موسڵمانەکانی دونیایە و لەڕاستیدا یارمەتیدەربوون بۆ پەرەسەندنی دەستەو تاقمە توندرەوە ئیسلامییەکان. تەنانەت هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیش کە هەڵگریی سەلەفییەت و بناژۆگەری ئیسلامیی لەڕوانگەی مەزهەبی شێعەیە، هەر بەرهەمی ئیسلامی سیاسییە و بەشێوەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بزووتنەوەیە کە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی ناوچەیی لە سیاسەتەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بووە. لەبیرمان نەچێ کۆماری ئیسلامی بارتەقای ئەلقاعیدە و دەستە و تاقمە توندرەوە ئیسلامییەکان دەستی هەیە لە خوڵقاندنی ئاژاوە و توندوتیژی و لە زۆربەی وڵاتانی ناوچە و تەنانەت رێکخراوی تێرۆریستی حیزبوڵلای لوبنانیش هەر دەسکردی ئەو رێژیمەیە.
هەرئێستا ئەگەر بڕوانینە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەگشتی وڵاتانی ئیسلامی و تەنانەت وڵاتە رۆژئاوایییەکانیش، دەبینین داعەش و ئەلقاعیدە و دەستە و تاقمە توندرەوە ئیسلامییەکان، رۆژ لەگەڵ رۆژ لە پەرەسەندن دان و جگە لە دەست بەسەرداگرتنی رووبەرێکی بەرفراوان لە خاکی وڵاتانی وەک عێراق و سوورییە و لیبی و نیجێریە و ئەفغانستان و یەمەن، کێشەی گەورەی وەک ئاوارە بوون و هەڵاتنی بەکۆمەڵی خەڵکی، بەرەو وڵاتانی ئۆرووپاییشیان خوڵقاندوە. ئەوە نیشان دەدات ئەو شەڕەی کە ئامریکا لە دوای یازدەی سێپتامبر بە دژی تیڕۆر دەستی داوەتێ، سەرکەوتوو نەبووە و مەترسی گرووپە تێڕۆریستییەکان زۆر لەوە گەورەترە کە ئامریکا لە سەرەتا دا لێیدەڕوانی. بەدڵنیایییەوە ئەگەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرچی زووتر چارەسەرییەکی گونجاو بۆ داعەش و ئەلقاعیدە نەبیننەوە، نەک هەر شەڕ بە دژی تێڕۆریسم بەئاکامی دڵخواز ناگاو سەرناکەوێ، بەڵکوو ئەو ئەگەرە مەترسیدارەش دێتە ئاراوە کە داعەش و ئەلقاعیدە و دەستەو تاقمە ئیسلامییەکان بە کەڵک وەرگرتن لە پسپۆران و شارەزایانی ناو ریزەکانیان، دەستیان بە چەکی شیمیایی و تەنانەت چەکی ئەتۆمییش ڕابگات.
لەکۆتاییدا وێرای دەربڕینی نیگەرانی لە پەرەسەندنی ئەو «سەرەتانە بەدخیمە»، جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئەگەر پێمان وابێ تەنیا لەرێگەی شەڕەوە دەتوانین مرۆڤایەتی لە چەنگی ئەو بەڵایە رزگار بکەین، لە هەڵەداین؛ بۆ سەرکەوتن لەو شەڕەدا و دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی وەک یازدەی سێپتامبر، دەبێ لەلایەک لە هەموو بوارەکانی ئابووری و فەرهەنگی و دینی لەگەڵی خەبات بکەین و لەلایەکی دیکە ئامریکاو هاوپەیمانەکانی تێبکۆشن کێشە و گرفتە نەتەوەیی و دینییەکان بەشێوەی پێوست و عادیلانە چارەسەر بکەن. ئەو کێشانەی کە بۆخۆیان بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو دەستیان هەبووە لە خوڵقاندنی و ئێستاش دەستەو تاقمە سەلەفی و تێڕوریستەکان بۆ نیشاندانی ڕەوایی بوونی ئاکار و کردەوە دژی ئینسانییەکانیان، کەڵکی لێوەردەگرن.
لە ژماره ٦٦٤ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه