بێکاری وەک دیاردەیەک لە زۆربەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە کۆنەوە تاوەکوو ئێستا هەبووە، لە سیستمی ئابووریی سەردەم وا دەردەکەوێ کە بەشی زۆری خولی ئابووریی چالاک بەبێ هاتنە ئارای دیاردەی بێکاری سەر ناگرێ. ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئابووریی نێوخۆ و نێونەتەوەیی دەبێ و کار دەکاتە سەر بوارەکانی گەشەکردن، بووژانەوە و پەرەپێدان کە دەبێتە هۆی دابینکردنی هەلی کاری جۆراوجۆر و دواتریش کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاران لە کۆمەڵگەدا.
بێکاری یەکێک لە دیارترین گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و حکوومەتە کە کێشە و گرفتی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە. بۆیە زۆربەی وڵاتان لە جیهانی هاوچەرخ بە بەردەوامی هەوڵی لێکۆڵینەوە و دەرەنجامەکانی لەسەر کۆمەڵگە دەدەن و دەیانەوێ ژمارەی بێکاران و کێشەی بێکاری کە لە نەبوونی هەلی کاری گونجاو سەر هەڵدەدا، چارەسەر بکەن.
بێکاری لەو کێشانەیە کە سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستانی سەرقاڵ کردوە و هەوڵی دانانی پلان و پرۆگرامی داڕێژراو دەدەن، ئەم گرینگی دانەش لەوەوە دێ کە دیاردەی بێکاری شوێنەواری گەورە بەدوای خۆیدا دێنێ و بە تایبەتی کاریگەر دەبێ لەسەر ژێرخانی کۆمەڵایەتیی وڵاتان. بێکاری نیشانەیەکە بۆ بوونی جیاوازی لە نێوان بڕی خستنەڕووی کار و بڕی کاری بەگەڕخراو، تێکڕای بێکارییش جیاوازە لە نێوان پیشە و چالاکییە ئابوورییە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە نێوان ناوچەی جوغرافیایی و توێژ و تەمەنە جیاوازەکانیشدا.
لێرەدا کاتێک دەبینین زۆربەی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی پێشکەوتوو لە هەوڵی چارەسەری ئەم کێشەیەدان، ئاخۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا چەند لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە تایبەت بۆ چینی هەژار و کەمداهاتی کۆمەڵگە وەک کرێکاران، بازاڕیان و دەستفرۆشاندان؟
کرێکاران و کاسبکاران لە ئێران زیاتر لەهەر چین و توێژێکی کۆمەڵگە مافیان پێشێل دەکرێ و دەچەوسێنرێنەوە، ئەوان لە بوونی کاری هەمیشەیی، حەقدەست و مووچەی پێویست، ئەمنیەتی کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی گونجاو و ستاندارد بێبەشن و لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. هەر بەم هۆکارانەش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەردەوامە. ساڵانە زۆر یەک لە چالاکانی کرێکاری لە شار و بەشە جیاوازەکانی ئێران دەسبەسەر دەکرێن و زیندانیی درێژماوەیان بەسەردا دەسەپێ. لە بواری نائەمنبوونی دۆخی کاریشیان دەبێ بڵێین بە پێی ئامارە فەرمییەکان هەر لە سەرەتای ساڵی ٩٩وە تا ئێستا نزیک بە ١٠٠ کرێکار بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار و هەروەها لە ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی ١٨٠ کرێکار و بە سەدان کرێکاریش لە مافی پێدانی مووچە بێبەشن و کارەکانیان لەدەست داوە و یان لەسەر کار وەلا نراون.
دیاردەی بێکاری چەندین هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی لە پشتە، بەرچاوترینی ئەوانە بریتین لە؛ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان، زیادبوونی ڕێژەی دەرچووانی زانستگەکان، بێتوانایی سیستمی ئابووریی نێوخۆ لە کەڵەکەبوونی سەرمایەی پێویست بۆ وەبەرهێنان و بارودۆخی ئابووریی جیهانی کە دوچاری بارگۆڕانی ئابووریی ناوبەناو دەبێتەوە و هەروەها کاریگەریی ڕووداو و کارەساتە سروشتییە نێوخۆیی و جیهانییەکان کە دەبێتە هۆی تەنگەژەی ئابووری.
لە ئێستادا دۆخی قەیراناویی ئێران چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان کە بە دۆخێکی خراپی ئابوورییدا تێدەپەڕێ، بە هۆی خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە ئابوورییە نێوخۆییەکان و خەرجکردنی لە بوارە جیاوازەکانی وەک پەرەپێدان بە تێرۆریزم و دەستوەردان لە وڵاتانی ناوچە، پشتگوێخستنی ماف و خۆشبژیویی خەڵک لە کۆمەڵگەی لێکەوتوەتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ دۆخی دارایی خەڵک و بە تایبەت چینی کرێکار و کەمداهاتی کۆمەڵگە بەرەو خراپیی زیاتر دەچێ.
ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر و لە چەندین ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهان هاتووەتە دەرەوە و لە لایەکی تریشەوە پەتای بەربڵاوی کۆرۆنا کە بەشی زۆری جومگە ئابوورییەکانی ئێرانی لە کار خستوە، ئایا بەرپرسانی ئەم وڵاتە تا چەند توانیویانە پشت و پەنای خەڵک بن و لەم دۆخە قەیراناوییەدا یارمەتیدەریان بن؟
دەیبینین دوا بەدوای بڵاوبوونەوی ئەم ڤیرووسە و تەشەنەسەندنی بە هەموو شارەکانی ئێراندا کە داوا لە خەڵک کرا بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری لە ماڵەکانیان بمێننەوە، چینی کرێکار و هەژاری کۆمەڵگە زیاتر لەهەر کەسێک گوشاریان لەسەرە و بێکار ماونەتەوە و دەسەڵاتدارانیش ئەوەی بە لایانەوە گرینگ نییە ژیان و کار و گوزەرانی ئەوانە.
لە کاتێکدا کە لە وڵاتێک بارگۆڕانی ئابووری ڕوو دەدا و کارەساتێکی سروشتی ڕوو لەم وڵاتە دەکا، هەر زۆر زوو دامودەزگاکانی وڵات دەکەونە خۆ کە کێشەی بێکاری و ژیانی خەڵک چارەسەر بکەن، بەڵام دەبینین لە ئێراندا بە هۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا خەڵک زیاتر لەگەڵ نەهامەتییەکان بەرەوڕوو دەبنەوە و کرێکاران و کاسبکاران نەک ئەوەی بژیوی ژیانیان بۆ دابین ناکرێ بەڵکوو بەشی زۆریان کارەکانیان لەدەست داوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە کاتی قەرەنتینەکردنی شارەکان چەندین جار کرێکاران و کاسبکاران کە ناچار بوون لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک لەگەڵ توندوتیژیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوونەوە.
لە لایەکی تریش ئەم چینە داماوەی کۆمەڵگە چەندین داواکاری و ناڕەزایەتییان ڕوو لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی خستوەتە ڕوو، وەک ئەوەی کە بەشێک لە کرێکان لە نامەیەکەدا بۆ حەسەن ڕۆحانی، بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی شەش بەرامبەری نرخی کەلوپەلەکان نووسیویانە: “توانای کڕینی ئەو کەلوپەلانەمان نییە، بە هۆی ئێوەوە و دەوڵەتەکانی پێش لە ئێوەش، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر بووین و توانای کڕینی پێویستییەکانمان دابەزیوە”. هەروەها بە ئاماژەدان بە بیمەی بێکاریی سەردەمی کۆرۆنا بۆ شۆفیران، کرێکارانی بیناسازی، دەستفرۆشان، زۆریەک لە بێکاران و کەسانێک کە داهاتی ڕۆژانەیان لەسەر شەقامەکان پەیدا دەکەن، ڕوو لە سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێن: “دەکرێ بە خەڵک بڵێی لە ماڵ بمێننەوە بەڵام چینی هەژار لەبەر چاو نەگیرێ؟” هەر لەم پێوەندییەدا و لە کەمپەینێکیشدا کە لە لایەن کرێکاران و کاسبکارانەوە وەڕێخرابوو لەژێر دروشمی “قەرەنتینەکردن بەبێ بژیوی ژیان واتە برسیەتی”؛ ناڕەزایەتیی خۆیان لەم دۆخە دەربڕیبوو.
هەروەها کێشەیەکی تری ئەم کرێکارانە ئەوەیە کە لەگەڵ پەیدابوونی ئەم پەتایە بەشێک لەم کرێکارانە کارەکانیان لەدەست داوە کە هەر لەم پێوەندییەدا ” عەلیڕەزا مەحجووب” بەرپرسی فراکسیۆنی کرێکاران لە مەجلیسی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا بەشی زۆری کرێکارەکان کارەکانیان لەدەست داوە و دۆخی دارایی ژیانیان خراپە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی بڕیاری دەرکراو لە لایەن شۆڕای باڵای کار، مووچەی کرێکاران بۆ ساڵی ١٣٩٩ بە یەک میلیۆن و ٨٣٥ هەزار تمەن پەسەند کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو تەنیا ٣١٨ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا نرخەکان ٤٢٪ بەرز بوونەتەوە بەڵام حقووقی کرێکاران ٢١٪ زیادی کردوە. ئەمە لە کاتێکدایە نوێنەرانی کرێکاری لەم شۆڕایەدا، داواکاری بەرزبوونەوەی لانیکەم ٤٥٪ی مووچەکانیان بوون، بەڵام لایەنی بەرامبەر تەنیا ٢١٪یان پەسەند کرد.
بۆ یەکەم جار لە مێژووی دانیشتنی سێقۆڵیی نوێنەرانی دەوڵەت، کارفەرماکان و نوێنەرانی کرێکاراندا ئەم گەڵاڵەیە لە لایەن کرێکارانەوە واژۆ نەکرا. هەموو ساڵێک لە مانگی ڕەشەمەدا ئەم دانیشتنە بەڕێوە دەچێ –کە بە پێچەوانەوە ئەمساڵ لە مانگی خاکەلێوەدا بەڕێوە چوو-، نوێنەرانی هەر سێ چینەکە بە لەبەر چاو گرتنی دوو پێوەری؛ نرخی هەڵاوسانی ساڵانە و سەبەدی بژیوی کرێکاران، نرخی مووچەی کرێکاران لە ساڵی داهاتوو یا بەردەمدا دیاری دەکرێ. ئەوەی کە لە لایەن کارناسانی سەربەخۆوە ڕاگەیەندراوە تێچووی سەبەدی بژیوی کرێکاران بۆ خانەوارێکی ٢، ٣ یا ٤ کەسی لە نێوان ٥ میلیۆن بۆ ٨ میلیۆن تمەن مەزەندە دەکرێ؛ کە نیشان دەدا ئەم تێچووە لەگەڵ ڕادەی بناغەیی مووچەی کرێکاران چ جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەی کە باس کرا، زۆربەی کرێکاران لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان لە نەبوونی ماڵ، پاشەکەوت، بیمەی بێکاری دەناڵێنن و بە پێی هەندێک لە ئامارەکان ٧٠٪یان لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین. بێجگە لەوەش کرێکاران بە تایبەت لە کوردستان بە هۆی نەبوونی کارگەکانی بەرهەمهێنان و کەمیی دەرفەتی کار، بە کرێکارانێکی وەرزی دەژمێردرێن و لە گەشبینانەترین حاڵەتدا ٣-٦ مانگ لە ساڵدا هەلی کاری سەقامگیریان بۆ دەڕەخسێ.
دەرەنجامی ئەم بێکارییە چەندین کاریگەریی خراپی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونیی لێدەکەوێتەوە، لە ڕووی ئابوورییەوە کرێکاری دەست بەتاڵ توانای بەدەستهێنانی داهاتێکی نییە، واتا توانای بۆ کڕین کەمە یان هەر نییەتی، ئەمەش کاریگەریی لەسەر قەبارەی خەرجی گشتی هەیە و، وا دەکا خواستی گشتی کەم بێتەوە خودی ئەمەش کار دەکاتە سەر داکشان و بێبزاوتیی ئابووری. هەروەها لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییشەوە دەبێتە هۆی ئەوەی تاک هەست بە داڕمان و باوەڕبەخۆ نەبوون بکا و هەروەها، پێبەندی بە ژیان لاواز دەکا و چەندین دیاردەی تاوان و دزی و لادانە کۆمەڵایەتییەکان، دڵەڕاوکێ، نائارامی، خۆکوژی و جێگیرنەبوونی ڕامیاریی وڵاتی لێدەکەوێتەوە.