نەتەوە چەمکێکە کە لەسەر هەبوون و نەبوونی، مێژووی دروستبوون و هەروەها تایبەتمەندییەکانی بۆچوونی جیاواز هەیە.
هێندێک لە خاوەنڕایان بۆچوونیان وایە کە نەتەوە جۆرێک کۆدەنگیی زەینییە، چون ئەندامەکانی یەکتر ناناسن، یەکتر نابینن، بەڵام لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەموویان لە چوارچێوەیەکدا ئەندامن، دیاردەی نەتەوە نە سروشتییە و نە هەتاهەتاییە، نەتەوە زۆرتر لە بڕوا زەینییەکان ڕیشەی هەیە تا ڕاستییە ئۆبژێکتیڤەکان. هەر بۆیە لە پێناسەی نەتەوە دوو بۆچوون و ڕوانگەی بنەڕەتی لە ئارادایە.
ڕوانگەی کۆمەڵناسی_مێژوویی و ڕوانگەی سیـاسی.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی_مێژووییدا بۆ لایەنی کولتووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە سەرنج دەدرێ و گرینگترینی ئەم لایەنانە بریتین لە کولتوور، باوەڕمەندی، بایەخەکان، زمان، دابونەریت و … کە ئەم نیشانانە بەرهەمی یەک پرۆسەی مێژوویی درێژ لەنێو یەک وڵاتی دیاریکراودایە.
ئەو نەتەوەیە دەبێ شوناسی هاوبەشی لە ئاست دامەزراوە نێوخۆییەکانی خۆی؛ بنەماڵە، مەزهەب، زمان و هەروەها بیر و پێکهاتەی هاوبەش لەم بەستێنەدا هەبێ و بە جۆرێک هەستی لێکگرێدراو، پێوەندی، دەمارگرژی و خۆشەویستی و سۆز لە نێوانیان هەبێ و بە پێناسەیەکی تر لە سۆسۆلۆژیی کۆمەڵایەتیی هاوبەش بەهرەمەند بن.
ڕوانگەی سیاسی دەڵێ: نەتەوە یەک کۆمەڵی سیاسییە. بەم مانایە کە بە درێژایی پرۆسەیەکی خەباتی سیاسیی نێونەتەوەیی یا نێودەوڵەتییەکان دروست بووە و پێکهاتەی سیاسیی یەکانگیری لە وڵاتێکی دیاریکراودا هەیە و ئەم پێکهاتەی هێزە بە شێوازی جۆراوجۆر ئەگەری بەدیهێنانی هەیە.
یەک نەتەوەی کولتووری بە هۆکاری هاوشێوەیی و هاوئاهەنگیی سەرچاوەگرتوو لە هاوبەشیی زەینی لە پرۆسەیەکی مێژووییدا لە دامەزرانی ساختارێکی سیاسیی جێگیر سەرکەوتوو بووە. کە ئەم پێکهاتەیە مسۆگەری تەناهیی نێوخۆیی و سەربەخۆیی دەرەکی لە بەرامبەر نەتەوەکانی تردا بووە.
ئەم نەتەوەیە دەتوانین بە یەک پێکهاتەی سیاسی لە مرۆڤەکان بزانین کە لەسەر ئەساسی هاوبەشیی زمانی، کولتووری، نەریتی و سیاسی لەنێو سنوورێکی جوغرافیایی دیاریکراو پێکەوە ژیان دەکەن .
بە قسەی “ئەلکساندێر نێویل”: “نەتەوە لە ڕوانگەی مێژوویی، یەک جڤاکی سیاسیی تایبەتە و نەتەوە گەشەی قەومێکە لە ڕێگەی ڕووداوە مێژووییەکان لێکگرێدراوە و بە گوێرەی ئەم ڕووداوانە، کۆمەڵێک لە بەرژەوەندییە پەسەندەکان، سەرەڕای هێندێک دژوازی و ناتەبایی بەرهەم هێناوە.”
جۆری دووهەم: پێکهاتەی سیاسیی خاوەن پێگەی کولتووری-مێژوویی نییە، بەڵام لەسەر بنەمای هاوپێوەندی و ئەساسی ئابووری یا دەستێوەردانی دەرەوەیە.
گەشەی ئابووری لەسەر ئەساسی تێکنۆلۆژیی نوێ لە شێواز و بەرهەمهێنان و هەروەها پێوەندی و زۆریی ڕوانگە ژیارمەندەکاندا لە پێوەندیی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی دروستبوونی پێکهاتەی بەربڵاوی سیاسی و ئابووری و بەستێنێکی بەرفراوان کە جوغرافیای سروشتی و مرۆیی داگیر دەکا و دەبێتە هۆکاری پێوەندیی دوو لایەنە و، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە خەڵکێک پێک دێنێ .
ئەم پێوەندییە لەسەر ئەساسی پێویستیی کۆمەڵایەتی بۆ دابینکردن و مسۆگەرکردنی دۆخی کۆمەڵایەتییە.
ئەم جۆرە نەتەوەیە پێش دروستبوونی دەوڵەت بوونی نەبوو، بەڵام هاوکات یا دوای دامەزراندنی دەوڵەت، پێکهات.
لێکچوویی کولتووری و بڕواداریی دوای کۆمەڵگەی تازە لە پرۆسێسی بە کۆمەڵایەتی بوون بە نێوەرۆکی نوێی هاوتەریب لەگەڵ ساختاری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی زاڵ، سەقامگیر دەبێ.
پێوەندیی تاکەکانی ئەم جڤاکە لەگەڵ جوغرافیا و خەڵکانی تر لەسەر ئەساسی ئەقڵانییەت و پێویستیی ژیان و تەناهییە، نەک لەسەر ئەساسی خۆشەویستی و لێکگرێدراوی و هاوڕێیەتی.
لەنێو ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا، نەتەوە جۆرێک جڤاکی سیاسیی یەکگرتووە کە یەک دامەزراوەی سیاسیی زاڵ بە ناوی دەوڵەت دروست دەکەن.
ئەمڕۆ وڵاتانی جیهان لەسەر ئەساسی ئەم دوو جۆر نەتەوەیەن.
بەپێی قسەی “بۆئێر” دەتوانین بڵێین کە ئەمڕۆ دوو جۆر نەتەوەمان هەیە کە یەکێک لەوان هەڵگری پێوەندیی مێژوویی، کولتووری و خوێنییە و ئەوی تر لەسەر ئەساسی ساختاری سیاسیی یەکگرتوو پێکهاتوە .
نەتەوەکان لە ڕابردووی دوور هەموو ئەم تایبەتمەندییانەیان پێکەوە هەبوو و ئەمڕۆکە بەشێک لە ساختاری ڕابردوویان لێک هەڵوەشاوەتەوە و، ساختارگەلی تر بە بەرهەمی نوێتر لە نێویاندا دروست بووە .
بەڵام بەشێکی گەورەی مانەوەی زەینییان کە لە پرۆسەی دوورودرێژ دروست بوون بەردەوام درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن. بەڵام ئەوانەی هەڵگری بایەخ، بڕوا، دابونەریت، هێما و هەستی هاوبەشن لە زۆربەی بەستێنەکانی وەک بنەماڵە و خزمایەتی و کاروباری جڤاکی و مەزهەبیین.ئەم گرووپانە هاوبەشیی کۆمەڵایەتی بە هۆکاری مێژوویی، جوغرافیایی، فەرهەنگی و زەینی پێک دێنن. لەوانەیە ئێستا خوازیاری پێکەوەیی و یەکگرتوویی ڕابردووی خۆیان بن کە پێویستیی بە شکاندنی ساختاری سیاسیی ئەمڕۆکەیە کە لەگەڵ خۆڕاگری بەڕەوڕوو دەبێتەوە. ئەم جۆرە نەتەوانە دەتوانین بە نەتەوەی کولتووری-مێژوویی پێناسە بکەین و، بزانین کە کەمتر نەتەوەیەک هەڵگری ساختارێکی سیاسیی یەکگرتووی لەم چەشنەیە.
جۆری دووهەم لە نەتەوەکان دەتوانین بە کۆمەڵگەیەک بناسێنین کە هەڵگری ساختارێکی بەرچاو و کۆمەڵایەتیی یەکپارچە و پێکهاتوو لە بەستێنەکانی ئابووری و سیاسیین و لە جوغرافیایەکی دیاریکراو ژیان دەکەن.
هەموو تاکەکانی ئەم جۆرە نەتەوانە هەڵگری پێکهاتە و کۆمەڵە مەعریفەیەکی زەینیی دیاریکراون و لە مەیدانی وردە فۆرمەکان نین، بەڵکوو بە هۆی لێکهەڵوەشانەوەی پێکهاتەی ڕابردوویان، گەشەی تێکنۆلۆژیی پێوەندی و ئابووری، گەشەی پێوەندیی کۆمەڵایەتی و دەسەڵات یەک بیر و خەیاڵ و گرووپی تایبەتیی ئابووری-سیاسی هەڵگری ساختارێکی یەکانگیری سیاسی بوون .
ئەم جۆرە نەتەوانە هەڵگری مێژووی دێرینی هاوبەش نین کە یەک ئوستوورەیان هەبێ، هاوبەشیی کولتووری لەنێو ئەم کۆمەڵگەیانە لەنێو گرووپە بچووکە کۆمەڵایەتییەکانی قەومی، ناوچەیی یا مەزهەبی بوونی هەیە، بەڵام لە ئاستی نەتەوەیی ناتوانین لێکچوویی زۆر لەنێو توخمەکانی ببینینەوە.
نەتەوەکانی کولتووری کە هەڵگری توخمی جوغرافیای مێژوویین و بەستراوەییان بە نیسبەت یەکتر هەیە، بەڵام ئێستا خاوەنی یەک وڵاتی هاوبەش نین، بەڵکوو نیشتمانی ئەوان لەژێر داگیرکاریی نەتەوە یا دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانە (وەک کورد).
بەڵام نەتەوەی سیاسی بە دڵنیاییەوە خاوەن وڵاتێکی هاوبەشن، ئەو نەتەوانە مێژووی درێژی شەڕ و خەباتی سیاسیی هاوبەشن، بیرەوەریی مێژووی هاوبەشیان هەیە و هەر تاکێکی نەتەوەیەکی سیاسی هەڵگری زۆرترین پێوەندیی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیین لەگەڵ یەکتر، گەرچی نەتەوەگەلی کولتووری-مێژوویی لە کاتی ئێستادا پێوەندیی دوو لایەنەی ئابووری و سیاسییان نییە و دۆخی ئاڵوگۆڕی کولتووری و کۆمەڵایەتییان بە هۆکاری دەستێوەردانی سیاسی و جوغرافیایی نەتەوەی سەردەسەت لە ئاستێکی سنوورداردایە، چون سیستمێکی سیاسیی یەکگرتوو و یەکپارچەیان نییە و لە نێوخۆی ساختاری سیاسیی جۆراوجۆر جێیان گرتوە، کە لەوانەیە خوازیاری گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی سیاسیی یەکگرتووی هاوبەشیان بن.
هەرچەند نەتەوەگەلی نوێ کە لەژێر هێژمۆنیی ساختاری سیاسیی هاوبەش و یەکگرتوودان کە لەنێو ئەم ساختارانەدا وەک شارۆمەند پێگە و و ڕۆڵیان هەیە.
شوناسی نەتەوەیی لە ڕەهەندی کۆمەڵایەتییەوە
ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی شوناسی نەتەوەیی لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی پێوەندیی تاک بە سیستمی گشتیی کۆمەڵایەتییەوە ڕاڤەی بۆ دەکرێ.
لە ئەگەری بەهێزیی پێوەندییەکان و پێوەندیی تاک لەگەڵ کۆمەڵگە، شوناسی گشتیی تاک لە ئاستی نەتەوەیی دروست دەبێ و بەو جۆرەی باوە (ئێمەی نەتەوەیی) بەرهەم دێ. بڕوا بە بوون و پێویستیی کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی؛ هەست و بڕوا ویستی بە بەشداری لەم کۆمەڵگەیە، هەستی لێکگرێدراوی هزریی هاوبەش و هەستی وەفاداریی تاک بە کۆمەڵگەی نەتەوەیی، وەرگرتنی یەکتر بە ناوی هاووڵاتی، ڕوانینی پۆزەتیڤ بە ئەوانی تر و … بەستراوەتەوە.
لە شوناسی نەتەوەیی-کولتووری، ئەم کۆمەڵگەیە بە تایبەتمەندیی فەرهەنگی-مێژوویی پێناسە دەکرێ. بەڵام لە شوناسی سیاسی سەرنج بۆ کۆمەڵگەیەکی سیاسی (نەتەوە) دەدرێ .
مەبەست لە شوناسی نەتەوەیی ئەوەیە کە تاکەکانی یەک نەتەوە ئایا بە خولقاندنی یەک کۆمەڵگەی سیاسی بە هێما و تایبەتمەندیی یەکگرتوو بڕوایان هەیە؟ ڕەهەندی مێژوویی و جوغرافیایی ئەم بیرۆکەیە چۆن نیشان دەدەن و چۆن تایبەتمەندییەکی کولتووری پێوە دەبەستنەوە؟ ئایا بەستراوەیی خۆیان لەنێو ئەم سیستمە سیاسییە بە پۆزەتیڤ یا نێگەتیڤ دەبینین؟
شوناسی نەتەوە لە ڕەهەندی مێژوویی
لایەنی مێژوویی شوناسی نەتەوەیی بریتییە لە ئاگاداریی هاوبەشی تاکەکانی یەک کۆمەڵگە لە ڕابردوو و بەستراوەییان بەم مێژووە و هەستی شوناسی مێژوویی بیرکردنەوە و لێکگرێدراویی وەچە جۆربەجۆرەکان بە یەکتر لە ئەگەری بەربەستی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی یەک نەوە لە مێژوودا.
تاکەکانی یەک نەتەوە نیسبەت بە ڕابردووی خۆیان دەبێ لێکدانەوەی هاوبەش، بایەخ پێدان، هەستی هاوبەشیان هەبێ.
هەر بۆیە شوناسی نەتەوەیی دەتوانین بە شارەزایی و زانست نیسبەت بە ڕابردووی مێژوویی و بڕوا و هەستی هۆگریی هزری بزانین، بوونی هەست و سۆزی باش و خراپ بە نیسبەت پێشهاتەکان، ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان کە بەرهەمی بەریەککەوتن و جێی شانازی لە مێژووی وڵات و هەستی شایی بەخۆبوون یا ناڕەحەتی و سەرشۆڕی و هەست بە شکان بزانین.
شوناسی نەتەوەیی له ڕەهەندی جوغرافیاییەوە
بۆ دروست بوونی شوناس یا یەکگرتوویی نەتەوەیی دەسنیشان کردنی چوارچێوە و سنووری یەک وڵاتی تایبەت، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە.
پێناسەی شوناس لەم ڕەهەندەوە بریتییە لە ڕوانینێکی باش بۆ ئاو و خاک؛ بەم نیەتە کە ئێمە دانیشتووی یەک وڵات و نیشتمانی دیاریکراوین و لە پێگەیەکی دیاریکراو لە سیستمی کەون بەهرەمەندین .
توخمی وڵات کە بە ئابووری و سیاسەت پێوەندییەکی نیزیکی هەیە، یەکەی مانەوە بۆ تاک دیاری دەکا.
هۆگریی هزری بە سنوورە دیاریکراوەکان، پێوەری جۆراوجۆری هەیە کە بریتین لە: بەرگری کردن لە نیشتمان لە کاتی بوونی هەر مەترسییەک، لە سەرتر دانانی ژیان لە وڵاتی خۆی بە نیسبەت هەموو جیهان، ئۆگری بە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی وڵات، ڕوانین و بیرکردنەوی باش بۆ نیشتمانی خۆت، هەستی ئاسوودەیی و تەناهی لە ئەگەری ژیان لە وڵاتی خۆت .
لە شوناسی نەتەوەیی کولتوری-مێژوویی، (نیشتمانی مێژوویی) جێگەی سەرنجە، بەڵام لە شوناسی سیاسیی (وڵاتی هەنووکەیی) بابەتی هزرییە و ئەساسە.”
شوناسی نەتەوەیی لە ڕەهەندی کولتوورییەوە:
مەبەست لە کولتوور، کۆمەڵە پێناسەیەکی زەینی و ڕەوانیی هاوبەشە کە لە ڕابردووی مێژوویی دروست بووە و لە پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بووندا بۆ وەچەکانی داهاتوو گوازراوەتەوە و نەسڵی نوێ وەک میرات و کەلەپووری ڕابردوو بۆیان بەجێ ماوە، کە پێک هاتوون لە بایەخەکان، نۆرمەکان، هێماکان، هەست و ڕوانینگەلێک کە لە بەستێنی بنەماڵە، ئابووری، سیاسی، مەزهەب و کۆمەڵایەتیبوون لەنێو خەڵکی یەک کۆمەڵگە بە شکڵی ویژدانی گشتییان لێهاتوە.
کولتوور سەرەڕای ئەوە کە لایەنی زەینیی هەیە، لایەنی بابەتییشە، کە کۆمەڵێک لەژێر ناوی شارستانیبووندا ناوی دەبەن و وەک میراتێکی کولتووری لەژێر دەستی یەک کۆمەڵگەدایە .
کەلەپووری کولتووریی هەموو ڕەهەندە فەرهەنگییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک لەخۆ دەگرێ، کە بە جۆرێک لە ڕووی شارەزایی یا ناشارەزاییەوە، ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەریی هێمای مێژوویی یەک کولتوور و یەک نەتەوە حیساب دەکرێ. هەر بۆیە بایەخ دانی کۆمەڵگە بە نیسبەت کەلەپوور و هەڵسەنگاندنی ئەوان بە نیسبەت پاراستن، ڕاگرتن و بەکارهێنانی لە کۆمەڵگەدا، بەشێک لە شوناسی نەتەوەییە.
شوناسی نەتەوەیی لە ڕەهەندی سیاسییەوە:
شوناسی سیاسی گرینگترین نیشانەی شوناسی نەتەوەیی پێک دێنێ .
شوناسی نەتەوەیی لە ڕەهەندی سیاسی بەو مانایە دێ کە ئەو تاکانەی لە ڕوانگەی سروشتی و یاساییەوە ئەندامی یەک سیستم یا ساختاری سیاسیین و لەنێو سنووری نەتەوەیی یەک وڵات ژیان دەکەن و بەردەنگی یاسایی ئەو وڵاتەن و لە لایەنی زەینی، خۆیان بە ئەندامی ئەم سیستمە دەزانن .
خۆشەویستی و هۆگری بە یەک سیستمی سیاسی و بنەماکانی ڕەوایی هۆکاری بەهێز و گشتی لە بەهێز کردنی یەکگرتوویی و یەکانگیریی نەتەوەیی دەبێ.
بەڵام لە ئاستی سیستمی سیاسیی یەکانگیر مەبەست لە شوناسی سیاسی ئەوەیە کە شارۆمەندانی یەک کۆمەڵگە ئایا بڕوایان بە بوونی ساختاری سیاسیی یەکگرتوو لە ڕابردووی ئەم کۆمەڵگە سیاسییە، هەیە؟ ئایا بڕوایان بە ساختاری سیاسیی هەروەک ڕابردوو بە یەکپارچەیی ماوە؟ سەرچاوەی هێزی ساختاری سیاسی بە چی دەزانن؟ و زۆر پرسیاری تریش.
ئەوەی لە کۆتاییدا سەر لە نوێ پێویستی بە ئاماژەپێدانە چەندایەتی و چۆنیەتیی نیشانەکانی شوناسی نەتەوەیی ڕێژەییە .
شوناس هەرگیز مانا و نێوەرۆکێکی جێگیری نەبووە و ڕاوەستاوەیی بۆ خۆی قەبووڵ ناکات و هەموو کات چەند لایەنە بوونی قەبووڵ کردوە و ویستوویەتی کە بۆ ماناگەلی جۆراوجۆر بگەڕێ، هەر بۆیە لە چەقبەستوویی و یا داڕمان تەوەللایە .
خاڵێکی تر کە سەبارەت بە ڕێژەیی بوونی شوناس پێویستە ئاماژەی پێبدرێ، ئەوەیە کە شوناس لایەنی سەختی و لاوازی، بوون یا نەبوونی توخم و نیشانەکانی ڕێژەییە .
چون شوناس چۆنیەتییەکە لە پرۆسێسی کات (زەمان)ـدا لە ڕێگەی بەرهەمهێنانەوە و لێکدانەوە بۆ وەچەکان و نەسڵی داهاتوو دەگوازرێتەوە و لەم گوازتنەوەیەدا لە ڕێگەی وەرگرتن و ناردن (دریافت و ارسال).
“ئیسمیت” شوناسی نەتەوەیی بەم شێوەیە پێناسە دەکا: “دووبارە بەرهەمهێنان و لێکدانەوەی بەردەوامی هێما و بەهاکان، یادەوەرییەکان ونەریتەکان کە میراتی جۆراوجۆری نەتەوەکان بەرهەم دێنن، دیاریکردنی شوناسی تاکەکان بەو هێمایانە و میرات و توخمە کولتووریەکانە.
بە بۆچوونی “ئیسمیت” ئەم پروسەیە (بونیاتنانەوە) بە چەشنێ بریتی لە هەڵبژاردن، پێکهاتە و کۆددانانی توخمەکانی شوناسی نەتەوەییە.
لەبەر ئەم هۆکارەیە کە وێنەی حەماسەیی لە شوناسی نەتەوەیی به کاکڵەی خەبات، ئازادی و فیداکاریی تایبەتی نەتەوەکان یا (دەوڵەت-نەتەوە) تازەکان بەستراوەتەوە.
دەرەنجام
شوناسی نەتەوەیی یەکێک لە نیشانە بنەڕەتییەکانی دروست بوون و درێژەی کۆمەڵگەی نەتەوەییە کە بێهێزی، بەشبەش بوون و لاوازیی ئەوان هۆکاری ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتییە.
بەڵام ئەم دیاردەیە بە لایەنی چەندی و چۆنیەتیی توخمەکانی هەم لایەنی پێناسەی بۆ کراوە و هەم بە پێی کات و شوێنی کۆمەڵایەتی، ڕێژەییە.
ڕێژەیی بوونی بە هۆکاری نکۆڵی یا کەم بایەخ زانینی ئەو نییە، بەڵام پێویست لە هەر کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی بواری هەڵسەنگاندن و خەمڵان و دووبارە بەرهەم هێنانەوەی بڕەخسێ.
***