هەمووان دەڵین دەبێ ببینە هێز! بەڵام هێز تەنیا لە ڕێگای تەبایی و ئاشتیی نەتەوەیی، دیسپلین و یەکگرتوویی دروست دەبێ، ئەگەر ئەم سێ ئەسڵە نەک بە دروشم، بەڵکوو بە کردەوە بێنە دی، بە کەمترین سەروەت و سامانیشەوە هێزین و ئەگەر ئەمە نەبێ، تەنیا چەند قامکی تەنیاین کە لە باشترین حاڵەتی خۆیدا دانە دانە دەشکێین و هیچکات نابینە مست، نە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی خۆماندا دەبین و نە دۆست و دوژمن حیسابمان بۆ دەکەن.
وەک دەزانین شەڕێکی ماڵوێرانکەری نێونەتەوەیی لە ناوچەکەماندا (هەڵبەت ئێستا زیاتر بە شێوازی نەرم) لە ئارادایە، کە نە سەرەتای و نە کۆتایی قابیلی پێشبینی نییە. ئێمە دەبێ ڕاوەستین و بزانین کورد چۆن دەتوانێ لە هەلومەرجێکی وادا یاری بکا، داخوا مێژووی لێکدابڕان و دووبەرەکی درێژە پێدەدا (کە لە ئاکامدا بێجگە لە دووپاتکردنەوەی هەڵە مێژوییەکان و لەدەست دانی دەرفەتەکان دەستکەوتێکی نابێ) یان دەرس لە ڕابردوو وەردەگرێ و لە زووترین کاتدا ڕیزەکانی یەکدەخا.
ئێستا کاتی پێلێنانی هەڵەکانە، وەک گارانتییەک بۆ دووپاتەنەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی ڕابردوومان. دوو ڕێگا زیاترمان لەبەر نییە، یان بە خۆماندا دەچینەوە، یان ژیانی ژێردەستەیی و بێوڵاتی و لە ئاکامدا غەریبی و برسییەتی و زیندان و ڕەنج و مەڕاڕەت درێژە پێدەین.
ئەمڕۆ «کۆرۆنا» ئێمە و ناوچەکەمان و هەموو دنیای بەخۆیەوە خەریک کردوە. ئەم بەڵایە درەنگ یان زوو دەڕوا و لەکۆڵ دەبێتەوە. بەڵام دنیای دوای کۆرۆنا بە دڵنیاییەوە وەک دنیای ئێستا و پێش کۆڕۆنا نابێ و، بزووتنەوەی جەماوەری بۆ دەستڕاگەیشتن بە داخوازە سەرەکییەکان دەبێ بگاتە لووتکە. هەر چەند لە دنیای ئەمڕۆدا نەخش و کاریگەریی دنیای دەرەوە و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان حاشای لێناکرێ، بەڵام هیچکات بۆ ئاڵوگۆڕە سەرەکییەکان نابێ پشت بە زلهێزەکان ببەستین. قابیلی پێشبینییە کە ئەمریکا لە ناوچە و بەتایبەتی لەسەر خاکی عێراق ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەبێ. بەڵام ئاکامی بەرەوڕووبوونەوەیەکی وا هەرچی بێ، شوێنەوارێکی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی خەڵکی ئێمە نابێ. ئەوەی دەبێ حیسابی لەسەر بکەین و پشتی پێ ببەستین یەکگرتوویی و یەکدەنگیی خۆمان و کەلکوەرگرتن لە هێزی لەبڕاننەهاتووی خەڵک و قۆزتنەوەی بەوەختی دەرفەتگەلێکە کە لەوانەیە بۆمان بڕەخسێ. دەبێ هەموو لایەنەکان قبووڵ بکەن کە ئەگەر بە یەکەوە نەبین دەرەقەتی ئەو مڵۆزمە نایەین کە زیاتر لە چل ساڵە تووشی هاتووین و لە ئاکامدا بەرەوڕووی خەساری زۆر قورس دەبینەوە.
هێز لە یەکگرتووییدایە! دەبێ بەو قەناعەتە بگەین کە بەرژەوەندیی نەتەوایەتی لە سەرووی بەرژەوەندیی تاک و حیزبەوەیە. زۆر جاران دوژمنەکانمان لە کاتی پێویستدا بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان وەلا ناوە و بەیەکەوە لە بەرانبەرماندا ڕاوەستاون و زەبری کاریگەریان لێداوین. دەی با ئێمەی کوردیش کە هیچ ناکۆکییەکی گرنگ و ناتەباییەکی قازانجەکانمان لە نێودا نییە پاڵ وێک دەین و پێکەوە بۆ وەدیهێنانی ئاواتە لەمێژینەکانمان بێینە مەیدان.
هیچ جۆرە ئیدۆلۆژییەک نابێ ببێتە کۆسپی یەکگرتنی ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد. مەسەلەی نەتەوایەتی خاڵی بەیەکگەیشتنی هەمووانە، با هێزەکانمان بۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکەمان تێکەڵ بکەین، دوایە وەختمان زۆرە بۆ ئەوەی هەر دەستە و گرووپێک بۆ بیروبۆچوونەکانی خۆی تێبکۆشێ. لە حاڵێکدا کە هەموو ئاواتەکانمان لە ئاگری ڕق و قینی دوژمنانی ئازادییدا دەسووتێن، لێکدابڕان و یەکترکوتان و شەڕی ئیدئۆلۆژی نە ژیرانەیە و نە پێویست.