بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیرووسی كۆرۆنا له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران له زۆربه‌ی وڵاتاندا، به جۆرێك كه له ماوه‌ی دوو مانگدا به‌شی هه‌ره‌زۆری جوغرافیای زه‌ویی گرته‌وه. بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه ده‌وڵه‌تان ڕێوشوێنی جۆراوجۆریان گرته به‌ر. له ده‌وڵه‌تانی سۆسیالیست و سۆسیال-دێموكرات‌دا كه ده‌وڵه‌ت به سروشتی خۆی ده‌ستێوه‌ردان له به‌شێكی به‌رچاو له چالاكییه مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگە وه‌ك چالاكییه ئابووری و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا ده‌كا، سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نێوه‌رۆكی خودی سیستمه‌كه‌یه و جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له دۆخه ئاسایی و نائاساییه‌كاندا نییه. له لایه‌كی دیكه‌وه له وڵاتانی لیبراڵدا كه ده‌وڵه‌ت به سروشتی خۆی ته‌نیا ڕۆڵی چاو‌دێر به‌سه‌ر چالاكییه مرۆییه‌كاندا ده‌گێڕێ و هاووڵاتییان له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك یاسا و پرەنسیپی گشتیی ده‌وڵه‌تدا خاوه‌ن ئازادییه‌كی فراوانن، ده‌وڵه‌ت ناچار بوو به گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی ئیستسنایی و ده‌ستوه‌ردان له كاروباری هاووڵاتییان، ڕووبه‌ڕووی قه‌یران ببێته‌وه. هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی كارامه‌یی ئه‌و دوو مۆدێله باو و كلاسیكه له حوكمڕانی ئاسان نییه و به‌راوردی داتاكان له وڵاته جیاوازه‌كاندا ئولگوویهكی ڕوونمان بۆ ده‌رناخا. پرسیاری ئێمه ئه‌وه‌یه كۆماری ئیسلامی چۆن به‌ره‌نگاری كۆرۆنا بۆته‌وه؟ ئایا ده‌وڵه‌ت به‌رپرسیاره‌تیی دابینكردن و پاراستنی ته‌ندروستی و ئاسایش و ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییانی گرتۆته ئه‌ستۆ؟
سیستمی سیاسی له ئێران‌دا له ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئەو دوو جۆر سیستمە باوە سیاسییهیە كه ئاماژه‌مان پێدان. كۆماری ئیسلامی هه‌م ده‌وڵه‌تێكی ده‌ستێوه‌رده‌ره و به‌شێكی سه‌ره‌كیی چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵگە ئاراسته ده‌كا و هه‌میش به‌ستێنه‌كانی بازاڕێكی ئازادی ڕقابهتیی ڕه‌خساندوه، كه هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا گرووپێكی دیاریكراو له ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وروبه‌ریان ڕێساكانی ئه‌و بازاڕه دیاری ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه ده‌وڵه‌تان به‌رامبه‌ر هاووڵاتییان ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تییان ده‌كه‌وێته سه‌رشان. هه‌ركات پرسێك حه‌وزه‌ی گشتیی كۆمه‌ڵگەی گرته‌وه و بوو به پرسی هه‌موو یان زۆربه‌ی هاووڵاتییان، ئه‌وا ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ر له جۆری سیستمی سیاسی و ئیدئۆلۆژییهكهی ئه‌ركدار و به‌رپرسیار ده‌بێ. ئه‌و بهرپرسیارهتییهش هه‌م له ڕێگەی ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه و هه‌م له ڕێگەی یاسا نێوخۆییه‌كانه‌وه ده‌خرێته سه‌رشانی ده‌وڵه‌ت. چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه دروست بووه تا هاووڵاتییان بتوانن پرسه هاوبه‌شه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و دامه‌زراوه‌یی ئیداره بكه‌ن تا بتوانێ وڵامی داخوازییه گشتییه‌كان بداته‌وه و گرفته كۆمهڵییهكان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
قه‌یرانی كۆرۆنا له زۆربه‌ی نزیك به ته‌واوی وڵاتانی جیهان، بۆته قه‌یرانێكی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا گرینگه بۆ په‌ڕینه‌وه له‌و قه‌یرانه، متمانه‌ی هاووڵاتییه به سیستمی حوكمڕانیی وڵاته‌وه. ئه‌گه‌ر متمانه له نێوان هاووڵاتییان و ده‌وڵه‌تدا به‌هێز بێ، ئه‌وا دووره‌دیمه‌نی تێپه‌ڕین له قه‌یران و ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه ده‌بێته بڕوا به داهاتوو و هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری. به پێچه‌وانه‌وه له نه‌بوونی متمانه‌دا، ئاڵۆزبوونی قه‌یران و سه‌رلێشێواویی لێده‌كه‌وێته‌وه. به‌ر له هه‌موو شتێك پێویسته ئه‌وه بزانین كه مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له بێهداشت و ته‌ندروستیی گشتی یه‌كێكه له مافه سه‌ره‌تایی و زۆر گرینگه‌كانی مرۆڤ. له به‌ر ئه‌وه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه گه‌شه و به‌ره‌وپێشچوون له ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ژیان وه‌ك پرسه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كانی مرۆڤایه‌تی بهستراوهییهكی به‌هێزی به دابینبوونی بێهداشت و ته‌ندروستیی مرۆڤه‌وه هه‌یه، واته تا مرۆڤ ته‌ندروست نه‌بێ ناتوانێ گه‌شه بكا. به جۆرێك كه له پرەنسیپ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به ڕاده‌یه‌ك گرینگی به‌و بابه‌تانه دراوه كه زۆر جار ستاندارده جیهانییه‌كان به‌سه‌ر سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌تان بۆ ڕێكخستنی ده‌رمان و خواردهمهنییدا حوكم ده‌كه‌ن و مافی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تان له‌و باره‌یه‌وه سنووردار كراوه.
ژماره‌یه‌كی زۆر كۆنڤانسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی به ڕوونی ئاماژه‌یان به مافی ته‌ندروستیی مرۆڤه‌كان و ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت له هه‌مبه‌ر پاراستنی ته‌ندروستی داوه. له ماده‌ی ٢٥ـی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ، مافی ته‌ندروستی و پێڕاگه‌یشتنی پزشكی بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان به پێویست دانراوه. هه‌روه‌ها له به‌شێك له ماده‌ی ١٢ی ڕێككه‌وتننامه‌ی مافه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان، پێشگیری و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه به ئه‌ركی سه‌ره‌كیی هه‌موو ده‌وڵه‌تان دانراوه.
گرینگ‌ترین هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بریتین له شه‌فافیه‌ت له ئاستی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه، گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جیاكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی هاووڵاتییان له‌و ماوه‌یه‌دا كه چالاكییه ئابوورییه‌كان په‌كیان ده‌كه‌وێ.
كاتێك له هه‌نگاوه‌كانی كۆماری ئیسلامی لەمەڕ قه‌یرانی كۆرۆنا ده‌ڕوانین، ده‌بینین داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له سه‌ره‌تاوه بوونی نه‌خۆشیی كۆرۆنایان له ئێران‌دا ڕه‌ت كرده‌وه و له جیاتی گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی وشیاركردنه‌وه‌ی ته‌ندروستی و دابڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و شوێنانه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی تێدا بڵاو بووه‌وه، بیریان له ڕاكێشانی زیاتری خه‌ڵك بۆ ڕێپێوانه‌كانی ٢٢ی ڕێبه‌ندان و هه‌ڵبژاردنه‌كانی مه‌جلیس ده‌كرده‌وه. له ڕاستییدا ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت له جیاتی پاراستنی ته‌ندروستی و ئه‌منیه‌تی گیانیی هاووڵاتییان، پاراستنی حوكمڕانیی تاقمی ده‌سه‌ڵاتدار بوو. ئه‌وه‌ش ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕێسا و پره‌نسیپه نێوده‌وڵه‌تییانه بوو كه له به‌ڵگه‌نامه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی و كۆنڤانسیۆنی جۆراوجۆری ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتوون كه به‌شێكیان هێزی پێبهندكهریان هه‌یه و ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تان لێی لا بده‌ن، تووشی به‌رپرسیاره‌تیی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بنه‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه یاسا نێوخۆییه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌یش به ده‌قی ڕوون مافی ده‌سڕاگه‌یشتنی هاووڵاتییان به زانیاریی دروست به ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت داده‌نێن. به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌وڵه‌ت ئه‌ركه له‌سه‌ری هاووڵاتییان له هه‌موو زانیارییه‌كی ڕاست و دروست ئاگادار بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كان پێچه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕێژیمی سیاسیی وڵات بێ.
له پرسی كۆرۆنادا به پێی سیاسه‌تی ته‌ندروستی و زانستیی باو له ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا، قه‌ره‌نتینه‌ی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی په‌تاكه‌یان تێدا بڵاو ده‌بێته‌وه له ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت به ئه‌ژمار دێن كه به پێی بنه‌ما زانستییه پزشكییه‌كان پێویسته وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌تاكه بگیرێنه به‌ر. له كاتێكدا به‌رژه‌وه‌ندییه ئیدئۆلۆژی و ئابوورییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ڕێگر بوو له قه‌ره‌نتینه‌ی شاره‌كان. ڕه‌چاو كردنی جۆرێك له سیاسه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه كه به كرده‌وه به‌شێكی به‌رچاو له خه‌ڵكی ئێرانی له‌گه‌ڵ گرفتی بێكاری و نه‌بوونی به‌ره‌وڕوو كرده‌وه، قه‌یرانێكی دیكه‌ی لێكه‌وتۆته‌وه كه ئه‌ویش په‌ره‌گرتنی نه‌بوونی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانه. به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی به ئاشكرا خۆیان له به‌رپرسیاره‌تیی دابینكردنی گوزه‌رانی هاووڵاتییان دزیوه‌ته‌وه. خامنه‌یی له قسه‌كانی ڕۆژی ٩ی ئاوریل به بۆنه‌ی له‌دایكبوونی ئیمامی زه‌مان له چه‌ندین بڕگه‌دا داوای له خه‌ڵك كرد تا یارمه‌تیی هه‌ژاران بده‌ن، له كاتێكدا هیچ ئاماژه‌یه‌كی به ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیی ده‌وڵه‌ت له‌و دۆخه‌دا نه‌كرد. له قسه‌كانی ناوبراو وا ده‌رده‌كه‌وت كه ده‌وڵه‌تێك له ئێران بوونی نییه و ده‌بێ خه‌ڵك خۆی به‌رپرسیاره‌تیی تێپه‌ڕبوون له‌و قه‌یرانه بگرێته ئه‌ستۆ. ئه‌و سیاسه‌ته به كرده‌وه خه‌ریكه په‌یڕه‌و ده‌كرێ و ته‌نانه‌ت قه‌یرانی كۆرۆنا وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌ك له لایه‌ن به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامییه‌وه كه‌لكی لێوه‌رده‌گیرێ بۆ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی وه‌ك فشارهێنان بۆ كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی تا ئابلۆقه ئابوورییه‌كانی ئەمریكا بۆسه‌ر ئێران بشكێنن و به وته‌ی خۆیان ئاسته‌نگه‌كانی سه‌ر ڕێگه‌ی بهررهنگاربوونهوهی كۆرۆنا بشكێنن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی قه‌یرانی كۆرۆنا زیاتر له پێشوو پرسی مه‌شرووعیه‌تی كۆماری ئیسلامی بۆ هاووڵاتییانی ئێران خسته‌وه ڕۆژه‌ڤ. كاتێك هاووڵاتییان هیوایان به ده‌وڵه‌ت نامێنێ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان و جۆرێك له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له كۆمه‌ڵگەدا جێگەی سیاسه‌تگوزاریی ده‌وڵه‌ت ده‌گرێته‌وه، كاتێك ده‌وڵه‌ت ئه‌ركه‌كانی خۆی به پێی پرەنسیپه دانپیانراوهكان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و نێوخۆیی‌دا جێبه‌جێ ناكا، هه‌موو پایه‌كانی مه‌شرووعیه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌ڕووخێن.