هەندێک جار ڕووداوی لابەلا کاری پیاو بەقووندا دەخا. ئەم ڕستەیەی سەرەتا کە دوو وشەی “پیاو” و “قوون”ـی تێدایە، کێشەی بۆ دروست کردم. بەڵام شەرت بێ بە شەرتی “پیاو”ان تازە قسەکەم قووت نادەمەوە. بەر لەوەی بچمە سەر ئەو بابەتەی دەمهەوێ باسی بکەم، دوو وشەی “پیاو” و “قوون”ـتان لەم ڕستەیەدا بۆ شی دەکەمەوە.
دیسان مەڵێن تۆی چۆلەکەی وردیلەی کەلـلە بچووک لەکوێ ئەم هەمووە شتە دەزانی؟ چەند جاری دیکەش گوتوومە من لەو دارسمە خواپێداوانە نیم لە نێو لێڕەوار و دارستانی دوورەدەستی مرۆڤ خەریکی سماندن و کونکردنی نێوقەدی دارانن و بە کەیفی خۆیان ئەم دار و ئەو دار دەکەن و ترسی قەل و داڵ نەبێ هیچ مەترسییەکی دیکە بەدی ناکەن. خۆ ئەگەر لە دارستانە دووردەستەکان بوایەم، ژیانێکی دیکەم دەبوو. بەم جۆرە فێری زمانی مرۆڤ نەدەبووم.
هەر چۆنێک بێ، چارەنووسم وایە و کەوتوومەتە ناوچەیەک کە مرۆڤ و دارستان پێکەوەن. منیش هەندێک ڕۆژ چەند سەعاتێک لەسەر دارێک هەڵدەکورمێم و گوێ بۆ قسەوباس و شەڕ و ئاشتبوونەوەی خەڵک ڕادەگرم. ئەو کەللـه بچووکەی من کاتێک لە هاڕوهووڕی دارسمین ڕادەوەستێ، مێشکم دەبێتە مەکۆی هەموو لێکدانەوە و ئەزموونەکانی ئێوە. ئەوەی ئێستاش دەیڵێم هەر ئەنجامی ئەزموون و قسەکردن و ڕاگۆڕینەوەی ئێوەیە.
با بەر لە هەموو شتێک “پیاو”ی نێو ڕستەی یەکەمتان بۆ شی بکەمەوە. بڕوام پێبکەن نە ئەوەی باسم کرد پیاوە و نە منیش مەبەستم پیاو بوو. نازانم بۆچی زۆر جار خەڵک لەجیاتی مرۆڤ دەڵێن “پیاو”، بەڵام دەزانم ئەوە پیاو نییە و زۆر جار ژنیشە. هەمووتان بیستووتانە هەندێک جار ژنان لە کاتی قسەکردندا لە بارەی شتێکەوە پرسیاریان لێدەکرێ و لە وڵامدا دەڵێن “پیاو بڵێ چی؟” یان ئەوەی من لە یەکەم ڕستەدا گوتوومە “کاری پیاوی بەقووندا دەخا.” لێرەدا مەبەست نە پیاوە و نە ژن و مەبەست خۆمم کە دارسمەم. توخوا دارسمەش بوو بە پیاو؟
“ف…ی…م…ی…ن…ی…س…ت”ـەکانیش شاییان بە خۆیان نەبێ، چونکە لە ترسی ئەوان “پیاو”م ئەوا شی نەکردەوە و داوای لێبوردنیش دەکەم وشەی پیرۆزی “فیمینیست”ـم بە دەم دارکوتانەوە دەربڕی. ئەمە بوو لێکدانەوەی وشەی “پیاو”ی نێو ڕستەی یەکەمی ئەم بابەتەم.
بەڵام بۆ وشەی “قوون” دەبێ بڵێم سەبارەت بەم وشەیە، زۆر لە خەڵکەوە فێر بووم. ئەم وشەیە مانای زۆری لێ کەوتۆتەوە و زیاتری خەڵكیش وا دەزانن تەنیا بە مانای یەكێک لە کونەکانی خوارەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و گیانلەبەرەکانی دیکەیە. بەڵام لەم ڕستەیەی مندا زۆر لەم مانایە بەدوورە.
ئەم مانایە مەبەستی ئەم چوارێنەیەی شاعیری گەورەی کوردە کە دەڵێ:
ئەی خودای گەورە خالقی بێچوون
ئەی ئەوەی دات بە ئێمە زار و قوون
یان ئەوان بگرە یان بکە تێرم
تێر نەبم بۆچمن سەر و ژێرم
بۆ ئەوەی زۆر سەرتان نەهێشینم و باسکردنی مەبەستی سەرەکی لەمە زیاتر بە قووندا نەخەم، وا باشە بەم جۆرە بە هێنانەوەی ئەم وشەیە لەگەڵ چەند وشەی دیکە شەرح دان و ڕاڤە و لێکدانەوەکە لەکۆڵ خۆم و ئێوەش بکەمەوە: “قوونەکەو”، “قوونەبان”، “سەرەوقوون”، “قوون بەگێچەڵ”، “قوونەدێراو”، “قووناو”، “قوون لێکەوتوو”، “قوونپاڵە”، “قوون زەرد”، “سەرمانەقوو”، “قوون بەگۆنگەڵ”، “قوونەشەڕ” و… هیچکام لەمانەشم لەخۆمەوە دەرنەهاوردوە و هەمووی لە مرۆڤەوە فێر بووم.
کۆمەڵە وشەی “بەقووندا کەوتن”ـیش لەم ڕستەیەی مندا ماناکەی ئەمەیە: “کاتێک کەسێک ماندوو دەبێ، دادەنیشێتە سەر زەوی و لە ماندوویی، “بەقووندا دەکەوێ”.” ئەمڕۆ کارەکەی منیش بەقووندا کەوت. لەبەرە ئەوەی خۆمم تووشی کارێکی جودا لە کاری خۆم واتە دارسمین کردوە، کارەکەی خۆم کە دارسمینە لێم بەقووندا کەوتوە و ناجووڵێ. لە ڕاستییدا دوای کارێک کەوتوومە کە کاری من نییە و کاری خۆمی ماتڵ کردوە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا کاری خۆمم بەقووندا خستبوو، گوێم دابوو بە قڕە و دەمەقاڵەی چەند کەسێک. ئەوان کەمی مابوو لەسەر وشەی “شەهیدپەروەر” خۆیان بە چڕوچاوی یەکتردا بدەن. ئەو ڕۆژە چەند کەسێک لەبن دارێکدا دانیشتبون. بەوێدا ڕادەبردم. دەمهەویست دارێک بدۆزمەوە نێوقەدەکەی جێدەمی مێشوولەیەک یان کرمێکی پێوە دیار بێ و بیسمم و زیندەوەرەکهی نێوی دەربێنم و خۆمی پێ لەم برسییەتییە ڕزگار بکەم. بەڵام دەنگ و هەرا و هەنگامەی مرۆڤەکانی ژێر دارەکە سەرنجمیان ڕاکێشا و ناچار لەسەر لقێکی سەرسەریان خۆمم مەڵاس دا و گوێم بۆ شل کردن و مێشکم کردەوە. “پیاو”ەکانی بن دارەکە دوو دەستە بوون. ئەگەر ڕاستییتان دەوێ نەمژماردن هەتا بزانم کام لایەن لە ئەوی دیکە زیاترن، بەڵام ئەوندە تێگەیشتم لایەنێک دەیانگوت ئێمە شەهیدپەروەرین و دەبێ لە پێناو شەهیدبووندا بجەنگین و لایەنەکەی دیکە دەیانگوت نەخێر ئێمە ژیانپەروەرین و لە پێناو ژیاندا شەهید دەبین. بێئەوەی ئاگام لە خۆم بێ، چاوم بە کونێکی نوێی لقەدارە ئەستوورەکەی بەردەمم کەوت و بێئەوەی لە بیرم بێ مرۆڤ لە ژێرەوەمن، دەستم بە سماندنی کرد. ئەوانەی لەژێر دارەکە بوون، سەریان هەڵهێنا. یەکێکیان بەردێکی تێگرتم، لە شەقەی باڵم دا و جێم هێشتن. لە ترسان لێم تێکچوو ئاخۆ مرۆڤ لە پێناو شەهیدبووندا دەژیی یان لە پێناو ژیاندا شەهید دەبێ.