زاراوەی سروشتی لەم پێکهاتەیە (مافی سروشتی) ئاماژە بە دوو مانا دەکا کە پێوەندییان پێکەوە هەیە: سەرەتا ئەوەیکە ڕێسا و ڕێنیشاندەرێکن کە تەنیا یاسا و نەریتی کۆمەڵگە ناوچەییەکان نییە، بەڵکوو ڕێساگەلێکن کە جێ باوەڕی ئاکاری جیهان داگرن.
دووهەم ئەوەیکە، پرێستیژی ئەم یاسایانە وەکوو ڕێساگەلی سروشت، گرێبەست و پاشکۆ ڕەوش و کولتووری مرۆڤایەتی نییە بەڵکوو یاساگەلێکن کە سروشتی ئەقڵانیی مرۆڤ باوەڕیان بەم ڕێسا و یاسایانە هەیە، بەر لە هەرجۆرە دۆخ و گرێبەستێکی بەشەری. بەڵام ئەوەیکە ئەو ڕێسایانە بە چ شێوەیەک لە نێو ئاوەزی مرۆڤایەتییدا چێندراون، بۆچوونێک هەیە دەڵێ کە ئەمە خواوەندە ئەوەی خستۆتە مێشکی بنیام و بە شێوەی کتێبە پیرۆزەکانی ئاسمانی یان بە ڕێگای هەوڵی ئاوەزمەندیی خۆی پێی گەیشتوە. ڕوانگەکەی دیکە دەڵێ، ئەم یاسا و ڕێسایانە بەدوور لە خواست و ئیرادەی خوا بە شێوەیەکی سەربەخۆ و خۆزاو بوونیان هەیە و حاڵەتی ئاشکرا بوونی جیهانی ماتریاڵ (ماکە) گەوایی بە بوونی ئەمانە دەدا. باوەڕمەندان بە مافی سروشتی پێیان وایە، هەنێک ماف سەرتر لە خواست و ویستی یاسادانەرن و ناتوانرێ ئەمانەی لێ بستێنی و هاوێرنەکراو لە زاتی مرۆڤەکان بوونیان هەیە، ئەم مافانە پێوەندی بە تێپەڕینی زەمەنەوە نییە و سەرجەم تاکەکانی مرۆڤایەتی لە هەر ڕەگەز و لەونێک لەخۆ دەگرێ. کەوابوو ئەم مافانە بەسەر حقووق و پێویستییەکانی مافی ڕۆنراو، وەفادرای سیاسی و سەربەخۆ لەوانی دیکەیە و لە جێگایەک کە هێشتا حکوومەت و یاسا دانەنراوە، بەکار دێ؛ بەڵام ئەوەیکە مرۆڤ چونکوو ئینسانە بۆ دەبێ مافێکی ئەوهای هەبێ بە پێی بۆچوونی ئیلاهی، خواوەند ئەو مافەی بەخشیوەتە مرۆڤ.
بۆ میناک، خودا مرۆڤی ئازاد خولقاندوە بەڵام بە پێی شرۆڤەیەکی دیکە، ئاوەزی مرۆڤ بە هەندێک یاسا و ڕێسای ناچارەکی ئاکاری و حقووقی وا حوکم دەکا و ئەوانی پێ شیاو و ژیرانە و هاوڕێک لەتەک سرشتی مرۆڤ داناوە و وەها دروست و دادپەروەرانەی دەبینێ کە هیچ کەسێک ناتوانێ ڕەدی بکاتەوە. وەک نموونە، داسەپاندنی هەڵاواردن بە هۆکاری ڕەنگی پێست و ڕەگەز، ژینۆساید و میناکی دیکە بە پێچەوانەی فامی ئاوەزی و سرشتی ئینسانی دەژمێرێ. لەڕاستییدا بە پێی ئەم بۆچوونە، ئاوەز و هەستی ئاکاری مرۆڤ بە شێوازێکی ڕوون، لە ناحەزیی ئەو ڕەوشت و ئاکارانە دەگا و ئەمە ئاماژەیەکە کە زنجیرەیەک نۆرم و بەها دنیاداگرەکان بوونی هەیە کە بە یارمەتیی ئەوانە دەتوانین ئەم جۆرە ئاکارانە هەڵسەنگێنین و مەترسی و نزمییان لێک بدەنەوە.
بە سەرنجدان بەو باسانەی سەرەوە، دەتوانین کاتێک کە مافی مرۆڤ پشتئەستوور بە مافی سروشتی دابنێین، خاوەن تایبەتمەندیی ژێرەوە دەبێ:
1) ئاوەزمەندییە، واتە مرۆڤ بە هاوکاریی ئاوەز و ژیری خۆی دەتوانێ ئەم مافانە بناسێ و هەڵیانسەنگێنێ.
2) زاتی و سروشتین، واتە دەگەڵ سروشت و سرشتی ئاوەزمەندانە و ئاکارییانەی مرۆڤ هاوتەریبە و بە هۆکاری ئاکاری_ئاوەزی بوون، بانتر لە ڕەوشی بەشەردایە و لە لایەن ئەو، هێژای وەلانان و نەهێشتن نییە.
3) ئەم مافانە جیهانگرن.
4) بەڵگەنەویست، نەگۆڕ و سەلمێنراون، واتە بە تێپەڕینی کات ئاڵوگۆڕی بەسەردا نایێ.
5) ڕێژە و پێوانەی هەر جۆرە یاسا و ڕێسایەکی بەشەرییە.
بەڵام ئارێشەی ئەم بۆچوونە لێرەدایە کە بە هاوکاریی ئەو ناتوانین بەرسڤی ئەم پرسیارە بدەینەوە کە بوونی زنجیرەیەک یاسا و ڕێسا بە ناوی مافی سروشتی سەرتر لە یاسای ڕۆنراو چۆن وێنا دەکرێ؟ ئەم مافانە لە کوێ و بە چ شێوازێکی بوون بەهرەمەندە و چۆن دەتوانین پێیان بگەین؟
1) ئایا لە ڕەوشی مرۆڤی هەڵدێنجین و ئاکامی مەنتقی ڕاڤەگەلێکە کە باس لە کاروباری پێشهاتە دەکەن؟
2) ئایا لە زانستی خوا و خواستی ئاکاری ئەو بناغەی داکوتاوە؟
3) ئایا خۆی بەشێکە لە ڕێسا و یاسای ئاکاری؟
شیکردنەوەی «بوون» و «دەبێ» لە ڕێسا و یاسا هەڵدەکڕێندرێ؟ ئەگە دان بە بژاردەی یەکەمدا بێنین، جیاوازی هەیە لە نێوان، لێکدانەوە و شیکردنەوە لە بوونی تشتێک کە لە دەرەوەدا زانیاری دەگەیەنێ، دەگەڵ ئەو ڕاڤانەی بڕیار بۆ چاکە و خراپەی کردەوەیەک و پێویستی یان وازهێنانی کردارێک دەکا. ئەو ڕاڤانەی کە باس لە ڕەوشی جیهان و ئینسان دەکەن لە بژاردەی یەکەمن، واتە باس لە بوون و ژیواری (هستی) شتێک دەکەن و ئەو شیکردنەوانەی جۆری دووهەم باس لە بوون و ژیواری شتێک ناکەن، بەڵکوو بڕیار لەسەر ئەنجام دان یان مانای دەدەن. یاسا و ڕێساگەلی حقووقی لە جۆری دووهەمن، واتە لە «نابێ» و «دەبێ»ـیەکان کردەوەیەک یان خۆپارێزییەک دەکا کە ئەمە پێوەندییەکی لۆژیکیی نییە.
بۆ زیاتر ڕوون بوونەوەی ئەم بابەتە، ئەو ڕاستییەی کە توانایی بەرهەم هێنانی وەچە دەنێو سرووشتی مرۆڤدایە، ناتوانین بەو ئاکامە بگەین کەوابوو بەرهەمی تۆرەمە بۆ مرۆڤ پێویستە.
بژاردەی دووهەم بۆ لایەنی بۆچوونی ئۆلی و ئاسمانییەکان و لە باشترین حاڵەتدا قبووڵکردنی ڕێکوپێکیی زاتی خوا لە جیهان دەگەڕێتەوە. بەڵام گرفتی ئەم بۆچوونە ئەوەیە کە ئەمری خوایی و تەکووزی خودایی بە شێوازی فەڕتاو (وحی) و ئۆل شیاوی تێگەیشتنە. ئەوەی کە ئێمە دەیبینین فرەیی ئۆل و ئایینەکانن کە هەرکامیان مافی بەرامبەر و وەک یەک بۆ شوێنکەوتووانی بەرامبەری خۆیان نییە و دووهەم، ناکۆکی و ناتەبایی بەنیسبەت زۆر بە گێڕانەوەی فەرمی و مافی مرۆڤی بوونی هەیە. پرسی باوەڕە ئۆلییەکان لەم بەستێنەدا و ڕوانینی بۆ مافەکانی سروشتی دژوازییەکی زۆری لەتەک یەکتر هەیە.
درێژەی هەیە….