لە مێژووی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی كورددا، كارەكتێری كاریزما و چەمكی كاریزمایی دەورێكی بنەڕەتییان گێڕاوە. دیارە نموونە زۆرن كە دەكرێ بە نیسبەت كاریگەریی بەربڵاویان، یا ئاستێكی سنووردارتر، باسیان لێوە بكەین، بۆ وێنە كەسایەتییەكی كاریزما دەتوانێ تەنیا سەرۆك عەشیرەتێكی كورد بێ یان سەركردەی ڕاپەڕینێكی بەرینی جه‌ماوه‌ری یان گشتگیرتر، وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی.
هەندێ كەسایەتی لە پاش مەرگیان لایەنە كاریزماتییەكەیان تۆختر دەبێتەوە كە ڕەنگە ئەمیش بەشێكی بگەڕێتەوە سەر چەمكی مەرگ بە تایبەتی لە قالبی كوژران بە دەستی نەتەوەی باڵادەست كە دواجار دەبێتە چەمكێكی ڕه‌مزی وه‌ك شەهید بۆ نەتەوەی بندەست. ئەم شەهید بوونە لە پێناو گەل و نەتەوە جۆرە پیرۆزییەك دەبەخشێتە كاریزما، كە شوورەیەكی پۆڵایین لە خۆشەویستیی خەڵك بە دەوریدا دەكێشێ و تەنانەت ئەوەندە ئەم ڕێز و سۆزه بەرز دەبێتەوە كە بە هیچ كلۆجێك كۆمەڵگە تابشتی بچووكترین ڕەخنەی لە كاریزما نامێنێ و ڕەنگە بۆ نەتەوەیەكی ژێردەستی بێبەش لە هەموو مافەكانی، شتێكی سەیر نەبێ وەها پارێزگارییەك لە كاریزماكەی خۆی. بۆیە ماكس ڤێبەر گوتەنی جۆری پەیوەندی كاریزما و خەڵك، زیاتر دێتە خانەی هەست و سۆزدارییەوە، بەتایبەتی كاریزمایەك كە ڕەهەندی ڕووناكبیریشی پێوە دیار بێ.
سه‌باره‌ت به ڕه‌هه‌نده ڕووناكبیرییهكهوه ڕه‌نگه كهلكوهرگرتن له ڕوانگه‌ی ئێدوارد سه‌عید بۆ جۆره‌كانی ڕووناکبیر بۆ شرۆڤه‌ی باسه‌كه‌مان به‌سوود بێ. سه‌عید قایل به بوونی دوو جۆره ڕووناكبیره: ڕووناکبیره سوننه‌تییه‌کان و ڕووناکبیره ئۆرگانیکه‌کان. به باوه‌ڕی ئه‌و، ڕووناک‌بیری سوننه‌تی _وه‌ک مامۆستایانی ئایینی_ زیاتر له ڕوانگه‌ی په‌ند و نسحهتهوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆی دیارده‌کان ده‌که‌ن. به‌ڵام ڕووناک‌بیری ئۆرگانیک بوونه‌وه‌رێکی شوێندانه‌ر و شوێنوهرگره. ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک له‌گه‌ڵ بارودۆخی وڵات و زرووفی زه‌مانی بیر و باوه‌ڕیان بیچم ده‌گرێ و ده‌بن به به‌رهه‌مهێنه‌ری گوتار.
به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه ده‌كرێ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د وه‌ك كاریزمایه‌كی ڕووناكبیر له قه‌ڵه‌م بدرێ. ده‌كرێ بڵێین پێشه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای پاشخانێكی فكریی له‌وه‌پێش، له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست و واقعبینانه و له هه‌مان كاتدا پێویست، بنه‌مای گوتارێک داده‌مه‌زرێنن که گوزارشت له خه‌ون و خولیاکانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کا که توخمی شوناس و پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی لێ سه‌ندرابوو. بێ هیچ شك و گومانێك ئه‌م گوتاره وامداری كه‌سایه‌تیی كاریزما و هزری ڕووناكبیری پێشه‌وایه. گوتارێك كه دواجار ده‌بێته گوتاری زاڵی كۆمه‌ڵگە، له كاتێكدا هه‌ندێ ئاماڵ گوتاری ئایینی و ئاماڵ گوتاری “كۆیله _ ئاغا” و سوننه‌تیش باڵی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگەدا كێشاوه، له‌ڕاستیدا له هه‌موو بواره‌كانی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هاوكێشه‌ی “چه‌وسێنه‌ر_چه‌وساوه” به‌ڕوونی ده‌دیترێ. بۆ وێنه ژن به گشتی، منداڵ، چینی هه‌ژاری لادێیی، چینی مامناوه‌ندی شار، ڕووناكبیری په‌راوێزخراو و… هه‌موو له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ده‌چه‌وسێندرێنه‌وه.
تا سه‌ره‌تای دامه‌زرانی كۆماری كوردستان ڕووناکبیرانی سوننه‌تی، به‌هۆی پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی و ئابوورییان له لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بوون و هێزێکی یه‌کجار زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام توانایی گوتارسازی و جهرهیانیان نه‌بوو، چون له حه‌قیقه‌تدا نه به تیۆری پشتئه‌ستوور بوون و نه به پێشوازییه‌کی ئه‌وتۆی خه‌ڵکی چه‌وساوه. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی کۆمار هه‌ر ئه‌وانن که ده‌بنه هاوده‌ست و هاوداستانی ئه‌رته‌شی پاشایه‌تی. بەڵام به پێچه‌وانه‌وه ڕووناکبیرانی ئۆرگانیک، به ناسینی دۆخی وڵات و كهلكوهرگرتن له هه‌لی هه‌ڵكه‌وتوو، به‌ره‌به‌ره گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی له‌سه‌ر بنه‌مای پێناسه و شوناسی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌كه‌ن به گوتاری زاڵ بۆ ڕووخاندنی ئاماڵ گوتاره سوننه‌تییه‌كان و دواجار له‌نێو بردنی هاوكێشه‌ی چه‌وسێنه‌ر_ چه‌وساوه.
“ده‌سكه‌وت”ه‌كانی كۆماری كوردستان له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك ساڵدا وه‌ك ده‌ركه‌وته و ده‌رئه‌نجام گرینگ‌ترین چه‌مكی لێكدانه‌وه‌ی شرۆڤه‌كارانه بۆ ئه‌م كۆماره ساوایه، كه زۆربه‌ی ده‌سكه‌وته‌كان خۆی له هه‌ندێ دامه‌زراوه و ڕێكخراوه‌ی تایبه‌تدا ده‌بینێته‌وه كه له‌وه پێش بوونیان نه‌بووه و سه‌رجه‌میان ته‌عبیر له ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، وه‌ك شه‌هید دوكتور قاسملوو ده‌ڵێ: “كۆماری كوردستان كۆمارێكی گه‌لی بوو، بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورددا به‌ڕێوه‌به‌ری جووڵانه‌وه به ده‌ست ئاغایه‌ك، سه‌رۆك عه‌شیره‌تێك یان شێخێك نه‌بوو. ڕاسته هێندێك له‌مانه له كۆماری كوردستاندا خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوون به‌ڵام هه‌وڵ درا كه كۆمه‌ڵانی ساده واته خه‌ڵكی كۆڵان و بازاڕ نوێنه‌رانی خۆیان به شێوه‌یه‌كی دێموكراتی هه‌ڵبژێرن و به‌رێوه‌به‌رانی خۆیان دیاری بكه‌ن. بۆ یه‌كه‌م جار جووڵانه‌وه‌یه‌كی پانوبه‌رینی گه‌لی پێك هاتبوو كه پشتیوانی ئامانجه‌كانی خۆی و كۆماری خۆی بوو.”
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ ئه‌م ده‌سكه‌وتانه به‌رهه‌می ئاڵۆگۆڕێكی مێژوویین، یان وردتر بڵێم خاڵگۆڕانێكی مێژوویی كه له‌سه‌ر ده‌ستی پێشه‌وا ڕوو ده‌دا كه بریتی بوو له گۆڕانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف به حیزبی دێموكراتی كوردستان. به ته‌عبیری مامۆستا هه‌ژار حیزبی دێموكراتی كوردستان له‌سه‌ر داروپه‌ردووی ژێكاف سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، ڕێك ئه‌وه‌ی نه‌مر زه‌بیحی باس لێوه ده‌كا كه حیزبی ئازادیی كوردستان و كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف و حیزبی دێموكراتی كوردستان، له ڕاستیدا یه‌ك حیزب بوون به‌ڵام له سێ قۆناغی زهمەنیی جیاوازدا.
ده‌كرێ جۆری خوێندنه‌وه‌مان بۆ ئه‌م خاڵگۆڕانه ئاوا بێ كه ئه‌وه پێشه‌وایه كه هزرهكهی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف له چینی ڕووناكبیرهوه ده‌گوازێته‌وه قالبی دامه‌زراوه‌یه‌ك وه‌ك حیزبی دێموكراتی كوردستان، كه ئه‌م جاره‌یان نه‌ك هه‌ر ئێلیتهكان و بژارده‌كان، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵانی هه‌راوی خه‌ڵك له‌خۆ ده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی هاوكێشه‌ی “چه‌وسێنه‌ر_چه‌وساوه” به یه‌كجاری له‌نێو بچێ. ئه‌وه ڕێك به‌شینه‌وه‌ی ناسنامه‌یه‌كه به سه‌رجه‌م تاكه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی حاشالێكراو و له هه‌مان كاتدا كردنی پرسێكی نهێنی و ده‌روونی و خۆجێیی، به پرسێكی سه‌رانسه‌ری و هه‌روه‌ها تێوه‌ردان و سه‌رنج ڕاكێشانی زهلهێزهكانی جێگیر له ناوچه‌كه بۆ پرسی كورد.
پێشه‌وا له ته‌واوی ئه‌و ماوه‌یه‌دا كه وه‌ك ڕه‌ئیس جمهووری كۆمار كاری كردوه به‌رده‌وام هه‌ندێ كۆدی تایبه‌تی بڵاو كردۆته‌وه كه له زۆر شوێنی ڕۆژنامه‌ی “كوردستان”دا _ئۆرگانی حیزب_ ده‌دیترێ، كه ده‌كرێ وه‌ك كلیل وشه‌كانی گوتاری كۆماری كوردستان سه‌یر بكرێن، ئیتر له قۆناغی بوونی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف به حیزبی دێموكراتی كوردستان كه وه‌ك ده‌سپێك، كه‌سایه‌تیی كاریزمای پێشه‌وا ئه‌م حه‌وله به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێ، له‌مه‌وبه‌دوا ده‌وری پێشه‌وا جگه له ده‌وری كارگێڕێكی كاریزما، ده‌وری ڕووناكبیرێكی به‌رهه‌مهێنه‌ری گوتاریش به‌خۆوه ده‌بینێ.
ئه‌گه‌ر سه‌یری كلیل وشه‌كانی ئه‌م گوتاره بكه‌ین: ئاڵا، پێشمه‌رگه، كۆمار، سروودی نه‌ته‌وه‌یی، میلله‌ت، سه‌ربه‌خۆیی، ئیستقلال و… ئه‌مانه هه‌موویان له ڕۆژنامه‌ی كوردستاندا به‌رده‌وام وه‌ك مۆتیڤی سه‌ره‌كی دووپات ده‌بنه‌وه. له‌پاڵ ئه‌مانه‌وه پێشه‌وا هه‌ندێ كۆد دهدادته ده‌ره‌وه كه ده‌كرێ وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ پرسی مافی چاره‌نووسی دواڕۆژ خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێ و پشتیان پێوه ببه‌سرێ. بۆ نموونه پێداگری پێشه‌وا له‌سه‌ر مه‌نشووری ئاتڵانتیك وه‌ك جاڕنامه‌یه‌ك كه ڕێز له دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌كان ده‌گرێ، كاتێ ڕاسته‌خۆ له ڕۆژنامه‌ی كوردستان سوێند به شه‌رافه‌تی میللیی کورد و به ئاڵای موقه‌دده‌سی کوردستان ده‌خوا بۆ ڕاگرتنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كاتێ كاروباری ده‌ره‌وه و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بیانییه‌كان ده‌سپێرێته زه‌بیحی، كاتێ چه‌مكه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی له ڕۆژنامه‌دا ده‌بنه مۆتیڤی سه‌ره‌كی، كاتێ خه‌ریته‌ی كوردستانی گه‌وره له ژووری كاره‌كه‌ی ههڵداوسێ و… هه‌مووی ئه‌وانه ته‌عبیر له‌وه ده‌كه‌ن كه پێشه‌وا چاوی بڕیوته دواڕۆژی گه‌له‌كه‌ی.
كۆی ئه‌م كۆدانه و هه‌روه‌ها مێژووی زاره‌كی تایبه‌ت به كۆماری كوردستان، پێمان ده‌ڵێ كه پێشه‌وا مرۆڤێكی دووره‌ده‌ست ڕوان بووه، بیری هه‌ر له سه‌رده‌می خۆیدا قه‌تیس نه‌ماوه و گه‌شبین بووه به داهاتوو، ئه‌گینا هه‌رگیز گیانی خۆی به‌خت نه‌ده‌كرد. ئه‌و بێگومان گیانی له پێناو ئامانجێك دانا كه له سه‌رده‌می ئێستادا بۆته خولیای تاكی كورد كه ئه‌ویش پرسی دیاری كردنی مافی چاره‌نووسه!
***
په‌راوێز:
١) وەك كەوانەیەك، وەبیرهێنانەوەی ئەم خاڵە زۆر گرینگە كە هەندێ جار سنوورێكی زۆر ورد لە نێوان كاریزماتیسم و دیماگۆژیسم هەیە. دیماگۆژیسم لەسەر بنەمای درۆ و فریو و بەلاڕێدا بردنی خەڵك دامەزراوە و بەپێی بەرەوپێشچوونی زەمان ڕووە شاراوەكەی وەدەردەكەوێ و خۆ دەدۆڕێنێ، كەچی ئەم جۆرە كاریزمایەی وەك لە سەرەوە باسم كرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕیشەكانی زیاتر ڕۆدەچێتە قووڵایی هەست و ئاوەزی خەڵكەكەیەوە.
٢) ڕه‌نگه من له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی ڕووناكبیری سوننه‌تی گرفتم هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌م دابهشكردنهم بۆ ئه‌م بابه‌ته پێ گونجاو بوو!